بەڵێن جەمال بابەکر
لە وڵاتێکدا کە زۆرینەی خەڵکەکەی بەدەست بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن، گەورەترین پرسیاری بێ وەڵام ئەوەیە: “ئەو هەموو ملیارەها دۆلارەی بودجەی گشتی بۆ کوێ دەچێت؟” کاتێک سەیری میکانیزمەکانی پارەدارکردنی حەشدی شەعبی لە عێراق دەکەین، تێدەگەین کە چۆن دەوڵەت پارەی باجدەران و داهاتی نەوت بەکاردەهێنێت بۆ بەخێوکردنی ئیمپراتۆریەتێکی سەربازیی بێ چاودێر، کە بودجەکەی دەگاتە زیاتر لە ٢.٧ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا ! ئەم پارە خەیاڵییە لە خەزێنەی دەوڵەتەوە دەڕژێتە گیرفانی میلیشیاکان، لە کاتێکدا مووچەی مامۆستایەک یان پزیشکێک بە مانگ دوادەکەوێت.
کێشە گەورەکە لە قەبارەی پارەکەدا نییە بەتەنها، بەڵکو لە “نەبوونی تەواوەتیی شەفافیەتی دارایی” و لاوازیی بەرپرسیارێتیی گشتییدایە. بەپێچەوانەی وەزارەتەکانی تری وەک بەرگری و ناوخۆ کە تا ڕادەیەک وردبینی لە خەرجییەکانیاندا دەکرێت، بودجەی حەشدی شەعبی هیچ جۆرە وردبینی و چاودێرییەکی کاریگەری لەسەر نییە. وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە ڕاپۆرتی خەرجیی دامەزراوەکانی دەوڵەت بڵاودەکاتەوە، بەڵام خەرجییەکانی حەشد بە شێوەیەکی گوماناوی تێیدا ونە. تەنانەت ژمارەی ڕاستەقینەی چەکدارەکانیشیان نادیارە؛ حکومەت بە فەرمی نزیکەی ٢٣٨ هەزار مووچە دەداتە حەشد ، لە کاتێکدا داتای دروست نییە کە ئەو ژمارەیە ڕاست بێت یان تەنها “مووچەخۆری بن دیوار” و ناوی ساختە بن بۆ دزینی پارەی زیاتر. ئەم تاریکستانە داراییە ڕێگە بە سەرکردە میلیشیاکان دەدات کە پارەی گشتی بۆ کڕینی چەک، دروستکردنی تۆڕی بازرگانیی تایبەت، و کۆنترۆڵکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەکاربهێنن.
لەولاشەوە، ئەم پاشاگەردانییە داراییە خەریکە تەواوی سیستەمی ئابووریی عێراق دەخاتە مەترسییەوە. بەهۆی گەندەڵی و تێکەڵبوونی پارەی ئەم میلیشیایانە بە سیستەمی بانکیی عێراق (وەک بانکی ڕافیدەین)، زۆرجار سزاکانی گەنجینەی ئەمریکا دەبنە هۆی ڕاگرتنی حەواڵە و دواکەوتنی پارەکان. واتە تاڵانکارییەکانی حەشد نەک هەر قوتی خەڵکیان دزیوە، بەڵکو دەتوانن لە هەر ساتێکدا ئابووریی وڵات ئیفلیج بکەن. ئەی لێرەدا دەسەڵاتی کوردی (پارتی و یەکێتی) چی دەکەن؟ لەبری داواکردنی شەفافیەت و ڕێگریکردن لەم دزییە گەورەیە، ئەوان بەردەوامن لە کێشە لەسەر پشکی خۆیان و کڕنۆشبردن بۆ هەمان ئەو هێزانە، تەنها بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانیان لەم “کێکی گەندەڵی”یەدا بێبەش نەبن!
بیرمەندی ئابووری فرێدریک هایک دەڵێت: “کاتێک حکومەت کۆنترۆڵی پارە دەکات بەبێ ئەوەی خەڵک بزانێت چۆن خەرج دەکرێت، ئەوە سەرەتای دروستبوونی کۆیلایەتییەکی مۆدێرنە.” ئەمڕۆ لە عێراقدا، خەڵک کۆیلەی سیستەمێکە کە پارەکەی خۆی لێ دەستێنێت و بە نادیاری دەیداتە دەست ئەو چەکدارانەی کە شەقامەکانیان پێ تۆقاندووە.
ئەو ڕۆژە متمانەی گشتی وێران بوو، کە گیرفانی دەوڵەت بووە قاسەی تایبەتی میلیشیاکان. تا ئەو کاتەی نەزانرێت پارەی باجدەران و نەوتی ئەم وڵاتە لە کام ژووری تاریکدا و بەسەر چ چەکدارێکدا دابەش دەکرێت، هەرگیز ناتوانین باس لە بوونی دەوڵەت، خزمەتگوزاری، یان مووچەیەکی دادپەروەرانە بکەین بۆ هاوڵاتیی ڕەشۆکی!
