داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەغدا کرا

ئەمرۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ( ٨ ی نیسانی ٢٠٢٦ ) بڕی ( ٤٣،٠٩٤،١٤١،٠٠٠ ) چل و سێ ملیارو نەوەدو چوار ملیۆن و سەدو چل و یەک هەزار دینار وەک داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی ئازار بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری ٨ ی نیسانی ٢٠٢٦

تەیف سامی: زمانی کوردی لەناو سیستەمی گومرگی ئەسیکۆدا بەکاربهێنرێت

وەزیری دارایی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تەکنیکی کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنەی بۆ سیستەمی گومرگی؟ ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان کراوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی ​وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، ئەمڕۆ8ی نیسان، وەزیری دارایی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد بۆ گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەی ڕێککەوتنی جێبەجێکردنی سیستەمی گومرگی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان، ئەویش بە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری لە کۆبوونەوەکەی 6ی نیسانی 2026.

لە کۆبونەوەکەدا بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گشتی گومرگی فیداڵی و بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان و یاریدەدەری و ڕاوێژکاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی بەشی تەکنەلۆجیای زانیاری و بەڕێوەبەری بەشی یاسایی دەستەی گشتیی گومرگیی فیدراڵی و هەروەها تیمی پسپۆڕانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئامادەبوون.

بەپێی ڕاگەیانراوەکە ​لە کۆبونەوەکەدا، وەزیری دارایی جەختی لەسەر پێویستی ڕەچاوکردنی یاساکان لە ناو سیستەمی ئەسیکۆدادا کرد و هەروەها جەختی لەسەر پێویستی دیاریکردنی هەموو پێچەوانەییە یاساییەکان لە نێوان هەردوو لایەنەکەدا کرد بۆ مەبەستی هەماهەنگییان و وەرگرتنی ڕەزامەندی فەرمی بۆیان.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، بڕیاردراوە تیمی ئەسیکۆدا بۆ هەرێمی کوردستان پێکبێت بۆ ئەوەی بەشێک بێت لە تیمی نیشتمانی یەکگرتوو.

جەخت کرایەوە لەسەر تەواوکردنی هەموو پێداویستییەکانی سیستەمەکە لەلایەن کۆمپانیاکانی پەیوەندیدار لە هەرێمی کوردستان و دیاریکردنی دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەکانی هەر لایەنێک بە وردی بۆ دڵنیابوون لە ڕێڕەوی کارەکە.

لە ناوەڕۆکی ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بەوە دراوە، تەییف سامی، وەزیری دارایی عێراق بڕیاریدا “زمانی کوردی لەنێو سیستمەکەدا هەبێ و لە کاتی جێبەجێکردنی راستەقینەدا لە فۆرمەکاندا پەسند بکرێ، هاوشێوەی زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی بۆ دڵنیابوون لە ئاسانیی بەکارهێنان.”

وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، رێککەوتنەکە دەستپێکردنی پڕۆگرامێکی راهێنانی گشتگیری لەخۆگرت کە تێیدا تیمی نیشتمانی راهێنان بەو کارمەندانە دەکات کە لەسەر سیستمەکە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بە شێوەیەک کە کارامەیی تەکنیکی بەرزبکاتەوە و پێوەرەکانی بەڕێوەبردنی گومرگی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان یەکبخات.

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا

​ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمارکرد. ئەم گۆڕانکارییەش دوای ئەو دڵەڕاوکێیانە دێت کە پەیوەستن بە دۆخی تەنگەی هورمز و ئەگەری کۆنترۆڵکردنی لەلایەن ئێرانەوە.

​نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 2 دۆلار و 60 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 97 دۆلار و 35 سەنت.

هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و بە 97 دۆلار و 43 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، دوای ئەوەی 3 دۆلار و 2 سەنت چووە سەر نرخەکەی.

​ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە دوێنێ چوارشەممە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئاگربەست لە نێوان ئێران و ئەمریکا، نرخەکان دابەزینیان بەخۆوە بینی و بۆ خوار 100 دۆلار دابەزین، بەڵام جارێکی دیکە بەهۆی ئاڵۆزییەکان ڕوویان لە بەرزبوونەوە کردووەتەوە.

راگەیندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری

وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند ، وەزارەتی دارایی عێراق بەشێک لە تەمویلی مووچەی مانگی ئازاری نەناردووە

هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو لەگەڵ گەیشتنی تەمویلی موچەی مانگی ئازار، وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدراڵ بڕی (٢١،٤٠٧،٥٩٥،٣٧٥) بیست و یەک ملیار و چوار سەد و حەوت ملیۆن و پێنج سەد و نەوەد و پێنج هەزار دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی ئازار نەناردووە، کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری ٩ی نیسانی ٢٠٢٦

‎کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

2026

کەش/ ئاسمان نیمچە هەور و ناوچە شاخاوییەکان هەوری زیاتر دەبێت .ئەگەری باران بارین لە ناوچەی جیا جیا بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکان هەیە بە شێوەی گەواڵە بارانی لە ناکاو و کە هەندێ کات هەورە تریشقەی لەگەڵ دەبێت ، پێشبینی نمە بارانی کەم دەکرێت بۆ سەنتەری پارێزگاکان لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ بە تایبە پاڕێزگای (سلێمانی دهۆک هەڵەبجە).سەنتەری قەزاو ناحیەکانی ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری گەواڵە بارانی دەبێت .لە شەودا کەشەکە تا ڕادەیەک سەقامگیر دەبێت ئاسمان بە نیمچە هەوری دەمێنێتەوە .

خێراى با / لەسەرخۆ- مامناوەند ( 10 – 20 ) کم/ ک.

ئاراستەی با / باشووری ڕۆژئاوا دەبێت.

مەوداى بینین / لەنێوان ( 8 – 10 ) کم دەبێت.

پلەکانی گەرما / بەرز دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوی دوێنێ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمرۆ:

هەولێر: 19 پلەی سیلیزی

پیرمام: 15 پلەی سیلیزی

سۆران: 17 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران: 12 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 18 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: 19 پلەی سیلیزی

دهۆک: 19 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 20 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 20 پلەی سیلیزی

گەرمیان: 23 پلەی سیلیزی

سبەى پێنج شەممە 9 – 4 – 2026

کەش/ بە گشتی ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت لە ناوچە شاخاوییەکان هەور زیاتر دەبێت. ئەگەری باران بارین لە ناوچەی جیا جیا بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکان لە هەندێ کاتدا پێشبینی باران بە شێوەی بارانی بەهاری و گەواڵە بارانی کورت خایەن دەبێت هەندێ ناوچە کەشەکەی سەقامگیرە هەندێ ناوچەی تر ئەگەری لێزمە بارانی دەبێت لەگەڵ بوونی هەورە تریشقە. سەبارەت بە کاریگەری ئەو باران بارینەی پێشبینی دەکرێت بۆ سبەی پێنج شەممە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ و بەشێک لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانی هەندێ کات باران بارینی مامناوەندی دەبێت .

خێراى با / لەسەرخۆ- مامناوەند (10– 20) کم/ک.

ئاراستەی با / باشووری ڕۆژئاوا دەبێت.

مەوداى بینین / لەنێوان ( 7 – 9 ) کم دەبێت.

پلەکانی گەرما / کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراورد با تۆمارکراوەکانی ئەمرۆ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر: 20 پلەی سیلیزی

پیرمام: 16 پلەی سیلیزی

سۆران: 18 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران: 13 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 19 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: 20 پلەی سیلیزی

دهۆک: 20 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 20 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 21 پلەی سیلیزی

گەرمیان: 24 پلەی سیلیزی

8 – 4 – 2026

سەرۆک بارزانی : بێگومان، هەمیشە ئاشتی باشترە لە شەڕ

ڕۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی لەبارەی ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی؛

هیوادارین ئەم ئاگربەستەی نێوان ئەمەریکا و ئیران ئاشتییەکی بەردەوام، و ئاسایش و بەختەوەری بۆ ناوچەکەمان بەدی بهێنێت و ببێتە دەستپێکێک بۆ کۆتاییهاتنی یەکجارەکیی ئەو کێشانەی کە لە ناوچەکەماندا هەیە. بێگومان، هەمیشە ئاشتی باشترە لە شەڕ.

‎بەرهەمهێنانی غاز لە کۆرمۆر دەستپێدەکاتەوە و کارەبا ئاسایی دەبێتەوە

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای چارەسەرکردنی گرفتی تەکنیکی لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ئەمڕۆ بڕی بەرهەمهێنانی غاز ئاسایی دەبێتەوە، بەمەش دۆخی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی ئاسایی دەبێتەوە.

سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە باوکی شەهید وەیسی ئاخر سەعید شێروانی دەکات

ڕۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە پرسە و هاوخەمیی خۆی بە باوکی پێشمەرگەی قارەمان، شەهید (وەیسی ئاخر سەعید شێروانی) و خانەوادە و کەسوکاری ڕاگەیاند. شەهید وەیسی ئاخر سەعید شێروانی یەکێک بوو لە بریندارانی هێرشی مووشەکەکانی ئێران بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە دەڤەری سۆران، کە دوێنێ لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە کۆتایی بە ژیانی هات و شەهید بوو.

سەرۆكی وەزیران: هەرێمی کوردستان ئامادەیە پشتگیریی هەموو هەوڵێک بکات بۆ گەیشتن بە ئاشتیی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند: هێرشەکانی سەر کوردستان بێ پاساو بوون. هیوادارم هەموو هێرشەکان کۆتاییان پێ بێت، وتیشی، هەرێمی کوردستان ئامادەیە پشتگیریی هەموو هەوڵێک بکات بۆ کەمکردنەوەی گرژی و گەیشتن بە ئاشتیی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.

ئەمەش دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

ئومێدەوارم ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران بەردەوام بێت و ڕێخۆشکەر بێت بۆ سەقامگیری و ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا.

سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە هاوکارمان بوون لە پاراستنی هەرێمی کوردستان. هێرشەکانی سەر کوردستان ناڕەوا و بێ پاساو بوون. هیوادارم هەموو هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی سڤیل و پێشمەرگە و ژێرخان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان کۆتاییان پێ بێت.

هەرێمی کوردستان ئامادەیە پشتگیریی هەموو هەوڵێک بکات بۆ کەمکردنەوەی گرژی و گەیشتن بە ئاشتیی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.

👤
Live: 58 Today: 547 📊 Click Here