خوێندراوەتەوە: (6.8K)

ئاری زائد محمد

وەک خاوەن ماڵێک کە ژووری میوانەکانی بە چلچرا و گڵۆپی گرانبەها ڕازاندووەتەوە بۆ ئەوەی بڵێت دەوڵەمەندم، بەڵام منداڵەکانی خۆی لە ژوورێکی تاریک و سارددا لەسەر زەوی دەخەون؛ هەرێمی کوردستانیش بەمجۆرە مامەڵە لەگەڵ ژێرخانی ئابووری و دابەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا دەکات. کاتێک لە هەندێک پڕۆژەی نیشتەجێبوونی تایبەت و گەڕەکە دەوڵەمەندەکاندا کارەبای ٢٤ کاتژمێری بە نرخی جیاواز دەدرێت ، بەڵام گەڕەکێکی هەژارنشین یان قەزایەک دەبێت چاوەڕێی دەنگی بێزەکەری مۆلیدە ئەهلییەکان بکات و مانگانە پارەیەکی خەیاڵی بۆ چەند ئەمپێرێک بدات ، تێدەگەین کە ئەمە قەیرانی نەبوونی وزە نییە. ئەمە قەیرانی دروستکردنی چینایەتییە لە ڕێگەی وایەری کارەباوە. حکومەتێک کە توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە ٦٧٠٠ مێگاوات کارەبای هەیە بەڵام بەهۆی نەبوونی غاز و کێشەی حیزبییەوە وێستگەکانی ڕاگرتووە ، پێمان دەڵێت کە ڕووناکی لەم وڵاتەدا ماف نییە، بەڵکو ئیمتیازە.

ئەم دابەشبوونە لە پەرەپێدانی شارەکان و خزمەتگوزارییەکان، کە تێیدا شارێک سەنتەری وەبەرهێنانە و شارێکی تر سزای ئابووری دەدرێت، بەرهەمی عەقڵیەتێکە کە نیشتمان وەک پرۆژەیەکی بازرگانی دەبینێت نەک وەک جەستەیەکی یەکگرتوو.

(وەک چۆن ڕۆزا لوکسەمبۆرگ دەڵێت: “ئەوانەی کە ناچووڵێن، هەست بە زنجیرەکانیان ناکەن”) — ئەمەش هەمان ئەو دۆخەیە کە لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین لە سەدەی ڕابردوودا ڕوویدا، کاتێک دەسەڵاتدارەکان پایتەختەکانیان کردە مروارییەکی ڕووناککراوە بۆ چاوی وەبەرهێنەرە بیانییەکان، لە کاتێکدا لادێکان و شارۆچکەکانیان لە تاریکی و بێبەشبووندا هێشتەوە، تا ئەو ڕۆژەی ڕق و توڕەیی پەراوێزخراوەکان ئاگری تێبەردا. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لەجیاتی ئەوەی دادپەروەری لە دابەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا بکەنە پێوەر، پڕۆژەی “ڕووناکی” و پێوەری زیرەک دەکەنە دەستکەوتی شەخسی ، لە کاتێکدا هاوڵاتی نازانێت بۆچی دەبێت لە وڵاتێکدا کە لەسەر دەریایەک غاز و نەوت خەوتووە، هێشتا باجی دوو جۆر کارەبا بدات.

ئەم کارتێلە سیاسییە، کاتێک دێتە سەر باج و ڕسومات، زۆر بە دادپەروەرانە دەستی دەگاتە گیرفانی هەموو کەسێک لە زاخۆوە تا هەڵەبجە، بەڵام کاتێک دێتە سەر دروستکردنی شەقامێک، نەخۆشخانەیەک، یان دابینکردنی کارەبا، یەکسەر “تایبەتمەندی ناوچەکان” و “نەبوونی بودجە” دەکەنە پاساو. ئەوان شارەزای دروستکردنی زەلکاوێکی گەورەن کە تێیدا گەڕەکە هەژارەکان دەبنە قوربانی وەبەرهێنانە زەبەلاحەکانی سەرانی حیزب. ئەمە حوکمڕانی نییە، ئەمە بەڕێوەبردنی کۆمپانیایەکە کە تێیدا هاوڵاتی تەنها بەکاربەرێکی ناچارکراوە

ئەی کرێکاران و کاسبکارانی ناو بازاڕ، کە نیوەی داهاتی مانگەکەتان دەدەنە مۆلیدە و لە هاویندا لەبەر بێ کارەبایی ئارەقە دەڕێژن؛ ئەم دەسەڵاتە لەو پرسیارانە دەترسێت کە لە مێشکی ئێوەدا دروست دەبن. ئەوان دەزانن ئەگەر ئێوە لەم نادادییە تێبگەن، چیتر ڕازی نابن ڕووناکی ماڵەکانتان بکرێتە چەکێک بۆ کڕینی بێدەنگیتان. حکومەتێک کە نەتوانێت لە سەدەی بیست و یەکدا کارەبایەکی یەکسان و دادپەروەرانە بۆ هەموو هاوڵاتییانی دابین بکات، حکومەتێکی ماوەبەسەرچووە — و تەنها وریابوونەوەی ئێوەیە کە دەتوانێت پاترییە بەتاڵەکەی ئەم دەسەڵاتە فڕێبداتە دەرەوە!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 15 Today: 95 📊 Click Here