یەکێتی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی کردووەتە دۆزەخ

زیرەک کەمال

لە زۆنی سەوز و سلێمانیدا، کاتێک گوێت لە وشەکانی “خزمەتگوزاری، داهاتی ناوخۆ، یان چاکسازیی ئیداری” دەبێت، بزانە کە دەسەڵاتدارانی ئەم ناوچەیە خەریکی شاردنەوەی باجێکی نوێ یان دزینی داهاتێکی گەورەن! لێرە، وێرانبوونی ژێرخان بە ڕێکەوت ڕوو نادات و گیرفانی خەڵکیش بە ڕێکەوت بەتاڵ نابێت؛ بەڵکو “برسیکردن و سەپاندنی فشاری دەروونی و ئابووری” خۆی لە خۆیدا گەورەترین ستراتیژی و شێوازی حوکمڕانیی یەکێتیی نیشتمانییە. ئەوان فێربوون کە باشترین ڕێگە بۆ کۆنترۆڵکردنی شارێک کە هەمیشە پێشەنگی ناڕەزایەتی بووە، “خنکاندنیەتی لەناو قەیرانی خزمەتگوزاری و نەبوونی پارەدا”. بۆیە دەبینین هیچ شتێک لێرە لە بەرژەوەندیی هاوڵاتی نییە، لە وێرانبوونی شەقامەکانەوە بگرە تا دەگاتە نەبوونی دەرمان و پارە لە بانکەکاندا!

با سەیری قەیرانی ژیانی ڕۆژانە بکەین لەم زۆنەدا. بۆچی هەموو جارێک کە باس لە مووچە دەکرێت، بانکەکانی سلێمانی پارەیان تێدا نییە و داهاتی ناوخۆ دیار نامێنێت؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە سلێمانی و دەروازەکانی پارەیان تێدا نییە؟ نەخێر، ڕۆژانە ملیۆنان دۆلار لە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان و قاچاخچێتییەوە دەڕژێتە گیرفانی کۆمپانیا حیزبییەکان و بەرپرسانی یەکێتییەوە، بەڵام هاوڵاتی دەبێت باجەکەی بدات چونکە “بەتاڵکردنەوەی بانکەکان و بردنی داهات” باشترین چەکە بۆ ئەوەی خەڵک تەنها بیر لە پەیداکردنی بژێوییەکەی بکاتەوە، نەک بیر لە گۆڕانکاریی سیاسی و وەستانەوە دژی گەندەڵییەکانی دەسەڵات. کاتێک تۆ مووچەی خانەنشینێک دەدزیت و دەرمانی نەخۆشخانەکان دەبڕیت، ئیتر چاوەڕێی چی دەکەیت جگە لە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی نائومێد و ماندوو؟

هەمان سیاسەت لە ململانێی نێوان هەولێر و سلێمانیشدا جێبەجێ دەکرێت. یەکێتی هەمیشە بانگەشەی ئەوە دەکات کە حکومەتی هەولێر سزای دارایی سلێمانی دەدات، بەڵام خۆی لە ژێرەوە شەریکی تەواوی ئەم دۆخەیە! ئەوان ئەم ململانێیە بەکاردهێنن نەک وەک بەرگریکردن لە مافی سلێمانی، بەڵکو وەک دەرفەتێک بۆ “پەردەپۆشکردنی دزینی داهاتی ناوخۆ” و درێژەدان بە تاڵانکارییەکانیان بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک بوێرێت لێپرسینەوە لە کۆمپانیاکانیان بکات. کاتێک تۆ شارەکەت کردووەتە بارمتەی ململانێی سیاسی و ئابووریی خۆت، بۆچی پەلە بکەیت لە چارەسەر؟ ئەوان شارەکە وێران دەکەن، خەڵک دەچەوسێننەوە، و پاشان خۆیان وەک قوربانی و بەرگریکار لە مافی سلێمانی بەسەر میللەتدا دەفرۆشنەوە.

تەنانەت کاتێک باس لە “ئازادی و ڕادەربڕین” دەکرێت، ئەم دەسەڵاتە بە ناوی پاراستنی ئاسایشەوە، هێزی چەکدار و دەمامکدار دەڕێژێتە سەر شەقامەکان تەنها بۆ ئەوەی ڕاستییەکانی داڕمانی حوکمڕانییەکەی لەناو ترس و تۆقاندندا بزر بکات. کێشەی نەبوونی ئاو، خراپیی کارەبا، و زیادکردنی باج لەسەر کاسبکاران بە مەبەست دەسەپێنرێن، تا خەڵک بێهیوا ببێت و قبوڵی بکات کە ئەم شارە تاپۆی چەند خێزانێکە و ئێمەش تەنها کرێنشینین تێیدا.

پێوایە”ئامانجی سەرەکیی دەسەڵاتی ستەمکار ئەوەیە کە وا لە خەڵک بکات بڕوا بکەن کە خراپترین دۆخ، باشترین چارەسەرە بۆیان.” ئەمڕۆ یەکێتی لە زۆنی سەوزدا بە زەبری “فشاری ئابووری و دەروونی” دەیەوێت ڕاستییەکانی گەندەڵی بشارێتەوە و کەرامەتی خەڵکی ناوچەکە بشکێنێت.

نرخی زیو زیاتر لە ٢ دۆلاری دیکە دابەزی

نرخی زیو لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ دووشەممەدا پاشەکشەیەکی نوێی بەخۆیەوە بینی و بە دابەزینی زیاتر لە ٢ دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، نرخەکەی بۆ نزیکەی ٦٥ دۆلار نزمبووەوە، بەمەش کانزا سپییەکە بۆ چوارەم هەفتەی لەسەریەک لەسەر ڕێڕەوی دابەزین بەردەوامە.

ئەم فشارە نوێیەش لەسەر نرخی زیو هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکانی نێوان ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە کاتێکدا ئابوورییە گەورەکانی جیهان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتەکانی وزە بە مەبەستی کەمکردنەوەی فشارەکانی هەڵاوسان لەسەر بەکاربەران.

​هەرچەندە لە هەفتەی ڕابردوودا نرخی زیو بە ڕێژەی ١٥٪ دابەزی، بەڵام بەرزبوونەوەی خێرای نرخی نەوت بووەتە هۆی زیاتربوونی نیگەرانییەکان لەبارەی بەردەوامیی هەڵاوسان لە بازاڕەکاندا.

لەو چوارچێوەیەشدا، پێشبینییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بانکە ناوەندییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان پەنا بۆ توندترکردنی سیاسەتی دارایی ببەن و نەک تەنیا سوودی بانکی کەم نەکەنەوە، بەڵکو ئەگەری بەرزکردنەوەی زیاتریشی هەبێت، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی گەورەی لەسەر نرخی زیو و کانزاکانی دیکە دروست کردووە.

جیهان ڕووبەڕووی خراپترین قەیرانی وزە دەبێتەوە کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە وێنەی نەبووە

لە کاتێکدا تەنیا چەند کاتژمێرێکی کەم ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە 48 کاتژمێرییەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێرانی دیاری کردووە، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم مەترسیدارترین پەرەسەندنی سەربازیدایە. لە کاتێکدا واشنتن هەڕەشەی خاپوورکردنی کەرتی وزەی ئێران دەکات، تاران بە مووشەکی بالیستی قووڵایی ئیسرائیل دەپێکێت و هۆشداریی دەدات کە “ئەگەر کارەبای ئێمە ببڕن، کارەبای هەموو ناوچەکە دەبڕین.”

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە نوێترین پەیامیدا لە پلاتفۆرمی (تروس سۆشیاڵ) و چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا بۆ کەناڵی (13ـی ئیسرائیلی)، ئاستی گرژییەکانی گەیاندە لووتکە.

ترەمپ ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ئێران بەتەواوەتی تەنگەی هورمز نەکاتەوە، ئەوا سڵ لە لەناوبردنی تەواوەتی ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە ناکاتەوە. ئەم هەڕەشەیە کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، واشنتنی بەوە تۆمەتبار کرد کە ئەوان بوونەتە هۆی تێکدانی ئاسایشی دەریاوانی و داوای کرد زمانێک بەکاربهێنرێت کە ڕێزگرتنی تێدا بێت، نەک هەڕەشە.

فاتح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، هۆشداریی دا کە جیهان ڕووبەڕووی خراپترین قەیرانی وزە دەبێتەوە کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە وێنەی نەبووە. ئامارەکان دەری دەخەن کە تێچووی ئەم شەڕە بۆ ئەمەریکا بە جۆرێکە تەنیا لە یەک خولەکدا ١.٣ ملیۆن دۆلار خەرج دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی (عەرەبی ئەلجەدید) لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تاران و ئورمییە، هەوڵێکی دیپلۆماسیی چڕ لە لایەن قەتەڕ، تورکیا و میسرەوە دەستی پێکردووە. سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باس لەوە دەکەن کە ترەمپ دەیەوێت بە جۆرێک لە شەڕەکە بێتە دەرەوە کە وەک سەرکەوتوو دەربکەوێت و ئێران ناچار بکات پاشەکشە بکات، بەڵام تاران هێشتا سوورە لەسەر وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر دوورگەی خارگ، یان وێستگەکانی کارەبای وڵاتەکەی.

ئاڵۆزییەکانی ئەمریکا و ئێران ناسەقامگیری دەخاتە بازاڕی نەوتەوە

لەگەڵ توندبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک و کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەکی تر، بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا شڵەژانێکی گەورەیان بەخۆوە بینیوە، و بەهۆی پەرەسەندنی جەنگ و داخستنی گەرووی هورمز، کە گرنگترین ڕێڕەوی دەریایی وزەیە لە جیهاندا، نرخەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی نوێ.​

نرخی نەوت ئەمڕۆ سێشەممە بەرزبووەوە، دوای ئەوەی ئێران رەتیکردەوە لەگەڵ ئەمریکا دانوستاندنی کردبێت، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 1 دۆلار و 6 سەنت بەرزبووەوە و بە 101 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1 دۆلار و 58 سەنت بەرزبووەوە و بە 89 دۆلار و 71 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی نەوت رۆژی دووشەممە بە رێژەی 10٪ دابەزی دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند بۆ ماوەی 5 رۆژ هێرشی سەر وێستگەکانی کارەبای ئێران رادەگرێت بەهۆی دانوستاندنی ئەرێنی لەگەڵ بەرپرسێکی ئێرانی بۆ راگرتنی شەڕ.

چاودێرانی سیاسی و ئابووری هۆشداری دەدەن کە بەردەوامی داخستنی گەرووەکە و قووڵبوونەوەی ململانێ سەربازییەکان، ڕەنگە ببێتە هۆی بازدانی زیاتری نرخەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا.

جەنگی ئێران، قەبارەی بازاڕی چەک و جبەخانەی گەیاندە 500 ملیار دۆلار

لە کاتێکدا ئاسمانی ناوچەکە بەهۆی ته‌قینەوەی درۆن و مووشەکەکانەوە دەناڵێنێ، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی چەک لە جیهاندا خەریکی دروێنەکردنی داهاتێکی خەیاڵین کە پێشووتر وێنەی نەبووە.

پەرەسەندنی جەنگی ئێران و هەڕەشەی بەردەوامی درۆنە هەرزانبەهاکان، وای کردووە وڵاتانی جیهان پێشبڕکێ بکەن بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری کە پێشبینی دەکرێت قەبارەی مامەڵەی بازاڕەکەی بگاتە نێوان 400 بۆ 500 ملیار دۆلار.

ئەم خواستە گەورەیە، کۆمپانیاکانی وەک (لوکهید مارتن)، (ئار تی ئێکس)، (ڕاینمیتال) و (رافائیل)ی خستووەتە ژێر باری داواکارییەکی گەورەوە کە لە توانای بەرهەمهێنانی کارگەکانیاندا نییە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی (بلومبێرگ ئینتێڵێجێنس)، تەنیا لە ماوەی یەک ساڵدا نزیكەی 150 ملیار دۆلار چووەتە سەر بودجەی بەرگریی ئاسمانیی جیهانی. ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئێستا هەموو دەوڵەتان پەلەیانە بۆ مسۆگەرکردنی مووشەکی بەرگریی تێکشکێنەر تا ئاسمانیان لە هێرشە کتوپڕەکانی ئێران بپارێزن.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، ئەمەریكا کە ساڵانە 35 ملیار دۆلار بۆ ئەم بوارە تەرخان دەکات، ئێستا لەژێر فشاری جەنگی ئێراندایە و داوای بودجەی فریاگوزاریی تری 50 ملیار دۆلاری لە کۆنگرێس کردووە.

هاوکات، ئەورووپاش بۆ دروستکردنی قەڵغانێکی مووشەکیی تۆکمە، پێویستی بە نزیكەی 500 ملیار دۆلاری دیکە هەیە.

ئەم کێشەیە تەنیا ئەمەریكا و ئەورووپای نەگرتووەتەوە، بەڵکوو ئیسرائیل کە (قوبەی ئاسنین) بەکار دەهێنێت، ساڵانە زیاتر لە 5.2 ملیار دۆلار بۆ بەرگریی ئاسمانیی خەرج دەکات، جیا لەو 8.7 ملیار دۆلارەی وەک هاوکاری لە واشنتۆنەوە پێی دەگات. هەروەها وڵاتانی کۆریای باشوور و ژاپۆنیش ناچار بوون بودجەی بەرگریی ئاسمانیی خۆیان بە بڕی 10 ملیار دۆلار زیاد بکەن.

یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکان کە لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە (نادادیی تێچووی جەنگە) هێرشە درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر بنکە ئەمەریكییەکان دەریانخستووە کە ناتوانرێت بۆ تێکشکاندنی درۆنێکی چەند هەزار دۆلاری، مووشەکێکی (باتریۆت) یان (پاک 3) بەکار بهێنرێت کە تێچووی هەر دانەیەکی زیاتر لە 4 ملیۆن دۆلارە. هەر بۆیە ئێستا وڵاتان ڕوویان لە سیستەمە هەرزانەکان کردووە، وەک (فامبایەر) کە بە تەنیا 20 هەزار دۆلار ئامانجەکەی دەپێکێت، یان سیستەمی (سکای نێکس) کە بە تێچووی تەنیا 7 هەزار دۆلار درۆنەکان لە ئاسماندا دەپێکێت. هەرچەندە کۆمپانیای (لوکهید مارتن) گرێبەستێکی 9.8 ملیار دۆلاری وەرگرتووە تا ساڵی 2030 بەرهەمهێنانی مووشەکی (پاک 3) بگەیەنێتە 2000 دانە لە ساڵێکدا، بەڵام مەترسییەکە لەوەدایە کە کۆگاکانی جیهان خەریکە بەتاڵ دەبن.

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ خوار 100 دۆلار دابەزی

لەگەڵ توندبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک و کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەکی تر، و داخستنی گەرووی هورمز،بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا شڵەژانێکی گەورەیان بەخۆوە بینیوە.

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ ئێران لە دانوستاندندان، نرخی نەوت بە رێژەی 5% دابەزی، و نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا ئەمڕۆ چوارشەممە دابەزی بۆ نزیکەی 99 دۆلار هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمان رێژە دابەزی و بەرمیلێکی بە 87 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشی بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی ئێرانی راوەستاندووە و ئێران بەنیازە لەگەڵ ئەمریکا رێکبکەوێت.

درەنگانی رۆژی سێشەممە نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، ئەمریکا 15 داواکاریی بۆ ئێران ناردووە بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ بهێنێت.

چاودێرانی سیاسی و ئابووری هۆشداری دەدەن کە بەردەوامی داخستنی گەرووەکە و قووڵبوونەوەی ململانێ سەربازییەکان، ڕەنگە ببێتە هۆی بازدانی زیاتری نرخەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا.

زیو لە ماوەی سێ رۆژدا 10 دۆلار بەرزبووەتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، هاوشان لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای کانزاکانی دیکە، نرخی زیو گۆڕانکارییەکی خێرای بەخۆیەوە بینی و نرخی یەک ئۆنسەی گەیشتە 73 دۆلار. ​بەپێی ئەو داتایانە، کانزای سپی لە ماوەی تەنها سێ رۆژی رابردوودا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمارکردووە و لە 63 دۆلارەوە بۆ 73 دۆلار بەرزبووەتەوە، تەنها لە مامەڵەکانی ئەمڕۆشدا نرخەکەی 3 دۆلار زیادیکردووە.

​هۆکاری ئەم بەرزبوونەوە خێرایە کە رێژەی 4%ی تێپەڕاندووە، بۆ گەشبینییەکان لەسەر دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەگەڕێتەوە. بەتایبەت دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد “ئێران لە دانوستاندنەکاندا جیددییە”، ئەوەش هیواکانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک و کۆتاییهێنان بە جەنگ بەرزکردووەتەوە.

​چاودێران پێیانوایە، هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری و کۆتاییهاتنی گرژییەکان، فشارەکانی هەڵاوسان کەمدەکاتەوە؛ ئەوەش ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ بانکی ناوەندیی ئەمریکا تاوەکو بە چاوێکی نوێدا بە سیاسەتی نەختینەیی و سوودی بانکیدا بچێتەوە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئاڕاستەی بازاڕە جیهانییەکان دەبێت.

ئاگاداریەک لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێرەوە

ئاگاداری سەرجەم شوفێرانی سنوری پارێزگای هەولێر دەکەینەوە. لەئەنجامی پێشبینیەکانی کەشناسی بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما لە ڕۆژانی پێنج شەممە و هەینی ڕێکەوتی (٢٠٢٦/٣/٢٦ و ٢٠٢٦/٣/٢٧) شەپۆلێکی باراناوی هەرێمی كوردستان بە گشتی و سنوری پارێزگای هەولێر سەنتەری شار و دەوربەری دەگرێتەوە.

ئەگەری بەرزبونەوەی باراناو لە هەندێک شەقام و گەڕەکەکانی ناوشار هەیە . وە هەروەها لە ڕێگاکانی دەرەوەی شار بەهۆی نالەباری کەش و هەوا لێخوڕین سەخت دەبێت.

بۆیە داوا لە شوفێران دەکەین ئەگەر بۆکاری زۆر گرنگ و پێویست نەبێت شەقام و ڕێگاکان بەکار نەهێنن تا شەپۆلە بارانەکە کۆتایی پێدێت و کەش و هەوا ئاسایی دەبێتەوە. بۆئەوەی توشی ڕووداوی نەخوازراو نەبن•

بەهیوای سەلامەتی بۆهەمووان.

ئیمارات هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنە دەکات

وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا، سەرکۆنەی ئەو هێرشە مووشەکییانەی ئێرانی کرد کە بارەگا سەربازییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردە ئامانج و بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەک لە هێزەکانی پێشمەرگە.

ئیمارات ئەم هێرشانەی بە “پێشێلکارییەکی مەترسیداری یاسا نێودەوڵەتییەکان” وەسف کرد و دووپاتی کردەوە کە بە تەواوی هاوسۆز و پشتیوانی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەیان.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات سەرەخۆشیی لە کەسوکاری قوربانییان و گەلی عێراق کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواستووە.

ئاگادارییەک لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر

ئاگادارییەک بۆ سەرجەم هاووڵاتییان

ئاسایشی هەولێر ئاگادارییەکی بۆ هاووڵاتییان بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە:

ئێستا دەتوانن بەبێ بەکارهێنای کۆد و بە شێوەی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر:

هێڵی گەرم: 106 یان 126

ناردنی فایلی ڤیدیۆ و زانیاری :07502522728

👤
Live: 52 Today: 1,065 📊 Click Here