هەر دۆسیەیەکی گەندەڵی زیاتر لەوە ئاشکرا دەکات کە چاوەڕوان دەکرا؟
ڕەوەند ڕەحیم
لەم وڵاتەدا کاتێک لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەیەکی دیاریکراوی گەندەڵی دەست پێدەکات—بۆ نموونە دزینی بڕە پارەیەک لە فەرمانگەیەک یان سەرپێچییەک لە گرێبەستێکدا—هێندە نابێت دیمەنەکە بە تەواوی دەگۆڕێت. کتوپڕ لێکۆڵەرەکان خۆیان لەبەردەم شاخێک لە پارەی کاش، دەیان تاپۆی خانوو و شوقەی لوکس، کۆگای زێڕ و هێزێکی گەورە لە سەیارەی مۆدێل بەرزدا دەبیننەوە کە هیچ تناسبێکی لەگەڵ تۆمەتە سەرەتاییەکەدا نییە. ئەم فراوانبوونە کتوپڕەی دۆسیەکان ڕێکەوت نییە، بەڵکو پەردە لەسەر ڕاستییەکی زۆر ترسناکتری جیهانی ژێرەوەی گەندەڵی لادەدات.
ئەم دیاردەیە پێمان دەڵێت کە گەندەڵی لای ئێمە وەک “سەهۆڵبەندانی ناو دەریا” وایە؛ ئەوەی لە سەرەوە دەبینرێت تەنیا سەرەقەڵەمێکی بچووکە، بەڵام جەستە سەرەکییەکە لە ژێر ئاودا حەشار دراوە. کاتێک تاڵە دەزوویەک ڕادەکێشیت، تۆڕێکی قووڵ و تێکچنراو لە تاوان و بەرژەوەندیی هاوبەش بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە سیستمی چاودێریی دارایی لە بنەڕەتدا کوێرە؛ چونکە ئەگەر چاودێرییەکی ڕاستەقینە لەسەر جووڵەی پارە و گەشەکردنی سامانی بەرپرسان هەبووایە، نەدەبوو دەزگاکان چاوەڕێی کەوتنی تۆمەتبارێک بکەن تا ئینجا بزانن خاوەنی چ گەنجینەیەکی قاروونە.
ئەم دۆخە پشکنینە پشتبەستووە بە “شۆک” نیشانەی ئەوەیە کە مۆنیتەرکردنی دارایی تەنیا لەسەر کاغەز هەیە. سیستمەکە کاتێک دەجووڵێت کە تەقینەوەیەک ڕوودەدات، نەک لە ڕێگەی بەدواداچوونی ڕۆژانە و بەردەوام. تا کاتێک کە لێکۆڵینەوەکان لە چوارچێوەی کەسەکاندا بمێننەوە و نەبنە هۆی گۆڕینی ڕیشەیی لە شێوازی چاودێریکردنی بانکەکان، بازاڕی زەوی و زار، و دارایی بەرپرسان، هەر دۆسیەیەکی نوێ کە دەکرێتەوە تەنیا دەبێتە دڵۆپێک لە دەریایەک. هەر کاتێکیش دەست بۆ دۆسیەیەکی بچووک برا، دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بین کە دەیان چەتەخانە و هێلانەی تری مافیایی لە پشتەوە ئاشکرا ببن.
