مباپێ پەیامێک بۆ ئێکێتێکی دەنێرێت

کیلیان مباپێ ئەستێرەی یانەی ڕیاڵ مەدرید پێش یاری ئەمشەوی یانەکەی بەرامبەر بایرن میونخ،لەکەمپی مەشق و ڕاهێنانەکانی یانەکەی پەیامێکی هاوسۆزی بۆ هۆگۆ ئێکێتێکێ هاونیشتیمانی دەنێرێت.

پەیامەکەی مباپێ بۆ ئێکێتێکێ دانانی ستۆریەکی ساتی تووش بوونی یاریزانەکە بوو بە پێکانەکەی و بەدانانی ئیمۆجی دڵتەنگی و نزا کردن بۆ چاکبوونەوەی یاریزانەکە دڵتەنگی خۆی دەربڕی بۆ ئەو پێکانە سەختەی دووچاری بووە.

ئێکێتێکێ شەوی ڕابردوو لەیاری لیڤەرپوڵ بەرامبەر پاریس سانجێرمان دووچاری پێکانێکی سەخت بوو،کە بەپێی زانیاریەکان بێت تاکو مانگی 9ی ئەمساڵ لەیاریگاکان دادەبڕێت،وە بەو شێوەیەش ئەم وەرزەی کۆتایی هاتووە و ناتوانێت لەگەڵ فەڕەنسا بەشداری مۆندیال بکات.

“سەرکار ڕێبوار”

ئەمشەو قۆناغی کۆتایی پاڵەوانیەتی عێراق بۆ یاریە ئەلیکترۆنیەکان بەڕێوەدەچێت و 13 تیمی کوردی بەشدارن

ئەمشەو لە کاتژمێر 7:00 بەکاتی هەرێمی کوردستان پاڵەوانیەتی نیشتیمانی یاریە ئەلیکترۆنیەکانی عێراق بۆ یاری پەبجی مۆبایل بەڕێوەدەچێت،کە لەکۆی 16 تیم 13 تیمیان کوردین،ئەمەش بۆ یەکەمین جارە لەمێژوودا ئەم ژمارە زۆرە لەتیمی کوردی سەربکەون بۆ قۆناغی کۆتایی پاڵەوانیەتیەکە.

پاڵەوانیەتیەکە لەلایەن کۆمپانیای پەبجی ڕاستەوخۆ کراوەتەوە،تیمە کوردیەکانیش ئەمساڵ پشکی شێریان هەیە لە کورسیەکانی پێشەوەی ڕیزبەندی،کە ئەمساڵ 4 تیم دەتوانن بلیتی پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوەی عێراق بەدەست بێنن لەڕێی ئەم کۆتاییەوە،کە لەماوەی 4 ساڵی ڕابردوودا تیمە کوردیەکان پلەی یەکەمینیان لەم پاڵەوانیەتیە بەدەستهێناوە و بوونەتە پاڵەوان لەسەر ئاستی عێراق.

براوەی یەکەمی پاڵەوانیەتیەکە دەبێتە خاوەنی 5 ملیۆن دیناری عێراقی و سەردەکەوێت بۆ پاڵەوانیەتی جیهانی پەبجی،کە ئەویش لە جاکارتای مالیزیا بەڕێوەدەچێت.

“سەرکار ڕێبوار”

نرخی نەوت ئاستی 100 دۆلاریان تێپەڕاند

ئەمڕۆ دووشەممە، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەکی خێرای بەخۆیەوە بینی و جارێکی دیکە سنووری 100 دۆلاری تێپەڕاند. ئەم هەڵکشانە دوای زنجیرەیەک گۆڕانکاری سیاسی و ئابووری دێت کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر بازاڕ هەبووە. ​ نەوتی برێنتی دەریای باکوور تەنیا لە مامەڵەکانی ئەمڕۆدا نزیکەی 6 دۆلار و 71 سەنت چۆتە سەر نرخەکەی، بەمەش نرخی هەر بەرمیلێک گەیشتە 101 دۆلار و 91 سەنت. ​ هاوکات نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بازدانێکی گەورەتری تۆمارکرد و 7 دۆلار و 60 سەنت گرانتر بوو، لە ئێستادا بە 104 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت. ​ هۆکاری سەرەکی ئەم ناسەقامگیرییەی نرخەکان دەگەڕێتەوە بۆ شکستهێنانی دانوستاندنەکانی پاکستان. لە کاردانەوەی ئەمەشدا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا تەنگەی هورمز بەڕووی کەشتییەکانی ئێراندا دادەخەن، ئەمەش ترسی کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوتی لە بازاڕە جیهانییەکاندا دروستکردووە.

هەناردەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکی بۆ یه‌ك مانگ گه‌یشته‌ یەک ملیۆن و 271 هەزار و 200 بەرمیل نه‌وت

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، داهاتی هەناردەی نەوت بۆ مانگی ئادار، نزیکەی دوو ملیار دۆلار بووە، کە بەراورد بە مانگی شوبات نزیکەی پێنج ملیار دۆلار کەمی کردووە و رێژه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌رێگای كوردستانیشه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات.

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق ‘سۆمۆ’ لە راگەیەندراوێکدا کۆی گشتی هەناردە و داهاتی نەوتی عێراقی بۆ مانگی ئادار ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هەناردەی نەوتی خاوی عێراق بۆ مانگی ئادار 18 ملیۆن و 604 هەزار و 951 بەرمیل بووە، داهاتەکەشی زیاتر لە یەک ملیار و 957 ملیۆن و 121 هەزار دۆلار بووە.

بەگوێرەی ئاماری سۆمۆ کۆی قەبارەی نەوتی خاو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، کە لە مانگی رابردوودا هەناردە کراوە، گەیشتووەتە 14 ملیۆن و 561 هەزار و 534 بەرمیل بووە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکی یەک ملیۆن و 271 هەزار و 200 بەرمیل بووە، هەروەها هەناردەی نەوتی کەرکووکیش لەرێگەی بەندەری جەیهان دوو ملیۆن و 772 هەزار و 217 هەزار بەرمیل بووە.

ئەمە لەکاتێکدایە تەنیا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی شوباتدا پێنج ملیۆن و 551 هەزار و 610 بەرمیل بووە.

نرخی بەرمیلێک نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا بۆ خوار 98 دۆلار دابەزی

​ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا ڕووی لە دابەزین کرد، ئەوەش بەهۆی کاریگەریی هەواڵەکانی پەیوەست بە ئەگەری بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و درێژکردنەوەی ئاگربەست.

لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور بۆ گرێبەستەکانی مانگی حوزەیران بە ڕێژەی 1.88٪ دابەزی و گەیشتە 97 دۆلار و 49 سەنت.

هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بۆ ڕادەستکردنی لە مانگی داهاتوودا، دابەزینێکی زیاتری تۆمار کرد و بە ڕێژەی 2٪ نرخەکەی شکا، بە شێوەیەک کە هەر بەرمیلێک بە 96 دۆلار و 91 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

​ئەم گۆڕانکارییانە لە نرخدا لە کاتێکدایە کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دوای تەواوبوونی دانوستاندنەکانی پاکستان و گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی، ڕایگەیاند کە هەنگاوەکانی داهاتوو لە پرۆسەی گفتوگۆکاندا بە تەواوی بەستراوەتەوە بە هەڵوێستی کۆتایی ئێرانەوە.

ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە بازاڕی وزە بە هەستیارییەوە چاودێری ئاراستەی دیپلۆماسی نێوان واشنتن و تاران دەکات، چونکە هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی گرژییەکان و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هاوسەنگی خواست و خستنەڕوو لە جیهاندا دەبێت.

نرخی ئۆنسەیەک زیو بەرزبووەوە و گەیشتەوە 77 دۆلار

ئەمڕۆ سێشەممە 14-4-2026 نرخی زیو لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و نرخی ئۆنسەیەک زیو 1.49 دۆلار زیادی کرد و گەیشتە 77 دۆلار، بەمەش لە ئێستادا نرخی 1 کیلۆگرام زیو بە 2,475 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

ئەم گۆڕانکارییە لە نرخەکاندا لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتە میدیاییەکان باس لە ئەنجامدانی گەڕی دووەمی دانوستاندنی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ ئاگربەست.

شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرەڕای ئەم بەرزبوونەوەیە هێشتا نرخی زیو بە ڕێژەی 20% بیست لە سەد کەمترە بەراورد بەو نرخەی لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئێراندا تۆماری کردبوو.

وەزارەتی نەوتی عێراق پلانی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوت دادەڕێژێت

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ داڕشتنی پلانی جێگرەوەی بۆ دەستەبەرکردنی هەناردەی نەوت ڕاگەیاند؛ هاوکات جەختی کردەوە کە لێکتێگەیشتنی بەردەوام هەیە بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە شوێنەوارەکانی گەمارۆدانی گەرووی هورمز. سائیب بەزوون، وتەبێژی وەزارەتی نەوت ڕایگەیاند: “سیاسەتی وەزارەت بریتییە لە لەدەستنەدانی هیچ دەرفەتێک بۆ هەناردەکردنی نەوت،” ئاماژەی بەوەش کرد کە “وەزارەت لە لێکتێگەیشتندایە بۆ کردنەوە و چالاککردنی ئەو دەروازە و ڕێڕەوانەی لەبەردەستدان.” ئەوەشی خستە ڕوو کە “وەزارەت بەردەوامە لە چالاککردنی دەروازە لاوەکییەکان، لەوانە هێڵی جیهان و هێڵی نیشتمانی کە توانای گواستنەوەی ملیۆنێک و 600 هەزار بەرمیلی هەیە،” ڕوونیشیکردەوە کە “لە ئێستادا نەوتی ڕەش لە ڕێگەی (بانیاس)ی سووریاوە هەناردە دەکرێت، جگە لە هەبوونی لێکتێگەیشتن بۆ گەڕانەوەی هێڵی سعوودیە کە لە ساڵی 1991ـەوە وازی لێ هێنراوە.” بەزوون جەختی کردەوە لەسەر “بوونی لێکتێگەیشتن لەگەڵ هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی بۆ خۆلادان لەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر گەرووی هورمز، هەروەها لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بۆ گەرەنتییکردنی هەناردەکردن،” ئاماژەی بەوەش کرد کە “وەزارەت دەستبەرداری هیچ هەوڵێک نابێت چونکە ئەمە پەیوەندی بە ئابووریی نیشتمانییەوە هەیە، بەوپێیەی دەوڵەتی عێراق لە ئابوورییەکەیدا بە ڕێژەی زیاتر لە 90% پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت.”

ڕاگەیاندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری

وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند ، مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لەفەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت.

ڕۆژی پێنج شەممە ( ١٦ ی نیسانی ٢٠٢٦) مووچەی مانگی ئازاری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.

هاوکات لەهەمان ڕۆژدا مووچەی مانگی ئازاری سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کەلەدوای ( ٢٠٢٤/٧/١ ) بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون کەشایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری ١٤ ی نیسانی ٢٠٢٦

لێکتێگەیشتنی نوێی عێراق-سووریا بۆ چالاککردنی پڕۆژە هاوبەشەکانی نەوت و غاز

یوسر برنیە، وەزیری دارایی سووریا، کۆمەڵێک لێکتێگەیشتنی ئابووری نوێی لەگەڵ حکومەتی عێراق ئاشکرا کرد و جەختی کردەوە کە قۆناغی داهاتوو “دەستپێكێکی جۆری” لە دۆسیەی وزە و ئاسانکاری بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بەخۆیەوە دەبینێت.

برنیە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی بەهاری بانکی نێودەوڵەتی لە واشنتن بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاند: “پەیوەندییەکی بەردەوام و بونیادنەر لەگەڵ لایەنی عێراقی هەیە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش دامزراوە.”

وەزیرە سوورییەکە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ عێراق، و هەماهەنگییەکی بەرچاو لە کەرتی نەوت و غازدا دەبێت، هەروەها لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستپێکردنێکی نوێ لەم دۆسیە زیندووەدا دەبینین.”

برنیە ئاماژەی بەوەش کرد کە “دەوڵەتی نوێی سووریا لە کارە لەپێشینەکانیدا لادانی هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم جووڵەی بازرگانی و وەبەرهێنان داناوە،” جەختیشی کردەوە لەسەر “پەرۆشی فەرمی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کەرتی کار لە هەردوو وڵات، تاوەکو پەیوەندییە ئابوورییەکە بگەڕێتەوە بۆ ئاستە ستراتیژییە چاوەڕوانکراوەکە.”

سەبارەت بە جووڵە نێودەوڵەتییەکان لە واشنتن، ئاماژەی بە دەستکەوتێکی گرنگ کرد لە ناو ڕێڕەوەکانی بانکی نێودەوڵەتی، کە تێیدا ڕێککەوتن کراوە لەسەر “پاشکۆیەکی تایبەت” بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی دارایی سووریا و چاکسازی لە دامەزراوە داراییەکاندا، بە ئامانجی بونیادنانی تواناکانی مرۆیی، بەهێزکردنی بەردەوامی، و بەدیهێنانی گۆڕانکاری تەکنەلۆژی دیجیتاڵی لە سیستەمی دارایی سووریادا.

هەروەها برنیە جەختی کردەوە لە هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی “سەنتەری زانیاری” جیهانی، بۆ یارمەتیدانی وەبەرهێنەرانی سووریا تاوەکو بتوانن هاوبەشیی کاریگەر لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەتدا دروست بکەن.

پێش چەند ڕۆژێکیش، عەبدولقادر حەسریە، پارێزگاری بانکی ناوەندی سووریا بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاندبوو کە جووڵەی چاوەڕوانکراو هەیە بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی دارایی لەگەڵ بەغدا، و جەختی کردبووەوە کە پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق هەیە بۆ ڕێکخستنی چالاکییە ئابوورییە هاوبەشەکان بە ئامانجی قووڵکردنەوەی پەیوەندییە بانکییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

نرخی ئەمڕۆی زێڕ و دراوەكان

نرخی ئەمڕۆی زێڕ و دراوەكان – چوارشەممە 15/4/2026:

100 دۆلار = 154,750 دینار

100 یۆرۆ = 182,200 دینار

100 دۆلار = 4500 لیرەی توركی

100 دۆلار = 13,500,000 تومەن

یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 18 = 892,000 دینار

یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 21 = 1,040,000 هەزار دینار

یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 24 = 1,189,000 دینار

👤
Live: 32 Today: 705 📊 Click Here