نوێترین نرخی زێڕ و زیو لە بازاڕەکانی جیهان و ناوخۆدا

​ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بازاڕەکانی کانزا گرانبەهاکان نزمبوونەوەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینی؛ نرخی زێڕ و زیو لەسەر ئاستی جیهانی و بازاڕەکانی ناوخۆدا بەراورد بە دوێنێ ڕوویان لە دابەزین کردووە و بەشێک لە بەهاکەیان لەدەستداوە.

​لە بازاڕە جیهانییەکاندا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ دابەزی بۆ 4,458.48 دۆلار، یەک کیلۆگرام بە 143,343.46 دۆلار و یەک گرامیش بە 143.34 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

هاوکات لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نرخی فەرمی سەندیکای زێڕنگران، عەیارەکان هاتنە خوارەوە و بەم شێوەیەن؛ عەیارەی ٢٢ بە 1,005,210 دینار، عەیارەی ٢١ بە 959,518 دینار و عەیارەی ١٨ بە 822,444 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

​لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی زیویش هاوشێوەی زێڕ ڕووی لە دابەزین کرد، بە جۆرێک لە ئێستادا نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو هاتووەتە خوارەوە بۆ 74.14 دۆلار، هەر کیلۆگرامێک بە 2,383.82 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخی هەر گرامێکیش لەسەر 2.38 دۆلار جێگیر بووە.

​شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە بەردەوامیی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ناوچەکە و دروستبوونی مەترسی لەسەر ڕێڕەوی بازرگانی لە گەرووی هورمزدا، بەردەوام دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی لە ناو بازاڕەکاندا دەهێڵێتەوە. بە بڕوای ئەوان، هەرەشەکان لەسەر گەرووی هورمز و ترسی سەرهەڵدانەوەی شەپۆلێکی نوێی هەڵاوسان، وایکردووە بازاڕەکان خێرا و بەپێی پێشهاتە سیاسییەکان کاردانەوە نیشان بدەن و ببێتە هۆی ئەم جۆرە بەرزبوونەوە و دابەزینە لەناکاوە لە بەهای کانزا گرانبەهاکاندا.

سپەیس ئێکس یاساکانی بۆرسە دەگۆڕێت؛ دەیەوێت گەورەترین سەرمایە لە مێژوودا کۆبکاتەوە

کۆمپانیای (SpaceX)ی تایبەت بە پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان، کە لەلایەن ملیاردێر ئیلۆن مەسکەوە بەڕێوەدەبرێت، لە هەنگاوێکی نائاسایی و مێژووییدا خۆی بۆ چوونە ناو بازاڕی بۆرسەی جیهانی (IPO) ئامادە دەکات. کۆمپانیاکە بە جێگیرکردنی نرخێکی پێشوەختە بۆ پشکەکانی، تەواوی یاسا باوەکانی واڵ ستریت دەگۆڕێت.

بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویەکردوونەتەوە، سپەیس ئێکس پلانی داناوە نرخی هەر پشکێکی خۆی بە جێگیری لەسەر 135 دۆلار دیاری بكات. کۆمپانیاکە لە ڕێگەی فرۆشتنی 555.6 ملیۆن پشکەوە، ئامانجیەتی بڕی 75 ملیار دۆلار کۆبکاتەوە، ئەمەش ئەگەر جێبەجێ بکرێت دەبێتە گەورەترین پرۆسەی کۆکردنەوەی سەرمایە (IPO) لە مێژووی دارایی جیهاندا.

بەپێی ئەم نرخە، بەهای گشتیی کۆمپانیای سپەیس ئێکس دەگاتە 1.75 تریلیۆن دۆلار ، ئەمەش دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵدا لەگەڵ کۆمپانیای (xAI)ی تایبەت بە ژیری دەستکرد تێکەڵ بوو.

چاودێرانی دارایی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم نرخاندنە کەمێک سەرکێشییە؛ چونکە کۆمپانیاکە لە ساڵی 2025دا زیانی نێتی گەیشتووەتە 4.94 ملیار دۆلار بەهۆی خەرجییە زەبەلاحەکانی لە پڕۆژەکانی ژیری دەستکرد و بنکەکانی داتا لە بۆشایی ئاسماندا، و لە ئێستادا تەنها تۆڕی مانگی دەستکردی (Starlink) سەرچاوەی سەرەکیی قازانجی کۆمپانیاکەیە.

پشک بۆ خەڵکی ئاسایی: ئیلۆن مەسک بڕیاریداوە 30%ی پشکەکان بۆ وەبەرهێنەرە بچووکەکان و خەڵکی ئاسایی تەرخان بکات، ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر بەرزە لە مێژووی بۆرسەدا.

پارەکە بۆ کوێ دەچێت؟ تەواوی ئەو 75 ملیار دۆلارەی کۆدەکرێتەوە، ڕاستەوخۆ دەچێتە خەزێنەی سپەیس ئێکس بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن، و دامەزرێنەرانی کۆمپانیاکە بۆیان نییە لەم قۆناغەدا پشکەکانی خۆیان بفرۆشن و پارەکە بەرنە دەرەوە.

پابەندبوونی مەسک: ئیلۆن مەسک بەپێی گرێبەستەکە ناچارە پشکەکانی خۆی بۆ ماوەی لانی کەم 366 ڕۆژ دوای دەستپێکردنی بۆرسەکە بپارێزێت و نەیانفرۆشێت، بۆ ئەوەی متمانە بە وەبەرهێنەران ببەخشێت.

بڕیارە گەشتی ناساندن و نمایشکردنی پشکەکانی کۆمپانیاکە بۆ وەبەرهێنەران ڕۆژی پێنجشەممە دەستپێبکات، و پێشبینی دەکرێت لە 12ی حوزەیرانی 2026 دا، پشکەکانی سپەیس ئێکس بە فەرمی لە ژێر هێمای ( SPCX ) لە بۆرسەی ناسداکی ئەمریکی دەست بە مامەڵە پێکردن بکەن.

ئاژانسه‌كان

بیتکۆین زیانی زیاتر تۆمار دەکات

​لە بەردەوامیی شەپۆلی دابەزینی بەهای دراوە دیجیتاڵییەکاندا، نرخی بیتکۆین پاشەکشەیەکی توندی دیکەی بەخۆیەوە بینی و لە دواین مامەڵە ڕاستەوخۆکاندا بۆ 66,925.38$ دابەزی.

​ئەم دابەزینە نوێیە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ نرخی یەک بیتکۆین لە دەوروبەری 70,138.16$ دابوو، بەوەش تەنها لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا نزیکەی 3,212$ (نێزیکی 4.5%)ی دیکە لە بەهای خۆی لەدەستداوە.

​شرۆڤەکارانی بازاڕ ئاماژە بەوە دەکەن، شکستی بیتکۆین لە پاراستنی هێڵی 70 هەزار دۆلار، ترسی لای وەبەرهێنەران زیاتر کردووە و بازاڕەکەی ڕووبەڕووی فشارێکی خێراتری فرۆشتن کردووەتەوە، کە ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی گرژییە جیۆسیاسییەکان و نادڵنیایی لە بۆرسە جیهانییەکاندا هاتووەتە ئاراوە.

نرخی نەوت کەمێک پاشەکشەی کرد

​ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوت ئەو شەپۆلە بەرزبوونەوە توندەی دوێنێی هێورکردەوە و کەمێک ڕووی لە دابەزین کردەوە.

​لە گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی ئەمڕۆی بازاڕدا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 96.90 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی دوێنێ (97.51 دۆلار) بە بڕی 61 سەنت دابەزیوە. هاوكات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش کەمێک دابەزی و گەیشتە 95.14 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە کاتی پێشوو (95.29 دۆلار) نیشتنەوەی وورد پێشان دەدات کە تەنها 15 سەنتە.

​ئەم گۆڕانکارییە و مانەوەی نرخەکان لە ئاستێکی بەرزدا، نیشانەی ئەوەیە کە بازاڕەکان هێشتا بە تەواوی لە دۆخی دڵەڕاوکێ ڕزگاریان نەبووە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە.

بازرگانان لە بازاڕەکانی جیهاندا بە گرنگییەکی زۆرەوە دەڕواننە ناوەڕۆکی لێدوانەکانی هەردوولا، بەتایبەتی هەڕەشەکانی ئێران سەبارەت بە گەرووی هورمز و جووڵەی ڕاستەقینەی کەشتییە نەوتییەکان لەو دەروازە ئاوییە ستراتیژییەدا، کە ئەم دۆخە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر هاوسەنگیی بازاڕ و نەهێشتنی ئارامیی تەواوەتی لە کەرتی وزەدا.

نرخی زێڕ و زیو لە بازاڕەکانی جیهان و ناوخۆدا

​ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بازاڕەکانی کانزا گرانبەهاکان گۆڕانکاری و جووڵەی نوێیان بەخۆوە بینی؛ نرخی زێڕ بەراورد بە دوێنێ کەمێک ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە، لە کاتێکدا بازاڕی زیو بە پێچەوانەوە نزمبوونەوەیەکی کەمی تۆمارکردووە.

​لە بازاڕە جیهانییەکاندا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەرزبووەوە بۆ 4,464.99 دۆلار، یەک کیلۆگرام گەیشتە 143,552.92 دۆلار و یەک گرامیش بە 143.55 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

هاوکات لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نرخی فەرمی سەندیکای زێڕنگران، عەیارەکان کەمێک چوونەتە سەرەوە و بەم شێوەیەن ؛ عەیارەی ٢٢ بە 1,006,749 دینار، عەیارەی ٢١ بە 960,987 دینار و عەیارەی ١٨ بە 823,703 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

​لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی زیو ڕووی لە دابەزین کرد، بە جۆرێک لە ئێستادا نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو هاتووەتە خوارەوە بۆ 73.06 دۆلار، هەر کیلۆگرامێک بە 2,349.09 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخی هەر گرامێکیش لەسەر 2.35 دۆلار جێگیر بووە.

​شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە بەردەوامیی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ناوچەکە و دروستبوونی مەترسی لەسەر ڕێڕەوی بازرگانی لە گەرووی هورمزدا، بەردەوام دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی لە ناو بازاڕەکاندا دەهێڵێتەوە. بە بڕوای ئەوان، هەرەشەکان لەسەر گەرووی هورمز و ترسی سەرهەڵدانەوەی شەپۆلێکی نوێی هەڵاوسان، وایکردووە بازاڕەکان خێرا و بەپێی پێشهاتە سیاسییەکان کاردانەوە نیشان بدەن و ببێتە هۆی ئەم جۆرە بەرزبوونەوە و دابەزینە لەناکاوە لە بەهای کانزا گرانبەهاکاندا.

دابەزینی نرخی ماسی لە بازاڕەکاندا؛ ئەگەر هەیە نرخەکە زیاتریش دابەزێت

نرخی ماسی ڕووی لە دابەزین کردووە و هەندێک جۆری ماسی بۆ هەر کیلۆگرامێک نزیکەی پێنج هەزار دینار داشکاندنی بۆ کراوە.

کاسبکاران هۆکاری ئەم دابەزینە بۆ زیادبوونی ڕێژەی بەرهەم لە بازاڕدا دەگەڕێننەوە، کە ئەمەش لڤین و جموجۆڵێکی بازرگانیی باشی دروست کردووە و خواست لەسەر کڕینی ماسی لەلایەن هاووڵاتییانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

​بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس، ​ئەم دابەزینە لەکاتێکدایە کە ئێستا بڕیاری مەنعی ڕاوکردن لە دەریاچە و ڕووبارەکاندا جێبەجێ دەکرێت. پێشبینیش دەکرێت کە ئەگەر بڕیاری مەنعی ڕاوکردن هەڵبگیرێت و ڕێگە بە ڕاوکردن بدرێتەوە، ئەوا بەهۆی زیادبوونی خستنەڕووی زیاتری ماسی لە بازاڕدا، نرخی ماسی لەوەی ئێستا هەیە زیاتر دادەبەزێت و دەرفەتێکی باشتر بۆ کڕیاران دەڕەخسێت.

جێی باسە، ​لەپاڵ ئەم دابەزینە نرخەدا، گرنگیی خواردنی ماسی وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی پرۆتینی تەندروست و دەوڵەمەند بە ئۆمێگا 3، پێویستییەکی تەندروستییە. ماسی بەوە ناسراوە کە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین D و یۆد، کە بۆ پاراستنی تەندروستی دڵ، مێشک، و بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری جەستە پێویستن، هەربۆیە سوودوەرگرتن لەم نرخە گونجاوەی ئێستا، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکی تەندروست بۆ هەموو خێزانەکان.

مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر قەرەبووی هاوڵاتییان دەکەنەوە

سەرۆكی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر دووپاتی دەكاتەوە، خاوەن مۆلیدەكان پابەندن بە پێدانی كارەبا لە كاتی پچڕانی كارەبای پرۆژەی ڕووناكی، لەو پارەیەی كە پێشتر لە هاووڵاتیانیان وەرگرتووە، لە ئەگەری پابەندنەبوونیان بەم داواكارییەی قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر، بە پێبژاردن سزا دەدرێن.

پێشتر لەكاتی دروستبوونی كێشە لە پێدانی كارەبای پرۆژەی ڕووناكی، داوا لە خاوەن مۆلیدە ئەهلییەكان كرا، مۆلیدەكانیان هەڵبكەن و كارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین بكەن، بۆیە لەبەرامبەر وەرگرتنی بڕی 15 هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێک لە هاووڵاتیان، دەبووایە 300 كاتژمێر كارەبا بدەن.

دواتر پێدانی كارەبای پرۆژەی ڕووناكی ئاسایی بووەوە و مۆلیدە ئەهلییەكان لەنێوان 230 بۆ 235 كاتژمێر كارەبایان بە هاووڵاتیان دا و 70 كاتژمێر قەرزاری هاووڵاتیانن.

خۆران خۆرانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، پێشتر بڕی 15 هەزار دینار لەبەرامبەر پێدانی كارەبا بۆ ماوەی 300 كاتژمێر لە هاووڵاتیان وەرگیراوە، بەڵام خاوەن مۆلیدەكان 230 بۆ 235 كاتژمێر كارەبایان بە هاووڵاتیان داوە و ئێستا كە گرفت بۆ كارەبای نیشتمانی دروستبووە، بە پێدانی كارەبا ئەو قەرزە بۆ هاووڵاتیان دەگەڕێننەوە.

خۆرانی ڕوونیشی كردەوە، نزیكەی 70%ـی خاوەن مۆلیدەكان پابەندی ئەو داواكارییە بوونە و لە شەوی ڕابردووەوە كارەبایان بە هاووڵاتیان داوە، ئەوانەشی پابەند نابن، ئەوا قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر ڕێوشوێن بەرامبەریان دەگرێتەبەر و بە پێبژاردن سزا دەدرێن.

پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، 3ی حوزەیرانی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی؛

ماوەیەكە بە هۆی ئەو بارودۆخە سیاسییە تایبەتەی هاتۆتە ئاراوە، هەندێ لایەن باس لە چەكی پێشمەرگە دەكەن و لەوبارەیەوە لێكدانەوەی هەڵە و بۆچوونی ناڕاست دەخەنەڕوو. لێرەدا پێویستە هەموو لایەك ئەوەیان لەبیر بێت كە پێشمەرگە لەدایكبووی خوێن و ڕەنج و فرمێسكی گەلی كوردستانە. چەكی پێشمەرگە، پارچەئاسن و جبەخانە و ئامرازی شەڕکردن نییە. چەكی پێشمەرگە مێژوو و فیداكاری و كەرامەت و بیروباوەڕیەتی. چەكی پێشمەرگە ئەو سۆز و پابەندبوونەیە كە هەمیشە بۆ گەل و خاك و نیشتیمانەكەی هەیەتی.

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

ئەمڕۆ پێنج شەممە 4-6 -2026

کەش / ئاسمان لەنێوان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت.

خێراى با / لەسەر خۆ – مام ناوەند ( 10 – 20) کم/ک.

ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت.

پلەکانی گەرما / نزیک دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوی دوێنێ.

مەوداى بینین / لەنێوان ( 7 – 9) کم دەبێت.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمرۆ:

هەولێر 35پلەی سیلیزی

پیرمام 30 پلەی سیلیزی

سلێمانی 34 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ 36پلەی سیلیزی

دهۆک 33 پلەی سیلیزی

زاخۆ 34 پلەی سیلیزی

سبەی هەینی 5 – 6- 2026

کەش/ ئاسمان ساماڵ دەبێت.

خێراى با / لەسەر خۆ ( 5 – 15) کم/ک.

ئاراستەی با / باکووری خۆر ئاوا دەبێت.

پلەکانی گەرما / کەمێک بەرز دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە.

مەوداى بینین / لە نێوان ( 8- 10) کم دەبێت.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر 36پلەی سیلیزی

پیرمام 31پلەی سیلیزی

سلێمانی 35پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ 37 پلەی سیلیزی

دهۆک 34پلەی سیلیزی

زاخۆ 35پلەی سیلیزی

4 – 6- 2026

ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری/ وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە.

( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَن تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَىٰ مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ )

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی چاوپێکەوتنێکی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری لە کەناڵی ڕووداو، کە تێیدا داهاتی ناوخۆی پێنج مانگی ڕابردووی هەرێمی کوردستانی خستبووە ڕوو، هەریەک لە بەڕێزان عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و عومەر گوڵپی کاندیدی دەرچووی پەرلەمانی کوردستان بە ناشارەزایی و نەزانی چەند لێکدانەوەیەکی نادروستیان بۆ داتاکان کردووە، ئەوەی پەیوەندی بەوەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە هەیە بە پێویستمان زانی لەم چەند خاڵەی خوارەوە وەڵامیان بدەینەوە.

١- لەدەستپێکی قسەکانیدا بەڕێز عەلی حەمەساڵح دەڵێت وەزارەتی دارایی پێشتر ڕایگەیاندووە داهاتی مانگانەیان چوار سەد ملیار دینارە، ئەو قسەیە هیچ بنەمایەکی نییە و هیچ کات وەزارەتی دارایی ئەو ئامارەی بڵاونەکردووەتەوە، داهاتی ناوخۆ ژمارەیەکی جێگیر نییە و مانگانە بەرز و نزم دەکات.

بەخشتەیەک داهاتی ناوخۆی حەوت ساڵی ڕابردوو دەخەینەڕوو کە مانگانە لە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە تۆمار کراوە و لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە وردبینی بۆ کراوە و وەزارەتی دارایی عێراقیش هیچ ڕەخنەیەکی لێی نەبووە، جێی خۆیەتی لە کاک عەلی بپرسین بێ زەحمەت ئەم چوار سەد ملیارەت لەکوێ هێناوە؟.

٢- هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت داهاتی خاڵە سنوورییەکان مانگانە ١٤٠ ملیار دینارە ئێستا چۆن ڕێی تێدەچێت ٤٠ ملیار دینار بێت، داهاتی خاڵەسنوورییەکانیش هاوشێوەی داهاتەکانی تر بەردەوام لەگۆڕاندایە، لە ڕابردوو هەر ژمارەیەک بووبێت لە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە دەرکەوتووە و تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان خۆیان لە گومرگ و دەروازەکان وردبینیان کردووە و ژمارەکانیان لە بەردەست بووە، وەهیچ لایەنێکی فەرمی و یاسایی ڕەخنەیان لێی نەبووە، نازانین سەرچاوەی ئەو زانیارییانەی کاک عەلی باسیان دەكات چییە؟!.

بۆ هەموو ئەوانەی داتاو زانیاری ناڕاست بڵاو دەکەنەوە، لامان سەیرە ئەو بەڕێزانە تا ئێستا ئاگاداری دۆخ و فشار و ئابڵوقەی سەر هەرێم نین، هەروەک ئەوەی لێرە نەژین، لە هەموو بوارەکانی باج و گومرگ و بیمە و هتد….کە فشارێکی ئابووری و بازرگانی توندی لەسەر هەرێم داناوە.

سەرباری شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە کاریگەریەکانی گەیشتووەتە سەرتاسەری دنیا و کاریگەری ڕاستەوخۆشی لەسەر عێراق کردووە، بە چ لۆژیکێک کاریگەری لەسەر هەرێم جێناهێڵێت؟.

ڕاستیەکەش ئەوەیە هەروەک بەپێی داتا و زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە دەرکەوتووە بەنزیکەیی لە ٧٠٪ داهات کەمبووەتەوە.

٣- لە بەشێکی تری قسەکانیدا باس لە داهاتی هاتووچۆ دەکات، سەرباری ئەوەی سەرچاوەی زانیارییەکانی لای ئێمە ڕوون نییە و وەزارەتی دارایی / ژمێرکاری لێی بەرپرس نییە، ژمارەکە هەرچەندێک بێت مانای ئەوە نییە ئەوە داهاتی کۆتاییە و دەچێتە خەزێنەی گشتییەوە، بەڵکو بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان وەزارەتی ناوخۆ و چەند وەزارەتێكی تر بەشێک لە داهاتیان بۆ خۆیان دەبێت ( بۆ پێداویستیەکانیان بەپێی تایبەتمەندییان) ، ئەوەی دەمێنێتەوە لەو ڕێژەیە دەبێتە داهاتی کۆتایی.

٤- لە درێژەی قسەکانیدا بەڕێز عەلی حەمە ساڵح دێتە سەر داهاتی کارەبا و مانگانە بە ٩٠ ملیار دیاری دەکات، بەشێکی ئەم ژمارەیە کە ئێمە لێی دڵنیا نین، قەرزی فرۆشتنی کارەبایە لای هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان، بڕێکی تریشی تایبەتە بەکرێی فرۆشتنی کارەبا بە وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان کە بە تەنها چەک و مەقاسەیە لەنێوان وەزارەتەکان، واتە وەک ژمارە دەردەکەوێت بەبێ بوونی کاش ئەوەی دەمێنێتەوە وەک کاش بەكردەیی(فیعلی) بەکار دەهێنرێت کە زۆر لەو ٩٠ ملیارە کەمترە، ئەوە سەرباری ئەوەی بەشێک لە داهاتی کارەبا ڕاستەوخۆ دەدرێتەوە بەخۆیان بەمەبەستی بەکارهێنانی تێچووی چاکكردنەوەی وێستگەکان و محاویلە و تۆڕەکانی گەیاندنی کارەباو …….هتد

لە کۆتایدا پرسیار لەو بەڕێزانە دەکەین بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و چەواشەکردن کێ لێی سوودمەندە؟ .

دووپاتی دەکەینەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دیوانی چاودێری دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لارییان لەم زانیاریانەی حکومەتی هەرێم نەبووە ، جێگەی سەرسوڕمان و تێڕامانە ئەم بەڕێزانە بۆ لە مەلیک مەلیک ترن.

ئێمە تێکڕای قسەکانی ئەو بەڕێزانە ڕەتدەکەینەوە ، چەند بارەشی دەکەینەوە دەتوانن هەرکات ویستیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری بکەن بۆ ئەوەی توشی هەڵە نەبن و لەسەرچاوەی ڕاستەوخۆ کە ئێمەین زانیارییەکان وەربگرن.

هاوپێچ؛ خشتەی داهاتی ناوخۆی هەرێم بەپێی ساڵەکان ( ٢٠٢٥،٢٠٢٤،٢٠٢٣،٢٠٢٢،٢٠٢١،٢٠٢٠،٢٠١٩ ) لەگەڵ پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵ کە بۆ بەغداد نێردراوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابووریی ٤ ی حوزەیرانی٢٠٢٦

👤
Live: 15 Today: 835 📊 Click Here