خوێندراوەتەوە: (905)

مارف خدر نوری

کاتێک لە ساڵی ٢٠١٤دا هەرێمی کوردستان دەستی کرد بە فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت، بەڵێنی دروستکردنی “دوبەی دووەم” و ئابوورییەکی سەربەخۆ درا بە خەڵک. بەڵام ئەمڕۆ، دوای زیاتر لە دە ساڵ لە هەناردەکردنی سەدان ملیۆن بەرمیل نەوت، واقیعی تاڵی کوردستان بریتییە لە: مامۆستا و فەرمانبەری بێ مووچە، گەنجی بێکار کە لە ڕێگەی قاچاخدا لە دەریای ئیجەدا دەخنکێن، و ژێرخانێکی وێران کە ناتوانێت کارەبا و ئاوی خواردنەوەی سەرەتایی دابین بکات. پرسیارە گەورەکەی کە هەر هاوڵاتییەک دەیکات ئەمەیە: پارەی ئەو هەموو نەوتە بۆ کوێ چوو؟ وەڵامەکە سادەیە: لە جیاتی ئەوەی ببێتە مایەی گەشەسەندنی نیشتمان، بووەتە سووتەمەنییەک بۆ قەڵەوکردنی کۆمپانیاکانی سەر بە پارتی و یەکێتی و دروستکردنی چینێکی ئۆلیگارشی کە لەسەر حیسابی برسیێتیی خەڵک دەژین.​

ئیدارەدانی کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە لەناو ژوورە تاریکەکان و دوور لە چاوی پەرلەمان و شەفافیەت بەڕێوەچووە. ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە کە بەشێکی زۆری گرێبەستە نەوتییەکان پڕن لە پارەی پێشەکیی شاراوە کە ڕاستەوخۆ دەچنە گیرفانی کەسایەتییە باڵاکانی دەسەڵاتەوە لەبری خەزێنەی گشتی. ئەم پارە زەبەلاحانە، کە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێنرێن، لە جیاتی وەبەرهێنان لە کەرتی تەندروستی یان دروستکردنی کارگەی نیشتمانی، گواستراونەتەوە بۆ هەژمارە بانکییە تایبەتەکانی دەرەوەی وڵات، کڕینی موڵک و خانوو لە ئەوروپا و ئەمریکا، و بەهێزکردنی تۆڕەکانی  (خزمخزمێنە) بۆ کڕینی دەنگی هەڵبژاردن و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن.

ئەوەی دۆخەکە کارەساتبارتر دەکات ئەوەیە کە ئەم گەندەڵییە تەنها سامانی گشتیی بەفیڕۆ نەداوە، بەڵکو هەرێمی کوردستانی لە ڕووی ئابوورییەوە تەواو ناسەقامگیر و ئیفلیج کردووە. بەهۆی نەبوونی متمانە و شەفافیەت، بەغدا توانی بە ئاسانی ئەم دۆسیەیە لە دادگای فیدراڵی لە دژی هەرێم بەکاربهێنێت و لە ساڵی ٢٠٢٣دا هەناردەی نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە ڕابگرێت. ئێستا کە دەسەڵاتدارانی کورد بۆ مووچە دەپاڕێنەوە لای بەغدا، دەرکەوت کە هیچ یەدەگێکی داراییاندروست نەکردووە بۆ ڕۆژە سەختەکان. کاتێک پرسیار لە شەفافیەت دەکرێت، دەسەڵاتداران پاساوی “ڕێگریکردن لە دەستتێوەردانی بەغدا” دەهێننەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ناڕوونییە تەنها بۆ شاردنەوەی ئەو تاڵانییەیە کە خۆیان دەیکەن

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 12 Today: 666 📊 Click Here