حکومەتەکەی مەسرور بارزانی مووچەی کردووە بە قیستى نەبڕاوە!
کاکە جوان ئەحمەد پیرۆت
لە فەرهەنگی کارگێڕیی کابینەکەی مەسرور بارزانی و هاوبەشە سیاسییەکانیدا، چەمکی «مووچە» بە تەواوەتی لە مانای سەرەکیی خۆی داماڵدراوە. ئەو شایستە داراییەی کە دەبێت بەرامبەر ماندووبوون و ڕەنجی مانگانەی مامۆستا، پزیشک و کارمەندانی کەرتی گشتی بدرێت، گۆڕدراوە بۆ یارییەکی دەروونیی بەردەوام. لە بری ئەوەی مووچە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا وەک شایستەیەکی یاسایی بگاتە دەستی خەڵک، ئێستا بڕدراوە بۆ پارچەی وردکراو و «ئاقسات»؛ مانگێک بە دواکەوتنەوە دێت، مانگێکی تر بە ڕێژەیەک بڕینەوە دەپڕشێنرێت، و لە مانگی دواییشدا بە کورتهێنان و باجی نادیارەوە دەمژرێتەوە.
ئەم پارچەپارچەکردنەی مووچە، تەنها فەشەلی دارایی نییە، بەڵکو سزادان و شێواندنی بڕبڕەی پشتی ئابووریی خێزانەکانە. فەرمانبەران ناچار کراون هەموو مانگێک ببنە ماتماتیکزان تا بتوانن لە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی حکومەت تێبگەن: ئەوەی ئایا ئەم مانگە مووچەی کام مانگی ساڵی ڕابردووە؟ چەند ڕێژەی لێ بڕدراوە؟ و چەند لە قەرزەکانی کارەبا و باجی لێ دەرکراوە؟ ئەم شێوازە لە ئیدارەدان، جۆرێک لە نادیاریی درێژخایەنی بەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتییاندا سەپاندووە،
تا کەس نەتوانێت بۆ هەفتەیەک یان مانگێکی ئایندەی خۆی و منداڵەکانی بەرنامەڕێژی بکات. کۆتایی ئەم تاڵییە بێپسانەوەیە، حەقیقەتێکی زۆر تاڵ و ڕووتمان بەڕوودا دەپەکێنێتەوە کە چیتر بە هیچ پاساوێکی ئابووری داپۆش ناکرێت: مووچە دەبێت پاداشتی ڕاستەقینە و مافی ڕەوای ماندووبوونی کارکردن بێت، نەک مەتەڵێکی ئاڵۆز کە دەبێت هاوڵاتییان هەموو مانگێک پارچەکانی کۆبکەنەوە و بەدوای شیكردنەوەیدا بگەڕێن
