فەلاح حەسەن بە نوێنەرایەتی سەرۆک بارزانی گەیشتە کڕواتیا

فەلاح حەسەن، بە نوێنەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی زاگریب گەیشتە وڵاتی کڕواتیا و لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێکرا.

فەلاح حەسەن لەبارەی سەردانەکەی و گەیشتنی بۆ کڕواتیا بە ئاژانسی هەوالی زاگرۆسی ڕایگەیاند: “بە نوێنەرایەتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، گەیشتینە وڵاتی کڕواتیا بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی زاگریب.”

سەبارەت بە شێوازی پێشوازیکردنەکەشیان، ئاماژەی بەوە کرد کە لەلایەن دکتۆر گۆردن ڕادمان، وەزیری دەرەوەی کڕواتیاوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکراوە و گوتی: “لە لایەن هاوڕێمان دکتۆر گۆردن ڕادمان، وەزیری دەرەوەی کڕواتیا پێشوازیمان لێکرا.”

کۆڕبەندی زاگریب یەکێکە لە کۆڕبەندە سیاسی و دیپلۆماسییە گرنگەکان لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهان، کە تێیدا بەرپرسانی باڵا و بڕیار بەدەستان کۆدەبنەوە بۆ تاوتێکردنی پرسە سیاسی و ستراتیژییەکان. بەشداریکردنی نوێنەری سەرۆک بارزانی لەم کۆڕبەندەدا لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان و جیهاندایە.

کەشناسی هەرێم: کەشوهەوا سەقامگیر دەبێت و پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-4-2026، ئاسمان لە نێوان پەڵە هەور و نیمچە هەوردا دەبێت. لە ناوچە شاخاوییەکاندا هەندێک کات بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت لەگەڵ ئەگەری کەمێک تاوە باران و بروسکە لە زنجیرە شاخە سنوورییەکان، بەڵام بۆ کاتەکانی ئێوارە کەشوهەوا بە گشتی سەقامگیر دەبێتەوە. پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، خێرایی با (10-20) کم/ک و مەودای بینین (7-9) کم دەبێت. ​سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی هەینی 1-5-2026، ئاسمان پەڵە هەور دەبێت و لە کاتەکانی ئێوارەدا بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت. لە درەنگانی شەودا ئەگەری نمە باران لە ناوچەکانی سنووری ڕۆژئاوا هەیە. پلەکانی گەرماش (1-2) پلە بەرز دەبنەوە. ئاراستەی با باکووری ڕۆژهەڵات و خێراییەکەی (5-15) کم/ک دەبێت. ​بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ و سبەی: ​هەولێر: ئەمڕۆ 25، سبەی 26 ​سلێمانی: ئەمڕۆ 23، سبەی 25 ​دهۆک: ئەمڕۆ 24، سبەی 26 ​هەڵەبجە: ئەمڕۆ 25، سبەی 26 ​زاخۆ: ئەمڕۆ 25، سبەی 26 ​گەرمیان: ئەمڕۆ 27، سبەی 28 ​چەمچەماڵ: ئەمڕۆ 25، سبەی 26 ​سۆران: ئەمڕۆ 19، سبەی 20 ​پیرمام: ئەمڕۆ 20، سبەی 23 ​حاجی ئۆمەران: ئەمڕۆ 12، سبەی 14

پشتێنەی سەوزایی؛ هەولێر دەبێتە خاوەنی گەورەترین “سییەی سروشتی” و فستقیش دەچێنرێت

پڕۆژەی ستراتیژیی “پشتێنەی سەوزایی” لە شاری هەولێر، کە یەکێکە لە پڕۆژە هەرە گرنگەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پاراستنی ژینگە، قۆناغی یەکەمی بەرەو کۆتایی دەچێت. لە قۆناغی دووەمیشدا جگە لە زەیتوون، دارە فستقیش دەچێنرێن.

بەپێی زانیارییەکانی، پڕۆژەکە کە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێکراوە، لە هەشت قۆناغی سەرەکی پێکدێت. ئامانج لێی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و گۆڕینی سیمای پایتەختە بۆ شارێکی ژینگەدۆست.

لە زەیتوونەوە بۆ فستق لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا، زیاتر لە 500 هەزار نەمامی زەیتوون چێندراون. ئەم نەمامانە پۆلێن کراون بۆ دوو جۆری سەرەکی: زەیتوونی خواردن و زەیتوونی تایبەت بە بەرهەمهێنانی زەیت.

بەڵام ئەوەی لە قۆناغی دووەمدا وەک سوپرایزێکی ئابووری و ژینگەیی دەبینرێت، بڕیاری چاندنی نەمامی “فستق”ە. بەم هەنگاوەش هەولێر جگە لە لایەنە ژینگەییەکە، دەچێتە سەر نەخشەی ناوچە بەرهەمهێنەرە گرنگەکانی فستق لەسەر ئاستی ناوچەکە.

گرنگیی پڕۆژەکە:

ژینگەیی: دەبێتە گەورەترین “سییەی سروشتی” بۆ هەولێر و پارێزەری شارەکە دەبێت لە تۆز و خۆڵ.

ئابووری: سەرچاوەیەکی نوێی داهات دەبێت لە ڕێگەی بەرهەمی زەیتوون و فستق.

سیمای شارستانی: سیمایەکی جوان و مۆدێرن بە دەوروبەری پایتەخت دەبەخشێت.

ئەم پڕۆژەیە کە خەونێکی دێرینی دانیشتووانی هەولێرە، ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم لە کۆتاییدان، بەمەش هەولێر هەنگاوێکی گەورە بەرەو سەوزترکردنی ژینگەکەی دەنێت.

مەکتەبی سیاسی پارتی: بابەتی گۆڕانکاری لە ئورگانە حزبییەکانمان دورە لەڕاستی

لە ڕونکردنەوەیەکدا مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لە هەواڵی گۆڕانکاری لە نێوخۆی پارتی دەکات کە چەند ڕۆژێکە لەلایەن هەندێک میدیاوە، باسی لێوە دەکرێت.

دەقی ڕوونکردنەوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە

چەند ڕۆژێکە لە هەندێک میدیا و سۆشیال میدیا بابەتی دیراسەکردن بۆ گۆڕانکاری لە بەرپرسی لقەکانی پارتیمان کە گوایە لەلایەن مەکتەبی سیاسییەوە ئەنجامدەدرێت، بڵاودەکرێتەوە! ئەم بابەتە دورە لەڕاستی و، وا باشە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا بۆ هەواڵەکانیان پشت بە سەرچاوەی فەرمی و باوەڕپێکراو ببەستن بۆ ئەوەی متمانەی خۆیان لەلای بینەران و خوێنەران بپارێزن.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٠ـی نیسانی ٢٠٢٦

راگەیندراوێک لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری

فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند ، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران زیادکردنێکی ئاشکرا بۆ فرۆشتنی 10 ئۆتۆمبێل ڕادەگەیەنێت

سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڕێوەبەرایەتیی گرێبەستەکان و خانووبەرە، بەپێی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت، (ژمارە 1ی ساڵی 2021)، ئاگادارییەکی فەرمی بۆ فرۆشتنی 10 ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر لە ڕێگەی زیادکردنی ئاشکراوە ڕادەگەیەنێت.

ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی 5ی 5ی 2026، لە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ لە هۆڵی شەهیدانی 1ی شوبات لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران پرۆسەکە بەڕێوە دەچێت.

مەرجەکانی بەشداریکردن: 1. پێویستە بەشداربوو چەکێکی پەسەندکراو (سەفتەجە) بە بڕی 40 ملیۆن دینار ئامادە بکات. 2. تێچووی بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەکە و ڕسووماتە یاساییەکان، دەکەوێتە ئەستۆی ئەو بەشداربووەی زیادکردنەکەی بۆ دەردەچێت. 3. فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکان تەنیا بە شێوەی نەختینە و بە دیناری عێراقی دەبێت. 4. کڕیار دەبێت لە ماوەی 5 ڕۆژدا ئۆتۆمبێلەکان بگوازێتەوە. 5. وەرگرتنی ڕێژەی 2% لە کۆی فرۆشتنەکە زیاد دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

ئه‌شواق جاف بۆ ئاژانسی زاگرۆس: یاسای هه‌ڵبژاردن غه‌درێكی گه‌وره‌ی له‌ پارتی كردووه‌

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ یاسای هه‌ڵبژاردن غه‌درێكی زۆری له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان كردووه‌، چونكه‌ ژماره‌ی ده‌نگی لیستی پارتی و هاوپه‌یمانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدان كه‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رپه‌رشتی ده‌كات زۆر نه‌بوو كه‌چی ژماره‌ی كورسییه‌كانیان دووبه‌رانبه‌ر جیاوازه‌.

د.ئه‌شواق جاف بۆ زاگرۆس، گوتی: “پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌دواین هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ملیۆنێك و 105.445 ده‌نگی هێناوه‌ به‌ 26 كورسییه‌وه‌ كه‌چی هاوپه‌یمانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدان، ملیۆنێك و 300 هه‌زار ده‌نگی هێناوه‌، 45 كورسی په‌رله‌مانی عێراقی بردووه‌، كه‌چی جیاوازی نێوان ده‌نگه‌كانیان كه‌متره‌ له‌ 200 هه‌زار ده‌نگ، به‌ڵام ده‌بینین ژماره‌ی كورسییه‌كانمان دووبه‌رانبه‌ر جیاوازه‌، بۆیه‌ یاسای هه‌ڵبژاردن غه‌دری كردووه‌ له‌ ده‌نگی پارتی، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كه‌ سه‌رۆك بارزانی له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌روونی ئاماژه‌ به‌و غه‌دره‌ بكات”.

گوتیشی: “پارتی حزبی یه‌كه‌مه‌ له‌ ئاستی عێراق، له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن جه‌ختمان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موار بكرێته‌وه‌ و ئه‌م خاڵه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ چۆن بریاری له‌سه‌ر بدرێت و چی بكرێت بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م پرسه‌”.

په‌رله‌مانتارێكی پارتی بۆ زاگرۆس: هه‌ندێك په‌رله‌مانتار و لایه‌نی شۆڤێنی ئه‌سڵه‌ن حه‌زناكه‌ن پارتی بگه‌رێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان چونكه‌ حه‌زده‌كه‌ن قه‌واره‌ی هه‌رێم كۆتایی بێت

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، باس له‌ كاریگه‌ری بایكۆتی پارتی ده‌كات له‌سه‌ر په‌رله‌مانی عێراق و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پشتیوانی زۆر ده‌كرێت بۆ گه‌رانه‌وه‌ی پارتی، به‌ڵام زۆر په‌رله‌مانتار و لایه‌نی سیاسیش هه‌یه‌ حه‌زناكه‌ن پارتی بگه‌رێته‌وه‌.

شێروان دووبه‌ردانی، بۆ زاگرۆس، گوتی: “هه‌ندێك لایه‌ن له‌ناو په‌رله‌مانی عێراق حه‌زده‌كه‌ن پارتی بگه‌رێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانی عێراق ته‌نانه‌ت فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان ده‌ڵێن به‌بێ پارتی كاری په‌رله‌مانی له‌په‌رله‌مان ئاسته‌مه‌ چونكه‌ پارتی خاوه‌نی سه‌نگ و ژماره‌یه‌كی زۆری كورسییه‌”.

ئه‌وه‌شی خسته‌روو: به‌ڵام به‌شێك له‌په‌رله‌مانتار و هه‌ندێك له‌ لیستی شۆڤێنی حه‌زناكه‌ن پارتی بگه‌رێته‌وه‌، چونكه‌ حه‌زده‌كه‌ن ئه‌سڵه‌ن قه‌واره‌ی ده‌ستووری كوردستان نه‌مێنێت.

قەڵەمەکان بوونەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتدارانی کوردستان

ئەریڤان بهاءالدین لطیف

وەک دزێک کە لە کاتی دزینی ماڵێکدا، لەبری شکاندنی کامێراکانی چاودێری، هەوڵدەدات چاوی خاوەن ماڵەکە دەربهێنێت تاوەکو نەتوانێت شاهێدی بدات؛ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش ڕێک بەمجۆرە مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و دەنگە ئازادەکاندا دەکەن. کاتێک ڕۆژنامەنووسێکی بنکۆڵکار وەک شێروان شێروانی یان چالاکوانانی دیکە پەنجە دەخەنە سەر برینەکانی گەندەڵی، لەبری ئەوەی لێپرسینەوە لە تاڵانکاران بکرێت، قەڵەمەکان کەلەپچە دەکرێن و بەپێی یاساکانی “ئاسایشی نیشتمانی” ڕاپێچی دادگاکان دەکرێن. ئەمە هەڵەیەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو دانپێدانانێکی ڕوونی دەسەڵاتە بەوەی کە بنچینەی مانەوەیان لەسەر بێدەنگیی کۆمەڵگا وەستاوە، و هەر ڕووناکییەک کە بخرێتە سەر کارە تاریکەکانیان، وەک پەلامارێک بۆ سەر مانەوەی بنەماڵەکانیان سەیر دەکرێت.

کاتێک مامۆستایان و مووچەخۆران بۆ داواکردنی نانی منداڵەکانیان دەڕژێنە سەر شەقامەکان، دەزگا ئەمنییەکان نەک تەنها خۆپیشاندەران سەرکوت دەکەن، بەڵکو لە پێشوەختەدا هێرش دەبەنە سەر کامێراکان و دەیان ڕۆژنامەنووس دەڕفێنن. ئەمە ئیدارەدانی قەیران نییە، بەڵکو خولقاندنی زیندانێکی گەورەیە کە تێیدا حیزب دادگاکانی کردووەتە چەکێک بۆ تۆڵەسەندنەوە لەو کەسانەی کە ئامادە نین ببنە بەشێک لەم تاڵانکارییە سیستماتیكە.

سامناکترین شت لە دیکتاتۆریەتەکاندا ئەوە نییە کە خەڵک بە زۆر بێدەنگ دەکەن، بەڵکو ئەوەیە کە وا لە خەڵک دەکەن باوەڕ بەو درۆیانە بکەن کە خۆیان بۆیان دروست دەکەن  ئەمەش هەمان ئەو مۆدێلەیە کە لە مەکسیک دەگوزەرێت، کاتێک کارتێلەکانی ماددە هۆشبەرەکان و بەرپرسە گەندەڵەکان تێکەڵ بەیەکتر بوون و هەموو ڕۆژنامەنووسێکی مەیدانییان کردە ئامانج، تا ڕادەیەک کە کوشتن و ڕفاندنی میدیاکاران بووە هەواڵێکی ئاسایی. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لەو کارتێلانەش دووڕووترن؛ ئەوان لە لایەکەوە لەبەردەم باڵیۆزخانەکاندا باسی پاراستنی مافی مرۆڤ دەکەن و یاسای ڕۆژنامەگەری دەردەکەن، بەڵام لە لایەکی ترەوە، لە نیوەشەودا هێزی چەکدار دەنێرنە سەر ماڵی چالاکوانان و بەزۆر پەڕاوی دانپێدانانیان پێ واژۆ دەکەن.

ئەم کارتێلە سیاسییە، کە خاوەنی دەیان کەناڵی ئاسمانی و سوپایەکن لە میدیای سێبەر، لە ڕاستیدا هێندە لەرزۆکن کە بەرگەی یەک پرسیاری بێ فلتەر یان یەک ڕاپۆرتی مەیدانی ناگرن. ئەوان دەیانەوێت ئەو وێنە ساختەیە بەسەر جیهاندا بفرۆشن کە گوایە کوردستان پەناگەی دیموکراسییە، بەڵام لە واقیعدا وڵاتیان کردووەتە گۆڕستانی وشەکان، کە تێیدا تەنها ئەو قەڵەمانە ئازادن کە خەریکی ستایشکردنی ستەمکارەکان و پاساوهێنانەوەن بۆ بڕینی نانی خەڵک.

زەنگی مەترسی بۆ مافە دیجیتاڵییەکان: داکۆک پرسی سانسۆری سۆشیال میدیا دەخاتە ڕوو

لە تەوەرێکی جیاواز و گرنگی چالاکییەکەی ڕێکخراوی داکۆکدا کە بۆ یادی ڕۆژنامەگەری کوردی لە بریتانیا ڕێکخرابوو، پرسی ئاسایشی دیجیتاڵی و مەترسییەکانی سەر سۆشیال میدیا گفتوگۆی چڕی لەسەر کرا. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵی چالاکییەکە، ئەندامانی داکۆک و ئەو چالاکوانانەی لە مانچێستەر و لەندەنەوە ئامادەبوون، زەنگی مەترسییان لێدا سەبارەت بەو فەزای ترس و تۆقاندنەی کە دەسەڵاتی هەرێم خستوویەتە سەر بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

لە میانەی گردبوونەوەکەدا باس لەوە کرا کە هاوڵاتیانی ئاسایی لە باشووری کوردستان لەسەر دەربڕینی ڕایەکی سادە یان کۆمێنتێک ڕووبەڕووی ڕفاندن و زیندانیکردن دەبنەوە، ئەمەش سەلمێنەری نەبوونی تەواوەتی ئازادی ڕادەربڕینە لە دەرەوەی بازنەی میدیای فەرمیشدا. داکۆک ئەم دۆخەی وەک تیرۆرێکی دەروونی وەسف کرد کە ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی بیری تاکەکانە و بێدەنگکردنی کۆمەڵگایە بە گشتی. کوردانی تاراوگە کە لەم چالاکییەدا بەشداربوون، نیگەرانی قووڵی خۆیان دەربڕی بۆ کەسوکاریان لە ناوخۆی وڵات کە تەنانەت ناتوانن لە ڕێگەی شاشەی مۆبایلەکانیشیانەوە گوزارشت لە ئازارەکانیان بکەن. بۆ ئەم مەبەستەش، ڕێکخراوەکە بەڵێنیدا کە دۆکۆمێنتکردنی ئەم سەرپێچییە ئەلیکترۆنیانە وەک بەشێک لە کارنامەی سەرەکی خۆی لە داهاتوودا بمێنێتەوە و ڕووبەڕووی ئەم پێشێلکارییانە ببێتەوە.

تاڵانکاریی ڕەش، گیرفانی بەتاڵ

ئەریڤان بهاءالدین لطیف

وەک ڕووبارێکی گەورە کە بەناو گوندێکی تینوودا تێدەپەڕێت، بەڵام ئاوەکەی لەلایەن چەند کەسێکەوە قۆرخ کراوە و گوندنشینەکان تەنها بۆیان هەیە سەیری شەپۆلەکانی بکەن لە کاتێکدا لێوەکانیان لە تینوێتییدا قڵیشاوە؛ نەوتی کوردستانیش بەمجۆرە بەسەر جەستەی ئەم نیشتمانەدا دەڕوات. کاتێک شۆفێرێکی تەکسی لە ڕیزی درێژی بەنزینخانەکاندا کاتژمێرەکان دەژمێرێت، یان ماڵێک لە زستانی سارددا توانای کڕینی بەرمیلێک نەوتی نییە، لە هەمان ئەو چرکەساتەدا، سەدان تانکەری پڕ لە نەوتی قاچاخ لە خاڵە سنوورییەکانەوە بە قازانجی بەرپرسانی حیزب دەپەڕنەوە ناو تاریکی. ئەمە قەیرانی وزە نییە، ئەمە دزینی ڕۆژی ڕووناکی میللەتێکە کە لەسەر دەریایەک زێڕی ڕەش خەوتووە، کەچی بە گیرفانی بەتاڵەوە بەسەریدا پیاسە دەکات.

ئەم دەسەڵاتە کە بەردەوام بەغدا بە بڕینی بودجە تۆمەتبار دەکات، خۆی گەورەترین قاچاخچیی سەروەت و سامانی خەڵکەکەیەتی. ئەوان پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتیان هێندە تاریک و لێڵ کردووە، کە تەنانەت پەرلەمانتار و وەزیرەکانیشیان نازانن داهاتەکەی لە کام بانکی ئەوروپی یان کام کۆمپانیای سێبەردا دەنیشێتەوە. کاتێک بەغدا و ڕاپۆرتەکانی میدیای ئازاد بە ئاشکرا پەنجە دەخەنە سەر قاچاخچێتیی نەوت و ونبوونی ملیاران دۆلار لە داهاتی ناوخۆ، حکومەتی هەرێم لەبری وەڵامێکی شەفاف، تەنها بێدەنگیی هەڵدەبژێرێت یان بە دروشمی سواوی “پاراستنی قەوارەی هەرێم” خۆی لە پرسیارەکان دەدزێتەوە و ڕەخنەگران سەرکوت دەکات.

(وەک چۆن جۆرج ئۆروێڵ دەڵێت: “هەموو ئاژەڵەکان یەکسانن، بەڵام هەندێکیان یەکسانترن لەوانی تر”) — ئەمەش ڕێک هەمان ئەو تراژیدیایەیە کە لە نێجیریای پڕ لە نەوتدا ڕوودەدات؛ کاتێک کۆمپانیا بیانییەکان و جەنەڕاڵە گەندەڵەکان ڕۆژانە ملیۆنان بەرمیل نەوت بە قاچاخ دەبەن و سامانێکی خەیاڵی پێکدەهێنن، لە کاتێکدا خەڵکی وڵاتەکە لەسەر زەوییەکی پیسبوو بە پاشماوەی نەوت، لەژێر هێڵی هەژاریدا دەمرن. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لە جەنەڕاڵەکانی ئەوێش بێباکترن؛ ئەوان نەوتیان کردووەتە موڵکی تاپۆکراوی دوو بنەماڵە، و بە ناوی ئابووریی سەربەخۆوە، وڵاتیان خستووەتە ژێر قەرزێکی قورسی واوە کە نەوەکانی داهاتووش ناتوانن بیدەنەوە.

لەم واقیعە تاڵەدا، هەرێمی کوردستان بووەتە مەیدانێک بۆ بازاڕ بکردنی دەسەڵات؛ بازاڕێک کە تێیدا بیرە نەوتەکان، پاڵاوگەکان و خاڵە سنوورییەکان وەک کاڵای شەخسی دەفرۆشرێن و بەش دەکرێن. ئەم چەتەگەرییە سیستماتیکە، وایکردووە کە تەنها کاری دەزگاکانی حکومەت بریتی بێت لە پاسەوانیکردنی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی حیزب. ئەوان دەیانەوێت خەڵک بەردەوام لە خەمی مووچە و ڕیزی بەنزیندا سەرقاڵ بکەن، بۆ ئەوەی کەس کاتی ئەوەی نەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە چۆن داهاتی ئەم وڵاتە دەچێتە گیرفانی چەند کەسێکی دیاریکراوەوە.

ئەگەر ئەوان لە مانەوەی خۆیان دڵنیابوونایە، نەیاندەویست بەم پەلەپەلە و لە تاریکیدا سامانی ئەم زەوییە هەڕاج بکەن بۆ پڕکردنی قاصەکانیان لە دەرەوەی وڵات. سیستەمێک کە لەسەر دزینی نەوتی وڵاتەکەی خۆی بژی و خەڵکەکەی لە سەرمادا بڕەقێنێتەوە، پێشتر شەرعیەتی حوکمڕانی دۆڕاندووە — و تەنها هەستانەوەی وێرانکەری ئێوەیە کە دەتوانێت دەستی ئەم قاچاخچییانە لە گەرووی نیشتمان بکاتەوە!

👤
Live: 19 Today: 804 📊 Click Here