سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر شۆفێران ئاگادار دەكاتەوە

سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە پڕۆسەی چاككردنەوەی شەقامی 120 مەتری دەستی پێكردووە و دەبێ شۆفێران لە چەند شوێنێكی شەقامی 120 مەتری، شەقامی جێگرەوە بەكار بهێنن.

سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، ئەوەیشی خستەڕوو، بەهۆی دەستکردن بە پرۆسەی چاککردنەوەی شەقامی 120 مەتری، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئاگاداری هاووڵاتیان و شۆفێران دەکاتەوە، لەمڕۆ پێنجشەممە 4/6/2026، بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی لۆد و قەرەباڵغی و بۆ ئەوەی کارەکان بە خێرایی بەڕێوە بچن، ئەم ڕێگایانەی خوارەوە بۆ هاتوچۆ بەکار نەهێنن:

-سایدی ڕێگای پیرمام، بە دیاریکراوی لە سووڕانەوەکە بەرەو شاری ئیتاڵی 2 لەسەر شەقامی 120 مەتری.

-شەقامی 120 مەتری، لە نێوان بەرزەپردی بەحرکە بەرەو بەرزەپردی پیرمام، بە دیاریکراوی لە بەردەم گوندی ئارام تاوەكوو بەرزەپردی پیرمام.

لە ئاگادارییەكەدا داوا لە شۆفێران كراوە، ئەمڕۆ ڕێگای جێگرەوە بەکار بهێنن تا دوور بن لە قەرەباڵغی.

سه‌رۆكی حکومەت پێشوازیی له‌ باڵيۆزى توركيا دەکات

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە‌ 6/4، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی لە ‌ئانل بۆرا ئينان، باڵيۆزى توركيا له‌ عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەدا کە ئەرمان تۆپچو، کونسولی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، هەردوولا جەختییان لە گرنگیی پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا کردەوە، بە تایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا. لەمبارەیەوە، ئاماژە بە سەردانی گرنگ و سەرکەوتووی مانگی ڕابردووی سەرۆکی حکومەت بۆ تورکیا و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا و بەرپرسە باڵاکانی دیکەی ئەو وڵاتە درا.

هەروەها بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکاری و پەرەسەندبەکانی دۆخی گشتیی عێراق و پێویستیی پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکان ئاڵوگۆڕ کرا.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە گرنگیی پەرەپێدانی کەرتی وزە لە عێراق و بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و کارکردن بۆ پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی نەوت و زیادکردنی داهاتی گشتی و باشترکردنی دۆخی دارایی عێراق کرا.

لە هەولێر یەکەم پێشانگای کتێبی کوردی کرایەوە

ئەمرۆ پێنجشەممە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی سیاسی و ئیداری و ئەکادیمست و نوسەرو رۆشنبیران یەکەمین پێشانگای کتێبی کوردی لە هەولێر کرایەوە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکی ئەم پێشانگایە گێڕانەوەی متمانەیە بۆ نووسەری کورد و کتێبی کوردی، چونکە پێشانگاکە دەبێتە سەکۆیەک بۆ دووبارە بەها بەخشینەوە بە هزرو بابەتە ناوخۆییەکان و ئاشتکردنەوەی خوێنەر لەگەڵ قەڵەمی کوردی.

ڕاشیدەگەیەنێت، یەکەمین پێشانگای کتێبی کوردی، هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژییە، چونکە یەکەمین جارە ئەزموون و چالاکییەکی هاوشێوە بەو فراوانییەوە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

پێشانگاکە بە بەشداریی زیاتر لە 100 دەزگا و ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات بەڕێوەچوو، تێیدا هەزاران ناونیشانی جۆراوجۆر لە بەرهەمە فکری، ئەدەبی، مێژوویی، کۆمەڵایەتی و زانستییەکان خرانە ڕوو.

لە ماوەی رۆژانی پێشانگاکەدا چەندین بڕگە و چالاکی ڕۆشنبیری، ئەدەبی، هونەری و فەرهەنگی، وەک دیدار پانێل و وۆرک شۆپ ئەنجام دەدرێن.

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی توركیا لە عێراق دەكات

ڕۆژی پێنجشەممە 4ی حوزەیرانی 2026 سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئانڵ بۆرا ئینان باڵیۆزی توركیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە بەڕێز ئەرمان تۆپچو كونسوڵی توركیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانكاری و شەڕ و گرژییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و باڵیۆزی توركیا پێزانینی وڵاتەكەی بۆ دانبەخۆداگرتن و سیاسەتی حەكیمانەی هەرێمی كوردستان نیشان دا كە وێڕای بوونی هەوڵ بۆ تێوەگڵاندنی هەرێم و بوونی دەستدرێژی و بوردومانی بەردەوام بۆسەر هەرێم بەڵام هەرێم بە هەموو شێوەیەك هەوڵی دا نەبێتە بەشێك لەو شەڕ و گرژییانەی لە ناوچەكەدا ڕووی دا.

لە بەشێكی ئەو دیدارە باس لە بارودۆخی دوای پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەروەها پەیوەندیی نێوان پارتی و لایەنە سیاسییەكانی عێراق كرا. هەردوولا هیوای ئەوەیان خواست كە هەوڵەكان بە ئاقاری چارەسەركردنی كێشەكان و هەماهەنگیی تەواو لەبوارە جیاجیاكان و نەهێشتنی گرفتەكاندا بچن.

هەر لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان عێراقی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان و توركیا و گفتوگۆ لەبارەی دەرئەنجامەكانی دوایین سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا كرا و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەردوولا كرایەوە.

بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكان بۆ وەگەڕخستنی پڕۆسەی سیاسی تەوەری تری ئەو دیدارە بوو.

گەڕانەوەی یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر

​ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی حوزەیرانی 2026، یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان دوای تەواوکردنی ئەنجامدانی فەریزەی حەج، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتنەوە زێدی خۆیان و لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکار و بنەماڵەکانیانەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.

​بەپێی ئەو بەرنامەیەی بۆ گەڕانەوەی حاجیان داڕێژراوە، پرۆسەی گواستنەوەی حاجیان لە سعودیەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و بڕیارە سەرجەم حاجیانی هەرێم بە حەوت گەشتی ئاسمانی بگەنەوە. لەو چوارچێوەیەدا، چوار فڕۆکە بۆ گواستنەوەی حاجیانی پارێزگای هەولێر تەرخانکراون، هەروەها دوو فڕۆکە تایبەتکراون بە گەڕانەوەی حاجیانی پارێزگای دهۆک و فڕۆکەی حەوتەمیش حاجیانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەگەیەنێتەوە.

​جێگەی ئاماژەیە، بۆ وەرزی ئەمساڵ پێنج هەزار و 120 هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی وڵاتی سعودیەیان کردووە بەمەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج. تیمەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێوشوێنی پێویستیان بۆ ئاسانکاری پرۆسەی گەڕانەوەی حاجیان و وەرگرتنی کەلوپەلەکانیان گرتووەتەبەر، تاوەکو بە سەلامەتی بگەنەوە ناو کەسوکاریان.

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی تورکیا دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/6/4، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئانل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارێكدا، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخی سیاسیی عێراق و پەرەپێدانی هاوکاریی دوو لایەنە، بەتایبەت لە بوارى ئابووری و بازرگانیدا، تاوتوێ کرا. له‌مباره‌يه‌وه‌ جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی لە پێناو پاراستنی ئارامى و سەقامگیری کردەوە.

هه‌ردوولا دەربارەی دۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و هه‌وڵه‌كان بۆ تێپەڕاندن و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیییەکان، بیروڕایان گۆڕییەوە، هەروەها دیالۆگ و لێکگەیشتنى هەولێر ـ بەغدايان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، به‌ پێويست زانى.

پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ تورکیا، دوایين پێشهاتە هەرێمییەکان و دۆخی ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو. تيايدا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشە و ناکۆکییەکان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیرى.

له‌ ديداره‌كه‌دا بەڕێز ئەرمان تۆپچو، كونسوڵى گشتيى توركیا له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌ بوو.

بازنەی تۆمەتبارکردن بوو بە تاکە بەرهەمی دەسەڵاتێکی ئیفلیج

سەفەر علی حمە أمین

تۆپەکە لە گۆڕەپانی بەغداوە هەڵدەدرێت بۆ هەولێر، لە هەولێرەوە بە خێرایی دەهاوێژرێت بۆ سلێمانی، و لە سلێمانیشەوە دیسانەوە دەگەڕێتەوە خاڵی سەرەتا. لەم یارییەی تێنسی پاساوهێنانەوەیەدا، تەنها شتێک کە هەمیشە دەکەوێتە سەر زەوی و وردوخاش دەبێت، ژیان و کەرامەتی هاوڵاتییە. پێش ئەوەی یەک کێشە چارەسەر بکرێت، وتەبێژەکان لەسەر شاشەکان خەریکی ئامادەکردنی بەیاننامەن بۆ ئەوەی خەتای شکستەکە بخەنە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر. لێرەدا دەسەڵات پیشەی حوکمڕانیی ڕادەستی قەدەر کردووە و تەنها کارێک کە دەیکات، دروستکردنی پەنجەی تۆمەتە؛ بەغدا هەولێر تاوانبار دەکات، پارتی یەکێتی تاوانبار دەکات، یەکێتی پارتی تاوانبار دەکات، و لە کۆتاییشدا هاوڵاتیی ماندوو خۆی تاوانبار دەکات کە چۆن هێشتا هیوای بەم بازنە بێمانایە ماوە.

“خراپترین و مەترسیدارترین جۆری ستەمکاری، حوکمڕانیی ‘هیچ کەس’ە؛ سیستەمێک کە تێیدا هەمووان بڕیار دەدەن بەڵام هیچ کەسێک ئامادە نییە بچووکترین بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت.” ئەمە ڕێک مانیفێستی سیاسەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە لەمڕۆدا. وەک سیستەمی تائیفیی لوبنان، کە تێیدا زبڵ و خاشاک شەقامەکانی بەیروتی پڕکرد و بانکی ناوەندی مایەپووچ بوو چونکە هیچ سەرکردەیەک ئامادە نەبوو بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و هەموویان خەتایان دەخستە سەر پێکهاتەکەی تر؛ لێرەش سیستەمەکە بە جۆرێک داڕێژراوە کە دەسەڵاتداران موڵکی گشتی تاڵان دەکەن، بەڵام کاتێک قەیران ڕوو دەدات، یەکسەر دەبنە ئۆپۆزسیۆنی یەکتری. لێرە سێ حکومەت بوونیان هەیە، بەڵام تەنها بۆ وەرگرتنی باج و بەشکردنی پۆستەکان، نەک بۆ پێشکەشکردنی یەک دڵۆپ خزمەتگوزاری.

ئەم گاڵتەجاڕییەی هەڵهاتن لە بەرپرسیارێتی، گەورەترین سووکایەتییە بە هۆشیاریی نەتەوەیەک. ئەگەر بەغدا هۆکاری بڕینی بودجەیە، و ئەگەر پارتی و یەکێتی یەکتری بە هۆکاری شکستی ئیدارەدان و پەرتەوازەیی تۆمەتبار دەکەن، ئەی کەواتە ئەو سوپا زەبەلاحە لە وەزیر، جێگر، و ڕاوێژکارە ملیۆنێرە لە هەردوو زۆنەکە کاریان چییە جگە لە وەرگرتنی مووچەی خەیاڵی؟ داهاتی خاڵە سنوورییەکان، باجی سەر شانی کاسبکاران و پارەی نەوتی قاچاخ دەچێتە کام هەژماری بانکییەوە، کاتێک نەخۆشخانەکان دەرمانیان تێدا نییە و گەنجان لە بێکاریدا دەسووتێن؟ دەسەڵاتێک کە لە کاتی دابەشکردنی پارە و تەندەرەکاندا خۆی بە خاوەن ماڵ دەزانێت، بەڵام لە کاتی قەیرانی مووچە و کارەبادا وەک میوانێکی بێدەسەڵات قسە دەکات و پەنجە بۆ ئەوی تر ڕادەکێشێت، چۆن شەرم ناکات باس لە سەروەری و پاراستنی قەوارەی نیشتمانی بکات؟

ئەو دەسەڵاتەی کە ناتوانێت بچووکترین بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و بۆ هەر شکستێک پەنا بۆ پاساوی دوژمنی ناوخۆیی و دەرەکی دەبات، لە لوتکەی هێزدا نییە، بەڵکو دەسەڵاتێکی ترسنۆکە کە لە بچووکترین هاوار و پرسیاری ڕاستەقینەی ئێوە دەلەرزێت. ئەمە سێگۆشەی حوکمڕانی نییە، بەڵکو بازنەیەکی تاڵانکاریی ڕێکخراوە کە تێیدا دەسەڵاتداران وڵاتێکیان وێران کردووە و ئێستاش دەیانەوێت ئێوە باوەڕ بەوە بکەن کە بکوژەکە هەمیشە کەسێکی ترە!

کاتێک نوخبە پۆست دەژمێرن و گەل دەخنکێنن

ڕۆشبین تاهیر

لە ژووری داخراودا چەند دەسەڵاتداری بێمتمانە وەک بازرگانانی بازاڕی کۆن، پۆست و وەزارەت و نفووز وەک کاڵا دەژمێرن. لەو کاتەدا کە متمانەى گەل دەبێت بڕیاری سەرەتا ، ئەوانیش وەک ئەکتەرانی شانۆیەکی فرۆشراو، لەسەر ئەوە دەکەونە ململانێی خاوەنماڵی کێ دەبێت، نەک چۆن دەبێت وڵات بۆ خەڵک بکرێتەوە.

(وەک چۆن جۆرج ئۆروێل دەڵێت: “هەموو ئاژەڵان یەکسانن، بەڵام هەندێکیان لەوانەی تریان یەکسانترن.”) بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە هەمان یاسا بۆ خەڵک دەکەن و هەمان یاسا بۆ خۆیان دەشکێنن؛ لەبەر ئەوەی بۆیان حکومەت هیچکات ئامانج نییە، بەڵکو کۆمپانیا سێبەرەکانی حیزب وەک کارگەی دابەشکردنی ئیمتیاز بەکار دەهێنن. ئەمە مافیا و فەنتەڵۆسەکانی دەسەڵاتن، نە نوخبەی سیاسین؛ ئەوەی دەیانکات، خزمەتکردنی گەل نییە، بەڵکو زەوتکردنی دەنگی گەلە بۆ بەهای کرسی و وەزارەت. کاتێک متمانەىگشتی دەگوترێت “حکومەت بۆ خەڵکە”، ئەوان وەڵامیان “چەند پۆست لە بۆشتە؟” ـە. ئەم پرۆسەیە دەرەبەگایەتییەکی نوێیە کە تێیدا دەمێنەوەی کۆن بە ناوی دیموکراسی دەفرۆشرێت.

خەڵکیش بۆ ئەم لێکدانەوەیەی تاوانباربوون تەنها بینەر نییە؛ نەخۆش دەچێتە نەخۆشخانە و دەرمانی نییە، مامۆستا مووچەی نییە، گەنج چاوەڕێی دەرگای کۆچ دەکات، ڕۆژنامەنووس بێدەنگ دەکرێت، و دادگا بە شێوەیەک دەجوڵێت کە گەر لایەنێک پێی نەخۆش بێت، یاسا دەبێتە بۆشایی. لێرەدا کێشەکە تەنها گەندەڵی نییە؛ کێشەکە ئەوەیە کە دەسەڵات بۆ ماوەیەکی درێژ هیوای خەڵکی کردووەتە قەرزێکی سیاسی، و لە هەمان کاتدا، بڕیارەکان لە پشت دەرگا بەسەر متمانەىگشتی دەخاتە ژێر پێ. بە واتایەکی ڕوون: ئەوان پێویستیی کۆمەڵگەیان بۆ شێوازی حکومەت دەخەنە ژێر پێشەکیی دانوستانی خۆیان، و ئەمەیە خراپترین جۆری بەکارهێنانی هێز.

زۆرینەی بێدەنگەی شار و گوند و گەڕەک، ئەی مامۆستا، کارمەند، نەخۆش، گەنج، و ڕۆژنامەنووس؛ بێدەنگی ئێوە درێژ دەکاتەوەی ئەم ئازارە. ئەم پڵنگە کاغەزییانە لە دەنگی یەکگرتووتان دەترسن، نە لە ته‌قەی تەنکەکانیان؛ چونکە دەزانن هەرکاتێک گەل قسە بکات، پڕۆژەی تاڵان و دابەشکردنی کرسییان دەکەوێتە ناو مێژووی شەرمەزارییەوە. ئەگەر هێز بێ مانداتە بمێنێتەوە، یاسا دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی مافیا؛ بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە بڵێن: بسە! و ئەم دەسەڵاتە بۆ یەکجاری لە مێژوودا بخەنە دەرەوەی ژیانی خەڵک!

دوو یانەی ئەڵمانی بە ئاگرێک دەسوتێن

دوای ڕووداوەکانی یاری کۆتایی جامی ئەڵمانیا،کە لەنێوان بایرن میونخ و شتوتگارتەوە بەڕێوەچوو،لەیاریەکەدا هاندەرانی هەردوو یانە بەتوند و تیژی زۆرەوە هاتنە نێو یاریگا و هوتافی ناشرینیان دژی یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا دەگوتەوە.

بەپێی زانیاریەکان هاندەران لەم کارەدا مەبەستیان ڕەخنە گرتن بووە لە گرانی بلیتەکان و پێیانوایە ئیتر تۆپی لەو وڵاتە بۆتە موڵکی کەسی دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکان وە لەسەر ئەم ئاژاوەی یاریەکەش ماوەی چەند خولەکێک ناوبژیوان یاریەکەی وەستاند.

لای خۆیانەوە یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا دەستی کردوە بەلێکۆڵینەوەی ورد بەردەوامە بۆ ڕووداوەکانی ئەو یاریە و هەڕەشەی سزای توند هەیە لەسەر هەردوو یانە،کە ڕەنگە بۆ چەند یاریەکی داهاتوو هاندەران نەتوانن ئامادەی بینینی یاریەکانی یانەکانیان بن.

“سەرکار ڕێبوار”

ئیسپانیا بەبێ شاهانە؛ نەریتە کۆنەکەی ئێنریکی زیندوو دەبێتەوە

​پێکهاتەی نوێی هەڵبژاردەی ئیسپانیا هەمیشە دەنگدانەوەی گەورە لە میدیاکاندا دروست دەکات، بەتایبەت کاتێک ناوی یاریزانانی یانەی شاهانەی تێدا نەبێت. بەڵام ئەم بڕیارەی دێ لا فۆنتێ یەکەمین حاڵەت نییە لە مێژووی “لا ڕۆخا”دا، چونکە پێشتریش لویز ئێنریکی، ڕاهێنەری پێشووی ئیسپانیا، لە جامی یۆرۆی 2020دا هەمان هەنگاوی نا و هاندەرانی ڕیاڵ مەدریدی توڕە کرد.

​لەم چوارچێوەیەدا، لە کاتی ئامادەکارییەکان بۆ یۆرۆی 2020، لە کاتێکدا یاساکانی پاڵەوانێتییەکە ڕێگەیان بە ئێنریکی دەدا 26 یاریزان بۆ لیستەکەی دەستنیشان بکات، ئەو تەنیا 24 یاریزانی بانگهێشت کرد. غافڵگیرکردنی گەورەش ئەوە بوو کە لە نێو ئەو لیستە کورتکراوەیەدا، ناوی هیچ یاریزانێکی ڕیاڵ مەدرید بەدی نەدەکرا، کە ئەمەش هاوشێوەی بڕیارەکانی ئێستای دێ لا فۆنتێیە.

​سەبارەت بە هۆکاری ئەو بڕیارە مشتومڕاوییە، ئێنریکی لەو کاتەدا بەرگری لە ستراتیژییەتەکەی خۆی کرد و ڕایگەیاند: “نامەوێت فشار لەسەر تیپەکەم دروست بکەم، دەمەوێت هەلی یاریکردن بە سەرجەم یاریزانەکانم بدەم، بۆیە تەنیا 24 یاریزانم بانگهێشت کردووە.” بەمەش سەلماندی کە متمانەی تەواوی بەو گروپە هەیە کە هەڵیبژاردوون بەبێ پشتبەستن بە ئەستێرەکانی پایتەخت.

👤
Live: 6 Today: 847 📊 Click Here