ئۆپۆزسیۆن پاشکۆی دەسەڵاتی گەندەڵ!

ڕێباز عوسمان محمد

لە هەرێمی کوردستاندا، تەنها پارتی و یەکێتی نین کە بوونەتە هۆکاری وێرانکردنی ژیانی خەڵک، بەڵکو ئەو حیزبانەی کە خۆیان ناوناوە “ئۆپۆزسیۆن”، بە بێدەنگییە ترسنۆکانەکەیان بوونەتە شەپۆلێکی تری ئەم کارەساتە. زیاتر لە ساڵێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام بەهۆی ململانێی پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستە ئەمنی و داراییەکان، پەرلەمان ئیفلیج کراوە و حکومەت پێکناهێنرێت. لە ناوەڕاستی ئەم قەیرانە گەورەیەدا، کە تێیدا خەڵک بێمووچەیە و دامەزراوەکان لەکار کەوتوون، حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن وەک مردوویان لێهاتووە؛ نە بەیاننامەیەکی توند دەردەکەن، نە خەڵک دەهێننە سەر شەقام، و نە دەوێرن تەنانەت فشاریش دروست بکەن. ئەمە ئیتر ئۆپۆزسیۆن نییە، ئەمە ڕێکەوتنێکی بێدەنگە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان لەژێر سێبەری دەسەڵاتدا!
شکستی ئۆپۆزسیۆنی کوردی تەنها لەم ڕۆژانەدا دەرنەکەوتووە، بەڵکو مێژوویەکی درێژی هەیە لە دۆڕان و بێئیرادەیی. کاتێک پارتی و یەکێتی بۆ زیاتر لە ساڵێک هەڵبژاردنەکانیان لە کاتی خۆی (ساڵی ٢٠٢٢) دواخست، ئۆپۆزسیۆن بەتەواوی نادیار بوو و جگە لە چەند بەیاننامەیەکی شەرمنانە، هیچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆی نەبوو. ئەگەر ئەم حیزبانە خاوەنی پاڵپشتییەکی ڕاستەقینەی جەماوەری بوونایە، دەیانتوانی خەڵک بهێننە سەر شەقام و بەغدا و دەسەڵاتی کوردی ناچار بە هەڵوێست بکەن، بەڵام لەبری ئەوە، چاوەڕێی دەستی پارتی و یەکێتی دەکەن تا بزانن کەی مۆڵەتیان پێدەدەن قسە بکەن. ئەم ترسنۆکییە وای کردووە کە دەنگدەری ناڕازی متمانەی بە هەموویان نەمێنێت و لە هەڵبژاردنەکاندا بایکۆت بکات، چونکە دەزانن ئەم ئۆپۆزسیۆنە تەنها بۆ وەرگرتنی مووچە و ئیمتیازاتی پەرلەمان دروست بووە نەک بۆ گۆڕینی سیستەم.
هۆکاری سەرەکیی ئەم بێدەنگییە ئەوەیە کە بەشێک لەم حیزبە “ناڕازییانە” لەژێرەوە خەریکی مامەڵەن بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە حکومەتە نوێیەکە یان لانیکەم پارچەیەک لە کێکەکەیان بەرکەوێت. بۆ نموونە، پارتی بە ئاشکرا هەڕەشە دەکات کە ئەگەر یەکێتی ڕازی نەبێت، ئەوا دەچێت لەگەڵ حیزبەکانی تردا حکومەت پێکدەهێنێت. ئەمەش وای کردووە هەندێک لە حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات و بێدەنگی هەڵبژێرن، نەوەک هەڵوێستێکی توند وایان لێ بکات لە دابەشکردنی پۆستەکان بێبەش ببن! ئەمەیە ئەو کارەساتەی کە کۆمەڵگەی کوردی تێیکەوتووە؛ کاتێک ئۆپۆزسیۆنیش دەبێتە بازرگان و بەدوای پشکی خۆیدا دەگەڕێت لەناو سیستەمێکی وێراندا، ئیتر کێبەرگری لەم میللەتە دەکات؟ک

تۆماس مولەر ناوی پێنج پالێوراوی براوەی مۆندیالی ئاشکرا کرد

تۆماس مولەری ئەستێرەی پێشووی ئەڵمانیا و یانەی بایرن میونشن لە لێدوانێکیدا لەکاتی ئاهەنگی کۆمپانیای ماجنتا باسی لە مۆندیالی 2026 و هەڵبژاردە پاڵێوراوەکان کرد.

مولەر وتی؛بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردەی ئیسپانیا پاڵێوراوی یەکەمە کە بتوانێت نازناوی مۆندیالی ئەمساڵ بەدەستبهێنێت بەهۆی ئەوەی ئاستێکی نایابیان هەیە و خاوەنی بیرۆکەیەکی جوانن لە تۆپی پێدا.

وتیشی، لەبەرئەوە دەڵێم ئیسپانیا چونکە یاریزانەکانی ئەو هەڵبژاردەیە لاون و هەمیشە دەتوانن بەهرە تاکەکەسیەکانیان رێکبخەن و هاوسەنگی ناو یاریگا رابگرن بەو شێوەیەی کە خۆیان دەیانەوێت.

دەشڵێت، جگە لە ئیسپانیا هەڵبژاردەی فەرەنساش یەکێکە لە بژاردە بەهێزەکان چونکە خاوەنی پێکهاتەکەی زۆر بەهێزە و یاریزانی بەهرەمەندی زۆر نایابی تیادایە.

مولەر دەڵێت، دەتوانم سێ هەڵبژاردەی تریش وەک پاڵێوراو بۆ بردنەوەی نازناوی مۆدنیال دیاری بکەم ئەوانیش پۆرتوگال و ئەرجەنتین و ئەڵمانیان کە بەو شێوەیەش بێت هیچ کام لە بەرازیل و ئینگلتەرا پاڵێوراو نین بە بۆچوونی یاریزانە ئەڵمانیەکە.

حەشدی شەعبی وەک مۆتەکەی هەمیشەیی

ڕێبەر ئەنوەر عبدوڵا

بیرمە کاتێک داعش هات و وڵاتی خەڵتانی خوێن کرد، فەتوایەک دەرچوو بۆ دروستکردنی هێزێکی چەکداریی فریاگوزاری. خەڵکێکی زۆر ئومێدیان پێ بوو کە ئەمانە تەنها بۆ قۆناغێکی کاتین و دەبنە قەڵغانێک بۆ پاراستنی ژیانمان. وەلێ هەر زوو تێگەیشتین ئەمانە نەهاتوون بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، بەڵکو هاتوون تا غەنیمە و خاکی ئەم وڵاتە داگیر بکەن! ئای کە چۆن مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە؛ ڕزگارمان بوو لە تارمایی تیرۆر، بەڵام کەوتینە ژێر دەستی دەیان گرووپی چەکداری کە بوونەتە میراتگری هەمان ئەو ستەمەی ساڵانێکە دەمانچەوسێنێتەوە.

ئێستا کە سەیری ئەم عێراقە و ناوچە دابڕێنراوەکان دەکەم، دەبینم حەشدی شەعبی لە هێزێکی کاتییەوە بووەتە دەسەڵاتێکی هەمیشەیی. ئەوان بوونەتە دەوڵەتێک لە ناو دەوڵەتدا؛ ئابووریی خۆیان هەیە، دەروازە سنوورییەکان دەدۆشن، و بڕیاری سیاسی لە پەرلەمان و حکومەتدا دەسەپێنن. کێ دەتوانێت لێپرسینەوەیان لێ بکات؟ هیچ کەس! چونکە ئەمانیش ڕێک وەک دەسەڵاتدارە نەوت‌دزەکانی خۆمان، چەک و دامەزراوەیان تەنها بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان و سەرکردەکانیان دەوێت.

لەولاشەوە، لەبری ئەوەی ئەم سیاسییە کوردانەی خۆمان قەڵغانێک بن بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە، هەر خەریکی سپیکردنەوەی پارەن لە بانقەکانی دنیا، خەریکی کڕینی ڤێلا و ئاپارتمانی گرانبەهان لە دەرەوە. ئەوان خەریکی شەڕی ناوخۆیی و دابەشکردنی پارەی قاچاخچێتین، لە کاتێکدا هێزەکانی حەشدی شەعبی وەک مۆتەکە باڵیان بەسەر نیوەی خاکی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکاندا کێشاوە و ڕۆژانە سوکایەتی بە کەرامەتی تاک بە تاکی ئەم میللەتە دەکەن. ئەم داڕووتانەوەیەی ژێرخانی ئەم وڵاتە، بەرهەمی خیانەت و بێباکی ئەو دزانەیە کە بە ناوی شۆڕشگێڕییەوە میللەتیان فرۆشت و وڵاتیان ڕادەستی میلیشیاکان کرد!

ئای کە غەدری ئەم هێزە چەکدارانە و دەسەڵاتدارانی ناوخۆ چەند بە سوێ و بەئازارە! ئەگەر سەردەمی بەعس خەڵک بە کێبڵ شین و مۆر کرابێتەوە، ئێستا فیشەکی زیندووی ئەم میلیشیایانە و هێزە ئەمنییە حیزبییەکانە کە لەهەمبەر خەڵکی سیڤیل و گەنجە ناڕازییەکاندا بەکاری دێنن. هەر دەنگێکی ئازاد بپرسێت ئەم سامانە چی لێهات؟ یان لەسەر شەقامەکان دەیڕفێنن و خەڵتانی خوێنی دەکەن، یان لە زیندانە تاریکەکانیاندا دەیڕزێنن. ئەوان بوونەتە سوپایەکی داگیرکەر کە بە ناوی پیرۆزییەوە گیرفانی خەڵک دەبڕن و سەروەریی وڵات پێشێل دەکەن.

بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە: ئەم دۆخە بە کوێ دەگات؟ ئایا چاوەڕێ دەکەن تا سەر ئەم میلیشیاگەری و تاڵانکارییە بەردەوام بێت؟

ئیدی کاتی ئەوە هاتووە بیر بکەنەوە؛ ئەو چەک و تفاقە زۆرەی کۆتانکردووەتەوە، ئەو پارە کەڵەکەبووەی لە دزینی نەوت و دەروازەکان دەستتان کەوتووە، لە ڕۆژی توڕەیی خەڵکدا بە پولێکە. زۆرێک لەو گەنجە هەژارانەی کردووتانن بە چەکدار، لە نێو دڵیاندا زۆر ناهەقی بەرچاوی خۆیان لەبەرچاوە و تەنها بژێوی ناچاری کردوون. ڕێک وەک چۆن چیرۆکی سەرانی ڕژێمی پێشوو بوونە کەلاکێک لەسەر شەقامەکان و تفێک کەم بوو بدرێت بە ڕووی لاشە بێگیانەکانیاندا، مێژوو بۆ ئێوەی بازرگانی چەک و خوێنیش هەمان چارەنووسی هەڵگرتووە. ژیرێتییەکە لەوەدایە بزانن گەلی چەوساوە، تا سەر لە ئاست ئەم داگیرکارییەدا بێدەنگ نابێت!

فەرمی.. گریزمان پەیوەندی بە خولی ئەمریکییەوە کرد و بوو بە یاریزانی ئۆرلاندا ستی

یانەی ئۆرلاندا ستی ئەمریکی بە شێوەیەکی فەرمی یەکێک لە گەورەترین گرێبەستە مێژووییەکانی راگەیاند ئەویش گواستنەوەی ئەستێرەی فەڕەنسی و گۆڵکاری مێژوویی ئەتلەتیکۆ مەدرید، ئەنتوان گریزمانە بۆ ڕیزەکانی.

ئەم هەنگاوە ستراتیژییە وەک وەرچەرخانێکی گەورە لە مێژووی یانەکە و خولی ئەمریکیدا دەبینرێت، پاڵەوانی مۆندیالی 2018 بڕیارە لە مانگی تەمموزی داهاتووەوە گەشتە نوێیەکەی لە مەیدانەکانی ئەمریکا دەست پێ بکات، کە چاوەڕوان دەکرێت ببێتە هێزێکی تەکنیکی و جەماوەری گەورە بۆ یانە نوێیەکەی.

کارگێڕی یانە ئەمریکییەکە توانییان گریزمان قایل بکەن بە واژۆکردنی گرێبەستێک کە تا کۆتایی وەرزی 2027 بۆ 2028 بەردەوام دەبێت، لەگەڵ هەبوونی بڕگەیەک لە گرێبەستەکەیدا کە ڕێگە دەدات بۆ ساڵێکی تریش و تا ساڵی 2029 درێژ بکرێتەوە.

گریزمان کە بە درێسی ژمارە 10ەوە دەبینرێت، دەبێتە یەکێک لە دیارترین ڕوخسارەکانی خولەکە لە تەنیشت ئەستێرەکانی وەک مێسی و سوارێز.

فلیک داوای یاریزانی دیکە دەکات

دیڤینسا سێنتراڵی ئیسپانی بڵاویکردەوە هانسی فلیکی راهێنەری بەرشەلۆنە لە ئێستاوە پلانەکانی خۆی دیاریکردووە بەمەبەستی گواستنەوەی چەند یاریزانێک بۆ وەرزی داهاتوو.

ئەو پێگەیە دوپاتیکردووەتەوە کە راهێنەرە ئەڵمانیەکە لەکاتی کۆبونەوەی لەگەڵ کارگێڕی یانەکەیدا لیستێکی پێنج یاریزانی پێشکەش کردوون تا لەم هاوینەدا پەلکێشیان بکەن.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە هێڵی بەرگری فلیک داوای ئیمزاکردنی گرێبەستی لەگەڵ سێ یاریزان کردووە کە ئەوانیش ئەلیساندرۆ باستۆنی و دینزێل دومفرێسی یاریزانانی ئینتەر میلان و ڤان دی ڤینی تۆتنهامن.

راشیگەیاندووە، جگە لەوەش فلیک داوای ئیمزاکردنی گرێبەستی لەگەڵ پیدرۆ نیتۆی ئەستێرەی چێڵسی و هەڵبژاردەی پۆرتوگال کردووە بەهۆی ئەوەی دەتوانێت لە چەندین پێگەی جیاواز یارییبکات.

کۆتا یاریزانیش کە راهێنەرە ئەڵمانیەکە داوای کردووە ڤیکتۆر ئۆسیمینی هێرشىەری نەیجیریە تا لە وەرزی داهاتوودا وەک هێرشبەری سەرە ڕمی سەرەکی پشتی پێببەستێت.

ڕاهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەی فەڕەنسا دیاریکرا

ڕۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی لە ڕاپۆرتێکی نوێیدا ئاشکرای کرد بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەڕەنسا خۆیان یەکلایی کردۆتەوە بۆ دانانی کەسێک لە شوێنی دیدێی دیشامبی ڕاهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی فەڕەنسا،کە دێشامب لەدوای مۆندیالدا واز لەپۆستەکەی دەهێنێت.

بەگوێرەی زانیاریەکانی لیکیپ بێت،زینەدین زیدان دیاریکراوە بۆ مەشقدانەوە هەڵبژاردەی فەڕەنسا و بەشێوەیەکی زەرەکی و وەک ئامادەکاری بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ بەرپرسانی هەڵبژاردەکە ڕێککەوتووە لەدوای مۆندیالدا دەبێتە ڕاهێنەری هەڵبژاردەی فەڕەنسا.

دانانی زیدان لەشوێنی دیشامب بەڕای زۆربەی شارەزایان بڕیارێکی دروستە،ئەمەش بەهۆی گەورەیی زیدان هەم وەکو یاریزان هەم وەکو ڕاهێنەری،بەتایبەت کاتێک زیدان لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید وەک و ڕاهێنەر توانی ببێتە پاڵەوانی 3 چامپیۆنزلیگی یەک بەدوای یەک و بەگونجاوترین کەس دادەندرێت بۆ شوێنی دیشامب.

“سەرکار ڕێبوار”

سەڵاح و لیڤەرپوڵ بە مێژووێکی گەورەوە جیادەبنەوە

دوێنێ شەو یەکێک لە ناخۆشترین هەواڵەکانی ئەمساڵ بەگوێچکەی هاندەرانی لیڤەرپوڵ چرپا،ئەویش ڕاگەیاندنی ڕۆیشتنی موحەمەد سەڵاحی ئەستێرەی میسری یانەکە لەکۆتایی ئەم وەرزەدا،کە بە ڕێککەوتنی سەڵاح و لیڤەرپوڵ ئەم بڕیارە دراوە.

سەڵاح لەگەڵ لیڤەرپوڵ ئامارێکی مێژوویی هەیە،کە لەگەڵ لیڤەرپوڵ توانیویەتی پریمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ و فا کەپ و جامی جیهانی یانەکان و جامی سوپەری ئەوروپی بباتەوە،وە لەدوای ڕۆجێر هەنت و ییان ڕەش لەپلەی سێیەمی گۆڵکارانی مێژووی لیڤەرپوڵ دێت،کە لەکۆی 435 یاری خاوەنی 255 گۆڵە.

هاتنی سەڵاح بۆ لیڤەرپوڵ لە ساڵی 2017 بووە دەستپێکی شاکارێکی مەزنی دیکەی ڕێدز لەگەڵ ئەستێرەیەکی سەردەمی لەیانەکە و لەدوای ساڵێکیش سەڵاح توانی سەرکردایەتی لیڤەرپوڵ بکات بۆ گەیشتن بە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ و لە 2019 توانی دوای 16 ساڵ چامپیۆنزلیگ بباتەوە شاری لیڤەرپوڵ.

“سەرکار ڕێبوار”

جۆنیۆری کوڕی رۆناڵدۆ لەگەڵ ریاڵ مەدرید مەشقی کردووە

رۆژنامەی زە ئەتلەتیکی بەڕیتانی بڵاویکردەوە جۆنیۆری تەمەن 15 ساڵی کوڕی ئەفسانەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە چەند رۆژی رابردوودا راهێنانی لەگەڵ تیپی خوار 16 ساڵانی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی کردووە.

رۆژنامەکە دوپاتیکردووەتەوە، یانەی شاهانە کوڕەکەی رۆناڵدۆ تاقیدەکاتەوە و ئەگەر لە ئاستی ئەو یاریزانە رازیبوون ئەوا لە داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵدا ئیمزا دەکەن و دەیکەنە یاریزانی فەرمی تیپی لاوانی خۆیان.

ئاماژەی بەوەشداوە، کریستیانۆ جۆنیۆر ئاستێکی نایابی هەیە لە هێڵی هێرشبردندا وەک یاریزانی سەرەڕم، لە مانگی پێنجی ساڵی رابردوودا بانگهێشتی تیپی خوار 15 ساڵانی پۆرتوگال کرا.

ئەو یاریزانە پێشتر لە ئەکادیمیای مانچستەر یونایتد بووە و دواتر لەگەڵ باوکی چووە یۆڤانتۆس، پاشان پەیوەندی بە یانەی نەسری سعودیەوە کرد و ئێستاش دەیەوێت لە داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ ریاڵ مەدرید ئیمزابکات.

بڕیاری کۆتایی درا لەسەر ئامادە بوونی هاندەرانی هەولێر

پارێزگاری شاری هەولێر(ئومێد خۆشناو) بڕیاری لەسەر ئامادەبوونی هاندەرانی یانەی هەولێر درا بۆ یاری بەرامبەر یانەی زەوڕا لەگەڕی 25ی خولی ئەستێرەکانی عێراق،کە قەرارە لە 30 ئەم مانگە لە یاریگای شەهید فرانسۆ هەریری بەڕێوەبچێت.

بەپێی بڕیاری پارێزگاری هەولێر هاندەرانی یانەی هەولێر دەتوانن ئامادەی ئەو یاریەبن و پاڵپشتی یاریزانانی قەڵای زەرد بکەن،وە لەپاڵ هاندەرانی هەولێر،هاندەرانی یانەی زەوڕاش دەتوانن ئامادەی یاریەکەبن،کە ئەم یاریە لەنێوان دوو یانەی ڕکاربەی مێژوویی بەڕێوەدەچێت.

یانەی هەولێر دوای بڕیارەکە پارێزگاری هەولێر سوپاسی ئەو خەمخۆری و هەوڵوێستەی پارێزگاری شارەکەی کرد و ئامادەبوونی هاندەرانیشی بە کلیلێکی گرنگ بۆ سەرکەوتنی یانەی هەولێر وەسف کرد.

“سەرکار ڕێبوار”

ڤینسیۆس؛نەیمار یەکێکە لە نموونە باڵاکانی من

لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا پێش یاری هەڵبژاردەکەی بەرامبەر فەڕەنسا ڤینسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەڕازیلی هاتە بەردەمی میدیاکان و بەڕاشکاوانە وەڵامی چەندین پرسیاری ڕۆژنامەنووس و میدیاکانی دایەوە.

ڤینیسۆس دەربارە ئاستی ئێستای هەڵبژاردەی بەڕازیل وتی؛ ئێمە پێکهاتەیەکی بەهێزمان هەیە دەمانەوێت ئەو ئاڵەنگاریە بەهێزە بکەین لەگەڵ هەموواندا،ئێمە لێرەین تاکو ئامادەکاریەکانی خۆمان بکەین و یاری بەرامبەر فەڕەنسا دەستپێکی قۆناغێکی گەورەی ئەم ئاڵەنگاریەمانە.

دەربارەی بانگهێشت نەکردنی نەیمار ڤیسیۆس وتی؛خۆتان دەزانن ئەم وەرزە لە ڕیزی باشترینەکاندا بووم وەکو ڕافینیا،دەربارەی کاسیمێرۆش پێویست بە قسە ناکات،من تێدەگەم لەم حاڵەی نەیمار،ئەو لە نموونە باڵاکانی منە،دڵنیام دەتوانێ سەربکەوێت.

“سەرکار ڕێبوار”

👤
Live: 25 Today: 390 📊 Click Here