نرخی نەوت دووبارە ڕووی لە بەرزبوونەوە کردەوە

​ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٦ـی ئایاری ٢٠٢٦، لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت ئاراستەکەی گۆڕی و دووبارە ڕووی لە هەڵکشان کردەوە، دوای ئەو دابەزینە بەردەوامانەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا تۆماری کردبوون.

​بەپێی دواین نوێکردنەوەکانی بازاڕ، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 99.15 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی کاتی کردنەوەی دوێنێ (98.49 دۆلار) بە بڕی 66 سەنت بەرزبووەتەوە.

هاوكات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد و گەیشتە 92.65 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە کاتی پێشوو (91.41 دۆلار) بەرزبوونەوەی 1.24 دۆلاری نیشان دەدات.

​ئەم گۆڕانکارییە نوێیەی بازاڕ و هەڵکشانی نرخەکان بۆ سەرهەڵدانەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەگەڕێتەوە، کە وەک هۆکاری سەرەکی ئەم بەرزبوونەوەیە دەستنیشان دەکرێت، هەرچەندە پێشتر گەشبینییەک بۆ ڕێککەوتن هەبوو، بەڵام نوێبوونەوەی ئاڵۆزییەکان دووبارە ترسی لای وەبەرهێنەران دروستکردووەتەوە سەبارەت بە سەقامگیریی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز و دابینکردنی وزە لەسەر ئاستی جیهان.

نرخی زێڕ و زیو لە بازاڕەکانی جیهان و ناوخۆدا

ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٦ـی ئایاری ٢٠٢٦، بازاڕەکانی کانزا گرانبەهاکان گۆڕانکاری نوێیان بەخۆوە بینی و نرخەکان ڕوویان لە دابەزین کردەوە؛ ئەمەش دوای ئەوە هات کە هێرشی نوێی ئەمریکا بۆ سەر چەندین ئامانج لە باشووری ئێران بووە هۆی دووبارە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، کە ئەمەش بە نەرێنی کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ و زیو دانا.

​لە بازاڕە جیهانییەکاندا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ دابەزی بۆ 4,532.88 دۆلار، یەک کیلۆگرام بە 145,735.32 دۆلار و یەک گرامیش بە 145.74 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

هاوكات لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نرخی فەرمی سەندیکای زێڕنگران، نرخەکان کەمێک هاتنە خوارەوە و بەم شێوەیە جێگیر بوون؛ عەیارەی ٢٢ بە 1,022,353 دینار، عەیارەی ٢١ بە 975,882 دینار و عەیارەی ١٨ بە 836,471 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

​لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی زیویش هاوشێوەی زێڕ ڕووی لە دابەزین کرد، بە جۆرێک لە ئێستادا نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو هاتووەتە خوارەوە بۆ 76.33 دۆلار، هەر کیلۆگرامێک بە 2,453.97 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخی هەر گرامێکیش لەسەر 2.45 دۆلار جێگیر بووە.

​شارەزایانی دارایی ئاماژە بەوە دەکەن کە بازاڕ بە نیگەرانییەوە لە دۆخی ئێستای ناوچەکە دەڕوانێت؛ بەرزبوونەوەی گرژییەکان و نرخی نەوت مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی زیاتر کردووە، ئەمەش ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە لایەن بانکە ناوەندییەکانەوە هێناوەتە پێشەوە کە ڕاستەوخۆ زیان لە بەهای کانزا گرانبەهاکان دەگەیەنێت.

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە

دوای ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئایارو ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچونەوەی مانگی نیسان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق لەکۆتایی هەفتەی ڕابردوو، لە پێناو ئەوەی هەرچی زووە مووچەی مانگی ئایار بنێردرێت و بەرلەجەژن دابەش بکرێت، سەرلەبەیانی ڕۆژی دوو شەممە ( ٢٥ ئایاری ٢٠٢٦ ) وەک وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕی ( ٥٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) پەنجا ملیار دینارمان وەک نیوەی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئایار بەنوسراوی ژمارە ( ٥٤٧٧،٤،٧ ) کە لەڕۆژی (٢٤ ی ئایاری ٢٠٢٦ ) واژۆ کراوە خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بە ژمارە ( ٧٠٠١٨ ) لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

کەئەوەش لە هیچ سیستەمێکی ژمێریاری دنیادا نەبووە هێشتا مانگەکە شەش ڕۆژی ماوە بۆ کۆتایی بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای نیوەی داهاتی ئەو مانگە بکات، لەبەرامبەریشدا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ نەهێشتنی هیچ بیانویەک ئامادەبوو ئەو بڕە داهاتە پێش وادەی خۆی ڕەوانە بکات.

سەرەڕای هەموو ئەو ڕێوشوێن و ڕێکارانە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە کۆی بڕی ( ٩٧٠،٧٤١،٥١٤،٩١٤ ) نۆسەدو حەفتا ملیارو حەوت سەدو چل و یەک ملیۆن و پێنج سەدو چواردە هەزارو نۆسەدو چواردە دینار، لەکاتی کۆتایهاتنی دەوامی فەڕمی بانکی ناوەندی عێراق و لە کاتژمێر سێ ی دوانیوەڕۆ بڕی تەنها ( ٨٩٠،٥٠٢،٠٠٠،٠٠٠ ) هەشت سەدو نەوەد ملیارو پێنج سەدو دوو ملیۆن دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە گەیشتۆتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، بەوەش دەردەکەوێت کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ زیاتر لە ( ٨٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) هەشتا ملیار دینار کەمتری لەکۆی تەمویلی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردووە.

سەرەڕای نەبونی دەوامی فەرمی و پشوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەپێناو هەرچی زوو دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی سەرجەم بانک و گەنجینەو بەڕێوبەرایەتیەکانی ڕاسپاردووە کە دوای وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق و گواستنەوە بۆ بانکە ئەهلیەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من و پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان هەر ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.

دوای ڕاگەیاندنی لیستی مووچە کە هەر ئەمڕۆ بڵاو دەکرێتەوە و دەست بە دابەش کردنی مووچە دەکرێت، لە ڕۆژانی جەژنیشدا دابەشکردنی مووچە لەدوای کاتژمێر ( ١٠ ) ی بەیانیەوە بەشێوەی کاش و لە ڕێگای هەژماری من بەردەوام دەبێت.

بەهۆی ئەوەی گواستنەوەی پارە لە هەولێرەوە بۆ پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان و شارو قەزاکان پێویستی باکەتە، بۆیە داوا لە سەرجەم ئەو مووچەخۆرانە دەکەین کە لە خشتەی مووچەدا مووچەکانیان دەکەوێتە ئەمرۆ کە بەشێوەی کاش مووچە وەردەگرن لەکاتژمێر پێنجی ئێوارە بەدواوە سەردانی بانکەکان بکەن و ئەو مووچەخۆرانەشی لە ڕێی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن لە کاتژمێر سێ بەدواوە دەتوانن سەردانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە ( ATM ) ەکان بکەن و مووچەکانیان ڕابکێشن، هەر فەرمانبەرو مووچەخۆرێکیش نەتوانێت لەماوەی ئەو سێ ڕۆژە مووچەکەی وەربگرێت دەتوانێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام مووچەکەی وەربگرێت.

تێبینی/ لە پێناو ئەوەی بەرە جەژنانەو تا سەرجەم مووچەخۆران بتوانن شایستەکانیان لەکاتی خۆیدا وەربگرن و هیچ مووچە خۆرێک بێبەش نەبێت لەوەرگرتن و دواکەوتنی مووچەکەی، وەک وەزارەتی دارایی بڕیارماندا ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچە دروست بووە لەڕێی وەرگرتنی قەرزەوە پڕ بکەینەوە.

هاوپێچ نوسراوی ژمارە ( ٥٤٧٧،٤،٧ ).

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری ٢٦ ی ئایاری ٢٠٢٦

خشتەی مووچەی مانگی ئایار بڵاوکرایەوە

وەزارەتی دارایی خشتەی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە .

بەپێی خشتەکە ، ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ( ٢٦ ئایاری ٢٠٢٦ ) دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕۆژی پێنج شەممە ( ٢٨ ی ئایاری ٢٠٢٦ ) کۆتایی بەدابەشکردنی مووچە دێت.

تێبینی؛ ئەو مووچەخۆرانەی بەپێی خشتەکە ئەمڕۆ سێ شەممە مووچە وەردەگرن، لەدوای کاتژمێر پێنجی ئێوارە سەردانی بانکەکان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی مووچەکانیان.

هاوکات لەڕۆژانی جەژنیشیدا دابەشکردنی مووچە لە کاتژمێر ١٠ ی بەیانی بەدواوە لە بانکەکان بەردەوام دەبێت بە پێی خشتەی ڕاگەیەنراو.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری ٢٦ ی ئایاری ٢٠٢٦

سام ئاڵتمان: ژیریی دەستکرد نەبووەتە هۆی بێکاری لە جیهاندا

سام ئاڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (OpenAI)، ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئایاری 2026، ڕایگەیاند، کە گەشەسەندنی خێرای ژیریی دەستکرد و بەکارهێنانی، نابێتە هۆی دروستبوونی “بێکاری” لەسەر ئاستی جیهان، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم تەکنۆلۆژیایە وەک ئەوەی لە سەرەتادا مەترسی لێ دەکرا، جێگەی ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەرانی کارگێڕی نەگرتووەتەوە.

ئاڵتمان لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێکدا لە کۆنفرانسی “بانکی کۆمۆنوێڵسی ئوسترالی” لە شاری سیدنی، دانی بەوەدا نا کە لە سەرەتادا خۆیشی نیگەران بووە لە کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکرد لەسەر ڕێژەی دامەزراندن لە جیهاندا.

ئاڵتمان ڕوونیکردەوە، ئەو و بەرپرسانی کۆمپانیاکەی، کاتێک لە ساڵی 2022دا (ChatGPT)یان ڕاگەیاند، پێشبینییە تەکنۆلۆژییەکانیان تا ڕادەیەکی زۆر ڕاست بوو، بەڵام سەبارەت بە کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بە تەواوی هەڵە بوون.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ مات کۆمین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکی کۆمۆنوێڵسی ئوسترالی، ئاڵتمان گوتی: “من دڵخۆشم کە لەم بابەتەدا هەڵە بووم. پێم وابوو کاریگەرییەکە لەسەر سڕینەوەی کارەکانی فەرمانبەرانی کارگێڕی ئاستی سەرەتایی تا ئێستا زۆر زیاتر دەبێت لەوەی کە لە واقیعدا ڕوویداوە.”

هەرچەندە ئاڵتمان لەم لێدوانەیدا هیچ ئامارێکی تایبەت بە بەکارخستن و بێکاری نەخستەڕوو، بەڵام پێشتر چەندین جار باسی لە ئەگەری کەمکردنەوەی هەلی کار لەسەر ئاستی کەرتە جیاوازەکان کردبوو بەهۆی پێشکەوتنی ژیریی دەستکردەوە.

ئەم لێدوانانەی ئاڵتمان لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی زیادبوو لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان، وەک (HSBC، Amazon، Standard Chartered، و CBA) ڕایانگەیاندووە کە ژیریی دەستکرد لە هەندێک لە بەشەکانیاندا جێگەی پێویستی بە هێزی مرۆیی گرتووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی ڕۆیتەرز هەفتەی ڕابردوو لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، کە کۆمپانیای (OpenAI) خۆی ئامادە دەکات بۆ پێشکەشکردنی داواکارییەکی نهێنی بەمەبەستی خستنەڕووی پشکەکانی بۆ یەکەمجار لە بۆرسەی ئەمریکادا (IPO) لە هەفتەکانی داهاتوودا. هەروەها ڕۆیتەرز لە مانگی تشرینی یەکەمدا ئاماژەی بەوە دابوو کە کۆمپانیاکە چاوی لەوەیە بەهای بازاڕییەکەی بگاتە 1 تریلیۆن دۆلار و بڕی 60 ملیار دۆلار وەک وەبەرهێنان کۆبکاتەوە.

‎نرخی نەوت دووبارە پاشەکشەی کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٧ـی ئایاری ٢٠٢٦، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوت ئەو بەرزبوونەوە کاتییەی دوێنێی جێهێشت و دووبارە ڕووی لە دابەزین کردەوە.

​بەپێی دواین نوێکردنەوەکانی بازاڕ، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 97.41 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی دوێنێ (99.15 دۆلار) بە بڕی 1.74 دۆلار دابەزیوە. هاوكات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش ڕووی لە پاشەکشە کرد و گەیشتە 91.34 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە کاتی پێشوو (92.65 دۆلار) دابەزینێکی 1.31 دۆلاری نیشان دەدات.

ئەم شەپۆلە نوێیەی دابەزینی نرخەکان نیشانەی ئەوەیە کە بازاڕەکان هێشتا لە نێوان ترس و ئومێدی پێشهاتە سیاسییەکانی نێوان واشنتن و تاراندا دێن و دەچن. سەرەڕای ئەو گرژییە کاتییانەی کە جارجارە سەرهەڵدەدەنەوە، بەڵام وەبەرهێنەران هێشتا چاوەڕوانی ئاسۆیەکی ڕوونتر دەکەن بۆ دۆخی گەرووی هورمز و سەقامگیربوونی دابینکردنی وزە لەسەر ئاستی جیهاندا.

دامەزراوەی S&P: عێراق و وڵاتانی ناوچەکە پێویستیان بە ٤ مانگە بۆ گەڕاندنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت

دامەزراوەی داتا و لێکۆڵینەوەی “S&P Global”ی ئەمریکی ڕایگەیاند، عێراق و چەند وڵاتێکی تری بەرهەمهێنەری نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستیان بە نزیکەی چوار مانگ دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ٨٠٪ی ئەو ئاستی بەرهەمهێنانەی کە لە شوباتی ٢٠٢٦دا تۆماریان کردبوو؛ ئەمەش بەهۆی ئەو پشێوییانەی کە شەڕ لە ناوچەکەدا دروستی کردووە و بووەتە هۆی پەککەوتنی هەناردەکردن لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە. ​کێشە لۆجیستییەکان و سیستمی کێڵگە نەوتییەکان ​دامەزراوەکە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، عێراق یەکێک بووە لەو وڵاتانەی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ململانێکاندا بەهۆی سنوورداریی شوێنی کۆگا و زەحمەتیی هەناردەکردنەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی کەمکردووەتەوە. ڕاپۆرتەکە ڕوونکردنەوەی داوە کە گەڕانەوەی ئاستی بەرهەمهێنان خێرا نابێت، چونکە زۆربەی کێڵگەکانی ناوچەکە (لەوانەش کێڵگەکانی عێراق) پشت بە سیستمی دەرزی لێدانی ئاو و غاز دەبەستن بۆ پاراستنی پەستانی کۆگا نەوتییەکان (المكامن النفطية). ​هەروەها ئەوەش هاتووە کە داخرانی کێڵگە نەوتییەکان بۆ ماوەیەکی درێژ، پرۆسەی دووبارە کارپێکردنەوەیان ئاڵۆزتر دەکات؛ چونکە بووژانەوەی بەرهەمهێنان بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕدەبێت کە خۆی لە دووبارە ڕێکخستنەوەی خزمەتگوزارییە لۆجیستییەکان و کەمکردنەوەی کۆگاکانی نەوت پێش گەڕانەوەی قۆناغ بە قۆناغ بۆ ئاستی پێشوو دەبینێتەوە. ​بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و پاشەکشەی وەبەرهێنان ​دامەزراوەی “S&P” پێشبینی دەکات کە چاکبوونەوەی تەواوەتی سێکتەری نەوت زیاتر لە چوار مانگ بخایەنێت، لە هەمان کاتدا هۆشداری داوە لە بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان لە کەرتی نەوت و غازدا بە ڕێژەی نێوان ٤٪ بۆ ٦٪ ئەگەر ململانێکان کورتخایەن بن، بەڵام ئەگەر شەڕ و ئاڵۆزییەکان بەردەوام بن، ڕەنگە ئەم تێچووە بگاتە ١٥٪. ​لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەردەوامیی گرژییەکان کارتێکەری نەرێنی دەکاتە سەر پرۆسەی وەبەرهێنان و گرێبەستەکانی یەکگرتن و کڕینی کۆمپانیاکان (الاندماج والاستحواذ) لە کەرتی وزەدا تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦.

نرخی نەوت لە پاشەکشەکردن بەردەوامە

​ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٨ـی ئایاری ٢٠٢٦، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوت نیشتنەوەی زیاتری بەخۆوە بینی و بەراورد بە نرخەکانی دوێنێ کەمێک چوونە دواوەی تۆمار کرد.

​بەپێی دواین نوێکردنەوەکانی بازاڕ، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 96.96 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی دوێنێ (97.41 دۆلار) بە بڕی 45 سەنت دابەزیوە. هاوكات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش ڕووی لە دابەزین کرد و گەیشتە 91.07 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە کاتی پێشوو (91.34 دۆلار) کەمبوونەوەی 27 سەنتی نیشان دەدات.

​ئەم شەپۆلە نوێیەی دابەزینی نرخەکان نیشانەی ئەوەیە کە بازاڕەکان هێشتا لە نێوان ترس و ئومێدی پێشهاتە سیاسییەکانی نێوان واشنتن و تاراندا دێن و دەچن. سەرەڕای ئەو گرژییە کاتییانەی کە جارجارە سەرهەڵدەدەنەوە، بەڵام وەبەرهێنەران هێشتا چاوەڕوانی ئاسۆیەکی ڕوونتر دەکەن بۆ دۆخی گەرووی هورمز و سەقامگیربوونی دابینکردنی وزە لەسەر ئاستی جیهاندا.

پارێزگاری هەولێر ئامادەکارییەکانی بازگەی شێراوە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیارانی جەژن بەسەردەکاتەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2026.5.26، لە چوارچێوەی پلانی پارێزگای هەولێر بۆ پێشوازیکردن لە جەژنی قوربانی پیرۆز و دابینکردنی باشترین ئاسانکاری بۆ هاوڵاتییان و گەشتیاران، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەیاوەری هەریەک لە بژار مەلاخدر، قائیمقامی قەزایی قوشتەپە و دلێر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر و عەمید خەسرۆ غازی، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگا، بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون بوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ڕێکارەکان و پێشوازیکردن لەو میوان و گەشتیارانەی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە کە ڕوو لە پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەبۆنەی جەژنی قوربان، سەردانی بازگەی شێراوەی کرد.

لەسەردانەکەیدا، پارێزگاری هەولێر لەلایەن عەمید کەیفی عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی بازگەکانی هەولێر، فەرماندە، ئەفسەران و کارمەندانی بازگەکەوە پێشوازی لێکرا و دوای بەدواداچوون و بەسەرکردنەوەی سەرجەم بەشەکانی بازگەکە و، ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و ئەو ئامادەکارییە کارگێڕییانەی کە بۆ پێشوازیکردنی شایستە لە گەشتیاران تەرخانکراون، جەژنەپیرۆزەی لە ئەفسەر و کارمەندانی بازگەکە و تیمی گەشتوگوزار کرد و دەستخۆشی لێکردن و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵ و ماندووبوون و شەونخونی بەردەوامیان دەربڕی لە پێناو پاراستنی ئارامی و پێشکەشکردنی سیمایەکی شارستانی و گەشاوەی پایتەخت بە ڕووی میواناندا.

لە کۆتایشدا، پارێزگاری هەولێر تەئکیدی لەسەر پێویستی پێشکەشکردنی هەموو جۆرە ئاسانکارییەک و نواندنی ڕەفتارێکی بەرز و میواندۆستانە لەگەڵ گەشتیاراندا کردەوە، بە شێوازێک کە ڕەنگدانەوەی کلتووری ڕەسەنی میوانداری گەلی کوردستان بێت و ڕێنمایی پێویستیشی دا بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دروستبوونی قەرەباڵغی، تاوەکو گەشتیاران بە کەمترین کات و بە شێوازێکی شایستە داخڵی ناو هەولێری پایتەخت بن و پشووی جەژن بە ئارامی بەڕێ بکەن.

پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان,پەیامێکی پیرۆزبایی ڕاگەیاند.

ئەمەش دەقی پیرۆزبایینامەکەیە:

جەژنی پیرۆزی قوربان لە سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان پیرۆز بێت، پیرۆزبایی لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین، ئومێدەوارین ئەو بۆنە پیرۆزە مایەی خێر و خۆشی و ئارامیی بێت بۆ کۆمەڵگاکەمان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە.

لەم بۆنە پیرۆزەدا جەخت لەسەر هەماهەنگیی گشت حزب و هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەینەوە بۆ پاراستن و داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.

هیوادارین ئەو جەژنە، هاندەری زیاتری بەهێزکردنی گیانی پێکەوەژیان بێ لە کوردستان، جەژنێکی هیوابەخش بێت بۆ گەلەکەمان و هەموو لایەک بە شادی و بەختەوەرییەوه جەژن بەسەربەرن.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ‌ ٢٦ـی ئایاری ٢٠٢٦

👤
Live: 5 Today: 13 📊 Click Here