نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات

ئێواره‌ى ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٦/٥/١٤، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، به‌ سه‌ردانێك ده‌گاته‌ به‌غدا.

سه‌ردانى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى به‌مه‌به‌ستى به‌شداريكردنه‌‌ لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بۆ متمانەدان بە کابینەی وه‌زاریی بەڕێز (عەلی فالح زەیدی).

وەزارەتی ناوخۆ ڕێکارەکانی ڕێگری و لابردنی زێدەڕۆیی توندتر دەکات

لێژنە بۆ پارێزگاکان، قائیمقامیەت و ناحیەکان دادەمەزرێ و بە دەسەڵاتی تەواوەوە کاردەکات

بە فەرمانی ژمارە (١٣٩٣٣ لـه ١٣-٥-٢٠٢٦) بە واژووی بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکارەکانی ڕێگری و لابردنی سەرپێچی زێدەڕۆیی لەسەر موڵک و ماڵی دەوڵەت و سەرچاوە و سامانە سروشتییەکان توند کران و بۆ ئاستی ناحییەکان شۆڕ کرانەوە. بە گوێرەی فەرمانێکی وزاری، دوا بەدوای گشتاندنی ژمارە (١٣٧٨٨ لە ١٢-٥-٢٠٢٦) و بۆ چالاکترکردنی هەوڵەکانی ڕێگریکردن لە سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵک و ماڵی دەوڵەت، دارستان و پاوان، حەرەمی شەقام و بەنداو و پۆند و چەم و رووبارەکان، و دوای کۆبوونەوەی وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ بەڕێزان وەزیری کشتوکاڵ، پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان، نوێنەرانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، بە پشت بەستن بە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٠٩ بڕیاردرا بە پێکهێنانی لێژنەی ڕێگریکردن و لابردنی سەرپێچی و زێدەڕۆیی، هاوشێوەی لێژنەی هەولێر، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکە و راستەوخۆ دەبەسترێنەوە بە پارێزگار/ سەرپەرشتیار، بەم جۆرەی خوارەوە: یەکەم: لێژنە پێک دێت بە سەرۆکایەتی ئەفسەرێکی چالاک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و ئەندامێتی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش، پۆلیسی دارستان و ژینگە، بەرێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆ، نوێنەری وەزارەتی شارەوانی، نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، و نوێنەری هەر دەزگایەکی دیکە لە سنووری پارێزگا/ ئیدارەی سەربەخۆ کە بە پێویستی دەزانرێت. دووەم: پێکهێنانی لێژنەی لاوەکی لە دەرەوەی سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی لە قائیمقامیەت و ناحیەکان بە سەرۆکایەتی ئەفسەرێکی پۆلیسی دارستان و ژینگە، و ئەندامێتی نوێنەری ئاسایش، نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، یەکێک لە موختاری سنوور. راستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە قائیمقام یان بەڕێوەبەری ناحیە. سێیەم: پێدانی دەسەڵاتی تەواوی بەدواداچوون و ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو جۆرە سەرپێچی و زێدەڕۆییەک کە لە یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١٨، یاسای ڕێگری لە زیادەڕۆیی و لابردنی لەسەر زەوی و زار و موڵکی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان و یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی دیکە وەکو زێدەڕۆیی پێناسەکراوە. چوارەم: کەسی زێدەڕۆکار ئاگادار دەکرێتەوە بە ڕاگرتنی زێدەڕۆییەکە و لابردنی لە ماوەی (٢٤) کاتژمێر. ئەگەر سەرپێچی و زێدەڕۆییەکەی ڕانەگرت و لا نەبرد، دەستبەجێ کەیسی یاسایی لەسەر دەکرێتەوە و بە بڕیاری دادوەر دەستگیر دەکرێت و ئاماژە بە ماددەی (١٤)/ یەکەم لە یاسای ئاماژەبۆکراو لە بڕگەی دووەم، نابێت زێدەڕۆکار لە هەردوو قۆناغی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی یان دادگایی کردن، ئازاد بکرێت تا زێدەڕۆییەکە لا دەبات. لێژنە و خانەوادەی زێدەڕۆکار، زێدەڕۆکە لەسەر خەرجی زێدەڕۆکار لادەبات بە پێی بڕگەی یەکەم لە ماددەی ١١ی یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١٨. پێنجەم: پارێزگار و سەرپەرشتیار و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان بەرپرسن لە پێکهێنان و بەدواداچوونی کارەکانی ئەو لێژنانە و جێبەجێکردنی ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەر سەرپێچیکار و زێدەڕۆکاران لە رێی ئەو لێژنانەی لەم فەرمانە هاتوون. شەشەم: هەر کەسێک لە یەکە ئیداری و فەرمانگە و دامەزراوەکانی حکومەت کەمتەرخەمی، ئاسانکاری یان چاوپۆشی بکات لە زێدەڕۆیی، بە پێی یاسا و ڕێسا بەرکارەکان ڕێکاری توندی بەرامبەر وەردەگیرێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ ١٤ی ئایاری ٢٠٢٦

نێچیرڤان بارزانی : پێشوازی لە بڕیاری دادگا دەکەم بۆ سزادانی عەجاج

پێشوازی لە بڕیاری دادگا بۆ سزادانی تاوانبار (عەجاج تکریتی)، جەللادەکەی نوگرەسەلمان ده‌كه‌م. ئەم بڕیارە سەرکەوتن و جێبه‌جێبوونى دادپەروەری و لانى كه‌مى دڵدانه‌وه‌ى کەسوکاری ئەنفالکراوانه‌. دەستخۆشی لە دادوەران، پارێزەران، شایەتحاڵە بوێرەکان و هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كه‌م كه‌ هاوكار بوون له‌ گه‌ياندنى تاوانبار به‌ سزاى ياسايى.

سزادانی ئەم تاوانبارە دوای چەندین ساڵ، پەیامێکی ڕوونە کە تاوانەکانی جینۆساید و دژی مرۆڤايه‌تى، ده‌رهه‌ق به‌ گەلی کوردستان، هەرگیز کۆن نابن و دەستی دادپەروەری هەر دەگاتە تاوانباران. ئەمڕۆ جارێکی تر سەلمێنرا کە ئیرادەی ماف و ژیان، لە هەموو ستەم و دڕندەیيیەک بەهێزترە.

هه‌ر به‌م بۆنه‌يه‌وه‌ جه‌خت ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ پێويسته‌ حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵى ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێ بكات و قه‌ره‌بووى ماددى و مه‌عنه‌ويى قوربانييانى ئه‌نفال بكاته‌وه‌ كه‌ دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق به‌ جينۆسايد ناساندوويه‌تى.

یادی شەهیدانی ئەنفال و تەواوی شەهیدانی کوردستان هەمیشە بەرز و گيانيان شاد و ئاسووده‌ بێت.

داوای کۆتاییهێنان بە مێژووی ڕەشی زیندان دەکرێت

لە نیشانەیەکدا بۆ یەکڕیزی و هاودەنگی ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا، ڕێکخراوی داکۆک کەمپینێکی ناڕەزایەتی مەدەنی و ئاشتیانەی ئەنجامدا کە لە ڕووی کاتەوە لە یەک چرکەدا دەستی پێکرد. ئەم چالاکییە بەبێ جیاوازی کات، لە هەریەک لە شارەکانی لەندەن، بێرمینگام، مانچستەر، لیدز، نیوکاسڵ، گلاسگۆ و کاردیف لە یەک کاتدا بەڕێوەچوو. هەموویان یەک ناونیشانیان هەڵگرتبوو: ‘لە سەردەشتەوە بۆ شێروان، مێژوویەکی ڕەش لە تیرۆر و زیندان’، بۆ ئەوەی پەیامەکەیان کاریگەرییەکی بەهێزتری هەبێت.

لە سەرجەم مەیدانەکانی ئەم حەوت شارەدا، پەیامێکی هاوبەش ئاراستەی هەرێمی کوردستان کرا کە تێیدا بە توندی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی) سەرکۆنە کران. ئەم ئیدانەکردنە بەهۆی درێژەدانە بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و بە دیاریکراویش هێشتنەوەی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی و چالاکوانانی بادینان لە زیندانەکاندا. لە هەمان کاتدا، گردبوونەوەکە بووە یادکردنەوەیەکی نیشتیمانی بۆ سەردەشت عوسمان، کە ئامادەبووان داوایان کرد دەسەڵاتداران بکەرانی تاوانی کوشتنەکەی ساڵی ٢٠١٠ی هەولێر ئاشکرا بکەن و سزایان بدەن.

لە کۆتایی چالاکییەکەدا، جەخت لەسەر سەربەخۆیی دادگاکان کرایەوە. خۆپیشاندەرانی هەموو شارەکان بە یەک دەنگ سیستەمی دادوەری و دادگاکانی هەرێمیان شەرمەزار کرد. ئامانجی ئەم هەڵوێستە دروستکردنی فشار بوو لەسەر دادگاکان تا جورئەت بکەن و لەژێر سێبەر و بڕیارە ئامادەکراوەکانی حیزب بێنە دەرەوە و کارەکانیان بە سەربەخۆیی ئەنجام بدەن.

بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ لە بازاڕەکاندا

​ئەمڕۆ چوارشەممە بازاڕەکانی زێڕ گۆڕانکاری بەسەردا هات و بەراورد بە دوێنێ نرخی کانزا گرانبەهاکان ڕوویان لە بەرزبوونەوە کرد، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ گۆڕانکارییە ئابوورییەکان و دابەزینی نرخی نەوت لە ئاستی جیهانیدا.

​لە بازاڕە جیهانییەکان نرخی یەک کیلۆگرام زێڕ گەیشتە 149,822 دۆلار کە بەراورد بە 146,431.7 دۆلاری دوێنێ بەرزبووەتەوە. نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕیش بۆ 4,659.98 دۆلار بەرزبووەتەوە لەکاتێکدا دوێنێ 4,554.53 دۆلار بوو، هەروەها نرخی یەک گرام زێڕ گەیشتە 149.82 دۆلار کە بەراورد بە 146.43 دۆلاری دوێنێ بەرزترە.

​ئەم بەرزبوونەوەیە پەیوەستە بە دابەزینی نرخی نەوت و بەهای دۆلاری ئەمریکی. دابەزینی نرخی نەوت بەهۆی کەمبوونەوەی مەترسییە جیۆسیاسییەکان و بەردەوامی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران وایکردووە بازاڕەکان گۆڕانکاری بەسەردا بێت و زێڕ وەک پەناگەیەکی سەلامەت بەرزبێتەوە.

​لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نرخی فەرمی سەندیکای زێڕنگران، نرخی عەیارەکان بەراورد بە دوێنێ بەم شێوەیە بەرزبوونەتەوە: ​عەیار 22 بە 1,050,320 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت و بەراورد بە دوێنێ 26,100 دینار بەرزبووەتەوە ​عەیار 21 بە 1,002,578 دینارە و بەراورد بە دوێنێ 24,914 دینار بەرزبووەتەوە ​عەیار 18 بە 859,353 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت و بەراورد بە دوێنێ 21,355 دینار بەرزبووەتەوە

نرخی نەوت ڕووی لە دابەزین کرد

​ئەمڕۆ چوارشەممە، لەگەڵ دەستپێکردنی مامەڵەکانی بازاڕەکانی وزە، نرخی نەوت پاشەکشەی بەخۆوە بینی و بەراورد بە نرخی دوێنێ، نرخەکان دابەزینیان تۆمار کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە ​بەپێی دواین زانیارییەکانی بازاڕ، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 107.8 دۆلار، کە بەراورد بە نرخی دوێنێ 6 دۆلار دابەزیوە. هەروەها نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی ئەمریکیش دابەزیوە بۆ 100.2 دۆلار، کە بەراورد بە نرخی دوێنێ 4.6 دۆلار دابەزین نیشان دەدات.

​ئەم دابەزینەی نرخەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکاوە هەیە، کە ئاماژەی بە ئەگەری ڕێککەوتنێک کرد لەگەڵ ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و درێژکردنەوەی ئاگربەست. ئەم هەواڵە دیپلۆماسییە گرژییەکانی بازاڕی کەمکردەوە و وای لە وەبەرهێنەران کرد متمانەی زیاتریان بە جێگیری دۆخەکە هەبێت، ئەمەش کاریگەرییەکانی ئەو دڵەڕاوکێیەی کەمکردەوە کە پێشتر لەسەر گەرووی هورمز و پرسی هاتوچۆی کەشتییە بارهەڵگرەکانی نەوت دروست بووبوو.

نرخی زیو لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی

​لەگەڵ دەستپێکردنەوەی مامەڵەکانی ئەمڕۆ چوارشەممەدا، نرخی کانزا گرانبەهاکان و بە تایبەت زیو گۆڕانکاری بەسەردا هات و بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمارکرد.

​ئەمڕۆ چوارشەممە، بەپێی دواین داتاکانی بازاڕ، نرخی هەر کیلۆگرامێک زیو گەیشتووەتە 2,436.16 دۆلار، هەروەها نرخی هەر ئۆنسەیەکیش بۆ 75.77 دۆلار بەرزبووەتەوە و نرخی یەک گرام زیویش گەیشتووەتە 2.44 دۆلار.

​ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە بەراورد بە نرخی ڕۆژی ڕابردوو، نرخی زیو بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە، بە جۆرێک نرخی کیلۆگرامێک زیو بە بڕی 92.27 دۆلار، نرخی ئۆنسەیەکیش بە بڕی 2.87 دۆلار و نرخی گرامێک زیویش 0.10 سەنت بەرزبووەتەوە.

​شارەزایانی ئابووری پێیان وایە ئەم بەرزبوونەوەیە دەرەنجامی ڕاستەوخۆی دابەزینی نرخی نەوت و بەهای دۆلارە لە بازاڕەکاندا، کە وایکردووە زیو وەک پەناگەیەکی پارێزراو بۆ وەبەرهێنەران دەرکەوێت. لە لایەکی دیکەوە، لێدوانەکانی وەزیری بەرگریی ئەمریکا سەبارەت بە بەردەوامیی ئەو ئاگربەستەی مانگێک لەمەوبەر ڕاگەیێندراوە، هاوکات لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، متمانەی زیاتری بە بازاڕەکان بەخشیوە و وایکردووە جموجۆڵی وەبەرهێنەران لەم بوارەدا چالاکتر بێت.

محەممەد شەممەری: بودجەی ساڵی 2026 خزمەتگوزاری دەبێت و پێویستمان بە سەقامگیریی سیاسییە

محەممەد شەممەری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بودجەی ساڵی 2026 عێراق بودجەیەکی خزمەتگوزاری دەبێت و حکومەت هەنگاو دەنێت بۆ گرنگیدانی زیاتر بە پڕۆژەکانی ژێرخان و ئەو کەرتانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ژیانی هاووڵاتییانەوە.

شەممەری لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: “حکومەت سەرنجی خستووەتە سەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و بەتایبەتی گرنگی بە کەرتەکانی کارەبا، ئاو، ڕێگاوبان، تەندروستی و پەروەردە دەدات.”

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشیکردەوە، بودجەی ساڵی 2026مۆرکێکی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی دەبێت، کە تیایدا پاڵپشتی پڕۆژە وەستاوەکان فراوانتر دەکرێت و چەندین پڕۆژەی نوێ لە ژمارەیەک پارێزگا ڕادەگەیەنرێن.

لە بارەی لایەنی ئابوورییەوە، شەممەری باسی لەوە کرد، حکومەت هەوڵدەدات داهاتەکان بەو ئاراستەیە بەکاربهێنێت کە واقیع و بژێوی ژیانی خەڵک باشتر بکات، لەگەڵ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و پاڵپشتیکردنی هەردوو کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی.

سەبارەت بە لایەنی سیاسیش، جەختی کردەوە کە، “قۆناغی داهاتوو پێویستی بە سەقامگیریی سیاسی و هەماهەنگییەکی تەواو هەیە لە نێوان هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان، ئەمەش بۆ زامنکردنی تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە بەبێ دواکەوتن، بەتایبەتی کە شەقامی عێراقی چاوەڕێی چارەسەری ڕاستەقینەیە بۆ دۆسیە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکان.”

شەممەری ئاماژەی بەوەشدا، تەواوکردنی کابینەی وەزاری لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا، کاریگەرییەکی ئەرێنی دەبێت لەسەر جێبەجێکردنی پلانە دارایی و خزمەتگوزارییەکان، چونکە یەکلاییکردنەوەی وەزارەتە ماوەکان توانا و هێزێکی زیاتر دەداتە حکومەت بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکەی و پەسەندکردنی ئەو پڕۆژانەی کە پەیوەستن بە بودجەی نوێوە.

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی: 4 ملیار و 405 ملیۆن دینار له‌ دهۆك بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری خه‌رج ده‌كرێت

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌ سێ فه‌رمانی وه‌زاریدا، ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر خه‌رجكردنی گوژمه‌ی 4,405,743,000 دینار دا به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی شاره‌وانیی دهۆك و ته‌ناهی له‌ پارێزگای دهۆك.

ئه‌و گوژمانه‌ له‌سه‌ر ڕێژه‌كانی 15%ی داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی دهۆك و 100%ی داهاتی فرۆشتنی زه‌ویی ڕوكنی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی ته‌ناهییه كه‌‌ به‌پێی ڕێنمایییه‌كانی داراییی تایبه‌ت به‌ داهاته‌كان له‌سه‌ر پلانی ساڵی 2026 به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی زیاتری دانیشتوانی سنووری شاری دهۆك و ته‌ناهی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاره‌وه‌، ڕه‌زامه‌ندیی خه‌رجكردنی دراوه‌.

گوژمه‌ی 3،035،763،000 سێ ملیار و سی و پێنج ملیۆن و حه‌وت سه‌د و شه‌ست و سێ هه‌زار دینار، له‌سه‌ر ڕێژه‌ی 15%ی داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی دهۆك بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی دهۆك.

گوژمه‌ی 1،337،158،000 یه‌ك ملیار و سێ سه‌د و سی حه‌وت ملیۆن و سه‌د و په‌نجا و هه‌شت هه‌زار دینار، له‌سه‌ر ڕێژه‌ی 100%ی داهاتی فرۆشتنی زه‌ویی ڕوكنی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی ته‌ناهی بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی شه‌قامی ناوخۆیی له‌ كه‌رتی 10ی سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی ته‌ناهی.

گوژمه‌ی 32،822،000 سی و دوو ملیۆن و هه‌شت سه‌د و بیست و دوو هه‌زار دینار، له‌سه‌ر ڕێژه‌ی 15%ی داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی ته‌ناهی به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی شه‌قامی ناوخۆیی له‌ سنووری ئه‌و سه‌رۆكایه‌تییه‌ی شاره‌وانی.

لە ئەنبار وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەستیپێکرد و سیستەمێکی نوێ پەیڕەو دەکرێت

ئیدارەی پارێزگای ئەنبار ڕایگەیاند، پڕۆسەی وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جوتیاران بۆ وەرزی 2025-2026 دەستیپێکردووە، بۆ ڕێگری لە قەرەباڵغی و ڕێکخستنی هاتنی بارهەڵگرەکان، ئەمساڵ سیستەمێکی “حیجزی ئەلیکترۆنی” بۆ وەرگرتنی گەنم بەکاردەهێنرێت.

مؤید دلێمی، گوتەبێژی حکوومەتی خۆجێی ئەنبار ڕایگەیاند، لە یەکەم ڕۆژدا نزیکەی 200 بارهەڵگر گەنم گەیەندراونەتە سایلۆی ناوەندی ڕومادی و سایلۆی 5 کیلۆ، ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەت هەموو ئاسانکارییەکی کردووە تاوەکو جوتیاران بەبێ ماندووبوون و بە خێرایی بەرهەمەکانیان ڕادەست بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، عومەر مەشعان دەبووس، پارێزگاری ئەنبار، دوێنێ چوارشەممە، وەرزی دروێنەی گەنمی ڕاگەیاند، بڕیاریدا 10 ملیار دینار بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی پارەی گەنم جوتیاران تەرخان بکرێت، تاوەکو بەبێ دواکەوتن پارەکانیان وەربگرن.

👤
Live: 12 Today: 32 📊 Click Here