کۆماری مۆەلیدە
خوێندراوەتەوە: (9.9K)

عزیز حسێن عمر

 

کوورەیەکی زەبەلاح لە ناوەڕاستی شارەکەدا دانراوە، ڕۆژانە بە ملیارەها دۆلار لە پارەی ئەم میللەتە دەخرێتە ناوی بۆ ئەوەی بسووتێت، بەڵام لەبری ڕووناکی و گەرمی، تەنها دوکەڵێکی ژەهراوی بەرهەم دەهێنێت کە چاوی خەڵک کوێر دەکات. ئەوانەی پاسەوانی ئەم کوورەیە دەکەن، باکیان بەوە نییە کە ئاگرەکە دەکوژێتەوە، چونکە خۆیان لە کۆڵانەکانی پشتەوەدا خەریکی فرۆشتنی مۆم و فانۆسن بەو کەسانەی کە لە تاریکیدا نۆرەیان گرتووە. کۆماری عێراق و ئەم هەرێمەی ئێمەش هەمان ئەو کوورە ساردەن؛ دەوڵەتێک کە بە قەبارەی بودجەی چەندین وڵات پارەی بۆ کەرتی کارەبا خەرج کردووە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە یەک گڵۆپ بە بەردەوامی پێ بکات، چونکە تاریکی لێرەدا کێشە نییە، بەڵکو گەورەترین پڕۆژەی وەبەرهێنانە.

کاتێک باس لە خەرجکردنی تریلیۆنان دینار دەکرێت بۆ کەرتی کارەبا، دەبێت بزانین ئەو پارەیە نەچووەتە ژێر زەوی، بەڵکو چووەتە ناو گیرفانی حیزب و ئەو کۆمپانیا حزبییانەی کە وەک مشەخۆر لەسەر جەستەی کەرتی گشتی دەلەوەڕێن. پارەکان بۆ پرۆژەی وەهمی و گرێبەستی گەندەڵی تەرخان دەکرێن، لە کاتێکدا سامانی ونبوو و بودجەی شاراوە غەسلی پارەی پێ دەکرێت لە دەرەوەی وڵات. ئەم تاڵانچییانە دەیانەوێت خەڵک بەردەوام باجی ناڕەوا بدەن بە خاوەن مۆەلیدەکان، چونکە کۆماری مۆەلیدەکان بەشێکی دانەبڕاوە لەو ئابووری سێبەرەی کە دەسەڵاتداران بۆ پاراستنی سەرمایەی خۆیان دروستیان کردووە؛ بۆ ئەوان، بونیادنانی وێستگەی کارەبا بە واتای داخستنی ئەو خەزێنەیە دێت کە لەم قەیرانی دروستکراوەوە دەستیان دەکەوێت.

“خراپترین فەرمانڕەوا ئەو کەسەیە کە خەڵکی ناچار کردووە هەمیشە پێویستیان پێی بێت” ئەمەش هەمان ئەو سیاسەتە قێزەونە بوو کە لە وڵاتانی ئەفریقای ژێر هێڵی هەژاریدا جێبەجێ دەکرا، کاتێک دیکتاتۆرەکان ئاوی پاک و کارەبایان دەبڕی تەنها بۆ ئەوەی خەڵک وەک سواڵکەر لەبەردەم کۆشکەکانیاندا بپاڕێنەوە. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، هێشتا لەوانە خراپترن؛ ئەوان نەک تەنها کارەبات لێ دەبڕن بۆ ئەوەی پێویستت پێیان بێت، بەڵکو لە ڕێگەی دەڵاڵەکانیانەوە لە بازاڕی ڕەشدا تاریکییەکەت پێ دەفرۆشنەوە و خۆیان وەک پاڵەوانی نیشتمانیش پێشان دەدەن.