محەممەد شەممەری: بودجەی ساڵی 2026 خزمەتگوزاری دەبێت و پێویستمان بە سەقامگیریی سیاسییە

محەممەد شەممەری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بودجەی ساڵی 2026 عێراق بودجەیەکی خزمەتگوزاری دەبێت و حکومەت هەنگاو دەنێت بۆ گرنگیدانی زیاتر بە پڕۆژەکانی ژێرخان و ئەو کەرتانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ژیانی هاووڵاتییانەوە.

شەممەری لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: “حکومەت سەرنجی خستووەتە سەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و بەتایبەتی گرنگی بە کەرتەکانی کارەبا، ئاو، ڕێگاوبان، تەندروستی و پەروەردە دەدات.”

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشیکردەوە، بودجەی ساڵی 2026مۆرکێکی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی دەبێت، کە تیایدا پاڵپشتی پڕۆژە وەستاوەکان فراوانتر دەکرێت و چەندین پڕۆژەی نوێ لە ژمارەیەک پارێزگا ڕادەگەیەنرێن.

لە بارەی لایەنی ئابوورییەوە، شەممەری باسی لەوە کرد، حکومەت هەوڵدەدات داهاتەکان بەو ئاراستەیە بەکاربهێنێت کە واقیع و بژێوی ژیانی خەڵک باشتر بکات، لەگەڵ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و پاڵپشتیکردنی هەردوو کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی.

سەبارەت بە لایەنی سیاسیش، جەختی کردەوە کە، “قۆناغی داهاتوو پێویستی بە سەقامگیریی سیاسی و هەماهەنگییەکی تەواو هەیە لە نێوان هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان، ئەمەش بۆ زامنکردنی تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە بەبێ دواکەوتن، بەتایبەتی کە شەقامی عێراقی چاوەڕێی چارەسەری ڕاستەقینەیە بۆ دۆسیە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکان.”

شەممەری ئاماژەی بەوەشدا، تەواوکردنی کابینەی وەزاری لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا، کاریگەرییەکی ئەرێنی دەبێت لەسەر جێبەجێکردنی پلانە دارایی و خزمەتگوزارییەکان، چونکە یەکلاییکردنەوەی وەزارەتە ماوەکان توانا و هێزێکی زیاتر دەداتە حکومەت بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکەی و پەسەندکردنی ئەو پڕۆژانەی کە پەیوەستن بە بودجەی نوێوە.

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی: 4 ملیار و 405 ملیۆن دینار له‌ دهۆك بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری خه‌رج ده‌كرێت

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌ سێ فه‌رمانی وه‌زاریدا، ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر خه‌رجكردنی گوژمه‌ی 4,405,743,000 دینار دا به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی شاره‌وانیی دهۆك و ته‌ناهی له‌ پارێزگای دهۆك.

ئه‌و گوژمانه‌ له‌سه‌ر ڕێژه‌كانی 15%ی داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی دهۆك و 100%ی داهاتی فرۆشتنی زه‌ویی ڕوكنی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی ته‌ناهییه كه‌‌ به‌پێی ڕێنمایییه‌كانی داراییی تایبه‌ت به‌ داهاته‌كان له‌سه‌ر پلانی ساڵی 2026 به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی زیاتری دانیشتوانی سنووری شاری دهۆك و ته‌ناهی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاره‌وه‌، ڕه‌زامه‌ندیی خه‌رجكردنی دراوه‌.

گوژمه‌ی 3،035،763،000 سێ ملیار و سی و پێنج ملیۆن و حه‌وت سه‌د و شه‌ست و سێ هه‌زار دینار، له‌سه‌ر ڕێژه‌ی 15%ی داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی دهۆك بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی دهۆك.

گوژمه‌ی 1،337،158،000 یه‌ك ملیار و سێ سه‌د و سی حه‌وت ملیۆن و سه‌د و په‌نجا و هه‌شت هه‌زار دینار، له‌سه‌ر ڕێژه‌ی 100%ی داهاتی فرۆشتنی زه‌ویی ڕوكنی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی ته‌ناهی بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی شه‌قامی ناوخۆیی له‌ كه‌رتی 10ی سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی ته‌ناهی.

گوژمه‌ی 32،822،000 سی و دوو ملیۆن و هه‌شت سه‌د و بیست و دوو هه‌زار دینار، له‌سه‌ر ڕێژه‌ی 15%ی داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی ته‌ناهی به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی شه‌قامی ناوخۆیی له‌ سنووری ئه‌و سه‌رۆكایه‌تییه‌ی شاره‌وانی.

‎عێراق لە ڕیزی پێنج گەورەترین بازاڕی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی تورکیایە لە ساڵی 2025دا

بەپێی نوێترین ئامارە ئابوورییەکان، عێراق پێگەی خۆی وەک یەکێک لە پێنج گەورەترین هاوردەکارانی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی تورکیا لە ساڵی 2025دا پاراستووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەناردەی شیر و بەرهەمەکانی ئەنقەرە بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە لە گەشەکردن.

کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی شیر و شیرەمەنییە پێچراوەکان لە تورکیا (ASUD) لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاشکرای کرد، عێراق لەگەڵ وڵاتانی جەزائیر، سعوودیە، قوبرسی باکوور و ئیمارات، پێنج گەورەترین بازاڕی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی تورکیان. ئەم پێنج وڵاتە بە تەنیا %40.7ی کۆی هەناردەی شیرەمەنی تورکیایان لەم ساڵەدا بۆ خۆیان تەرخان کردووە.

لە ڕووی داراییەوە، ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهای هەناردەی شیرەمەنی تورکیا لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 523.3 ملیۆن دۆلار، کە بەراورد بە ساڵی 2024 (489.5 ملیۆن دۆلار) گەشەیەکی بەرچاوی بە ڕێژەی 6.9%بەخۆیەوە بینیوە.

لە نێو بەرهەمە هەناردەکراوەکانیشدا، “پەنیر” لە سەرووی لیستەکەدایە بە بەهای 236 ملیۆن دۆلار، پاش ئەویش بەرهەمەکانی وەک ئاوی پەنیر (Whey)، شیری وشک و ئایسکرێم دێن.

ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە بازاڕی عێراق هێشتا بە شێوەیەکی بەرچاو پشت بە بەرهەمە خۆراکییەکانی تورکیا، بەتایبەت شیرەمەنییەکان دەبەستێت، ئەمەش لە چوارچێوەی فراوانبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان بەغدا و ئەنقەرەدایە.

کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تورکیا لە ئێستادا بەرهەمەکانی بۆ نزیکەی 100 وڵات هەناردە دەکات و پلان و هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ فراوانکردنی بازاڕەکانی لە ناوچەکانی ئاسیا و ئەمریکا.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئاماری تورکیا، عێراق لە ساڵی 2023دا یەکەمین وڵاتی هاوردەکاری بەرهەمە شیرەمەنییەکانی ئەو وڵاتە بووە.

هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق گەیشتووتە نزمترین ئاست

هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق لە رێگەی دەریاوە لە مانگی نیساندا بۆ نزمترین ئاست دابەزیووە و گەیشتوو 131هەزار بەرمیلی رۆژانە.

داتاکانی یەکەی توێژینەوەی وزە کە بنکەکەی لە واشنتۆنە، دەریدەخەن کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا هەناردەکردنی هەناردەکردنی عێراق بەڕێژەی 96% دابەزیوە، لەکاتێکدا بەراورد بە ئاستی مانگی ئازار بەڕێژەی نزیکەی 76% دابەزیوە و گەیشتووە 131 هەزار بەرمیلی رۆژانە.

یەکەی توێژینەوەی وزە جەخت دەكاتەوە ئەم ژمارانە ڕەنگدانەوەی ڕادەی ئەو قەیرانەی کە ڕووبەڕووی کەرتی نەوتی عێراق بووەتەوە، هاوردەکارە گەورەکانی وەک چین و هیندستان لە مانگی ڕابردوودا نەماون.

ئەوەش خراوەتە ڕوو كە كەمی هەناردەی نەوت کورتهێنانی بودجەی لە مانگی ئازارەوە زیاتر کردووە، کاتێک داهاتی نەوت بە ڕێژەی 72% دابەزیوە، دوای ئەوەی پێش ئەوەی قەیرانی گەرووەکان توندتر بێت، لە دەوروبەری حەوت ملیار دۆلاردا بوو.

هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ساڵی 2026 بەم شێوەیە:

مانگی یەک: 3.31 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

مانگی شوبات: 3 ملیۆن و 360 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

مانگی ئازار: 549 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

مانگی نیسان: ڕۆژانە 131 هەزار بەرمیل.

‎نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەوامە لە دابەزین

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەگەڵ بەردەوامی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوت پاشەکشەی زیاتری بەخۆوە بینی و بەراورد بە نرخەکانی دوێنێ، دابەزینێکی بەرچاوی تری تۆمار کرد.

​بەپێی دواین نوێکردنەوەکانی بازاڕ، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 101.7 دۆلار، کە بەراورد بە نرخی دوێنێ 6.1 دۆلار دابەزیوە. هەروەها نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش دابەزیوە بۆ 95.57 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە دوێنێ 4.63 دۆلار دابەزین نیشان دەدات.

​ئەم دابەزینە بەردەوامەی نرخەکان لە کاتێکدایە کە هێشتا بازاڕەکان لەژێر کاریگەری لێدوانە ئەرێنییەکانی تایبەت بە ئەگەری ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێراندان بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست. ئەو کەشە دیپلۆماسییەی دروست بووە، نیگەرانییەکانی وەبەرهێنەرانی سەبارەت بە سەلامەتی گواستنەوەی وزە لە گەرووی هورمز کەمکردووەتەوە، ئەمەش وای کردووە فشارەکان لەسەر بازاڕی نەوت سووک ببن و نرخەکان ڕوو لە نزمبوونەوەی زیاتر بکەن.

نرخی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزی

بەراورد بە چەند ڕۆژی ڕابردوو، نرخی مریشکی زیندوو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆوە بینی و نرخەکەی جێگیر بووە.

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی مریشک بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیبوو، ئەمڕۆ نرخەکەی دابەزیوە و لە ئێستادا یەک کیلۆ مریشک لە بازاڕەکاندا بە (2,250) بۆ (2,500) دینار دەفرۆشرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی یەک کیلۆ مریشک لە سەروو 3 هەزار دینارەوە بوو، بەڵام بەهۆی زۆریی خستنەڕوو لە کێڵگە پەلەوەرییەکانەوە، نرخەکەی ڕووی لە دابەزین کردووە.

لە ئەنبار وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەستیپێکرد و سیستەمێکی نوێ پەیڕەو دەکرێت

ئیدارەی پارێزگای ئەنبار ڕایگەیاند، پڕۆسەی وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جوتیاران بۆ وەرزی 2025-2026 دەستیپێکردووە، بۆ ڕێگری لە قەرەباڵغی و ڕێکخستنی هاتنی بارهەڵگرەکان، ئەمساڵ سیستەمێکی “حیجزی ئەلیکترۆنی” بۆ وەرگرتنی گەنم بەکاردەهێنرێت.

مؤید دلێمی، گوتەبێژی حکوومەتی خۆجێی ئەنبار ڕایگەیاند، لە یەکەم ڕۆژدا نزیکەی 200 بارهەڵگر گەنم گەیەندراونەتە سایلۆی ناوەندی ڕومادی و سایلۆی 5 کیلۆ، ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەت هەموو ئاسانکارییەکی کردووە تاوەکو جوتیاران بەبێ ماندووبوون و بە خێرایی بەرهەمەکانیان ڕادەست بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، عومەر مەشعان دەبووس، پارێزگاری ئەنبار، دوێنێ چوارشەممە، وەرزی دروێنەی گەنمی ڕاگەیاند، بڕیاریدا 10 ملیار دینار بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی پارەی گەنم جوتیاران تەرخان بکرێت، تاوەکو بەبێ دواکەوتن پارەکانیان وەربگرن.

پەرلەمانی عێراق چاوەڕوانی بەرنامەی حکومەتەکەی عەلی زیدی دەکات

هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کارنامەی حکومەتی کاندیدی ڕاسپێردراو (عەلی زیدی) دەگاتە دەستیان.

حەلبوسی ڕایگەیاند، پەرلەمان دوای وەرگرتنی بەرنامە حکومییەکە، ڕاستەوخۆ بەسەر ئەندامانی پەرلەماندا دابەشی دەکات، ئەمەش بە مەبەستی خوێندنەوەی ورد و ئاگاداربوون لە پلان و کارەکانی کابینە نوێیەکە پێش ئەوەی هەنگاوە یاساییەکانی دیکە دەستپێبکەن.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا کۆبووەوە و پرسی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستانیان تاووتوێ کرد.

ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی ئایاری ٢٠٢٦، دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا لەگەڵ (ئێدواردۆ ڕامۆن مێرینۆ دێ مێنا)، بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی ئەو وەزارەتە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە ڤالەنتینا لۆمبێراس، بەرپرسی دێسکی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا و دکتۆر عەلی کازمی، نوێنەری باڵیۆزخانەی عێراق ئامادەی بوون، تیشک خرایە سەر بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە.

تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە پرسی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگی هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکان.

هەر لە دیدارەکەدا، باس لە ڕێگەکانی پەرەپێدانی کاری هاوبەش و ئەنجامدانی پڕۆژەی پێکەوەیی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا کرا.

لای خۆیەوە، ئێدواردۆ ڕامۆن، بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی ئیسپانیا، خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەکە دەربڕی و ئامادەیی وڵاتەکەشی نیشاندا بۆ کارکردن لەسەر پڕۆژەی هاوبەش، بە ئامانجی سوودوەرگرتن لە ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لە بوارە جیاجیاکاندا.

وەزیری ئەوقاف لەگەڵ موفتی و موڕشیدانی حەج کۆبووەوە؛ جەخت لە یەکخستنی فەتواکان دەکرێتەوە

د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەو مامۆستا، موفتی و موڕشیدانە کۆبووەوە کە بڕیارە لە پڕۆسەی حەجی ئەمساڵدا یاوەریی حاجیانی هەرێمی کوردستان بکەن و ڕێنمایی نوێی پێدان.

رۆژیچوارشەممە، ٦ی ئایاری ٢٠٢٦، د. پشتیوان سادق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی، گفتوگۆی لەبارەی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی ئەرک و واجباتەکانی حەجی ئەمساڵ کرد. وەزیری ئەوقاف جەختی لە گرنگیی “کاری پێکەوەیی” کردەوە و داوای کرد مامۆستایان پابەندی “یەک فەتوایی” بن لەسەر بنەمای بەڵگە شەرعییەکان، بەو ئامانجەی باشترین خزمەتگوزاری پێشکەشی حاجیانی کوردستان بکرێت و دووربن لە سەرلێشێوان.

بەپێی پلانەکەی وەزارەتی ئەوقاف، مامۆستایانی ئایینی لە وڵاتی سعوودیە بە بەردەوامی لەگەڵ حاجیان دەبن. بۆ ئەم مەبەستەش خشتەیەکی تایبەتی “ئێشکگری” بۆ موفتییەکان دانراوە تاوەکو بە شێوەیەکی مەیدانی وەڵامی پرسیارە شەرعییەکان و وردەکارییەکانی پڕۆسەکە بۆ حاجیان ڕوون بکەنەوە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەوە کرا کە موڕشیدە ئایینییەکان لە هەموو وێستگە و قۆناغە گرنگەکانی حەجدا یاوەریی حاجیان دەبن؛ لەوانەش: مانەوە لە کێوی عەرەفە، چوون بۆ موزدەلیفە، مانەوە لە مینا، جەمەرات و تاوەکو ئەنجامدانی تەوافی ماڵئاوایی، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی حاجیان ئەرکە ئایینییەکانیان بە دروستی جێبەجێ دەکەن.

👤
Live: 15 Today: 902 📊 Click Here