ڕاگەیاندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری

وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند ، مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لەفەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت.

ڕۆژی پێنج شەممە ( ١٦ ی نیسانی ٢٠٢٦) مووچەی مانگی ئازاری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.

هاوکات لەهەمان ڕۆژدا مووچەی مانگی ئازاری سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کەلەدوای ( ٢٠٢٤/٧/١ ) بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون کەشایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری ١٤ ی نیسانی ٢٠٢٦

لێکتێگەیشتنی نوێی عێراق-سووریا بۆ چالاککردنی پڕۆژە هاوبەشەکانی نەوت و غاز

یوسر برنیە، وەزیری دارایی سووریا، کۆمەڵێک لێکتێگەیشتنی ئابووری نوێی لەگەڵ حکومەتی عێراق ئاشکرا کرد و جەختی کردەوە کە قۆناغی داهاتوو “دەستپێكێکی جۆری” لە دۆسیەی وزە و ئاسانکاری بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بەخۆیەوە دەبینێت.

برنیە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی بەهاری بانکی نێودەوڵەتی لە واشنتن بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاند: “پەیوەندییەکی بەردەوام و بونیادنەر لەگەڵ لایەنی عێراقی هەیە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش دامزراوە.”

وەزیرە سوورییەکە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ عێراق، و هەماهەنگییەکی بەرچاو لە کەرتی نەوت و غازدا دەبێت، هەروەها لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستپێکردنێکی نوێ لەم دۆسیە زیندووەدا دەبینین.”

برنیە ئاماژەی بەوەش کرد کە “دەوڵەتی نوێی سووریا لە کارە لەپێشینەکانیدا لادانی هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم جووڵەی بازرگانی و وەبەرهێنان داناوە،” جەختیشی کردەوە لەسەر “پەرۆشی فەرمی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کەرتی کار لە هەردوو وڵات، تاوەکو پەیوەندییە ئابوورییەکە بگەڕێتەوە بۆ ئاستە ستراتیژییە چاوەڕوانکراوەکە.”

سەبارەت بە جووڵە نێودەوڵەتییەکان لە واشنتن، ئاماژەی بە دەستکەوتێکی گرنگ کرد لە ناو ڕێڕەوەکانی بانکی نێودەوڵەتی، کە تێیدا ڕێککەوتن کراوە لەسەر “پاشکۆیەکی تایبەت” بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی دارایی سووریا و چاکسازی لە دامەزراوە داراییەکاندا، بە ئامانجی بونیادنانی تواناکانی مرۆیی، بەهێزکردنی بەردەوامی، و بەدیهێنانی گۆڕانکاری تەکنەلۆژی دیجیتاڵی لە سیستەمی دارایی سووریادا.

هەروەها برنیە جەختی کردەوە لە هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی “سەنتەری زانیاری” جیهانی، بۆ یارمەتیدانی وەبەرهێنەرانی سووریا تاوەکو بتوانن هاوبەشیی کاریگەر لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەتدا دروست بکەن.

پێش چەند ڕۆژێکیش، عەبدولقادر حەسریە، پارێزگاری بانکی ناوەندی سووریا بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاندبوو کە جووڵەی چاوەڕوانکراو هەیە بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی دارایی لەگەڵ بەغدا، و جەختی کردبووەوە کە پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق هەیە بۆ ڕێکخستنی چالاکییە ئابوورییە هاوبەشەکان بە ئامانجی قووڵکردنەوەی پەیوەندییە بانکییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

نرخی ئەمڕۆی زێڕ و دراوەكان

نرخی ئەمڕۆی زێڕ و دراوەكان – چوارشەممە 15/4/2026:

100 دۆلار = 154,750 دینار

100 یۆرۆ = 182,200 دینار

100 دۆلار = 4500 لیرەی توركی

100 دۆلار = 13,500,000 تومەن

یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 18 = 892,000 دینار

یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 21 = 1,040,000 هەزار دینار

یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 24 = 1,189,000 دینار

نرخی نەوت بەردەوامە لە دابەزین

​ئەمڕۆ چوارشەممە، بازاڕەکانی وزە نزمبوونەوەیەکی بەرچاویان تێدا تۆمارکرا. ئەم دابەزینە بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی هیواکان سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا.

​​لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت 52 سەنت دابەزی و گەیشتە 94 دۆلار و 27 سەنت. جێی ئاماژەیە کە دوێنێش ئەم جۆرە نەوتە دابەزینێکی گەورەی بەڕێژەی 4.6% تۆمار کردبوو.

هاوکات ​نەوتی سووکی تەکساس (WTI) پشکی شێری بەرکەوتووە لە دابەزین و نرخەکەی 1 دۆلار و 4 سەنت دابەزی، بەمەش بە 90 دۆلار و 24 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. ئەمە لەکاتێکدایە کە دوێنێ بەڕێژەی 7.9% نرخەکەی لەدەستدابوو.

چاودێران پێیان وایە هەر رێککەوتنێک لەم بوارەدا، رێخۆشکەر دەبێت بۆ ئاساییکردنەوەی هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە تەنگەی هورمز و گەڕانەوەی بڕێکی زۆری نەوتی کەنداو بۆ بازاڕە جیهانییەکان.

بەهۆی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ، هاوردەکردنی چەندین بەرهەم قەدەخە کراوە

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر رایگه‌یاند: لەگەڵ پێگەیشتنی هەر بەرهەمێکی ناوخۆیی، دەستبەجێ رێکارەکانی داخستنی سنوورەکان بەرووی بەرهەمی هاوردەدا دەستپێدەکەین. ئەم هەنگاوە بە مەبەستی پشتیوانیکردنی جووتیاران، زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، رەخساندنی هەلی کار و بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵە لە سنووری پارێزگای هەولێر.

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر له‌بڵاو كراوه‌یه‌كدا كه‌ بۆ زاگرۆس هاتووه‌ رایگه‌یاند: بەهۆی زۆریی رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو، پلەکانی گەرما دابەزینێکی کەمیان بەخۆوە بینیوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کەمێک درەنگتر پێبگەن. سەرەڕای ئەوەش، ئێستا بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای هەولێر بە بەرهەمی جۆراوجۆری ناوخۆیی دەوڵەمەند کراون.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا چەندین جۆر بەرهەمی ناوخۆیی لە بازاڕەکاندان، لەوانە: (پەتاتە، باقڵە، خەیار، چەوەندەر، خاس، کەلەرم، شەلە، سێوی بنەرد) و چەندین جۆر گیای بەهاری خواستی زۆری کلتوورییان لەسەرە. هەروەها پێشبینی دەکرێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، لە ناوەڕاستی مانگی پێنجدا بەرهەمی تەماتە و چەندین بەرهەمی تری سنووری پارێزگای هەولێر پێبگەن.

ده‌شڵێت: لە ئێستادا بەرهەمی مریشک زۆر لە پێویستی ناوخۆ زیاترە. هەروەها بەرهەمی هێلکەی ناوخۆ سێ هێندەی پێداویستییە، هەر بۆیە بڕیاری قەدەخەی تەواوەتی بۆ هاوردەکردنی مریشک و هێلکە دەرکراوە و تەنیا پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی دەبەسترێت.

بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك له‌ ئیداره‌ی سۆران ڕووی دا

بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران ڕووی دا و به‌شێك له‌ هاووڵاتیان هه‌ستیان پێ كردووه‌.

له‌ باره‌ی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ شێروان پێنجوێنی، شاره‌زای كه‌شناسی ڕایگه‌یاند، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلەی ڕێختەر لە نێوان سنوورەکانی ئیدارەی سۆران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی دا.

گوتیشی: “بوومه‌له‌رزه‌كه‌ لە قوڵایی 5 کیلۆ مەتر و لە دووری 12 کیلۆ مەتر لە سەنتەری قەزای چۆمان بووه‌ و هه‌روه‌ها لە دووری 103 کیلۆ مەتر لە سەنتەری هەولێر دوور بووە.”

ڕاشیگه‌یاند، چەقی بوومەلەرزەکە گوندی گوڵ گەش بووە لە باکووری رۆژهه‌ڵاتی قەزای چۆمان.

کاروان ستونی : تكایه‌ خۆتان له‌ حه‌جی نافه‌رمی بپارێزن

كاروان ستونی گوته‌بێژی فه‌رمی حه‌ج و عومڕه‌ی كوردستان راگه‌یاند ساڵانه‌ ئێمه‌ له‌رێگه‌ی میدیاكانه‌وه‌ ئاگاداری هاووڵاتیان ده‌كه‌ین كه‌ خۆیان به‌ دوور بگرن له‌ ئه‌نجامدانی فه‌ریزه‌ی حه‌ج به‌ رێگه‌ی نایاسایی چونكه‌ تووشی ده‌ستگیركردن وسزای قورس ده‌بنه‌وه‌.

گوته‌بێژی حه‌ج و عومڕه‌ی كوردستان ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه‌ ئه‌مسالێش له‌ رێگه‌ی رێزدار مه‌سرور بارزانییه‌وه‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پاڵپشتی زۆری پرۆسه‌ی حه‌ج كراوه‌ وه‌كوو ساڵانی رابردوو بۆ ئه‌وه‌ی باشترین خزمه‌ت پێشكه‌ش به‌ حاجیان بكرێت و ئه‌مه‌یش جیا ده‌كاته‌وه‌ له‌و حه‌جه‌ی كه‌ به‌ رێگه‌ی نافه‌رمی و نایاسایی به‌ بێ هه‌بوونی خزمه‌تگوزاری له‌ رێگه‌ی كه‌سانی گوماناوییه‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌گه‌ر بكرێت.

كاروان ستونی هه‌روه‌ها راگه‌یاند له‌ نوێترین رێككاره‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌ چه‌ندین رێنمایی و رێككاری توندی راگه‌یاندووه‌ بۆ هه‌ر كه‌سێك كه‌ به‌ بێ مۆڵه‌تی فه‌رمی حه‌ج بكات له‌وانه‌ هه‌ر كه‌سێك هه‌وڵ بدات به‌ بێ رێگه‌پێدانی فه‌رمی حه‌ج بكات به‌ بڕی 20 هه‌زار ریاڵی سعوودی سزا ده‌درێت كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی هه‌شت ملیۆن دیناری عیراقی.

گوته‌بێژی فه‌رمی حه‌ج و عومڕه‌ی كوردستان هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو هه‌ر له‌ رێككاره‌كانی وه‌زاره‌تی سعوودیه‌دا هاتووه‌ كه‌ سزاكه‌ له‌ حاڵه‌تێكه‌وه‌ بۆ حاڵه‌تێكی دیكه‌ گۆرانكاری به‌سه‌ردا دێت كه‌ زۆرتریان ده‌گاته‌ 100 هه‌زار ریال كه‌ نزیكه‌ی 40 ملیۆن دیناری عیراقی هه‌روه‌ها كه‌سێكی سه‌رپێچیكار جگه‌ی له‌وه‌ی ره‌وانه‌ی وڵاته‌كه‌ی ده‌كرێته‌وه‌ بۆی نابێت تاوه‌كوو 10 ساڵی دیكه‌ سه‌ردانی سعوودیه‌ بكاته‌وه‌.

كاروان ستونی هه‌روه‌ها له‌ درێژی لێدوانه‌كه‌یدا هاووڵاتیانی ئاگادار كردووته‌وه‌ كه‌ خۆیان به‌ دوور بگرن له‌و ریكلام و بانگه‌شانه‌ی كه‌ له‌ تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كرێت به‌ هه‌بوونی حه‌جی بازرگانی یاخود حه‌جێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌ی حه‌ج كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌بێت چونكه‌ دواجار هاووڵاتی زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بێت و ره‌نگه‌ پاره‌كه‌یش له‌ ده‌ست بدات.

کشتوکاڵی هەولێر: بازاڕەکان بە بەرهەمی جۆراوجۆری ناوخۆیی دەوڵەمەند کراون

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر رایگەیاند، کە پێشبینی دەکرێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، لە ناوەڕاستی مانگی پێنجدا بەرهەمی تەماتە و چەندین بەرهەمی تری سنووری پارێزگای هەولێر پێبگەن.

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: ئێستا بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای هەولێر بە بەرهەمی جۆراوجۆری ناوخۆیی دەوڵەمەند کراون، بەلام بەهۆی زۆریی رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو، پلەکانی گەرما دابەزینێکی کەمیان بەخۆوە بینیوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کەمێک درەنگتر پێبگەن.

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر گووتی: ئێستا چەندین جۆر بەرهەمی ناوخۆیی لە بازاڕەکاندان، پەتاتە، باقڵە، خەیار، چەوەندەر، خاس، کەلەرم، شەلە، سێوی بنەرد، و چەندین جۆر گیای بەهاری خواستی زۆری کلتوورییان لەسەرە، هەروەها پێشبینی دەکرێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، لە ناوەڕاستی مانگی پێنجدا بەرهەمی تەماتە و چەندین بەرهەمی تری سنووری پارێزگای هەولێر پێبگەن.

هەروەها هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر ئەوەشی بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە لەگەڵ پێگەیشتنی هەر بەرهەمێکی ناوخۆیی، دەستبەجێ رێکارەکانی داخستنی سنوورەکان بەرووی بەرهەمی هاوردەدا دەستپێدەکەین، ئەم هەنگاوە بە مەبەستی پشتیوانیکردنی جووتیاران، زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، رەخساندنی هەلی کار و بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵە لە سنووری پارێزگای هەولێر.

رێباز یونس

بەیاننامەیەک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکەوە

جەماوەری خۆشەویست و تێکۆشەری شاری کەرکووک، کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان و نیشتمانپەروەران، ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایدەگەیەنین کە بەشداری کۆبوونەوەی سبەی (١٦ی نیسان)ی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ناکەین و بایکۆتی دەکەین. ئەم بڕیارەمان تەنها هەڵوێستێکی سیاسی نییە، بەڵکو درێژەی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی پێشوومانە، لەوانە بایکۆتی کۆبوونەوەی هۆتێل ڕەشید؛ چونکە بڕوامان وایە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی کەرکووک لە ژوورە تاریکەکان و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئیرادەی ڕاستەقینەی نوێنەرانی شارەکە و دەنگی ئێوەی دڵسۆز، زیان بە پێکەوەژیان و دەسکەوتە نەتەوەییەکان دەگەیەنێت. ئەم بایکۆتە نیشانەی دووربینیی سیاسیەتی حەکیمانەی پارتیمانە و پابەندبوونمانە بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانی؛ ئێمە ئامادە نین ببینە بەشێک لە پڕۆسەیەک کە تێیدا نوێنەرانی شەرعی پەراوێز بخرێن و بڕیارەکان لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵک بسەپێندرێن. پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە ئامادەیە باجی کوردایەتی بدات و سازش لەسەر مافە نەتەوەییەکان نەکات، وەرگرتنی پۆستیش بەلاوە گرنگ نییە ئەگەر باجەکەی پاشکۆیەتی و بێدەنگبوون بێت. ئێمە وەک چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان دەمێنینەوە و تەنها پشتگیری لە تەباییەکی وا دەکەین کە مافی هەمووان بە دادپەروەری بپارێزێت و کەرامەتی هاوڵاتیانی کەرکووک لە سەروو هەموو شتێکەوە دابنێت.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ١٥ی نیسانی ٢٠٢٦

دۆخی غاز ئاسایی بووەتەوە

بەرپرسی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند، کە بەرهەمهێنانەوەی غازی کۆرمۆر، ئێستا ڕۆژانە نزیکەی 10 تانکەر غاز بۆ هەولێر دابین دەکرێت، بەمەش لەسەرووی 50% دۆخی غاز ئاسایی بووەتەوە.

سالار محەممەد، بەرپرسی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: تاوەکو ئێستا 410 هەزار خێزان لە دروستکردنی کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنی سوودمەند بوونە. 15 هەزار مامەڵەی دروستکردنی کارت لەو خێزانانە وەرگیراوە کە فۆڕمی خۆراکیان سنووری ماددەی 140 و لە شاری هەولێر نیشتەجێن، لەو ڕێژەیەش 11 هەزار کارت تەواوکراون.

بەرپرسی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر گووتی: مامەڵەی شەش هەزار کارتی ئەو هاووڵاتیانە تەواو کراون کە لەم دواییە ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە و لە هەفتەی داهاتوو دەتوانن کارتەکانیان وەربگرنەوە.

سالار محەممەد، بەرپرسی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە پێش دروست بوونی گرژییەکانی ناوچەکە، ڕۆژانە 14 بۆ 18 تانکەری 20 تۆنیی غاز بۆ پارێزگای هەولێر دابین دەکرا، لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕ ڕێژەکە بۆ سێ تانکەر دابەزی، بەڵام دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە و دەستکردن بە بەرهەمهێنانەوەی غازی کۆرمۆر، ئێستا ڕۆژانە نزیکەی 10 تانکەر غاز بۆ هەولێر دابین دەکرێت، بەمەش لەسەرووی 50% دۆخی غاز ئاسایی بووەتەوە.

👤
Live: 34 Today: 722 📊 Click Here