نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا سەرەخۆشی لە سەرۆکی حکومەت دەکات

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 3/25، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە باڵیۆز تۆم بەڕاک نێردەی تایبەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا باڵیۆز بەڕاک ، پرسە و سەرەخۆشی لە سەرۆکی حکومەت کرد بۆ شەهیدانی پێشمەرگە لە هێرشی مووشەکی بالیستی ئێرانی بۆ سەر بنکەکانی پێشمەرگە لە دەڤەری سۆران.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵیۆز تۆم بەڕاک-ی کرد بۆ پەیوەندی و هاوخەمی.

لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی باردۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرد.

شا عەبدوڵڵای دووەم سەرەخۆشی لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 3/25، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پەیامێکی سەرەخۆشی لە شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن پێگه‌يشت بۆ شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە لە هێرشی مووشەکی ئێرانی، ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:

جەنابی مەسرور بارزانی خوا بیپارێزێت سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق:

سڵاوی خواتان لێ بێت.. بە خەمێکی زۆرەوە، هەواڵی شەهیدبوونی ژمارەیەک پێشمەرگە (خوا لێیان خۆش بێت) و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکەم بە هۆی دوو هێرشی مووشەکی ئێرانی بیست. بە ناوی خۆم و گەل و حکومەتی شانشینی ئوردن، لە دڵەوە، پرسە و سەرەخۆشیتان بۆ ئەم کارەساتە لێ دەکەم و لە خوای مەزن داواکارم، گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە کەسوکار و گەلی هەرێمی کوردستانی عێراقی برا ببەخشێت و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم.

إنا لله وإنا إليه راجعون

براتان: عەبدوڵڵای دووەم کوڕی حوسەین شای شانشینی ئوردن عەممان

ڕاگەیاندراوێك لە وەزارەتی كارەباوە

هاوڵاتییان ئاگادار دەكەینەوە کە ئەمشەو بەهۆی كێشەیەكی تەکنیکییەوە لە هێڵەكانی گواستنەوەی كارەبا گرفتی كوژانەوەی گشتی كارەبا روویدا.

لە ئێستادا تیمەكانی وەزارەتی كارەبا سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لە هۆكاری كێشەکە بۆ ئەوەی بەزووترین كات چارەسەری بكەن و لە چەند كاتژمێری داهاتوودا كارەبا بۆ هاوڵاتیان بگەڕێتەوە.

لەکاتی هەبوونی هەر پێشهاتێکی تر و گەڕانەوەی کارەبا، وەزارەتی کارەبا ڕاستەوخۆ هاوڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە.

وەزارەتی كارەبا 26/3/2026

لەیلا زانا سەرەخۆشی لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

سیاسەتڤان و کەسایەتیی نیشتمانپەروەری کورد و پەرلەمانتاری پێشووی تورکیا لەیلا زانا ، پەیامێکی هاوخەمی و سەرەخۆشی ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە لە هێرشی مووشەکی ئێرانی.

لە پەیامەکەدا هاتووە “بە خەم و کۆڤانێکی مەزن هەواڵی گیانبەختکردنی شەش پێشمەرگەی قارەمان و برینداربوونی 30 پێشمەرگەی دیکەمان بیست. ئەمە خەمێکی گەورەیە نەک تەنیا بۆ ماڵبەتەکانیان، بەڵکوو بۆ تەواوی گەلی ئێمە. سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆمان بە کەسوکاریان و ئێوەی بەڕێز و گشت پێشمەرگە ڕادەگەیەنین و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازین. یاد و یادەوەرییان لە دڵی گەلی ئێمەدا دەژی و ڕێگەیان بەردەوام دەبێت”.

سەرۆکی حکومەت لە وەڵامی پەیامەکەدا، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ هاوخەمییەکە، جەختی کردەوە کە شەهیدەکانمان هەمیشە لە دڵی گەلی کوردستاندا زیندوون و ڕێ و ڕێبازەکەشیان بەردەوام و سەرکەوتنیش بۆ گەلی کوردستان دەبێت.

پرسەنامەیەک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵە و کەسوکاری پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، سەبری حەفزوڵڵا نێروەیی، کرد.

دەقی پرسەنامەکە:

ژ بۆ وەغەرا دویماهیێ یا پێشمەرگەیێ هەردوو شۆرەشێن ئەیلوول و گولانێ و هەلگرێ مێدالا بارزانیێ نەمر (سەبری حەفزوڵڵا نێروەیی)، بەهی و سەرەخۆشیێ ل ماڵباتا وان یا بەڕێز دکەم و هەڤپشکێ خەما وا مە. خودێ یێ مەزن گیانێ وی ب بەهەشتێ شاد بکەت و سەبر و هەدارێ ب ماڵبات و کەسوکار و دۆست و هەڤاڵێت وی ببەخشیت.

مەسرور بارزانی سەرۆکێ حکومەتا هەرێما کوردستانێ

سەرۆکی حکومەت پێشمەرگە بریندارەکان بەسەر دەکاتەوە

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 3/26، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر، پێشمەرگە بریندارەکانی هێرشی مووشەکی بالیستیی ئێرانی بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دەڤەری سۆران بەسەر کردەوە.

سەرۆکی حکومەت سڵاو و ڕێزی سەرۆک مەسعود بارزانی پێگەیاندن و لە تەندروستی پرسینەوە و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ خواستن. سەرۆکی حکومەت وەزارەتی تەندروستیشی ڕاسپارد کە هەرچی پێویست بێت بۆ چارەسەرکردنیان ئەنجام بدەن.

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بە زیاتر لە 105 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا پارێزگاری لە ئاستە بەرزەکانی خۆی کردووە و لە ئێستادا بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە زیاتر لە 105 دۆلار 8 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، هاوکات نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکیش گەیشتووەتە 100 دۆلار .

​ئەم هەڵکشانە بەرچاوەی نرخەکان لە کاتێکدایە کە بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران لە سەرەتای ئەم مانگەوە، هەردوو جۆری نەوتی برێنت و تەکساس بە ڕێژەی 40% بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە. لە لایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە وڵاتانی جیهان کردووە هاوکار بن بۆ پاراستنی ئاسایشی تەنگەی هورمز.

​گرژییەکان دوای ئەوە زیاتر بوون کە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران بوونە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتە هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورمز بکات، کە ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ناجێگیریی بازاڕی وزە لەسەر ئاستی جیهان دروست کردووە.

کۆمپانیای “BP”ی بەریتانی کارمەندەکانی لە پڕۆژە نەوتییەکانی کەرکوک دەکشێنێتەوە

سەرچاوەکان لە کۆمپانیای نەوتی باکووری عێراق ئەمڕۆ ڕایانگەیاند کە کۆمپانیای “BP”ی بەریتانی ژمارەیەک لە کارمەندە بیانییەکانی خۆی کە لە پڕۆژەکانی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک کار دەکەن، کشاندووەتەوە؛ ئەمەش بەهۆی گرژییە ئەمنییەکان و لێکەوتەکانی جەنگ لە ناوچەکەدا.

سەرچاوەکان بە “شەفەق نیوز”یان ڕاگەیاندووە: کۆمپانیاکە وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نەوتی باکووری ئاگادار کردووەتەوە لە بڕیاری کشانەوەی کارمەندە بیانییەکانی کە لە تیمەکانی پاڵپشتی تەکنیکی و ڕاوێژکاری کار دەکەن. ڕوونیشیان کردەوە کە ئەم هەنگاوە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزییە بۆ پاراستنی ستافەکانیان لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ئەم دواییەدا.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەش کردووە کە بڕیارەکە بە واتای هەڵوەشاندنەوە یان کۆتاییهێنان بە گرێبەستی نێوان هەردوولا نایەت، بەڵکو تەنها ڕێکارێکی کاتییە تا ئەو کاتەی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەمنی دەکرێت. باسیان لەوەش کرد کە ڕەنگە هەندێک لە کارە مەیدانییەکان بەشێوەیەکی کاتی کاریگەر بن بەهۆی نەبوونی تیمە تەکنیکییە بیانییەکان کە سەرپەرشتی لایەنە پسپۆڕییەکانی پڕۆسەی پەرەپێدان دەکەن.

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە هاوکاری نێوان کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای (BP) مەبەست لێی جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی گشتگیرە بۆ پەرەپێدانی ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی لە پارێزگای کەرکوک، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و باشترکردنی ژێرخانی سیستەمی گواستنەوە و بەرهەمهێنان.

لە ئێستادا بەرهەمهێنانی کۆمپانیای نەوتی باکوور نزیکەی ٣٢٥ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، پلانەکانی پەرەپێدانیش ئامانجیان ئەوەیە ئەو بڕە لە ساڵانی داهاتوودا بە شێوەیەکی پلەبەندی زیاد بکەن.

یەکێتی ئەوروپا بۆ ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە کۆدەبێتەوە

بەهۆی بەردەوامیی جەنگی ئێران و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی، ئەمڕۆ دووشەممە وەزیرانی وزەی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی تێچووی وزە و ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت و گاز. بەپێی زانیارییەکان، کۆمیسیۆنی ئەوروپا سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانی فریاگوزارییە بۆ پاراستنی بەکاربەران لە قورسیی پسوڵەکانی وزە. هاوکات بژاردەکانی وەک پێشکەشکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ پیشەسازییەکان، کەمکردنەوەی باج و پێشنیاری دیاریکردنی “سقف” بۆ نرخی گاز لە گفتوگۆدان.

ئەم دانیشتنە کە بەشێوەی داخراو بەڕێوەدەچێت، تایبەتە بە تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی داخستنی گەرووی هورمز، کە بووەتە هۆی پەککەوتنی هەناردەی نەوت و شڵەژانی بازاڕی گازی سروشتی لە ئەوروپا. لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئێرانەوە، نرخی گاز لە ئەوروپا بە ڕێژەی زیاتر لە پەنجا لەسەد بەرزبووەتەوە و ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیستی بژاردەکانی فریاگوزاری پێشکەشی سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا بکات.

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی 3% بەرزبووەوە

​ئەمڕۆ سێشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی و نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە بڕی 3 دۆلار و 79 سەنت زیادی کرد، بەوەش گەیشتە 104 دۆلار و 2 سەنت.

هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکیش بە هەمان شێوە رووی لە بەرزبوونەوە کرد و دوای زیادبوونی 3 دۆلار و 68 سەنت، بە 97 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

​ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە لە کۆبوونەوەی پێشووی بازاڕدا نرخەکان دابەزینیان بەخۆوە بینیبوو، بە جۆرێک نەوتی برێنت 2.8٪ و نەوتی تەکساس زیاتر لە 5٪ دابەزی بوون، ئەوەش دوای ئەوەی ئێران رێگەی بە تێپەڕبوونی چەند کەشتییەکی نەوت دا بە تەنگەی هورمزدا.

​لە ئێستادا بارودۆخی تەنگەی هورمز کە ناوەندێکی سەرەکییە و 20٪ی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بازاڕ دروست کردووە.

دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەو تەنگەیە داخراوە و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکاش رایانگەیاندووە کە ئامادە نین کەشتی جەنگی بۆ پاسەوانیکردنی کەشتییە نەوتییەکان بنێرنە ناوچەکە، ئەمەش نیگەرانییەکانی لەبارەی دابینکردنی وزە لەسەر ئاستی جیهان زیاتر کردووە.

👤
Live: 46 Today: 992 📊 Click Here