ئاکام عمر محمد
سەركوتكردنی دەنگە دلێرەكان لە ئێستادا لەشێوەی فۆڕمی جیا جیادا خۆی نمایشدەكات، دیارترينیان و بەربڵاوترینیان تیرۆری مەعنەوی و كەسایەتییە لەكەداركردن و دروستكردنی تۆمەتی ناڕەوایە شكاندن و ناوزڕاندنزیندانی کردن و دروست کردنی تۆمەتی ناڕەوا .
لەکاتێکدا دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەسەر سەکۆ نێودەوڵەتییەکاندا باسی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکات،لە پشت دیوارە ئەستوورەکانی زیندان و لە ناو ژوورە تاریکەکانی دادگا حزبییەکاندا مۆدێلێکی نوێ لە حوکمڕانیی پۆلیسی پەیڕەو دەکرێت کە تەنها یەک ئامانجی هەیە ئەویش کپکردنی هەر دەنگێک کە بڵێت نا.
پەسەندکردنی سزای سێ ساڵ و پێنج مانگی دیکە بۆ ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و تەنها لەسەر بنەمای سیناریۆیەکی هەواڵگریی لاواز سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە حکومەتی هەرێم ماوە بەسەرچوو بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی چیتر ناتوانێت جیاوازی لە نێوان یاسا و تۆڵەی سیاسی”بکات.
ئەم بڕیارە نەک هەر نادادییە بەڵکو تیرۆرکردنی مەعنەویی عەدالەتە لەم وڵاتەدا.
دادگایەک لە ژێر فەرمانی ئەسپێردراوەکاندا
چۆن دەکرێت دادگایەک ناوی خۆی بنێت دادگای تەمیز لەکاتێکدا هەموو بەڵگە یاساییەکان نەبوونی ڤیدیۆی کامێراکان،د وەرنەگرتنی شاهیدی شایەتحاڵەکان و پێشێلکارییە ڕێکارییەکان پشتگوێ بخات؟ وەڵامەکە ڕوونە چونکە دادگا لە هەولێر بووەتە پاشکۆی دەزگا ئەمنییەکان.
کاتێک ڕۆژی دادگاییکردن داد-گا دەکرێتە سەربازگە ئەوە مانای وایە دەسەڵات لە قەڵەمەکەی شێروانی دەترسێت نەک لە خودی شێروانی.
شاردنەوەی بڕیاری دادگا بۆ ماوەی ٧٠ ڕۆژ و ئاشکراکردنی لە گەرمەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لە نێوان (ئێران و ئیسرائیل) نیشانەی ترسنۆکیی سیاسیی ئەم کابینەیەیە و خودی مەسروور بارزانی و دەزگا ئەمنییەکانیەتی وا دەزانن دەتوانن لە ژێر دووکەڵی جەنگە هەرێمییەکاندا کەیسی شێروان شێروانی وەک تەرمێکی سیاسی بشارنەوە.
بەڵام ئەوان نەیانزانی کە دەنگی زوڵم لە هەموو دەنگەکان بەرزترە و هیچ تەمومانێک ناتوانێت ڕووی ڕاستەقینەی ئەم دیکتاتۆرییەتە نوێیە دابپۆشێت.
ئەكرێ راستییەكان درەنگ بگەن، بەڵام گومانمان نییە كە رۆژێك ھەر دەگەن، ئێمەش نەفەسی ئەمەمان هەیە كە بەدیار ئەم وێستگەیە دابنیشین كە لاپەڕەكانی مێژووی ئێمەی هەڵگرتووە” .
پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم حکومەتە ئێکسپایەرە میراتگرانی بەعسە یان پارێزەری کوردایەتی؟
ئەو پارادۆکسە شەرمەزارکەرەی شێروان شێروانی لە بەردەم دادوەرەکاندا هاواری کرد برینێکی قووڵی ئەم دەسەڵاتەیە چۆن دەکرێت بۆ مردنی گەورە جەلادێکی وەک تاهیر جەلیل حەبوشو بەعسییە ئەنفالچییەکان سەکۆکانی هەولێر پڕ بن لە شیوەن و ڕێز بەڵام بۆ ڕۆژنامەنووسێکی وەک شێروانی کە تەنها تاوانی ئازادیخوازییە زیندان و ئەشکەنجە و بڕینی مافە یاساییەکانی (وەک ئازادبوونی مەرجدار) بێتە پێش؟
ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە عەقڵییەتی حوکمڕانی لەم کابینەیەدا درێژکراوەی هەمان ئەو عەقڵییەتە تۆتالیتارەیە کە تەنها زمانی زیندان و سەرکوتکردن دەناسێت.
دەبێت مەسروور بارزانی ئەوە باش بزانێت ئێوە دەتوانن شێروان شێروانی بۆ سێ ساڵ یان سی ساڵی دیکە لە زینداندا بهێڵنەوە دەتوانن دادگاکان بکەنە فەرمانبەرێکی گوێڕایەڵی حزب بەڵام ناتوانن سیمبۆلێک بشکێنن کە ئێستا بووەتە قەڵای بەرخودان.
شێروان شێروانی دەیان جاری تر حوکمی بدەن و
سەدان دەرگای لەسەر کڵۆم بدەن و
هەزاران کەلەپچەی بکەنە دەست ،
هێشتا لەو ڕۆژنامەنوسانە ئازادترە کە بۆ پاروێ نان هەزار درۆ دەکەن.
لەو ڕاوێژکارانە ئازادترە کە بۆ پاروێ نانی ئیسرەحەت سەریان شۆڕکردوە.
لەو بەرپرسانە ئازادترە کە هەموو شتێکن بەرپرس نین.
لەو سەرۆک کۆمارەش ئازاترە کە بە هەزار خۆفرۆشی و کاری ژێر بەژێر بوو بە سەرۆککۆمار.
تەنانەت لە مەسرور بارزانی و مەسعود بارزانیش ئازادترە کە لە پێناو مانەوەیان هیچ نەماوە بۆ تورکیا و ئێرانی نەکەن.
شێروان وەک قەڵای شێروانە لەبەردەم زوڵم و زۆر و چاوشۆڕیەکانی حوکمڕانی کوردی وەستاوە .
شێروان شێروانی لە ناو زیندانەکەی ئێوەدا ئازادترە لەو دادوەرانەی کە بە فەرمانی تەلەفۆنێک بڕیار دەدەن.
ئەم ڕەفتارانە تەنها یەک ئەنجامی دەبێت قووڵکردنەوەی کەلێنی نێوان خەڵک و دەسەڵات و مێژووش وەک کابینەی زیندانیکردنی قەڵەمەکان ناوی ئەم قۆناغە دەنووسێتەوە.
شێروانی بە تەنیا نییە ئەو ئەمڕۆ ویژدانی زیندووی میللەتێکە کە نایەوێت چیتر لە ژێر سێبەری ترسدا بژی.
ئازادی بۆ شێروان شێروانی، ڕوڕەشی بۆ بازرگانانی عەدالەت!
