کارێراس کۆتایی بە دەنگۆکان هێنا

ئەلڤارۆ کارێراس یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید لە رێگەی ئەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام وەڵامی ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی دایەوە کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە میدیاکان بڵاوکرابوونەوە و باسیان لەوە دەکرد کە ئەو یاریزانە لە دەرەوەی پلانەکانی یانەکەیە و کێشەی لەگەڵ هاوڕێکانیدا هەیە.

ئەو یاریزانە ئاماژەی بەوە کرد کە تەواوی ئەو پڕوپاگەندانە ناڕاستن و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ڕاستی رووداوەکاندا ناگونجێن و دوپاتیکردەوە کە لە یەکەم رۆژی گەڕانەوەی بۆ یانەکە بە تەواوی پابەند بووە بە ڕێنماییەکان و ڕاهێنانەکان و لە ئێستاشدا لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە و هەست بە دڵخۆشیەکی زۆر دەکات.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یاریزانانی تری یانەکە کارێراس روونی کردەوە کە هیچ کێشەیەکی تایبەتی لەگەڵ کەسدا نییە و ئەوەی پێشتر روویداوە تەنها پەیوەندی بە گۆشەگیرییەوە هەبووە و لە ئێستادا ئەو بابەتە چارەسەر کراوە هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە هەمیشە رێزی کارەکەی دەگرێت و هەوڵی زۆری داوە تاوەکو جارێکی تر بگەڕێتەوە و درێسی یانەی شاهانە بپۆشێتەوە.

رۆمیلۆ لوکاکۆ گەرایەوە

دوای زیاتر لە مانگێک دابڕان لە یانەکەی، رۆمیلۆ لوکاکۆ هێرشبەری بەلجیکی گەڕایەوە ناوەندی راهێنانەکانی یانەی ناپۆلی ئیتاڵی، ئەمەش دوای ئەوەی ماوەیەکی درێژ بەهۆی پێکانەوە لە یاریگاکان دوورکەوتبۆوە.

گەڕانەوەی لوکاکۆ لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یانەی ناپۆلی تووشی گرژی ببوو، چونکە ناوبراو بێ هەماهەنگی پێشوەختە بڕیاری دابوو لە وڵاتەکەی خۆی بمێنێتەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، ئەمەش شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و گومانی لەسەر داهاتووی دروست کردبوو.

یانەی ناپۆلی لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا گەڕانەوەی ئەستێرە بەلجیکییەکەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ناوبراو لە ئێستادا دەستی بە راهێنانی تاکە کەسی کردووە، تا بە تەواوی ئامادە دەبێتەوە بۆ بەشداریکردن لە یارییەکاندا.

سەرەتای تەنگژەی نێوان هەردوولا بۆ کۆتایی مانگی ئاداری ڕابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک یانەی ناپۆلی بەهۆی پابەندنەبوونی لوکاکۆ بە کاتە دیاریکراوەکان، هەڕەشەی دوورخستنەوەی یاریزانەکەی کردبوو.

کریستیانۆ جونیۆر پشت لە نەسڕ دەکات

کریستیانۆ جونیۆری تەمەن ١٥ ساڵ و کوڕی ئەفسانەی پورتوگالی، بڕیارێکی چارەنووسساز دەدات و دەیەوێت لە پێناو گەشەپێدانی زیاتری بەهرەکانی لە سعوودیەوە بگەڕێتەوە بۆ ئەوروپا.

هەرچەندە چاوەڕوان دەکرا وەرزی داهاتوو لەگەڵ باوکی لە تیپی یەکەمی نەسڕ یاری بکات، بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو دەیەوێت لە ژینگەیەکی کێبڕکێی بەهێزتردا خەونی یاریکردن لە چامپیۆنزلیگ بەدی بهێنێت.

ئەم یاریزانە لاوە کە خاوەنی ئامارێکی سەرسوڕهێنەرە و لەگەڵ تیپەکانی پێشووی دەیان گۆڵی تۆمارکردووە، ئارەزووی گەڕانەوە بۆ بەریتانیا یان مەدرید دەکات. لە کاتێکدا ناوی بە یانەکانی وەک ڕیاڵ مەدرید، دۆرتمۆند و سپۆرتینگ لیشبۆنەوە دەبەسترێتەوە، خێزانەکەی لە فشارە میدیاییەکان و بەراوردکاری بەردەوامی کوڕەکەیان لەگەڵ باوکی دوودڵن.

کریستیانۆ جونیۆر بە گەڕانەوەی بۆ ئەکادیمیا گەورەکانی ئەوروپا، دەیەوێت لە دەرەوەی سێبەری باوکی بیسەلمێنێت کە دەتوانێت ببێتە یاریزانێکی پیشەگەر لە بەرزترین ئاستدا.

ئەستێرەیەکی ئەڵمانی وازهێنانی لەیاری کردن ڕاگەیاند

لە بەرنامەیەکی سۆشیاڵ میدیاییدا نیکۆڵاس سۆلێ ئەستێرەی ئەڵمانی و یاریزانی یانەی بوروسیا دۆرتمۆند ئاشکرای کرد لەکۆتایی ئەم وەرزە واز لەیاری کردن دەهێنێت،ئەمەش بەهۆی ئەو پێکانە سەخت و ناخۆشانەی دووچاری هاتوونە،کە بەتایبەت پێکانەکەی ئەژنۆ زۆری بێزاری کردوە و دەبێت واز بێهێنێت.

سۆلێ یەکێکە لەو ئەستێرە ئەڵمانیانەی خاوەن دەستکەوتێکی زۆرە لەکاروانی وەرزشی خۆی،لە 2017 هۆفنهایم جێهێشت بۆ بایرن میونخ و لەگەڵ ئەو یانە باڤاریە چامپیۆنزلیگ و خولی ئەڵمانی و جامی جیهانی یانەکانی و جامی ئەڵمانی و جامی سوپەری ئەڵمانی بەدەست هێناوە،دواتریش لەساڵی 2022 ڕوویکردە یانەی بوروسیا دۆرتمۆند.

سۆلێی تەمەن 30 ساڵ لەکاروانی یاری کردنیدا خاوەنی 22 گۆڵە و بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیاش 49 یاری نێودەوڵەتی ئەنجامداوە،بەڵام بەهۆی پێکانەوە خۆری یاری کردنی بەناچاری ئاوا دەبێت.

“سەرکار ڕێبوار”

بایرن میونخ ناوبژیوان تاوانبار دەکات بەوەی هاوکاری یاریزانە پورتوگالیەکانی کردوە

دوێنێ شەو لەیاری گەڕانەوەی قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ یانەی بایرن میونخ و پایس سانجێرمان بە تاکە گۆڵێک بەرامبەر بوو،بەفەرمی یانە فەڕەنسیەکە سەرکەوتە یاری کۆتایی،بەڵام ئەوەی جێگای مشتومڕ و قسە کردنە تاکو ئێستا بڕیارەکانی ناوبژیوانە لەیاریەکەدا،کە توڕەییەکی زۆری دروست کردوە لای یانە باڤاریەکە و هەر دوای یاریەکە هێرشی توندی کرایە سەری و تاوانباریان کرد بە هاوڕێیەتی کردن و نزیکی لە یاریزانە پورتوگالیەکان.

دوای یاریەکە ماکس ئێبرڵ هێرشی کردە سەر ناوبژیوان و وتی؛ ئەو لەبەر یاریزانە پورتوگالیەکانی پاریس دژی ئێمە بوو،تەنانەت قسەی خۆشی لەگەڵ دەکردن لەیاریەکە،بەهەموو پێوەرێک دەبووایە مێندێش کارتی دووەمی زەرد وەرگرێت،بەڵام نازانم بۆچی بڕیارەکەی گۆڕا،ئەو حاڵەتەی نێڤێش پێناڵتی بوو،یان کاتێک هاری کەین ئۆفساید نییە بۆچی دەیکاتە ئۆفساید،من تێناگەم لەم شتانە،بەڵام ئەم کەسە تاوانبارە.

شایەنی باسە ئەوەی مشتومڕی زۆری لەسەرە حاڵەتی دەستەکەی نێڤێشە بەڵام بەپێی یاساکان بێت نابێتە پێناڵی،چونکە نێڤێش نزیک بووە لەشوێنی هاتنی تۆپەکە و دەرفەتی نەبووە،وە هاوڕێکەی بەمەبەستی دوورخستنەوەی لێیداوە،کە نێڤێش بەئەنقەستیش دەستی نەکردۆتەوە،بەڵام ئەمانە ناتوانن دڵی هاندەرانی یانە باڤاریەکە دامرکێننەوە.

“سەرکار ڕێبوار”

دۆناڵد ترامپ؛شەڕێکی گەورەی UFC لە کۆشکی سپی بەڕێوەدەچێت

دوای چاوەڕوانیەکی زۆری هەوادارانی MMA دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری بەڕێوەچوونی ئیڤێنتێکی مێژووییدا لە نێو باخچەی کۆشکی سپی ئەمریکا لە واشنتن،کە بۆ یەکەمین جارە لەمێژوودا کارێکی لەو جۆرە بکرێت.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ترامپ وتی؛ سوپاسی هەمووتان دەکەم،من هەوادارێکی وەرزشیم و حەزم لەوەرزشە،ئەم پیاوانەی لە پشتی منەوە وەستاون بەهێزترین کەسن،ئێمە شەوێکی مێژوویی ڕێکدەخەین و بەهێزترین شەڕەکان ئەنجام دەدرێن،کە هەرگیز ڕووی نەداوە و هەرگیز دووبارە نابێتەوە.

ترامپ ڕێککەوتی 14ی مانگی شەشی دیاریکرد وەکو کاتی بەڕێوەچوونی ئیڤێنتەکە،کە ئەلێکس پێرێرای بەڕازیلی و لیلیاتۆ پۆریای ئیسپانی و جەستن گەیجی ئەمریکی و سیرلی گەین تاکو ئێستا بەشدارن،ڕەنگە چەند یاریزانێکی دیکەش لەو ئیڤێنتە بەشداربن.

“سەرکار ڕێبوار”

پێکانەکان ڕێگری لە بەردەوامبوونی کارڤاخال دەکەن

هەموو ئاماژەکان لەنێو یانەی ریاڵ مەدرید ئەوە دووپات دەکەنەوە کە وەرزی ئێستا دەبێتە دوا وێستگەی دانی کارڤاخال لەگەڵ یانەی شاهانە و ئەم بەرگریکارە تەمەن 34 ساڵانەیە کە گرێبەستەکەی لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی داهاتوو تەواو دەبێت بڕیارە لە هاوینی ئەمساڵدا ماڵئاوایی یەکجاری لە سانتیاگۆ برنابیۆ بکات ئەوەش بەهۆی سیاسەتی یانەکە بەرامبەر یاریزانانی سەروو 30 ساڵ و زۆریی پێکانەکانی لەم دواییانەدا.

کارڤاخال خاوەنی مێژوویەکی زێڕین و پڕ لە دەستکەوتە لەگەڵ مێرێنگی چونکە ئەو یەکێک بوو لەو منداڵانەی لە ساڵی 2004 لەگەڵ ئەفسانە دی ستیفانۆ بەردی بناغەی شارۆچکەی وەرزشی فالدیبێباسیان دانا و دوای گەشتێکی کورت لە یانەی لیڤەرکوزن لە ساڵی 2013 گەڕایەوە بۆ مەدرید و بووە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی هەموو نازناوە ناوخۆیی و ئەوروپییەکانی یانەکە لە دە ساڵی رابردوودا.

ئەو پێکانە قورسانەی لە ئۆکتۆبەری 2024 و نۆڤەمبەری رابردوو تووشی بوو لەگەڵ پێکانە نوێیەکەی لە پەنجەی پێیدا کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ئاستی جەستەیی دانا و دڵنیایییان دا کە ئیتر کاتی ماڵئاوایی هاتووە و چاوەڕوانیش دەکرێت یاریی بەرامبەر ئەتڵەتیک بلباو لە گەڕی کۆتایی لالیگا ببێتە دوایین دەرکەوتنی ئەم ئەفسانەیە لەبەردەم هاندەران بۆ ئەوەی دوای 24 ساڵ خزمەت لە دەرگایەکی گەورەوە ماڵئاوایی لە ماڵەکەی خۆی بکات.

بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ لە بازاڕەکاندا

​ئەمڕۆ چوارشەممە بازاڕەکانی زێڕ گۆڕانکاری بەسەردا هات و بەراورد بە دوێنێ نرخی کانزا گرانبەهاکان ڕوویان لە بەرزبوونەوە کرد، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ گۆڕانکارییە ئابوورییەکان و دابەزینی نرخی نەوت لە ئاستی جیهانیدا.

​لە بازاڕە جیهانییەکان نرخی یەک کیلۆگرام زێڕ گەیشتە 149,822 دۆلار کە بەراورد بە 146,431.7 دۆلاری دوێنێ بەرزبووەتەوە. نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕیش بۆ 4,659.98 دۆلار بەرزبووەتەوە لەکاتێکدا دوێنێ 4,554.53 دۆلار بوو، هەروەها نرخی یەک گرام زێڕ گەیشتە 149.82 دۆلار کە بەراورد بە 146.43 دۆلاری دوێنێ بەرزترە.

​ئەم بەرزبوونەوەیە پەیوەستە بە دابەزینی نرخی نەوت و بەهای دۆلاری ئەمریکی. دابەزینی نرخی نەوت بەهۆی کەمبوونەوەی مەترسییە جیۆسیاسییەکان و بەردەوامی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران وایکردووە بازاڕەکان گۆڕانکاری بەسەردا بێت و زێڕ وەک پەناگەیەکی سەلامەت بەرزبێتەوە.

​لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نرخی فەرمی سەندیکای زێڕنگران، نرخی عەیارەکان بەراورد بە دوێنێ بەم شێوەیە بەرزبوونەتەوە: ​عەیار 22 بە 1,050,320 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت و بەراورد بە دوێنێ 26,100 دینار بەرزبووەتەوە ​عەیار 21 بە 1,002,578 دینارە و بەراورد بە دوێنێ 24,914 دینار بەرزبووەتەوە ​عەیار 18 بە 859,353 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت و بەراورد بە دوێنێ 21,355 دینار بەرزبووەتەوە

نرخی نەوت ڕووی لە دابەزین کرد

​ئەمڕۆ چوارشەممە، لەگەڵ دەستپێکردنی مامەڵەکانی بازاڕەکانی وزە، نرخی نەوت پاشەکشەی بەخۆوە بینی و بەراورد بە نرخی دوێنێ، نرخەکان دابەزینیان تۆمار کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە ​بەپێی دواین زانیارییەکانی بازاڕ، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 107.8 دۆلار، کە بەراورد بە نرخی دوێنێ 6 دۆلار دابەزیوە. هەروەها نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی ئەمریکیش دابەزیوە بۆ 100.2 دۆلار، کە بەراورد بە نرخی دوێنێ 4.6 دۆلار دابەزین نیشان دەدات.

​ئەم دابەزینەی نرخەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکاوە هەیە، کە ئاماژەی بە ئەگەری ڕێککەوتنێک کرد لەگەڵ ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و درێژکردنەوەی ئاگربەست. ئەم هەواڵە دیپلۆماسییە گرژییەکانی بازاڕی کەمکردەوە و وای لە وەبەرهێنەران کرد متمانەی زیاتریان بە جێگیری دۆخەکە هەبێت، ئەمەش کاریگەرییەکانی ئەو دڵەڕاوکێیەی کەمکردەوە کە پێشتر لەسەر گەرووی هورمز و پرسی هاتوچۆی کەشتییە بارهەڵگرەکانی نەوت دروست بووبوو.

نرخی زیو لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی

​لەگەڵ دەستپێکردنەوەی مامەڵەکانی ئەمڕۆ چوارشەممەدا، نرخی کانزا گرانبەهاکان و بە تایبەت زیو گۆڕانکاری بەسەردا هات و بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمارکرد.

​ئەمڕۆ چوارشەممە، بەپێی دواین داتاکانی بازاڕ، نرخی هەر کیلۆگرامێک زیو گەیشتووەتە 2,436.16 دۆلار، هەروەها نرخی هەر ئۆنسەیەکیش بۆ 75.77 دۆلار بەرزبووەتەوە و نرخی یەک گرام زیویش گەیشتووەتە 2.44 دۆلار.

​ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە بەراورد بە نرخی ڕۆژی ڕابردوو، نرخی زیو بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە، بە جۆرێک نرخی کیلۆگرامێک زیو بە بڕی 92.27 دۆلار، نرخی ئۆنسەیەکیش بە بڕی 2.87 دۆلار و نرخی گرامێک زیویش 0.10 سەنت بەرزبووەتەوە.

​شارەزایانی ئابووری پێیان وایە ئەم بەرزبوونەوەیە دەرەنجامی ڕاستەوخۆی دابەزینی نرخی نەوت و بەهای دۆلارە لە بازاڕەکاندا، کە وایکردووە زیو وەک پەناگەیەکی پارێزراو بۆ وەبەرهێنەران دەرکەوێت. لە لایەکی دیکەوە، لێدوانەکانی وەزیری بەرگریی ئەمریکا سەبارەت بە بەردەوامیی ئەو ئاگربەستەی مانگێک لەمەوبەر ڕاگەیێندراوە، هاوکات لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، متمانەی زیاتری بە بازاڕەکان بەخشیوە و وایکردووە جموجۆڵی وەبەرهێنەران لەم بوارەدا چالاکتر بێت.

👤
Live: 34 Today: 859 📊 Click Here