ئەریڤان بهاءالدین لطیف
وەک دزێک کە لە کاتی دزینی ماڵێکدا، لەبری شکاندنی کامێراکانی چاودێری، هەوڵدەدات چاوی خاوەن ماڵەکە دەربهێنێت تاوەکو نەتوانێت شاهێدی بدات؛ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش ڕێک بەمجۆرە مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و دەنگە ئازادەکاندا دەکەن. کاتێک ڕۆژنامەنووسێکی بنکۆڵکار وەک شێروان شێروانی یان چالاکوانانی دیکە پەنجە دەخەنە سەر برینەکانی گەندەڵی، لەبری ئەوەی لێپرسینەوە لە تاڵانکاران بکرێت، قەڵەمەکان کەلەپچە دەکرێن و بەپێی یاساکانی “ئاسایشی نیشتمانی” ڕاپێچی دادگاکان دەکرێن. ئەمە هەڵەیەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو دانپێدانانێکی ڕوونی دەسەڵاتە بەوەی کە بنچینەی مانەوەیان لەسەر بێدەنگیی کۆمەڵگا وەستاوە، و هەر ڕووناکییەک کە بخرێتە سەر کارە تاریکەکانیان، وەک پەلامارێک بۆ سەر مانەوەی بنەماڵەکانیان سەیر دەکرێت.
کاتێک مامۆستایان و مووچەخۆران بۆ داواکردنی نانی منداڵەکانیان دەڕژێنە سەر شەقامەکان، دەزگا ئەمنییەکان نەک تەنها خۆپیشاندەران سەرکوت دەکەن، بەڵکو لە پێشوەختەدا هێرش دەبەنە سەر کامێراکان و دەیان ڕۆژنامەنووس دەڕفێنن. ئەمە ئیدارەدانی قەیران نییە، بەڵکو خولقاندنی زیندانێکی گەورەیە کە تێیدا حیزب دادگاکانی کردووەتە چەکێک بۆ تۆڵەسەندنەوە لەو کەسانەی کە ئامادە نین ببنە بەشێک لەم تاڵانکارییە سیستماتیكە.
سامناکترین شت لە دیکتاتۆریەتەکاندا ئەوە نییە کە خەڵک بە زۆر بێدەنگ دەکەن، بەڵکو ئەوەیە کە وا لە خەڵک دەکەن باوەڕ بەو درۆیانە بکەن کە خۆیان بۆیان دروست دەکەن ئەمەش هەمان ئەو مۆدێلەیە کە لە مەکسیک دەگوزەرێت، کاتێک کارتێلەکانی ماددە هۆشبەرەکان و بەرپرسە گەندەڵەکان تێکەڵ بەیەکتر بوون و هەموو ڕۆژنامەنووسێکی مەیدانییان کردە ئامانج، تا ڕادەیەک کە کوشتن و ڕفاندنی میدیاکاران بووە هەواڵێکی ئاسایی. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لەو کارتێلانەش دووڕووترن؛ ئەوان لە لایەکەوە لەبەردەم باڵیۆزخانەکاندا باسی پاراستنی مافی مرۆڤ دەکەن و یاسای ڕۆژنامەگەری دەردەکەن، بەڵام لە لایەکی ترەوە، لە نیوەشەودا هێزی چەکدار دەنێرنە سەر ماڵی چالاکوانان و بەزۆر پەڕاوی دانپێدانانیان پێ واژۆ دەکەن.
ئەم کارتێلە سیاسییە، کە خاوەنی دەیان کەناڵی ئاسمانی و سوپایەکن لە میدیای سێبەر، لە ڕاستیدا هێندە لەرزۆکن کە بەرگەی یەک پرسیاری بێ فلتەر یان یەک ڕاپۆرتی مەیدانی ناگرن. ئەوان دەیانەوێت ئەو وێنە ساختەیە بەسەر جیهاندا بفرۆشن کە گوایە کوردستان پەناگەی دیموکراسییە، بەڵام لە واقیعدا وڵاتیان کردووەتە گۆڕستانی وشەکان، کە تێیدا تەنها ئەو قەڵەمانە ئازادن کە خەریکی ستایشکردنی ستەمکارەکان و پاساوهێنانەوەن بۆ بڕینی نانی خەڵک.
