خوێندراوەتەوە: (8.2K)

سەربەست سەعید ساڵح

“ئەگەر دەتەوێت نەتەوەیەک لەناو ببەیت، پێویست ناکات سوپای بۆ بنێریت، تەنها سەرکردەیەکی خۆفرۆشی بۆ دروست بکە.” ئەم پەندە تاڵە ڕێک وەسفی ئەو واقیعە دەکات کە ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پێناو کینەی شەخسی و ململانێی حیزبیدا بەسەر هەرێمی کوردستانیان هێناوە. لە کاتێکدا میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە ئاشکرا هەڕەشەی وێرانکردنی کوردستان دەکەن ئەگەر میوانداریی هێزەکانی ئەمریکا بکات، سەرۆکی یەکێتی لە بەغداوە باوەش بە قەیس خەزعەلی و ڕەیان کلدانیدا دەکات، وەک ئەوەی ئەم تیرۆریستانە فریادرەسی کورد بن نەک بکوژی گەنجەکانی! ئەم پەیوەندییە قێزەونە هاوپەیمانییەکی ستراتیژی نییە وەک ئەوەی میدیاکانیان پێی دەڵێن، بەڵکو تەسلیمبوونێکی تەواوەتییە بەو هێزانەی کە دەیانەوێت قەوارەی هەرێم لە ڕەگەوە هەڵکەنن.

شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ حیزبێک کە خۆی بە “پێشەنگی خەباتی کوردایەتی” بزانێت، بەڵام ئەمڕۆ شارێکی وەک سلێمانی بکاتە حەشارگە و سەکۆی هەڵبژاردن بۆ کەسێکی وەک ڕەیان کلدانی؛ تیرۆریستێکی سزادراو لەلایەن ئەمریکاوە کە میلیشیاکەی (بزووتنەوەی بابلیۆن) خەریکی داگیرکردنی زەوی و زاری مەسیحییەکانە لە دەشتی نەینەوا و کار بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای سوپای پاسداران دەکات. کاتێک کلدانی دێتە سلێمانی و باسی “ئازادی” دەکات بە پاڵپشتیی بافڵ تاڵەبانی، ئەمە تەنها پەیامێکە بۆ خەڵکی کوردستان کە یەکێتی ئامادەیە تەواوی شارەکە ڕادەستی ئەجێندای ئێرانی بکات تەنها بۆ ئەوەی لە ململانێی پارتی و هەولێردا براوە بێت. ئەمە هەمان ئەو عەقڵیەتە وێرانکەرەیە کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا کەرکوکی ڕادەستی حەشدی شەعبی کرد و ئێستاش خەریکە سلێمانی دەکاتە پاشکۆی بڕیارەکانی گروپە تائیفییەکانی بەغدا.

ئەوەی ئەم دۆخە دەکاتە ترۆپکی دووڕوویی، ئەو گوتارە پێچەوانەیەیە کە یەکێتی لەبەردەم ئەمریکییەکان و ناوخۆدا بەکاری دەهێنێت. لە لایەکەوە لە کەناڵەکانی خۆیانەوە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە یەکێتی “نوێنەرایەتیی ئێرانییەکان ناکات” و دەیانەوێت هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە، بەڵام لە لایەکی ترەوە نزیکترین دۆستایەتییان لەگەڵ قەیس خەزعەلی، سەرکردەی عەسائیبی ئەهلی حەق هەیە، کە هێزەکانی ڕۆژانە بە درۆن هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی ئەمریکا و دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. چۆن دەکرێت تۆ بانگەشەی پاراستنی کوردستان بکەیت، لە کاتێکدا دۆستی گیانیبەگیانیی ئەو کەسانە بیت کە بە ئاشکرا فەرمان لە عەلی خامنەیی وەردەگرن بۆ لەناوبردنی ئۆتۆنۆمیی کورد؟ ئەم جۆرە قومارکردنەی یەکێتی بە چارەنووسی نەتەوەیەک تەنها بۆ لاوازکردنی پارتی، خیانەتێکی مێژووییە و دواجار هەرێمی کوردستان بە تەواوی دەخاتە ناو دەمی ئەو ئەژدیهایەی کە ئێستا لە بەغدا دروست بووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 10 Today: 687 📊 Click Here