ئەمرۆ یەكەم كاروانی حاجیانی هەرێمی كوردستان بەرێكەوتن

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند؛ ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێم لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو سعوودیە بەڕێکەوتن.

کاروان ستوونی راشیگەیاند؛ ئەم هەنگاوە دوای هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف دێت، کە لە رێگەی گفتوگۆوە لەگەڵ دەستەی گشتی حەج و عومرەی عێراقی و کۆمپانیای فڕۆکەوانی عێراقی گەیشتنە رێککەوتن بۆ ئەوەی گەشتەکان راستەوخۆ لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمەوە بن.

بڕیارە سبەی هەینی 8 ئایار یەکەم گەشتی حاجیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە بەرەو سعوودیە ئەنجام بدرێت.

بۆ سوودمەنبوونی پێشمەرگە لە ئیمتیاز و یاساکان کۆبوونەوەیەک دەکرێ

بۆ ئەوەی پێشمەرگە هاوشانی هێزە عێراقییەکان بەشێکی سەرەکی بێت لە سوودمەندبوون لەو ئیمتیازات و پڕۆژە یاسا نوێیەکان کۆبونەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق کرا.

بەپێی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ،ئەمڕۆ ٦ی ئایاری ٢٠٢٦، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە هەر یەک لە شێروان دووبەردانی و دکتۆرە چیمەن بارزانی ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق کرد.

ئاماژە بەوە دراوە، ​لە دیدارێکدا، تیشک خرایە سەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق. ئەوەش هاتووە: “هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی یاسایی کردەوە، بە شێوەیەک کە هێزی پێشمەرگە وەک بەشێکی سەرەکی لە سیستەمی بەرگریی عێراق، لە تەواوی بڕیار و یاسا پەیوەندیدارەکان بە هێزە ئەمنییەکانەوە ڕەنگدانەوەی هەبێت.”

جەخت کراوەتەوە ​تەوەرێکی تری گفتوگۆکان تایبەت بوو بەو پڕۆژە یاسایانەی کە خزمەتگوزاری پێشکەش بە هێزە چەکدارەکان دەکەن؛ لەم ڕووەوە جەختکرایەوە کە پێویستە هێزی پێشمەرگە هاوشانی هێزە عێراقییەکانی تر، بەشێکی سەرەکی بێت لە سوودمەندبووان لەو ئیمتیازات و پڕۆژە یاسا نوێیانە.

‎سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ دەکەن

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/7، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ یان يامبۆن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی بەلجیکا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و شانشينى بەلجیکا و دوایین گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی بەلجیکا و وڵاتانی ئەوروپای کرد ، بە تایبەتی لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش.

جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی بەلجیکا ، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەربڕی.

هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.

هاتووچۆی هەولێر گۆڕانکاریی لە ڕێکاری زانینی سزای سەرپێچییەکاندا دەکات

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر ئاگادارییەک ئاراستەی شۆفێران و خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، چیتر لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی هاتووچۆوە سزای سەرپێچییەکان نیشان نادرێن و سیستمەکە گۆڕاوە بۆ ئەپڵیکەیشنێکی تایبەت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە هاوڵاتیان کرد، بۆ زانینی بڕی سزای سەرپێچییەکانیان سەردانی ماڵپەڕی (hawler tp) نەکەن، چونکە ئەو خزمەتگوزارییە لە ماڵپەڕەکەیاندا نەماوە و پەک خراوە.

سەبارەت بە ڕێکاری نوێ بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر سزاکان، هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە: “لەمەودوا زانینی سزاکانی هاتووچۆ تەنیا لە ڕێگەی ئەپی (KRDpass) دەبێت.”

ئەم بڕیارەی هاتووچۆی هەولێر لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان دێت، تاوەکو شۆفێران بتوانن لە ڕێگەی ئەو ئەپڵیکەیشنە نوێیەوە بە شێوەیەکی خێراتر و وردتر دەستیان بە زانیارییەکانی تایبەت بە ئۆتۆمبێلەکانیان ڕابگات.

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پڕۆژەی “ستراتیژیی ڕێڕەوی پایسکل‌سواری” لە سەنتەری شار دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2026/5/7، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی سەرۆکی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە هەنگاوە پراکتیکییەکانی پڕۆژەی “دروستکردنی ڕێڕەو و ڕێکخستنی پایسکل‌سواری” بەڕێوەچوو.

ئومێد خۆشناو لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند، پڕۆژەکە بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێدراوە و ئامانج لێی “خزمەتکردنی تەندروستیی گشتی و کەمکردنەوەی دەرچوونی گازە ژەهراوییەکانی ئۆتۆمبێلە.”

پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، هەولێر دەبێتە “یەکەمین شار لەسەر ئاستی عێراق وەک شارێکی دۆستی ژینگە و تەندروست بۆ هاووڵاتییان.”

سەبارەت بە وردەکاریی ئەندازیاریی پڕۆژەکە، ئاشکرای کرد کە لیژنەیەکی تایبەت وردەکارییەکانیان ئامادە کردووە و لەمەودوا لە نەخشەی بنەڕەتیی ئەو زەوییانەی دابەش دەکرێن، شوێنی تایبەت بە پایسکل و پیادەڕۆ دیاری دەکرێت.

خۆشناو گوتیشی: “بۆ ئەم پڕۆژەیە سوود لە ئەزموونی سەرکەوتووی شاری پاریس وەک دەستەخوشکی هەولێر و وڵاتی هۆڵەندا وەک پێشەنگی جیهانی لە بواری پایسکل‌سواریدا وەردەگرین.”

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە پێکهاتە “بازنەییەکەی” شاری هەولێر زەمینەیەکی گونجاوە بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکە و بەستنەوەی گەڕەکەکان بە ناوەندی شارەوە. بڕیار وایە دوای وەرگرتنی کۆتا سەرنجەکان، پڕۆژەکە دەستبەجێ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ئەمەش وەک “وەرچەرخانێکی مۆدێرن” لە سیستەمی گواستنەوەی پایتەختدا دەبینرێت.

لە نیویۆرک؛ شاندێکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پەیماننامەی کۆچی نێودەوڵەتی دەکات

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری نیویۆرک بەشداری لە زنجیرە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە “پەیماننامەی کۆچی نێودەوڵەتی” دەکات کە لە بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت.

دکتۆر سامی جەلال، ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی هەوالی زاگرۆسی راگەیاند، “رۆژی ٦ـی ئایاری ٢٠٢٦، وەک شاندی وەزارەتی ناوخۆ بەشداریمان کردووە لە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە پەیماننامەی کۆچی نێودەوڵەتی (Global Compact for Migration) لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک.”

ئەم کۆبوونەوانە لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێکخستنی پرسی کۆچ و پاراستنی مافی کۆچبەران و دیاریکردنی چوارچێوەیەک بۆ هاوکاری نێوان وڵاتان بەڕێوەدەچێت.

سەرۆکی دیوان و کونسوڵی گشتیی تورکیا دۆخی گشتیی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/5/7 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، کرد.

لە دیدارێکدا، کە بەڕێز فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری دەرەوە ئامادەی بوو، چەندین تەوەری تایبەت بە پەیوەندییەکان، پرۆسەی سیاسی لە عێراق و دۆخی گشتیی ناوچەکە، خرانە بەر باس.

لە تەوەری پەیوەندییەکاندا، جەخت لە گرنگی و بەردەوامییان کرایەوە و بیروڕا سەبارەت بە چۆنیەتیی پەرەپێدان و پێشخستنیان لە کایە جیاجیاکاندا، کە سوود بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بگەیەنێت، ئاڵوگۆڕ کرا.

سەبارەت بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، باس لە دوا پەرەسەندنەکانی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و کارکردن بۆ سەرخستنی کرا. لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق و ئاڵنگارییەکانی، تیشک خرایە سەر هەنگاوەکان بە ئاراستەی تەواوکردنی ڕێوشوێنە دەستوورییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، لەمبارەیەوە، بەڕێز سەرۆکی دیوان، هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی بۆ یەکخستنی بۆچوونەکان و نزیککردنەوەی لایەنەکان لەپێناو گەڵاڵەکردنی تێگەیشتنێکی هاوبەشی نیشتمانی، ڕوون کردەوە.

ڕەوشی گشتیی هەرێمی، بەتایبەتی دۆخی ناسەقامگیری ناوچەکە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دوایییانە، بەشێکی تری گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو، تیایدا وێڕای هەڵسەنگاندنی لێکەوتەی گرژییەکان بەسەر ناوچەکەوە، بایەخی بەردەوامیدان بە دانوستاندنەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی جێگیر، دووپات کرایەوە.

کاتێک دروشمەکانی گۆڕانکاری دەبنە بڵقی سەر ئاو لە دوای هەڵبژاردن!

ئەنداز خالید احمد

لە هەرێمی کوردستاندا، “ئۆپۆزیسیۆن بوون” زیاتر لە پیشەیەکی وەرزی دەچێت کە تەنها لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بازاڕی گەرم دەبێت، و دواتر ڕاستەوخۆ دەتوێتەوە ناو هەمان ئەو سیستەمەی کە کاتی خۆی جنێوی پێدەدا! لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان (٢٠٢٤) و پەرلەمانی عێراق (٢٠٢٥)، هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و کەسایەتییە ناڕازییەکان بە دروشمی گەورەی وەک “گێڕانەوەی کەرامەت بۆ هاووڵاتیان”، “کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی خێزانی”، و “ڕوخاندنی دووقۆڵی پارتی و یەکێتی” بانگەشەیان دەکرد. بەڵام دوای دەرچوونی ئەنجامەکان، نەک هەر نەیانتوانی ئەو گۆڕانکارییە دروست بکەن، بەڵکو بەشێکی زۆریان چوونە ناو مامەڵە ژێربەژێرەکانەوە یان بێدەنگییان هەڵبژارد.


ئەو پارتە ئۆپۆزیسیۆنانەی کە بەڵێنیان بە خەڵک دەدا دەسەڵات بۆ خەڵک بگەڕێننەوە، ئەمڕۆ لەناو ململانێیەکی ناوخۆیی و بێبەرنامەییدا نوقم بوون. کاتێک پرسیار لەبارەی بەڵێنەکانیانەوە دەکرێت، هەمیشە هەمان پاساو دەهێننەوە؛ یان دەڵێن “ساختەکاری کراوە”، یان باس لەوە دەکەن کە “دەسەڵاتی دوو حزبەکە زۆر لە ئێمە بەهێزترە چونکە پارە و چەکیان بەدەستەوەیە”. ئەوەی کە زۆر ئازارمان دەدات، دەنگی دوژمنەکانمان نییە، بەڵکو بێدەنگیی دۆستەکانمانە.”) خەڵکی کوردستان ئەمڕۆ زۆرتر لە بێدەنگی و پاساوی ئۆپۆزیسیۆن تووڕەن تا لە تاوانەکانی دەسەڵات، چونکە ئەم هێزانە بەناوی پاراستنی مافی هەژارانەوە دەنگیان کۆکردەوە، بەڵام لە کاتی قەیرانە گەورەکانی وەک فرۆشتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک یان بڕینی مووچەدا، ناتوانن بچووکترین فشاری ڕاستەقینە دروست بکەن و تەنها لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکاندا دەردەکەون.


ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ بە ڕوونی دەریخست کە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن (چ نەوەی نوێ بێت کە پێشتر دەنگەکانی بەرز بووبووەوە، چ حزبە ئیسلامییەکان کە قەت نەیانتوانیوە ڕێژەی دەنگەکانیان لە سەدا ١٥ تێپەڕێنن) شکستیان هێنا لە دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ شکاندنی هەژموونی پارتی و یەکێتی. لە ئەنجامدا، ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارە نەک هەر لاواز نەبوون، بەڵکو بەهۆی لاوازی و پەرتەوازەیی ئۆپۆزیسیۆنەوە، توانییان پێگەی خۆیان لە بەغداش بەهێزتر بکەن و ببنەوە بە تاکە بڕیاردەری چارەنووسی هەرێم. ئەمە وای کردووە کە بەشێکی زۆر لە دەنگدەران بێئومێد ببن لە پرۆسەی هەڵبژاردن، و لەبری دەنگدان بە ئۆپۆزیسیۆنێک کە توانای گۆڕانکاریی نییە، پەنا بۆ سووتاندن یان بەتاڵکردنەوەی دەنگەکانیان ببەن وەک ناڕەزایەتییەک دژی تەواوی سیستەمەکە.

ئەی ئەو نەتەوەیەی کە ساڵانێکە دەنگەکانتان بۆ کۆکردنەوەی کورسی بەکاردەهێنرێت و دواتر فڕێ دەدرێنە سەر شەقامەکان؛ ئیتر کاتی ئەوەیە تێبگەن کە کەرامەت و ماف بە دەنگدان بە دروشمی باق و بریق ناگەڕێتەوە. قبوڵکردنی ئۆپۆزیسیۆنێکی ترسنۆک و بێبەرنامە، ڕێک بەقەد قبوڵکردنی دەسەڵاتێکی تاڵانچی مەترسیدارە. هاوار بکەن بە ڕووی ئەم بازرگانە سیاسییانەدا کە تەنها لە کاتی هەڵبژاردندا دێنە دەرگاتان و دواتر لە ژوورە تاریکەکاندا مامەڵە بە دەنگەکانتانەوە دەکەن. ئەم سیستەمە، بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە درۆینەکەیەوە، تەنها چاوەڕێی پاڵنانی ئێوەیە بۆ ئەوەی یەکجارەکی بکەوێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە!

قەڵەمە دیلەکان لە نێوان سەنگەری ڕاستی و سێبەری دەسەڵاتدا !

ئاکام عمر محمد 

سەركوتكردنی دەنگە دلێرەكان لە ئێستادا لەشێوەی فۆڕمی جیا جیادا خۆی نمایشدەكات، دیارترينیان و بەربڵاوترینیان تیرۆری مەعنەوی و كەسایەتییە  لەكەداركردن و دروستكردنی تۆمەتی ناڕەوایە شكاندن و ناوزڕاندنزیندانی کردن و دروست کردنی تۆمەتی ناڕەوا .

لەکاتێکدا دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەسەر سەکۆ نێودەوڵەتییەکاندا باسی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکات،لە پشت دیوارە ئەستوورەکانی زیندان و لە ناو ژوورە تاریکەکانی دادگا حزبییەکاندا مۆدێلێکی نوێ لە حوکمڕانیی پۆلیسی پەیڕەو دەکرێت کە تەنها یەک ئامانجی هەیە ئەویش کپکردنی هەر دەنگێک کە بڵێت نا.
پەسەندکردنی سزای سێ ساڵ و پێنج مانگی دیکە بۆ ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و تەنها لەسەر بنەمای سیناریۆیەکی هەواڵگریی لاواز سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە حکومەتی هەرێم ماوە بەسەرچوو بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی چیتر ناتوانێت جیاوازی لە نێوان یاسا و تۆڵەی سیاسی”بکات.
ئەم بڕیارە نەک هەر نادادییە بەڵکو تیرۆرکردنی مەعنەویی عەدالەتە لەم وڵاتەدا.

دادگایەک لە ژێر فەرمانی ئەسپێردراوەکاندا
چۆن دەکرێت دادگایەک ناوی خۆی بنێت دادگای تەمیز لەکاتێکدا هەموو بەڵگە یاساییەکان نەبوونی ڤیدیۆی کامێراکان،د وەرنەگرتنی شاهیدی شایەتحاڵەکان و پێشێلکارییە ڕێکارییەکان پشتگوێ بخات؟ وەڵامەکە ڕوونە چونکە دادگا لە هەولێر بووەتە پاشکۆی دەزگا ئەمنییەکان.
کاتێک ڕۆژی دادگاییکردن داد-گا دەکرێتە سەربازگە ئەوە مانای وایە دەسەڵات لە قەڵەمەکەی شێروانی دەترسێت نەک لە خودی شێروانی.
شاردنەوەی بڕیاری دادگا بۆ ماوەی ٧٠ ڕۆژ و ئاشکراکردنی لە گەرمەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لە نێوان (ئێران و ئیسرائیل) نیشانەی ترسنۆکیی سیاسیی ئەم کابینەیەیە و خودی مەسروور بارزانی و دەزگا ئەمنییەکانیەتی وا دەزانن دەتوانن لە ژێر دووکەڵی جەنگە هەرێمییەکاندا کەیسی شێروان شێروانی وەک تەرمێکی سیاسی بشارنەوە.
بەڵام ئەوان نەیانزانی کە دەنگی زوڵم لە هەموو دەنگەکان بەرزترە و هیچ تەمومانێک ناتوانێت ڕووی ڕاستەقینەی ئەم دیکتاتۆرییەتە نوێیە دابپۆشێت.

ئەكرێ راستییەكان درەنگ بگەن، بەڵام گومانمان نییە كە  رۆژێك ھەر دەگەن، ئێمەش نەفەسی ئەمەمان هەیە كە بەدیار ئەم وێستگەیە دابنیشین كە لاپەڕەكانی مێژووی ئێمەی هەڵگرتووە” .

پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم حکومەتە ئێکسپایەرە میراتگرانی بەعسە یان پارێزەری کوردایەتی؟
ئەو پارادۆکسە شەرمەزارکەرەی شێروان شێروانی لە بەردەم دادوەرەکاندا هاواری کرد برینێکی قووڵی ئەم دەسەڵاتەیە چۆن دەکرێت بۆ مردنی گەورە جەلادێکی وەک تاهیر جەلیل حەبوشو بەعسییە ئەنفالچییەکان سەکۆکانی هەولێر پڕ بن لە شیوەن و ڕێز بەڵام بۆ ڕۆژنامەنووسێکی وەک شێروانی کە تەنها تاوانی ئازادیخوازییە زیندان و ئەشکەنجە و بڕینی مافە یاساییەکانی (وەک ئازادبوونی مەرجدار) بێتە پێش؟
ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە عەقڵییەتی حوکمڕانی لەم کابینەیەدا درێژکراوەی هەمان ئەو عەقڵییەتە تۆتالیتارەیە کە تەنها زمانی زیندان و سەرکوتکردن دەناسێت.

دەبێت مەسروور بارزانی ئەوە باش بزانێت ئێوە دەتوانن شێروان شێروانی بۆ سێ ساڵ یان سی ساڵی دیکە لە زینداندا بهێڵنەوە دەتوانن دادگاکان بکەنە فەرمانبەرێکی گوێڕایەڵی حزب بەڵام ناتوانن سیمبۆلێک بشکێنن کە ئێستا بووەتە قەڵای بەرخودان.

شێروان شێروانی دەیان جاری تر حوکمی بدەن و
سەدان دەرگای لەسەر کڵۆم بدەن و
هەزاران کەلەپچەی بکەنە دەست ،
هێشتا لەو ڕۆژنامەنوسانە ئازادترە کە بۆ پاروێ نان هەزار درۆ دەکەن.
لەو ڕاوێژکارانە ئازادترە کە بۆ پاروێ نانی ئیسرەحەت سەریان شۆڕکردوە.
لەو بەرپرسانە ئازادترە کە هەموو شتێکن بەرپرس نین.
لەو سەرۆک کۆمارەش ئازاترە کە بە هەزار خۆفرۆشی و کاری ژێر بەژێر بوو بە سەرۆککۆمار.
تەنانەت لە مەسرور بارزانی و مەسعود بارزانیش ئازادترە کە لە پێناو مانەوەیان هیچ نەماوە بۆ تورکیا و ئێرانی نەکەن.
شێروان وەک قەڵای شێروانە لەبەردەم زوڵم و زۆر و چاوشۆڕیەکانی حوکمڕانی کوردی وەستاوە .

شێروان شێروانی لە ناو زیندانەکەی ئێوەدا ئازادترە لەو دادوەرانەی کە بە فەرمانی تەلەفۆنێک بڕیار دەدەن.

ئەم ڕەفتارانە تەنها یەک ئەنجامی دەبێت قووڵکردنەوەی کەلێنی نێوان خەڵک و دەسەڵات و مێژووش وەک کابینەی زیندانیکردنی قەڵەمەکان ناوی ئەم قۆناغە دەنووسێتەوە.
شێروانی بە تەنیا نییە ئەو ئەمڕۆ ویژدانی زیندووی میللەتێکە کە نایەوێت چیتر لە ژێر سێبەری ترسدا بژی.

ئازادی بۆ شێروان شێروانی، ڕوڕەشی بۆ بازرگانانی عەدالەت!

ئامرازەکانی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان


فەرهەنگ فەرهاد عومەر
یەکەم _بەهێزکردنی بنماڵە بۆ چەنها نەوەی داهاتویان هەر دوو حیزبی بنماڵە لە باو و باپیرانیانەوە تەنیا ئەمرۆش نەوەکانیان لە هەوڵ دان کە تەنیا خۆیان بەهێز بکەن کەسانی ئاسای بە چاوێکی کەتری سەیری بکەن چونکە تەنیا حیزبی پارتی و یەکێتی خۆیان بە خاوەنی کوردستان ئەزانن لە کاتێکا هەموومان خاوەنی ئەو کوردستانە.

دووەم_دزینی داهاتی هەرێم کوردستان دابەش کردنی ئەو پارەیە لە بەینی پارتی و یەكێتی بۆ بەهێزکردنی حیزەبکانیان لە کاتێکا داهاتی هەرێمی کوردستان مولکی گشتیە دەبێت بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان بەکار بهێنەوە کەچی ئەوان بۆ بەهێزکردنی هێزە تایبەتەکانیان بەکاری دەهێنن بۆ مانەوەی خۆیان لەسەر حکوم.

سێیەم_چەواشەکاری دایمە بەوە چاوی کەسانی دەورو بەریان ئەبستن کە چاک سازی دەکرێ گەندەلێ نایەڵن لە کاتێکا ئەوان خۆیان داهێنەری گەندەڵین خەریکی پێشێل کردنی مافی خەلکن چەوسانەوەی خەلکن بە ناوی چاک سازیەوە.

چوارەم_دەم بەستنی کەسانی وشیار هەر کاتێک گەندەڵیک ئەنجام ئەدەن کەسانی وشیاری و زیرەک بە مەترسی کارەساتەک دەزان یباسی دەکەن بۆ ئەوەی خەلک وشیار بێت کە چی زولمێک لە کوردستان و میلەت ئەکرێ دەس بەجێ تۆ مەتێکی بۆ هەڵ دەبستن راپێچی زیندانی دەکەن یان تیرۆری دەکەن لەبەر ئەوەی هەرگیز نەتوانێ جارێکی تری قسە بکاتەوە .

👤
Live: 3 Today: 4 📊 Click Here