کاتێک هەژاری دەبێتە بازاڕێک بۆ فرۆشتنی سەرقاڵیی بێبەها
مە ريوان قادر حسن
لە جیهانی سیاسەت و حوکمڕانیی هاوچەرخدا، سەرنج و هۆشیاریی گشتی لە ئامرازێکی سادەی کۆمەڵایەتییەوە گۆڕدراوە بۆ ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز یان دراوێکی سیاسیی گرانبەها کە دەسەڵاتداران بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆیان بەکاریدەهێنن. لە واقیعی ڕۆژانەی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، سەرنجی هاووڵاتییان ڕۆژانە بە ئەنقەست و لە ڕێگەی داڕشتنی سیناریۆی جۆراوجۆرەوە ئاڕاستەی کەناڵە لاوەکییەکان دەکرێت تا دووربخرێنەوە لە قووڵبووبوونەوە لە قەیرانە بنەڕەتییەکان. هەموو ڕۆژێک بابەتێکی نوێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاگەیاندنەکاندا بەرهەم دەهێنرێت تا بێتە مانشێتی سەرەکی: شەڕەقسەی بێبەهای نێوان فاشنیستاکان، ڕەفتاری سەیر و سەمەرەی ئەستێرە دروستکراوەکان، پێشبڕکێ و نمایشی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان، یان کێشەیەکی ناوخۆییی بچووک کە بە ئەنقەست گەورە دەکرێتەوە. کاتێک جەماوەر بەم جۆرە نمایشە ڕووکەشانە سەرقاڵ دەکرێت و هەفتەیەک تەواوی وزە و ناڕەزایەتیی خۆی لەسەر ڤیدیۆیەکی ترێند بەهەدەردەدات، کێشە پێکهاتەیییە قوڵەکان وەک خۆیان بە بێدەنگی دەمێننەوە. داڕمانی کەرتی تەندروستی، نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، بێکاریی گەنجان،
داڕزانی ژێرخانی ئابووری، و تاڵانکردنی سیستماتیکی سەروەتی گشتی، لە پشت پەردەی ئەم جۆرە سەرقاڵکردنە جەماوەرییانەدا دەشاردرێنەوە و هیچ لێپرسینەوەیەکیان لەسەر ناکرێت. لەم هاوکێشە دارێژراوەدا، تاڵترین تەنز لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە بگوترێت: “دەسەڵاتداران پێویست ناکات هیچ چارەسەرێک بۆ هەژاری و داڕمانی ژێرخان بدۆزنەوە، کاتێک دەتوانن بە ڤیدیۆیەکی ترێند لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەواوی شەقام بۆ چەندین ڕۆژ سڕ بوبکەن!” کاتێک هۆشیاریی گشتی تووشی داڕشتبوونەوەی ساختە دەبێت و سۆشیاڵ میدیا دەبێتە ئامرازێک بۆ دروستکردنی کەشوهەوای بێئاگایی، دەسەڵات بەرژەوەندییەکانی خۆی بەبێ هیچ فشارێک لەلایەن جەماوەرەوە دەپارێزێت. چاکسازیی ڕاستەقینە کاتێک دەست پێ دەکات کە هاووڵاتییان هۆشیارانە سەرنجی خۆیان لەسەر کێشە بنەڕەتییەکان کۆبکەنەوە و ڕێگە نەدەن نمایشە ڕووکەشەکان ببنه پەردەیەک بۆ داپۆشینی ناکارامەیی و گەندەڵییەکانی دەسەڵاتداری.
