عەمار فەرهاد دەستلەکارکێشانەوەی لە سەرۆکایەتی یانەی زاخۆ ڕاگەیاند

​سەرۆکی یانەی وەرزشی زاخۆ، کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی یانەکە.

عەمار فەرهاد، سەرۆکی یانەی زاخۆ، بەدەستهێنانی خەڵاتی “زە بێست” (The Best)-ی لە سەردەمی سەرۆکایەتییەکەیدا بە شانازییەکی مێژوویی بۆ شاری زاخۆ و ناوچەکە ناوبرد، کە هەمیشە وەک دەستکەوتێکی گەورە لە مێژووی یانەکەدا دەمێنێتەوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دووپاتی کردەوە کە سەرەڕای جێهێشتنی پۆستەکەی، بەڵام وەک هاندەر و پشتیوانێک لە نزیکەوە چاودێری سەرکەوتنەکانی یانەکە دەکات.

بایەر لیڤەرکوزن داواکارییەکەی ئالڤارۆ ئاربێلوای ڕەتکردەوە

ئالڤارۆ ئاربێلوای ڕاهێنەری کاتیی یانەی ڕیاڵ مەدرید، لە ڕێگەی بەڕێوەبەری کارەکانییەوە هەوڵی داوە پۆستی ڕاهێنەرایەتی یانەی بایەر لیڤەرکوزنی ئەڵمانی بەدەستبهێنێت، بەڵام یانە ئەڵمانییەکە بە فەرمی داواکارییەکەی ڕەتکردووەتەوە.

ئاربێلوا کە لە کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە و دوای دوورخستنەوەی چابی ئالۆنسۆ ئەرکی ڕاهێنەرایەتی یانە شاهانەکەی گرتووەتە ئەستۆ، بڕیارە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بە فەرمی پۆستەکەی جێبهێڵێت.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی، کارگێڕی یانەی بایەر لیڤەرکوزن بە وردی چاودێری ئەزموونی ئاربێلوایان کردووە لەو ماوەیەی کە سەرپەرشتی تیمی لاوانی ڕیاڵ مەدریدی دەکرد، بەڵام گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ناوبراو هێشتا لە ڕووی تاکتیکی و ئەزموونی ڕاهێنەرایەتییەوە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بتوانێت یانەکەیان بگەڕێنێتەوە بۆ پێشبڕکێی بەدەستهێنانی نازناوەکان و کێبڕکێکردنی توندی بایرن میونشن، بۆیە بڕیاریانداوە متمانەی پێ نەکەن.

دیشامپ سەرنجم لەسەر داهاتووە و بیر لە ڕابردوو ناکەمەوە

دیشامپی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی فیفا و لە پێش دەستپێکی چوارەمین بەشداریکردنی وەک ڕاهێنەر لە جامی جیهانیدا، جەختی لەوە کردەوە کە هەمیشە چاوی لە داهاتووە و هیچ خولیایەکی بۆ ژیان لە ڕابردوودا نییە.

سەرباری ئەوەی دیشامپ دان بەوەدا دەنێت کە دەستکەوتەکانی ساڵانی 1998 و 2018 بەشێکی دانەبڕاون لە مێژووی ژیانی، بەڵام پێیوایە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو بێسوودە چونکە کەس توانای گۆڕینی نییە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، گرنگترین شت ئەوەیە کە مرۆڤ سەرنجی لەسەر ئێستا و هەنگاوی داهاتوو بێت، بەتایبەت کە هیچ دەستکەوتێک لە ئاستی بوون بە پاڵەوانی جیهاندا نییە.

دەربارەی پێگەی فەرەنسا لەم پاڵەوانێتییەدا، ڕاهێنەرەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی مێژووی ئەم دواییەیان لە 2018 و 2022، فەرەنسا بەردەوام وەک یەکێک لە بەربژێرە سەرەکییەکان دەبینرێت و هاندەران چاوەڕوانی ئەوەن تیپەکەیان تا کۆتایی پاڵەوانێتییەکە لە کێبڕکێدا بمێنێتەوە.

هەرچەندە دان بەوەدا دەنێت کە رکابەرییەکی زۆر لە نێوان 10 بۆ 12 تیپی دیکەدا هەیە بۆ بەدەستهێنانی جامەکە، بەڵام لە کۆتاییدا تەنها یەک تیپ دەتوانێت نازناوەکە بەدەستبهێنێت.

سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەکانی قۆناغی کۆمەڵەکان کە تیپەکەی لەگەڵ نەرویج، عێراق و سەنیگال یاری دەکات، دیشامپ قسەی لەسەر یاری یەکەم بەرامبەر سەنیگال کرد.

سەرەڕای ئەوەی ئەو یارییە مۆندیالی 2002 و شکستی مێژوویی فەرەنسا دەهێنێتەوە یاد، بەڵام دیشامپ بیرۆکەی تۆڵەسەندنەوەی بە تەواوی ڕەتکردەوە. ئەو پێیوایە زۆربەی یاریزانانی ئێستای تیپەکە لەو کاتەدا تەنانەت لەدایک نەببوون و ئەوان ئێستا لە قۆناغێکی نوێدان و خەریکی نووسینەوەی وەرزێکی جیاواز و تازەن لە مێژووی خۆیاندا.

بەشداریی مێژوویی؛ 10 یاریزانی کورد لە مۆندیالی 2026دا دەردەکەون

​بە چوونەپاڵ هەڵبژاردە جیهانی و ناوچەییەکان، 10 یاریزانی کورد ئامادەییان لە مۆندیالی 2026 مسۆگەر کردووە و لە ڕیزەکانی چوار هەڵبژاردەی جیاوازدا بەشداریی لەم پاڵەوانێتییە جیهانییەدا دەکەن، ئەمەش وەک دەستکەوتێکی گرنگ بۆ وەرزشی کوردستان ئەژمار دەکرێت.

​لە ڕیزەکانی هەڵبژاردەی عێراقدا، هەر یەک لە یاریزانان (ئاکام هاشم، مێرخاس دۆسکی، ڕێبین سولاقا، مارکۆ فەرەج، ئەیمار شێر و یوسف ئەمین) بانگهێشتی پێکهاتەی کۆتایی کراون. هاوکات لە هەڵبژاردە بەهێزەکانی دیکەدا، هەریەک لە دەنیز ئۆناڤ بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، عەلی ڕەزا بۆ هەڵبژاردەی ئێران، هەروەها ئۆزان کاباک و محەمەد زەکی بۆ هەڵبژاردەی تورکیا یاری دەکەن.

​بەشداریی ئەم یاریزانانە لە مۆندیالدا، نەک تەنها شانازییەکی وەرزشییە، بەڵکو نیشانەی گەشەسەندنی توانای تاکەکەسیی یاریزانانی کوردە کە توانیویانە خۆیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بسەلمێنن و لەگەڵ گەورەترین هەڵبژاردەکانی جیهاندا ڕکابەری بکەن.

مێسی بووە براوەی خەڵاتێکی گەورە لە ئیسپانیا

لەنێو کەمپی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ ئامادەکاریەکانی مۆندیال لیۆنێل مێسی ئەستێرەی هەڵبژاردەکە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و سوپاسی هاندەران و هاوڕێکانی کرد بۆ ئەو پاڵپشتیە و بەڵێنیدا بەرگری لە نازناوەکە بکەن.

لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا دوای وەرگرتنی خەڵاتی شازادەی ئەستوریاس مێسی وتی؛ ئەمڕۆ لەکاتی خەودا لەنێو کەمپی هەڵبژاردەی خۆمان بە نامەی پیرۆزبایی ئێوە خەبەرم بۆتە،شەرەفمەندم توانیومە ئەم خەڵاتە وەربگرم،زۆر دڵخۆشم هەوڵەکانی من لەناو یاریگا و دەرەوەی یاریگا بەرز دەنرخێنن،دواتر دەتانبینمەوە.

خەڵاتی شازادەی ئەستوریاس بۆ وەرزش خەڵاتێکی بەناوبانگی ئیسپانییە کە ساڵانە دەدرێت بە تاک یان دامەزراوەکان وەک ڕێزلێنانێک بۆ بەشدارییە ناوازەکان لە بواری وەرزشدا،کە وەک ڕێزلێنان دەدرێت بەوانەی لەوەرزشدا بەردەوام بەرەوپێش دەچن و هەردەم کاری جوان پێشکەش دەکەن.

“سەرکار ڕێبوار”

مان سیتی هەڕەشە لە ڕیکێڵمی دەکات لەسەر هالاند

دوای ئەوەی دوێنێ شە لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ئێنریکی ڕیکێڵمی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یانەی ڕیاڵ مەدرید و ڕکابەری سەرسەختی پێرێز درێسێکی ڕیاڵ مەدریدی بە ژمارە نۆ بەرز کردەوە،کە ناوی ئێرلینگ هالاندی لەسەر نووسرا بوو وەک ئاماژەیەک بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە لەکاتی دەرچوونی لەهەڵبژاردنەکان.

لەو بارەیەوە یانەی مانچێستەر سیتی لەبەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند؛ئەو هەواڵانەی لە ئیسپانیا هەیە دەربارەی ڕۆیشتنی هالاند لەیانەکەیان دوورە لەڕاستیەوە و لە پەڕاوەکانی یاریزانەکە هیچ پارەیەک ناتوانێت گرێبەستەکەی بشکێنێت،وە ئەگەر ئەو بابەتانە بەردەوام بن ڕێگای یاسایی دەگرنەبەر.

ئەم بابەتە لەبەرژەوەندی فلۆرێنتینۆ پێرێزە،کە دوای گواستنەوە کۆناتێ و دۆمفرێس چاوی لەگرێبەستی دیکەیە و بەم شێوەیە دەتوانێت هەلی زیاتر هەبێت بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەی ڕیاڵ مەدرید.

“سەرکار ڕێبوار”

نوێترین نرخی زێڕ و زیو لە بازاڕەکانی جیهان و ناوخۆدا

​ئەمڕۆ سێشەممە، ٢ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بازاڕەکانی کانزا گرانبەهاکان گۆڕانکاری نوێیان بەخۆوە بینی و نرخەکان بەراورد بە دوێنێ ڕوویان لە بەرزبوونەوە کردەوە؛ بە جۆرێک زێڕ و زیو لەسەر ئاستی جیهانی و ناوخۆیی بەهایەکی بەرزتریان تۆمارکرد.

​لە بازاڕە جیهانییەکاندا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەرزبووەوە بۆ 4,538.74 دۆلار، یەک کیلۆگرام گەیشتە 145,924.04 دۆلار و یەک گرامیش بە 145.92 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

هاوکات لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نرخی فەرمی سەندیکای زێڕنگران، عەیارەکان بازدانیان بەخۆوە بینی و بەم شێوەیە جێگیر بوون؛ عەیارەی ٢٢ بە 1,022,610 دینار، عەیارەی ٢١ بە 976,128 دینار و عەیارەی ١٨ بە 836,681 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

​لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی زیویش هاوشێوەی زێڕ ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد، بە جۆرێک لە ئێستادا نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو گەیشتووەتە 76.77 دۆلار، هەر کیلۆگرامێک بە 2,468.08 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخی هەر گرامێکیش لەسەر 2.47 دۆلار جێگیر بووە.

​شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە بەردەوامیی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ناوچەکە و دروستبوونی مەترسی لەسەر ڕێڕەوی بازرگانی لە گەرووی هورمزدا، دڵەڕاوکێی خستووەتەوە ناو بازاڕەکان. بە بڕوای ئەوان، هەرەشەکان لەسەر گەرووی هورمز ترسی گەورەی لە سەرهەڵدانەوەی شەپۆلێکی نوێی هەڵاوسان و گۆڕانکاری خێرا لە نرخی وزەدا دروستکردووە، ئەمەش وایکردووە وەبەرهێنەران بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان ڕوو لە کڕینی کانزا گرانبەهاکان بکەنەوە.

بیتکۆین ئاستە بەرزەکانی پێشووی لەدەستدا

​لە گۆڕانکارییەکی نوێی بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکاندا، نرخی بیتکۆین پاشەکشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و لە دواین مامەڵە ڕاستەوخۆکاندا گەیشتە 70,138.16$. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێش دوو هەفتە و لە 19ی ئایاردا نرخەکەی لە دەوروبەری 77,190$ بۆ 78,000$ دابوو.

​شرۆڤەکارانی بازاڕ ئاماژە بەوە دەکەن، بیتکۆین شکستیهێنا لەوەی لە سەرووی ئاستە بەرزەکانی پێشووی خۆی جێگیر بکات، ئەوەش وایکرد ئاراستەیەکی دابەزین بگرێتەبەر و لە ماوەی 14 ڕۆژدا نێزیکی 7,000$ بۆ 8,000$ (نێزیکی 10%) لە بەهای خۆی لەدەست بدات. مانەوەی پێشووی نرخەکە لە خوار ئاستی 80,000 دۆلار نیشانەی ئەوە بوو کە ئەم نرخە ببووە ئاستێکی بەرگریی هەستیار.

​بەپێی گوتەی شرۆڤەکاران، بەهۆی بەردەوامیی گرژییە جیۆسیاسییەکان و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کە کاریگەری نەرێنییان لەسەر بۆرسەی ئەمریکاش هەبووە، ترسی گەورە لای وەبەرهێنەران دروستبووە. ئەگەر نرخی بیتکۆین لەم ئاستەی ئێستادا نەپارێزرێت، ئەگەری دابەزینی زیاتری هەیە و ڕەنگە ڕووبەڕووی فشارێکی توندتری فرۆشتن ببێتەوە.

تۆوی برنج بۆ وەرزی هاوین دابەشدەکرێت

عەبدولرەحیم جاسم شەمەری، وەزیری کشتوکاڵی عێراق، ڕایگەیاند، لە ڕۆژی چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، پرۆسەی دابەشکردنی تۆوی برنج بۆ وەرزی هاوینە دەستپێدەکات، گوتیشی، بۆ هەر دۆنمێک 35 کیلۆگرام دابەش دەکرێت.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتەکە بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی “ئەنجوومەنی نیشتمانیی تۆو”ی دەنگ لەسەر دەستپێکردنی دابەشکردنی جۆرە جیاوازەکانی تۆوی برنج دراوە کە لە کۆمپانیای عێراقی بۆ بەرهەمهێنانی تۆو بەردەستن. دابەشکردنەکەش بە نۆرە و پێشینەی ناوی جووتیاران دەبێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەنگدراوە لەسەر وەرگرتن، کۆگا کردن و پاککردنەوەی ئەو تۆوانەی کە لە کێڵگەکانی مەزارگەی حوسێنیی کارگەی جەنەتی ئەرزولفورات، دروێنە کراون بە بڕی 2500 تۆن. هەروەها وەرگرتن و کۆگا کردنی 2500 تۆنی تر لە لایەن کۆمپانیای “فەیحا” لە پارێزگای بابل پەسەندکرا، کە بڕیارە ئەم پرۆسەی وەرگرتنە بە شێوەیەکی فەرمی و بەبێ بەرامبەر ئەنجام بدرێت.

نرخی نەوت لە بەرزبوونەوە بەردەوامە

​ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوت درێژەی بە ئاراستەی هەڵکشانەکەی دا و بەراورد بە نرخەکانی دوێنێ، بەرزبوونەوەی زیاتری تۆمارکرد.

​لە گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی ئەمڕۆی بازاڕدا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 97.51 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی دوێنێ (94.27 دۆلار) بە بڕی 3.24 دۆلار بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. هاوكات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش زیاتر سەرکەوت و گەیشتە 95.29 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە کاتی پێشوو (91.41 دۆلار) بەرزبوونەوەی 3.88 دۆلاری نیشان دەدات.

​ئەم گۆڕانکارییە و سەرهەڵدانەوەی لاریی نرخەکان بەرەو سەرەوە بەهۆی توندبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەوەیە، کە ترسی لای وەبەرهێنەران دروستکردووە.

بازرگانان لە بازاڕەکانی جیهاندا بە گرنگییەکی زۆرەوە دەڕواننە ناوەڕۆکی لێدوانەکانی هەردوولا؛ بەتایبەتی هەڕەشەکانی ئێران سەبارەت بە گەرووی هورمز و جووڵەی ڕاستەقینەی کەشتییە نەوتییەکان لەو دەروازە ئاوییە ستراتیژییەدا، کە ئەم دۆخە دڵەڕاوکێیەی ناوچەکە ڕاستەوخۆ بووەتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی بازاڕ و وایکردووە نرخەکان بە توندی ڕوو لە هەڵکشان بکەنەوە.

👤
Live: 6 Today: 801 📊 Click Here