چەتەیی بەجلی فەرمییەوە
خوێندراوەتەوە: (1.1K)

سەرمەند ئیسماعیل سالح

لە سایەی حوکمی چەندین دەیەی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیدا، سەیر نییە تەنانەت ئەگەر سپایدرمانیش لە ناچاریدا ببووە قاچاخچیی بەنزین و دەبەبەدەست لە سەرەی سووتەمەنیدا پشتی بچەمایەتەوە. ئەم دیمەنە تەنیا کارتۆنێکی گەڵتەجاڕی نییە، بەڵکو ئاوێنەیەکی ڕاستەقینە و بێپەردەی سەردەمی چەتەیی، تاڵانی و تاكڕەوییە لە هەردوو زۆنی زەرد و سەوزدا، ڕێک لە هەرێمێکدا کە لەسەر زەریایەک لە نەوت و سامانی سروشتی دانیشتووە، کەچی هاووڵاتییەکانی دەبێت بۆ لترێک سووتەمەنی زەلیل بكرێن.

بنەماڵەی بارزانی لە هەولێر و بنەماڵەی تاڵەبانی لە سلێمانی، بە ڕۆژی ڕووناک و لەبەر چاوی جیهان، نەوتی ئەم خاکە بە بۆری و تانکەر تاڵان دەکەن و داهاتەکەی ڕاستەوخۆ دەڕژێننە ناو حیسابە بانکییە نادیارەکانی خۆیان و کوڕەکانیان لە بانکەکانی ئەوروپا و ئەمریکا، کەچی وەک منەتێکی گەورە، بەنزینی کواڵێتی نزیک لە ئاو بۆ خەڵکی ڕەشپۆش و هەژار بەنرخی بێڕەحمانە دابەش دەکەن.

ئەوان كوردستانیان کردووەتە کێڵگەی تایبەتی و میراتی باوکیان،بازاڕی سووتەمەنی و سەرچاوەکانی وزەیان بەسەر کۆمپانیا مافیایی و حزبییەکانی وەک کار و نۆکان و سێبەرەکانیاندا دابەش کردووە تا دوا ڕامانی جەماوەر ڕووت بکەنەوە. کارەکە تەنیا تاڵانیی دارایی نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ ژەهر دەرخواردی خەڵک دەدەن، بەنزینی بێ‌ئاست، کیمیایی و ژەهراوی دەخەنە بازاڕەوە کە ڕۆژانە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان دەسووتێنێت، تا دواتر هەر هەمان کۆمپانیا حزبییەکانی خۆیان لە ڕێگەی فرۆشتنی بەنزینی بەناوبانگی گرانتر و پارچەی ئۆتۆمبێلەوە ملیۆنەها دۆلاری دیکە لە گیرفانی خەڵک بدزنەوە.

ئەوەی ناوی نراوە سەرەی بەنزین، لە ڕاستیدا سەرەی سووکایەتیکردنە بە کەرامەتی مرۆڤ،خەڵک دەبێت کاتژمێرەکانی تەمەنیان لە سەرەی تاقەتپڕووكێن و کوشندەدا بەفیڕۆ بدەن تا دڵۆپێک بەنزینی ناستانداردیان دەستبکەوێت، لەکاتێکدا کوڕ و نەوەی بەرپرسەکان بە نوێترین ئۆتۆمبێلی مۆدێلی ساڵەوە بەسەر ئازار و ماندووبوونی خەڵکدا تێدەپەڕن.

ئەمە بە هیچ جۆرێک حکومڕانی و خزمەتکاری نییە، ئەمە جەردەیییە بە جلی فەرمی و دەستکەوتی سیاسییەوە،کاتێک وڵاتێک غەرقی سامان بێت و خەڵکەکەی لە هەژاری و دەربەدەریدا بژین، ئیتر پێویست بە بەڵگە ناکات بۆ ئەوەی بزانرێت کێ جەردەیە و کێ قوربانی. پرسیا ڕاستەقینەکە ئەوەیە: تا کەی دەبێت جەماوەری کوردستان باجی ئەم تاڵانییە بێئامانەی بارزانی و تاڵەبانی بدەن و بێدەنگ بن؟