وەزیری تەندروستی زانیاری لەسەر پەتای خوێنبەربوون ئاشکرا دەکات ‎

‎​دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوایین زانیاریی لەبارەی دۆخی تەندروستی، بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکان لە ڕۆژانی پشوودا و مەترسییەکانی پەتای خوێنبەربوون (تای کۆنگۆ) بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن خستەڕوو.

‎​بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکان بە شێوازی ٢٤ کاتژمێری

‎​وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند کە سەرجەم دامودەزگا تەندروستییەکان، لەوانە نۆڕینگە دەرەکییەکان، بەشەکانی فریاکەوتن و نەخۆشخانە پسپۆڕییەکانی وەک (ئافرەتان، منداڵان، سەنتەرەکانی شێرپەنجە و بانکی خوێن) بە شێوازی ٢٤ کاتژمێری لە ئەرکدان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان. هاوکتات ئاماژەی بەوەش کرد کە تیمەکانی هێڵی فریاکەوتنی ١٢٢ لە ئامادەباشی تەواودان بۆ وەڵامدانەوەی هەر حاڵەتێکی کتوپڕ.

‎​لە میانی بەسەرکردنەوەی نەخۆشخانەی لەدایکبوون و ئافرەتانی هەولێردا، وەزیری تەندروستی ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی نەخۆشخانەکەی ڕاگەیاند و گوتی:

‎​”لە شەو و ڕۆژێکی ڕابردوودا ٣٧ منداڵ لەدایکبوون، ٤٩ حاڵەتی داخڵبوون و زیاتر لە ١٨٠ سەردانیکەر هەبووە. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە خزمەتگوزارییەکان تەنانەت لە کاتی جەژن و پشووەکانیشدا بەبێ وەستان بەردەوامن.”

‎​دوایین زانیاری لەسەر پەتای خوێنبەربوون (تای کۆنگۆ)

‎​سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی پەتای خوێنبەربوون، دکتۆر سامان بەرزنجی دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی پشتڕاستکراوەی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، تەنیا یەک حاڵەت نەبێت کە لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە سەردانی سلێمانی کردبوو، ئەویش دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست بە تەواوی چاک بووەتەوە.

‎​لەگەڵ ئەوەشدا، وەزیر هۆشداریی دا و ڕایگەیاند: “بەهۆی ئەوەی ئێستا وەرزی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەیە، پێشبینی دەکەین حاڵەتی پۆزەتیڤ هەبێت، بۆیە تیمەکانمان گەڕان و چاودێرییەکانیان چڕکردووەتەوە.”

‎​ڕێنماییە گرنگەکانی وەزارەت بۆ هاووڵاتییان:

‎​دوورکەوتنەوە لە سەربڕینی ئاژەڵ لە ناوماڵ و شوێنە گشتی و نایاساییەکان.

‎​پەنابردن بۆ سەربڕخانە فەرمییەکان کە لەژێر چاودێری توندی ڤێتێرنەریدان.

‎​پەیڕەوکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی کەسی لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆشت و ئاژەڵدا.

‎​هۆشیاربوون لە مەترسی نەخۆشخانەکە؛ چونکە ئەم پەتایە ڕێژەی مردنی زۆرە ئەگەر لە سەرەتاوە دەستنیشان نەکرێت.

‎​لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری تەندروستی سوپاس و پێزانینی ئاراستەی پزیشکان، پەرستاران و سەرجەم کارمەندانی تەندروستی کرد و بە “سەربازی ون” ناوی بردن، کە لە کاتی پشووەکندا دوور لە ماڵ و منداڵیان، ئەرکەکانیان بە ڕێکوپێکی بەڕێوەدەبەن و سەرقاڵی خزمەتکردنی هاووڵاتییانن.

نرخی بیتکۆین زیاتر دابەزی و گەیشتە نزمترین ئاستی ئەم دواییانە

​لە بەردەوامیی شەپۆلی دابەزینی بەهای دراوە دیجیتاڵییەکاندا، نرخی بیتکۆین (کە گەورەترین دراوی کڕیپتۆیە لە جیهاندا) پاشەکشەیەکی نوێی تۆمارکرد و لە دواین مامەڵە ڕاستەوخۆکانی ئەمڕۆدا بۆ 77,190.6$ دابەزی.

​ئەم دابەزینە نوێیە لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دراوەکە لە دەوروبەری 78,000 دۆلاردا جێگیر ببوو، بەڵام بەردەوامیی گرژییە جیۆسیاسییەکان لە ناوچەکە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر بۆرسەی ئەمریکا، ترسی زیاتری لای وەبەرهێنەران دروستکردووە و بووەتە هۆی فرۆشتنی زیاتری دراوە دیجیتاڵییەکان.

​شیکەرەوە داراییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مانەوەی بیتکۆین لە خوار ئاستی 80,000 دۆلار و بەردەوامبوونی لە دابەزین بەرەو هێڵی 77 هەزار دۆلار، نیشانەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی بازاڕەکە لەژێر فشارێکی توندی فرۆشتندایە و تا بارودۆخی سیاسی و ئابووری جیهان سەقامگیر نەبێت، ئەستەمە بەم نزیکانە بەربەستە سەرەکییەکان بشکێنێتەوە.

به هۆی بەزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی هیندستان ڕەخنە لە حکوومەت دەگرن

زیادبوونی نرخی سووتەمەنی بۆ دووەم جار لە ماوەی هەفتەیەکدا لە هیندستان، ناڕەزایەتیی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی لێ کەوتەوە. مالیکارجۆن خارگێ، ڕێبەری پارتی کۆنگرێسی هیندستان دەڵێت ئەم هەنگاوە بارێکی قورستر دەخاتە سەر شانی خەڵک. حکوومەت دەڵێت ئەم زیادکردنە بۆ پڕکردنەوەی تێچووەکانی بەرزبوونەوەی نرخی جیهانیی سووتەمەنی پێویستە. هەرچەندە زیادکردنی ئەم دوایییە کەمتر لە ڕوپیەیەکە، بەڵام مەترسیی هەیە کاریگەریی لەسەر هەڵاوسان هەبێت. گرژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و سنوورداربوونی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز، زۆر وڵاتی بەرانبەر تەحەددیی زیادبوونی تێچووی سووتەمەنی ڕاگرتووە. دوێنێ لە چەند وڵاتێکی ئەفریقاش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەوە ناڕەزایەتی و ئاڵۆزی ڕووی دا. زۆرینەی وڵاتانی ئەفریقا بۆ دابینکردنی سووتەمەنی، بەتەواوی پشت بە هاوردەکردن لە کەنداوی عەرەبی دەبەستن.

نرخی نەوت لە پاشەکشەکردنی بەردەوامە

​ئەمڕۆ، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوت نزمبوونەوەی زیاتری بەخۆوە بینی و بەراورد بە ئامارەکانی پێشوو کەمێک چوونە دواوەی تۆمار کرد.

​بەپێی دواین نوێکردنەوەکانی بازاڕ، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 110.1 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی پێشوو 60 سەنت دابەزیوە. هاوکات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش زیاتر پاشەکشەی کرد و گەیشتە 103.0 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە کاتی پێشوو 90 سەنت دابەزین نیشان دەدات.

​ئەم دۆخەی ئێستای بازاڕ لە کاتێکدایە کە وەبەرهێنەران هێشتا بەگومانن لە ئەنجامی دانوستاندنەکانی ئاشتی لەنێوان ئێران و ئەمریکا؛ چونکە تاوەکو ئێستا گەرووی هورمز بەنزیکەیی بە ڕووی کەشتییەکاندا داخراوە. ئەمەش وایکردووە دابینکردنی نەوت لە جیهاندا تووشی کێشەی جیدی ببێتەوە و سەرڕای دابەزینە کاتییەکان، نرخەکان هێشتا لەژێر فشاری کێشەی دابینکردنی وزەدا بە بەرزی بمێننەوە.

دوای دوو مانگ لە چاوەڕوانی.. ٣ نەوتهەڵگری زەبەلاح بە ٦ ملیۆن بەرمیل نەوتەوە لە گەرووی هورمز چوونە دەرەوە

داتاکانی کۆمپانیاکانی چاودێریی کەشتیوانی (LSEG) و (Kpler) ئاشکرایان کرد، ئه‌مڕۆ چوارشەممە دوو نەوتهەڵگری زەبەلاحی جۆری (VLCC) لە گەرووی هورمز چوونەتە دەرەوە و نەوتهەڵگرێکی دیکەش لە ڕێگادایە بۆ دەرچوون، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ لە کەنداوەکەدا گیریان خواردبوو و شه‌ش ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بارکردووە.

ئەم کەشتیانە لە ڕێگەی ئەو ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەوە گەرووەکەیان جێهێشتووە کە لەلایەن ئێرانەوە دیاریکراوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، جموجۆڵی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بە توندی پەکی کەوتووە، کە پێشتر یەک لەسەر پێنجی پێداویستیی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبوو.

دەقی زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە کەشتییەکان :

له‌لایه‌کی دیکەوە، داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نەوتهەڵگرێکی بەتاڵی قوبرسی بە ناوی (Grand Lady) لە کەناراوەکانی دوبەی لەنگەری گرتووە و بە ئامێری نیشاندانی شوێنی (Transponder)ی کوژاوەوە چووەتە ناو گەرووی هورمز.

رۆیته‌رز

نرخی زێڕ و زیو لە بازاڕەکانی جیهان و ناوخۆدا

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢١ـی ئایاری ٢٠٢٦، بازاڕەکانی کانزا گرانبەهاکان گۆڕانکاری نوێیان بەخۆوە بینی؛ نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان و ناوخۆدا دووبارە ڕووی لە بەرزبوونەوە کردەوە، لە کاتێکدا بازاڕی زیو بەردەوام بوو لەسەر دابەزینە کەمەکەی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەستی پێکردبوو.

​لە بازاڕە جیهانییەکاندا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەرزبووەوە بۆ 4,520.31 دۆلار، یەک کیلۆگرام گەیشتە 145,331.34 دۆلار و یەک گرامیش بە 145.33 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. هاوکات لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نرخی فەرمی سەندیکای زێڕنگران، عەیارەکان بەهایەکی بەرزتریان بەدەستهێنایەوە؛ بە جۆرێک عەیارەی ٢٢ بە 1,021,846 دینار، عەیارەی ٢١ بە 975,399 دینار و عەیارەی ١٨ بە 836,056 دینار جێگیر بوو.

​لەلایەکی دیکەوە و بەپێچەوانەی زێڕەوە، بازاڕی زیو ڕووی لە دابەزین کرد، بە جۆرێک لە ئێستادا نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو هاتووەتە خوارەوە بۆ 74.92 دۆلار، هەر کیلۆگرامێک بە 2,408.77 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخی هەر گرامێکیش لەسەر 2.41 دۆلار جێگیر بووە.

​شارەزایانی دارایی ئاماژە بەوە دەکەن کە جووڵەی ئێستای بازارەکان لەژێر کاریگەری دوو هۆکاری سەرەکیدایە؛ لە لایەکەوە دروستبوونی هیوایەک بۆ کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران هێوربوونەوەیەک بە بازاڕەکان دەبەخشێت، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی شەپۆلێکی نوێی هەڵاوسان وایکردووە کە وەبەرهێنەران بە وریاییەوە مامەڵە بکەن.

نرخی نەوت بە توندی پاشەکشەی کرد و بەربەستی 100 دۆلاری شکاند

​ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوت دابەزینێکی توندی بەخۆوە بینی و بەراورد بە نرخەکانی دوێنێ، زیاتر لە 3% بۆ 5%ی بەهای خۆی لەدەستدا. ​بەپێی دواین نوێکردنەوەکانی بازاڕ، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 106.6 دۆلار، کە بەراورد بە نرخی دوێنێ (110.1 دۆلار) بە بڕی 3.5 دۆلار دابەزیوە.

هاوکات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش بەربەستی 100 دۆلاری بەرەو خوارەوە شکاند و گەیشتە 99.85 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە دوێنێ (103.0 دۆلار) دابەزینێکی بەرچاوی 3.15 دۆلاری نیشان دەدات.

​ئەم دابەزینە توندە ڕاستەوخۆ دوای ئەوە هات کە سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند تاران و واشنتن لە قۆناغی کۆتاییدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن. ئەم لێدوانە گەشبینییەکی زۆری لە بازاڕەکاندا دروستکرد و ترسی کێشەی دابینکردنی وزەی لە گەرووی هورمز کەمکردەوە، ئەمەش وایکرد تینوێتی بازاڕ بۆ کڕینی نەوت بە گرانی بشکێت و نرخەکان بەم شێوەیە پاشەکشە بکەن.

ئەمڕۆ زاخۆ دەبێتە میوانی نەورۆز

​لەنێو یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، ئەمڕۆ یانەی زاخۆ لە شاری سلێمانی دەبێتە میوانی یانەی نەورۆز.

کاتژمێر 5:30ی ئێوارە، یاریگای یانەی نەورۆز لە شاری سلێمانی پێشوازی لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەهێزی نێوان یانەی نەورۆز و یانەی زاخۆ دەکات. ئەم یارییە لە چوارچێوەی ڕکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا بەڕێوەدەچێت و چاوەڕوان دەکرێت یارییەکێ بەهێز لەنێوان هەردوو تیپدا ببینرێت.

ئەم یارییە بە یەکێک لە ڕووبەڕووبوونەوە بەهێز و سەرنجڕاکێشەکانی خولەکە دادەنرێت، کە تێیدا هەردوو یانە بە ململانێیەکی توند و بەهیوای بەدەستهێنانی سێ خاڵی گرنگی یارییەکە پێ دەنێنە نێو یاریگا.

​مێژووی ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان هەردوو تیپەکە لە ساڵی 2021ـەوە تاوەکو ئێستا، باڵادەستیی یانەی زاخۆ نیشان دەدات. لە کۆی 10 یاری کە لەو ماوەیەدا لەنێوانیاندا ئەنجامدراوە، یانەی زاخۆ توانیویەتی 5 سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، لە بەرانبەردا یانەی نەورۆز 3 جار سەرکەوتنی تۆمارکردووە، وە لە 2 یاریشدا بە یەکسانبوون (وەکهەڤی) جیا بوونەتەوە.

​یارییەکەی ئەمڕۆ بۆ هەردوو لایەن گرنگییەکی تایبەتی هەیە؛ یانەی نەورۆز لەسەر یاریگای خۆی و لەبەردەم هاندەرانیدا هەوڵدەدات مێژووی ڕووبەڕووبوونەوەکان بەرەو بەرژەوەندی خۆی چاک بکات، لە کاتێکدا زاخۆ دەیەوێت بەردەوامی بە باڵادەستیی خۆی بدات و بە سێ خاڵەوە لە سلێمانی بگەرێتەوە.

مۆڵەتی نوێی شۆفێری دەبێتە نێودەوڵەتی

​وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە، وردەکاریی نوێی لەبارەی بەکارهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە دەرەوەی وڵات و مەرجەکانی دەرکردنی مۆڵەتی نێودەوڵەتی بڵاوکردەوە.

​ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ی ئایاری 2026، عەقید سۆران سادق، وتەبێژی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە مۆڵەتی نێودەوڵەتی ڕاستەوخۆ دوای دەرکردنی شایەنی بەکارهێنانە و تاوەکو کاتی بەسەرچوونی کاری پێدەکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم مۆڵەتە تەنیا بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەتە و ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان و تانکەرەکان ناگرێتەوە.

ئاکرێ…. سبەی 1032 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێن

بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانی ئاکرێ ڕایگەیاند، سبەینێ لە پارێزگای دهۆک و لە ڕێگەی سیستەمێکی کۆمپیوتەرییەوە، 1032 پارچە زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەدا دابەش دەکرێن کە لە ساڵی 2012دا ڕەزامەندیی وەرگرتنیان بۆ دەرچووە.

زێرەڤان تەمو، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانی ئاکرێ ئاماژەی بۆ ئەوەش کر، کە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت و لە ئێستاشدا ئامادەکاریی تەواو کراوە بۆ ئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا 1500 پارچە زەویی دیکەش دابەش بکرێن.

گوتیشی، ​ئەم دابەشکردنە تەنیا ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە لە سیستەمی خاڵبەندیدا 26 خاڵ یان زیاتریان بەدەست هێناوە.

👤
Live: 6 Today: 847 📊 Click Here