ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە پەیوەندی و هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی حوزەیرانی 2026، بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی، و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ژمارەیەک بابەتی گرنگی تاوتوێ کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران باسی لە دۆخی ئەو فەرمانبەرانە کرد کە خانەنشین بوون و هێشتا مووچەی خانەنشینییان وەرنەگرتووە. لەم بارەیەوە، جەخت لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە بە شێوەیەکی خێرا و یاسایی کرایەوە و ڕاسپاردەی پێویست بە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان درا تا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ، هەموو هەنگاوە یاسایی و کارگێڕییەکان بگرنەبەر بۆ دابینکردنی مووچەی خانەنشینی ئەو کەسانە لە ڕۆژی شایستەبوونیانەوە.

پاشان، ئەنجومەنی وەزیران بابەتی وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە، لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەی وەرگرتنی گەنم، بە وردی تاوتوێ کرد. لەم بارەیەوە، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕاپۆرتێکی وردی پشتبەستوو بە زانیاری و داتا و ژمارەی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر تەواوی تەوەرەکان و بڕی گەنمی بەرهەمهاتوو و ئەو ئاستەنگانەی لە ڕێگەی وەرگرتنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمەکاندا هەن، هەروەها هەوڵەکانی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم لەم بارەیەوە لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ . دواتر هەر یەک لە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، زانیاری و وردەکاریی پێویستیان لەسەر ئەم بابەتە خستە ڕوو.

دوای گفتوگۆی فراوان و ڕاگۆڕینەوەی بۆچوونەکان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، پەیوەندی و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم وەرگرتنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستاندان. بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بازرگانی و پیشەسازی، لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان، ڕاسپێردران بە هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش، میکانیزمێکی گونجاو دابنێن بۆ ساخکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان. ئەنجومەنی وەزیران هەروەها جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی حکومەتی فیدڕاڵ، وەک لایەنی بەرپرسیار، پێویستە پلانی وەرگرتنەوەی گەنمی جووتیاران، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان جێبەجێ بکات و لە هەمان کاتدا، تایبەتمەندی و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستانیش لەبەرچاو بگرێت.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، بابەتی شایستەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ خانەنشینی تاوتوێ کرا. ئەو ئەندامانەی مەرجە یاساییەکانی تەمەن و ماوەی خزمەتی پێویست بۆ خانەنشینییان تەواو کردووە، بۆ ئەوەی بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی خانەنشینی، مافی تەواوی خانەنشینییان هەیە و دەبێت ئەم مافەیان پارێزراو بێت.

بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی دا، کە لە سەرۆکایەتی دیوان، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران و هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و ئابووری پێکدێت، بۆ دانانی ڕێکار و میکانیزمی پێویست بە پێی یاسا و ڕێنماییە پەیوەندیدارەکان و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنیان بە شێوەیەکی دروست.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆیەکی وردی لەسەر خەرجییەکانی بودجەی حاکیمە کرد؛ ئەو خەرجیانەی لە بودجەی گشتی فیدڕاڵییەوە بۆ هەرێم تەرخان دەکرێت، لەوانەش بابەتی پسووڵەی خۆراک و سەبەتەی خۆراکیی مانگانە.

ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ پشتگیریکردنی لە هەنگاوەکانی حکومەتی فیدڕاڵ بۆ چاکسازی و ڕێکخستنەوەی سیستەمی سەبەتەی خۆراک، جەختی لەسەر مافی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ وەرگرتنی بەشی شایستە و یاسایی خۆی لە خەرجییە حاکیمەکان، وەک خۆراک، دەرمان، بەبازاڕکردنی گەنم، پشتیوانیی وزە و کارەبا و هتد، بە شێوەیەک کە هاووڵاتیانی هەرێم بە تەواوی سوودمەند بن.

لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی دیوان و سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی ورد، پشتبەستوو بە داتا و زانیاری دروست و بنەما یاسایی و دەستوورییەکان ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی ئەم مافانە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ بە شێوەیەکی ڕوون جێگیر بکرێن، هەروەها ڕێکارە خێرا و کاریگەر بگیرێنەبەر بۆ دڵنیابوون لە وەرگرتنی ماف و شایستەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی حاکیمە.

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە پارێزگاری بەغدا دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 6/17، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەتوان ئەلعەتوانی، پارێزگاری بەغدا و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە پێویستیی پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگی نێوان بەغدا و پارێزگەکانی دیکەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرا لەپێناو باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

پارێزگاری بەغدا ستایشی ئاوەدانی و گەشەپێدانی هەمەلایەنی هەرێمی کوردستانى کرد و خواستی خۆی بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێم نیشان دا.

سەرۆکی حکومەت ئامادەییی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر هاوکارییەکی پێویست لەگەڵ بەغدا و پارێزگەکانی دیکەی عێراق دەربڕی.

کەشناسی: هەفتەی داهاتوو هاوین دەستپێدەکات و پلەکانی گەرما دەگەنە 49 بۆ 50 پلەی سیلیزی

بەپێی حیساباتی فەلەکی، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە وەرزی هاوین بە فەرمی لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.

شارەزایانی کەشناسی رایدەگەیەنن کە لە ڕۆژانی داهاتوودا پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن، کاریگەریی سەرەکیی شەپۆلەکە ڕۆژی شەممە دەبێت کە لە هەندێک ناوچە پلەکانی گەرما دەگەنە 49 بۆ 50 پلەی سیلیزی.

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما وا باشترە هاووڵاتییان لە کاتەکانی پێشنیوەڕۆ تاوەکو عەسر کەمتر بەر تیشکی خۆر بکەون.

مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لەفەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت

ڕۆژی یەک شەممە ( ٢١ ی حوزەیران تا ڕۆژی پێنج شەممە ٢٥ ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە گرێبەستن و تەمویلیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە.

هاوکات لەهەمان کاتدا مووچەی مانگی ئایاری سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کەلەدوای ( ٢٠٢٤/٧/١ ) بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون کەشایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری

١٨ ی حوزەیرانی ٢٠٢٦

مەسرور بارزانی سوپاسی خەلکی پارێزگایی هەلەبجە دەکات

سوپاس و پێزانینێکی زۆرم بۆ خەڵکی خۆشەویست و جوامێر و مرۆڤدۆستی پارێزگەی هەڵەبجە و هەورامان هەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەوڵێکی بێ وچان و کۆششێکی بێ وێنەیان کرد لە دۆزینەوەی تەرمی گەشتیارێکی جوانەمەرگی خەڵکی کەربەلا بە ناوی ڕوقیە ، کە ئەمەش هەرگیز نامۆ نییە بە کولتووری مرۆڤدۆستی و بەخشندەیی خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی دەستخۆشی لە پارێزگاری هەڵەبجە و هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی و هەموو ئەو خۆبەخش و کەسانە دەکەم ڕۆڵیان لە دۆزینەوەی تەرمەکەدا هەبوو.

پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو دەکەم و هاوخەمیانم . خودای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییان پێ ببەخشێت.

بە داخەوە لەم ماوەیەدا، ڕووداو و کارەساتی دڵتەزێنی خنکان زۆر بوون، دەبێ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت ڕێکار و ڕێنمایی پێویستی سەلامەتی لە شوێنە گەشتیارییەکان توندوڵتر بکەن بە تایبەتی لە نزیک ڕووبار و بەنداو و سەرچاوەکانی ئاو ، هەروەها داوا و تکا لە هاووڵاتییان و گەشتیارانی بەڕێز دەکەم کە ئەو ڕێنماییانە لەبەر چاو بگرن و ئاگاداری سەلامەتی خۆیان و کەسوکاریان بن .

نزاکارین لە خودای مەزن کە هەموو لایەک بپارێزێت .

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2026/6/18

ئه‌شواق جاف بۆ زاگرۆس: سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جۆرێك له‌ دڵنیایی به‌ كۆمپانیا به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌كوردستان داوه‌

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان و په‌رله‌مانتاری عێراقیش، باس له‌ گفتووگۆی نێوان سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و نوێنه‌رایه‌تی كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ كوردستان ده‌كات و زانیاری ده‌خاته‌روو.

د.ئه‌شواق جاف، بۆ زاگرۆس گوتی: “كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی كوردستان داوای دڵنیاییان كردووه‌ كه‌ چیتر به‌ ئامانج نه‌گیرێن له‌لایه‌ن گروپه‌كانه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ڵێنی پێداون، به‌ڵأم ئه‌وان داوا ده‌كه‌ن به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان پێبدرێت ئه‌گه‌ر به‌ئامانج بگیرێن قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیش ده‌ڵیت: ( ئه‌گه‌ر له‌ناو خاكی عێراقه‌وه‌ به‌ ئامانج بگیرێت به‌پرسیار ده‌بێت به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ی خاكی عێراقه‌وه‌ به‌رپرسیار نییه‌). و تائیستاش ئه‌م گفتووگۆیانه‌ ماوه‌.

گوتیشی: “ئه‌و شانده‌ی هاتوه‌ته‌ كوردستان شاندێكی باڵای ئه‌منییه‌ سه‌ردانی لایه‌نه‌كانی په‌یوه‌ندیاریان كردووه‌ و هه‌ولێر ده‌یه‌وێت هاوكاری عێراق بكات به‌تایبه‌ت له‌رووی ده‌رچه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وته‌وه‌ و ده‌بێت كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت بپارێزرێن.

مەسرور بارزانی پێشوازی لە واژۆکردنی رێککەوتنەکەی ئەمریکا و ئێران دەکات

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە واژۆکردنی رێککەوتنەکەی ئەمریکا و ئێران دەکات و دەڵێت “هیوادارم ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” پێشوازی لە واژۆکردنی رێککەوتنەکەی ئەمریکا و ئێران کرد.

مەسرور بارزانی دەڵێت: “پێشوازی لە واژۆکردنی رێککەوتنەکەی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دەکەم. هیوادارم ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا”.

ڕێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان: كارا نه‌كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی بۆشایی یاسایی و لاوازبوونی میكانیزمی چاودێری

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەی کرد کە درێژبوونەوەی کارا نەکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەم، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و پەرەپێدانی چوارچێوەی یاسایی هەرێم هەیە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕوونی کردەوە کە زۆربەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەتی ئەوانەی لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و پانۆرامای خولی گشتگیر (UPR) ئاڕاستەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراون، جەخت لەسەر پێویستی دەرچوونی یاسا و هەموارکردنەوەی یاساکان دەکەنەوە. بەپێی وتەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پەرلەمان وەک دامەزراوەی یاسادانان و چاودێری، ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە دەرچوونی یاسا و چاودێریکردن لە جێبەجێکردنیان، بۆیە نەبوونی پەرلەمان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پابەندبوونی هەرێم بە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەبێت.

د. زێباری ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ڕاپۆرتەکانی هەڵسەنگاندنی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ژمارەیەک لە ڕاسپاردەکان هێشتا چاوەڕێی تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکانن، بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندیان بە دەرچوونی یاسا نوێ و هەموارکردنەوەی یاسا هەنووکەییەکانەوە هەیە.

لە هەمان کاتدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەسەر گرنگی پەسەندکردنی ژمارەیەک لە یاسا و پرۆژە یاسا سەرەکییەکان کردەوە کە پەیوەندیان بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری، پاراستنی مافەکانی منداڵ، بیمەی تەندروستی و چاکسازییە یاساییەکانەوە هەیە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی کرد کە کەمبوونی چالاکی یاسادانان دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی یاسایی، کەمبوونەوەی متمانە بە دامەزراوە فەرمییەکان و لاوازبوونی میکانیزمەکانی چاودێری و دادپەروەری. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە چالاککردنەوەی پەرلەمان و دانانی پلانێکی یاسادانان بەپێی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی حوکمڕانی یاسا، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان.

👤
Live: 83 Today: 449 📊 Click Here