ئەنجامى عینادى ململانێى دەسەڵاتداران
خوێندراوەتەوە: (9.9K)

سۆران غەفار

لە یەکێک لە گەورەترین و کۆمیدیترین شانۆگەرییەکانی مێژووی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستاندا، چەندین مانگ شەقام و میدیاکان بە ململانێیەکی وەهمی و ژاوەژاوێکی سیاسیی بێزارکەرەوە سەرقاڵ کران؛ لە لایەکەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دەنگێکی بەرز و حەماسییەوە گوتی “نەخێر” و وەها خۆی نمایش دەکرد کە گوایە فریادڕەسی میللەتە و ڕێگری لە قۆرخکاری دەکات، لە لایەکی تریشەوە پارتی دیموکراتی کوردستان بەوپەڕی شانازی و لووتبەرزییەوە گوتی “بەڵێ” و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە بەبێ گوێدانە هیچ ئاستەنگێک کاروانی ئاوەدانی و چاکسازی بەرەو پێشەوە دەبات . بەڵام دوای تێپەڕبوونی مانگەها لەم شەڕە بەیاننامە و هەڕەشە ئاگرینانەی سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان، کاتێک تۆزوخۆڵی ئەم زۆرانبازییە سیاسییە نیشتەوە و هاوڵاتیی داماو سەیری واقیعی ژیانی خۆی کرد، بۆی دەرکەوت کە ئەنجامی یەکگرتنی ئەم “بەڵێ” و “نەخێر”ە، تەنیا سفرێکی گەورە و “هیچ”ێکی ڕەها بووە .


ئەمە لوتکەی گاڵتەجاڕییە کە دوو هێزی دەسەڵاتدار، نیشتمانێکی تەواویان کردووەتە بارمتەی ململانێیەکی بێمانا، لە کاتێکدا نە “نەخێر”ەکەی یەکێتی توانی سکی منداڵێکی برسی تێر بکات یان دادپەروەری بهێنێتە کایەوە، نە “بەڵێ”کەی پارتیش توانی گڵۆپی ماڵە تاریکەکان ڕووناک بکاتەوە یان مووچەیەک لە کاتی خۆیدا دابەش بکات . ئەگەر سەیرێکی ئەو بەڵێنانە بکەین کە دەدرا، بڕیار بوو ئەم وڵاتە ببێتە دوبەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئابوورییەکی وەها سەربەخۆمان هەبێت کە کەس پێویستی بە بەغدا نەبێت، کەچی ئەمڕۆ گەورەترین کێشەی خەڵک ئەوەیە کە کەی مۆەلیدەی گەڕەک کارەبا دەداتەوە یان کەی پارە دەگاتە بانکەکان بۆ ئەوەی فەرمانبەران دوای چەندین مانگ چاوەڕوانی نیوە مووچەیەک وەربگرن . ئەمە ڕێک وەک ئەو یارییە دەروونییە وایە کە تێیدا پەرلەمان دادەخرێت، دامەزراوەکان سڕ دەکرێن، و یاساکان پێشێل دەکرێن، تەنیا لەبەر ئەوەی دوو لایەنی سیاسی نەیانتوانیوە لەسەر پشکی خۆیان ڕێکبکەون، کەچی بە بێشەرمیشەوە داوا لە خەڵک دەکەن چەپڵە بۆ ئەم بێتواناییە لێبدەن . لەبری ئەوەی ئەم دوو حزبە کێبڕکێ لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بکەن، کێبڕکێ لەسەر ئەوە دەکەن کە کامیان دەتوانێت باشتر پرۆسەی سیاسی ئیفلیج بکات و ژیانی خەڵک زیاتر بخاتە ناو گێژاوەوە، تا لە کۆتاییدا هەردووکیان لە پشتی پەردەوە پێکەوە دابنیشن و کێکەکە بەش بکەن .


بۆ هاوڵاتییەکی ماندوو کە ڕۆژانە شەڕی مانەوە دەکات، هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان دروشمی ڕەتکردنەوە و بەڵێنی جێبەجێکردندا، چونکە لە هەر دوو حاڵەتەکەدا ئەوەی دەدۆڕێت تەنیا گیرفان و کەرامەتی میللەتە . باوکێک کە ناتوانێت کرێی خانووەکەی بدات، یان گەنجێک کە بەهۆی بێکارییەوە بیر لە ڕێگەی مەرگ و کۆچکردن دەکاتەوە، زۆر باش تێگەیشتووە کە ئەم ڕووبەڕووبوونەوە سیاسییە تەنیا یارییەکە بۆ کات کوشتن و سەرقاڵکردنی شەقام، نەک بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی قەیرانەکان . لەم وڵاتەدا، کاتێک سەرکردەکان شەڕ دەکەن، میللەت باجەکەی دەدات، و کاتێکیش ئاشت دەبنەوە، دیسان هەر میللەت باجەکەی دەدات؛ چونکە ئامانجی سەرەکیی ئەم سیستەمە دروستکردنی قەیران و شاردنەوەی شکستە یەک لە دوای یەکەکانیانە لەژێر پەردەی ململانێی حزبییدا . لە کۆتاییدا، هەرێمی کوردستان بووەتە گەورەترین قوربانیی ئەم “بەڵێ” و “نەخێر”ە گاڵتەجاڕییە، کە تێیدا تەنیا شتێک کە ڕاستەقینەیە، نەهامەتی و بێهیوایی خەڵکە کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت