فلیک داوای یاریزانی دیکە دەکات

دیڤینسا سێنتراڵی ئیسپانی بڵاویکردەوە هانسی فلیکی راهێنەری بەرشەلۆنە لە ئێستاوە پلانەکانی خۆی دیاریکردووە بەمەبەستی گواستنەوەی چەند یاریزانێک بۆ وەرزی داهاتوو.

ئەو پێگەیە دوپاتیکردووەتەوە کە راهێنەرە ئەڵمانیەکە لەکاتی کۆبونەوەی لەگەڵ کارگێڕی یانەکەیدا لیستێکی پێنج یاریزانی پێشکەش کردوون تا لەم هاوینەدا پەلکێشیان بکەن.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە هێڵی بەرگری فلیک داوای ئیمزاکردنی گرێبەستی لەگەڵ سێ یاریزان کردووە کە ئەوانیش ئەلیساندرۆ باستۆنی و دینزێل دومفرێسی یاریزانانی ئینتەر میلان و ڤان دی ڤینی تۆتنهامن.

راشیگەیاندووە، جگە لەوەش فلیک داوای ئیمزاکردنی گرێبەستی لەگەڵ پیدرۆ نیتۆی ئەستێرەی چێڵسی و هەڵبژاردەی پۆرتوگال کردووە بەهۆی ئەوەی دەتوانێت لە چەندین پێگەی جیاواز یارییبکات.

کۆتا یاریزانیش کە راهێنەرە ئەڵمانیەکە داوای کردووە ڤیکتۆر ئۆسیمینی هێرشىەری نەیجیریە تا لە وەرزی داهاتوودا وەک هێرشبەری سەرە ڕمی سەرەکی پشتی پێببەستێت.

ڕاهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەی فەڕەنسا دیاریکرا

ڕۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی لە ڕاپۆرتێکی نوێیدا ئاشکرای کرد بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەڕەنسا خۆیان یەکلایی کردۆتەوە بۆ دانانی کەسێک لە شوێنی دیدێی دیشامبی ڕاهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی فەڕەنسا،کە دێشامب لەدوای مۆندیالدا واز لەپۆستەکەی دەهێنێت.

بەگوێرەی زانیاریەکانی لیکیپ بێت،زینەدین زیدان دیاریکراوە بۆ مەشقدانەوە هەڵبژاردەی فەڕەنسا و بەشێوەیەکی زەرەکی و وەک ئامادەکاری بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ بەرپرسانی هەڵبژاردەکە ڕێککەوتووە لەدوای مۆندیالدا دەبێتە ڕاهێنەری هەڵبژاردەی فەڕەنسا.

دانانی زیدان لەشوێنی دیشامب بەڕای زۆربەی شارەزایان بڕیارێکی دروستە،ئەمەش بەهۆی گەورەیی زیدان هەم وەکو یاریزان هەم وەکو ڕاهێنەری،بەتایبەت کاتێک زیدان لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید وەک و ڕاهێنەر توانی ببێتە پاڵەوانی 3 چامپیۆنزلیگی یەک بەدوای یەک و بەگونجاوترین کەس دادەندرێت بۆ شوێنی دیشامب.

“سەرکار ڕێبوار”

سەڵاح و لیڤەرپوڵ بە مێژووێکی گەورەوە جیادەبنەوە

دوێنێ شەو یەکێک لە ناخۆشترین هەواڵەکانی ئەمساڵ بەگوێچکەی هاندەرانی لیڤەرپوڵ چرپا،ئەویش ڕاگەیاندنی ڕۆیشتنی موحەمەد سەڵاحی ئەستێرەی میسری یانەکە لەکۆتایی ئەم وەرزەدا،کە بە ڕێککەوتنی سەڵاح و لیڤەرپوڵ ئەم بڕیارە دراوە.

سەڵاح لەگەڵ لیڤەرپوڵ ئامارێکی مێژوویی هەیە،کە لەگەڵ لیڤەرپوڵ توانیویەتی پریمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ و فا کەپ و جامی جیهانی یانەکان و جامی سوپەری ئەوروپی بباتەوە،وە لەدوای ڕۆجێر هەنت و ییان ڕەش لەپلەی سێیەمی گۆڵکارانی مێژووی لیڤەرپوڵ دێت،کە لەکۆی 435 یاری خاوەنی 255 گۆڵە.

هاتنی سەڵاح بۆ لیڤەرپوڵ لە ساڵی 2017 بووە دەستپێکی شاکارێکی مەزنی دیکەی ڕێدز لەگەڵ ئەستێرەیەکی سەردەمی لەیانەکە و لەدوای ساڵێکیش سەڵاح توانی سەرکردایەتی لیڤەرپوڵ بکات بۆ گەیشتن بە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ و لە 2019 توانی دوای 16 ساڵ چامپیۆنزلیگ بباتەوە شاری لیڤەرپوڵ.

“سەرکار ڕێبوار”

جۆنیۆری کوڕی رۆناڵدۆ لەگەڵ ریاڵ مەدرید مەشقی کردووە

رۆژنامەی زە ئەتلەتیکی بەڕیتانی بڵاویکردەوە جۆنیۆری تەمەن 15 ساڵی کوڕی ئەفسانەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە چەند رۆژی رابردوودا راهێنانی لەگەڵ تیپی خوار 16 ساڵانی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی کردووە.

رۆژنامەکە دوپاتیکردووەتەوە، یانەی شاهانە کوڕەکەی رۆناڵدۆ تاقیدەکاتەوە و ئەگەر لە ئاستی ئەو یاریزانە رازیبوون ئەوا لە داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵدا ئیمزا دەکەن و دەیکەنە یاریزانی فەرمی تیپی لاوانی خۆیان.

ئاماژەی بەوەشداوە، کریستیانۆ جۆنیۆر ئاستێکی نایابی هەیە لە هێڵی هێرشبردندا وەک یاریزانی سەرەڕم، لە مانگی پێنجی ساڵی رابردوودا بانگهێشتی تیپی خوار 15 ساڵانی پۆرتوگال کرا.

ئەو یاریزانە پێشتر لە ئەکادیمیای مانچستەر یونایتد بووە و دواتر لەگەڵ باوکی چووە یۆڤانتۆس، پاشان پەیوەندی بە یانەی نەسری سعودیەوە کرد و ئێستاش دەیەوێت لە داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ ریاڵ مەدرید ئیمزابکات.

بڕیاری کۆتایی درا لەسەر ئامادە بوونی هاندەرانی هەولێر

پارێزگاری شاری هەولێر(ئومێد خۆشناو) بڕیاری لەسەر ئامادەبوونی هاندەرانی یانەی هەولێر درا بۆ یاری بەرامبەر یانەی زەوڕا لەگەڕی 25ی خولی ئەستێرەکانی عێراق،کە قەرارە لە 30 ئەم مانگە لە یاریگای شەهید فرانسۆ هەریری بەڕێوەبچێت.

بەپێی بڕیاری پارێزگاری هەولێر هاندەرانی یانەی هەولێر دەتوانن ئامادەی ئەو یاریەبن و پاڵپشتی یاریزانانی قەڵای زەرد بکەن،وە لەپاڵ هاندەرانی هەولێر،هاندەرانی یانەی زەوڕاش دەتوانن ئامادەی یاریەکەبن،کە ئەم یاریە لەنێوان دوو یانەی ڕکاربەی مێژوویی بەڕێوەدەچێت.

یانەی هەولێر دوای بڕیارەکە پارێزگاری هەولێر سوپاسی ئەو خەمخۆری و هەوڵوێستەی پارێزگاری شارەکەی کرد و ئامادەبوونی هاندەرانیشی بە کلیلێکی گرنگ بۆ سەرکەوتنی یانەی هەولێر وەسف کرد.

“سەرکار ڕێبوار”

ڤینسیۆس؛نەیمار یەکێکە لە نموونە باڵاکانی من

لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا پێش یاری هەڵبژاردەکەی بەرامبەر فەڕەنسا ڤینسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەڕازیلی هاتە بەردەمی میدیاکان و بەڕاشکاوانە وەڵامی چەندین پرسیاری ڕۆژنامەنووس و میدیاکانی دایەوە.

ڤینیسۆس دەربارە ئاستی ئێستای هەڵبژاردەی بەڕازیل وتی؛ ئێمە پێکهاتەیەکی بەهێزمان هەیە دەمانەوێت ئەو ئاڵەنگاریە بەهێزە بکەین لەگەڵ هەموواندا،ئێمە لێرەین تاکو ئامادەکاریەکانی خۆمان بکەین و یاری بەرامبەر فەڕەنسا دەستپێکی قۆناغێکی گەورەی ئەم ئاڵەنگاریەمانە.

دەربارەی بانگهێشت نەکردنی نەیمار ڤیسیۆس وتی؛خۆتان دەزانن ئەم وەرزە لە ڕیزی باشترینەکاندا بووم وەکو ڕافینیا،دەربارەی کاسیمێرۆش پێویست بە قسە ناکات،من تێدەگەم لەم حاڵەی نەیمار،ئەو لە نموونە باڵاکانی منە،دڵنیام دەتوانێ سەربکەوێت.

“سەرکار ڕێبوار”

کۆندی باسی باشترین ئەستێرەی بارسێلۆنا دەکات

کۆندی بەرگریکاری فەڕەنسی یانەی بارسێلۆنا لە کاتی کارکردن بۆ چاکبوونەوە لە پێکانەکەی و ئامادەکاری بۆ یارییە چاوەڕوانکراوەکەی بەرشەلۆنە بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید لە چامپیۆنز لیگ، لە پەخشێکی ڕاستەوخۆدا باشترین و چێژبەخشترین یاریزانی ئێستای یانە کەتەلۆنییەکەی دەستنیشان کرد.

کوندی بەبێ دوو دڵی ڕایگەیاند کە پێدری یاریزانی دڵخوازی ئەوە و بە ئایکۆن و بلیمەتی تیپەکەی وەسف کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئاستی ئەو یاریزانە تەمەن 23 ساڵە لە جیهانێکی تردایە و تەنانەت ئەوەی لە مەشقەکاندا ئەنجامی دەدات جێگەی سەر سووڕمانە.

بەرگریکارە فەڕەنسییەکە ستایشی توانای تەکنیکی و بینینی فراوانی یاریگای لەلایەن بێدرییەوە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم یاریزانە لایەنێکی تری زۆر گرنگی هەیە کە زۆرجار پشتگوێ دەخرێت ئەویش کارە بەرگرییە سەرنجڕاکێشەکەیەتی.

کوندی ئاشکرای کرد کە پێدری یەکێک بووە لەو یاریزانانەی زۆرترین تۆپی لە ئەوروپا لە وەرزی ڕابردوو وەرگرتووەتەوە و لە هەر یارییەکدا نزیکەی 12 کیلۆمەتر رادەکات و بەمەش هاوسەنگییەکی بێوێنە لە نێوان وەرگرتنەوەی تۆپ و بونیاتنانی هێرش و گەیشتن بە ناوچەی سزای ڕکابەرەکان بۆ یانەی بارسێلۆنا دروست دەکات.

لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ یاریەکەی پاشکۆی مۆندیال بڵاوکرایەوە

ئەمڕۆ لەسەر ڕاسپاردەی گراهام ئارنۆڵدی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لیستی یاریزانە بانگهێشکراوەکانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ یاری پاشکۆی مۆندیالی 2026 بڵاوکرایەوە و لەگەڵ بڵاو بوونەوەی لیستەکەش هەرایەکی زۆر کەوتە نێو شەقامی وەرزشی کوردستان و عێراق،ئەمەش بەهۆی بانگهێشت نەکردنی چەند ئەستێرەیەک بۆ هەڵبژاردەکە.

ئەوەی زۆر قسەی لەسەر کراوە و پرسیاری زۆر لەسەر کراوە بانگهێشت نەکردنی هاڕون ئەحمەدی ئەستێرە و ناوەڕاستکاری یانەی دهۆک،کە تاکو ئێستا کەس نازانێت هۆکار چییە ئەو یاریزانە بانگهێشتی هەڵبژاردەکە نەکراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە لە لیستی هەڵبژاردەکە هەر یەکە لە ئاکام هاشم و پیتەر گۆرگیس و کومەیل سەعدی و میرخان دۆسکی و یوسف ئەمین دەبینرێن،کە زۆرێک ڕایان وایە هەبوونی ئاکام هاشم لە بەرگری هەڵبژاردەکە باشترین چەکی بەرگریە.

لیستی یاریزانانی بانگهێشت کراو

گۆڵپارێز:

کومەیل سەعدی،ئەحمەد باسل،فەهد تاڵب

بەرگریکار:

ڕێبین سولاقا،مەناف یونس،ئاکام هاشم،زەید تەحسین،زەید ئیسماعیل،ئەحمەد مەکەنزی،میرخاس دۆسکی،فرانس بترس،حسێن عەلی

ناوەڕاستکار:

ئەمیر عەماری،ئەیمار سیر،یوسف ئەمین،زیدان ئیقبال،حەسەن عەبدولکەریم،مارکۆ فەرەج،کێڤن یەعقوب،پیتەر گۆرگیس

هێرشبەر:

ئیبراهیم بایش،عەلی یوسف،ئەیمەن حوسێن،موهەنەد عەلی،عەلی حەمادی،عەلی جاسم

“سەرکار ڕێبوار”

ئەرجەنتین تووشی کێشەیەکی گەورە دەبێت

دەستەی تەکنیکی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کەوتووەتە ناو کێشەیەکی گەورەوە، دوای ئەوەی یاری فیناڵیسما بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا هەڵوەشایەوە.

یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا رۆژی یەکشەممە بە فەرمی ڕایگەیاند کە ئەو یارییە بڕیار بوو لە 27ی ئەم مانگەدا لە وڵاتی قەتەر لە نێوان پاڵەوانی کۆپا ئەمریکای 2024 و پاڵەوانی یۆرۆی هەمان ساڵدا ئەنجام بدرێت، بەهۆی دۆخی سیاسی و ململانێکانی ناوچەکەوە هەڵوەشاوەتەوە.

بەپێی هەواڵێکی تۆڕی تی وای سی سپۆرتس، هەڵوەشاندنەوەی یارییەکە بەرامبەر ئیسپانیا بووەتە هۆی سەرئێشەیەکی گەورە بۆ بەڕێوبەرانی ئەرجەنتین پێش دەستپێکردنی مۆندیالی 2026 چونکە ئەمە دەبێتە یەکەمین جار لە مێژوودا کە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەگاتە یارییەکانی مۆندیال بەبێ ئەوەی هیچ یارییەکی بەرامبەر هەڵبژاردەیەکی ئەورووپی ئەنجام دابێت.

هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی جێگرەوە شکستیان هێناوە، ئەمەش وای کردووە ئەرجەنتین لە تاقیکردنەوەیەکی بەهێز بێبەش بێت بەرامبەر قوتابخانە جیاوازەکانی تۆپی پێی ئەورووپا پێش دەستپێکردنی گەورەترین کێبڕکێی جیهانی.

فلیک؛ توانای بردنەوەی چامپیۆنزلیگمان هەیە

لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هانزی فلیکی ڕاهێنەری یانەی بارسێلۆنا هاتە بەردەمی میدیا و ڕۆژنامەنووسان و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە،کە باسی لەیاریەکەی ئەمشەو و ئامادەکاریەکانی تیپەکەی کرد.

فلیک دەربارەی ئامادەکاریەکانی تیپەکەی وتی؛ئێمە ئامادەکاریەکانی باشمان بۆ یاریەکەمان کردوە و دەزانین بەرامبەر تیپێکی بەهێز یاری دەکەین،دەمانەوێت بگەینە قۆناغی داهاتوو وە دەشتوانین.

سەبارەت بە یاری ئەمشەوی ڕیاڵ مەدرید فلیک وتی؛ ئەمشەو ئاگادارم بۆ یاریەکە،بەڕاستی ڕیاڵ مەدرید یاری ڕابردوو کارێکی گەورەی کرد،بەڵام لەبیری نەکەین تۆپی پێ هەمیشە ئەگەرێکی کراوەیە،منیش پاڵ بە قەنەفەکەم دەدەم و سەیری دەکەم.

“سەرکار ڕێبوار”

👤
Live: 7 Today: 836 📊 Click Here