جانتای سەفەر لەبری وەبەرهێنان: نەوەیەک لەناو قەوانە شکاوەکاندا پیر بوو!
ئاکار قادر
نەوەیەکی تەواوی گەنجانی کورد چاویان بەسەر دنیادا هەڵهێنا، تاڵە مووەکانی سەریان خەریکە سپی دەبن، بەڵام هێشتا لەسەر هەمان کورسیی گوێگرتن دانیشتوون و هەمان کاسێتی سواوی پێشینەکانیان بۆ لێدەدرێتەوە. ئەوان لەناو فەرهەنگێکدا گەورە بوون کە تەنها چوار وشەی تێدا بەرهەم دەهێنرێت: “چاکسازی”، “شەفافیەت”، “فرەجۆرکردنی ئابووری”، و “دەرفەتی نوێ”. ئەم وشانە بوونەتە قەوانێکی شکاو کە سی ساڵە لەسەر هەمان ئاواز دەسوڕێتەوە، بەڵام یەک ملیمەتر ژیانی گەنجێکی نەبردۆتە پێشەوە.
ئەگەر ئەمڕۆ بچیتە ناو هەر قاوەخانەیەک یان کەمپی زانکۆیەکەوە و گوێ لە گفتوگۆی گەنجەکان بگریت، تێدەگەیت کە گەورەترین خەمی ڕۆژانەیان قسەکردن نییە لەسەر “وەبەرهێنان” یان چۆنیەتی دامەزراندنی کارێکی سەربەخۆ. ئەمڕۆ بازاڕی بۆرسەی گەنجانی ئێمە، مامەڵەکردنە بە نرخی قاچاخچییەکان سەیرکە چ پارادۆکسێکە؛ لە کاتێکدا سیاسەتمەداران لەسەر مینبەرەکانەوە موژدەی “دەرفەتی زێڕین” دەبەخشنەوە، گەنجەکانیش لە ژوورە تاریکەکانیاندا خەریکی پێچاندنەوەی جانتای سەفەرن بۆ هەڵهاتن لەو بەهەشتە خەیاڵییە.
زۆرجار کاتێک بەرپرسان لە شاشەکانەوە دەردەکەون، زۆر بە ئاسانی و بێباکانە تۆمەتی “نەبوونی هەستی نیشتمانپەروەری” دەدەنە پاڵ ئەم شەپۆلی کۆچە و گەنجان بە بێوەفا ناودەبەن. بەڵام با پەردە لەسەر ڕاستییە تاڵەکە لابدەین: کوردستان ڕۆڵەکانی لەدەست نادات لەبەر ئەوەی گەنجەکانی خۆشەویستییان بۆ خاکی نیشتمان نەماوە، بەڵکو خەریکە لەدەستیان دەدات چونکە لەم وڵاتەدا “ئومێد” موصادەرە کراوە.
ئێمە نەوەیەکمان لەدەستدا چونکە ئومێدمان لە واقیعێکی ئابووریی سەقامگیر و بەرجەستەوە، بچووک کردەوە بۆ تەنها بەڵێنێکی سیاسیی هەرزان کە تەنها لەسەر فلایەری بانگەشەی هەڵبژاردنەکان چاپ دەکرێت! تۆ ناتوانیت گەدە و گیرفانی خاڵی بە وشەی “چاکسازی” پڕ بکەیتەوە، و ناتوانیت نیشتمانێکیش بە گەنجێک بفرۆشیتەوە کە جگە لە چاوەڕوانی، هیچ بەشەمیراتێکی تری لێی وەرنەگرتووە.
