بەرهەم خالید حەمە
لە وڵاتێکدا کە تەندروستی دەبێتە بازرگانی، ئیتر نابێت چاوەڕێی کەرامەتی مرۆڤ بکەین، ئەمڕۆ لە کوردستان نەخۆشخانە ئەهلییەکان وەک قارچک لە هەموو سووچێک سەریان هەڵداوە بەڵام کارەساتەکە لەوەدایە کە لەبری ئەوەی بنکەی ڕزگارکردنی ژیان بن بوونەتە کۆمپانیاکانی وەرگرتنی ‘پارە’ بە مەرجی مانەوە.
ئایا ئەمە سەیر نیە؟ زۆربەی بەرپرسان و دەسەڵاتداران خاوەنی نەخۆشخانەیەکی ئەهلیی گەورەن لە کاتێکدا نەخۆشخانە حکومییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز کراون ئەمە تەنها ڕووداوێکی ئاسایی نییە بەڵکو دیارە شێوەیەک لە سیاسەتی پەکخستنی کەرتی گشتییە بۆ ئەوەی هاوڵاتیی هەژار ناچار بێت قەرز بکات و ڕوو بکاتە ئەم دامەزراوانە.
لە ئەم نێوەندەدا ‘یەکێتی و پارتی’ وەک دوو هێزی سەرەکیی دەسەڵات ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە درووستبوونی سیاسەتی دابەشکردنی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان بە شێوەیەکی حیزبی وایکردووە کە کەرتی تەندروستیی گشتی لاواز ببێت و بەردەوام لە پشتگیریی سیستەمی تایبەتی کەمبکات، ئەم شێوازەی بەڕێوەبردنەش بۆتە هۆی ئەوەی زۆر لە بەرژەوەندییەکان بگوازنەوە بۆ کەرتی ئەهلی لە کاتێکدا هاوڵاتیی ئاسایی بێ پشتگیریی پێویست دەمێنێتەوە.
لە ئەم سیستەمەدان ئەگەر پارەت نەبێت یان دەبێت لە نۆرەیەکی درێژدا چاوەڕوان بیت یان بە ئازارەوە بگەڕێیتەوە ماڵەوە لە نەخۆشخانەی ئەهلی زۆرجار پێش ئەوەی بپرسن چیتە؟، دەپرسن چەند دەتوانیت بدەیت ئەمە ڕوونکردنەوەیەکی توندە لە بێویژدانییەکی مۆدێرن کە تێیدا هەندێک دکتۆر بوونەتە ژمێریار و نەخۆشەکانیش بوونەتە کڕیار.
کوردستانی ئەمڕۆ پێویستی بە بەهاکانی ئەخلاقی و پزیشکی هەیە نەک تەنها دیکۆری جوان و بریقەدار کاتێک دایەک بۆ نەشتەرگەریی منداڵەکەی دەبێت زێڕەکانی بفرۆشێت، یان گەنجێک بۆ چارەسەری باوکی قەرزی قورس بکات، ئەوە نیشانەیەکی ڕوونە کە کێشەکە قووڵترە لە خزمەتگوزارییەکان کێشەیەکی ئەخلاقی و سیستەمییە.
لێرە دەبێت بە ڕوونی دەمەوێت بڵێم کاتێک دەسەڵات ناتوانێت تەندروستیی گشتی بپارێزێت ئیتر باس لە کام دەستکەوت و گەشەپێدان دەکرێت ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەبنە بارێکی قورس لەسەر ژیانی خەڵک نەک سەرچاوەی ڕزگارکردنیان.
لە ئەم نێوەندەدا ناتوانرێت چاو لە ڕۆڵی یەکێتی و پارتی بپۆشرێت چونکە ئەم دوو هێزەی دەسەڵات هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخەن.
