گەندەڵى تەواوو بوو !
ئومێد عومەر
پێدەچێت دەسەڵاتدارانی عێراق باوەڕیان وابێت کە گەندەڵی تەنها ئەو کاتە بوونی هەیە کە لە مانشێتی ڕۆژنامەکاندا دەنووسرێت، بۆیە کاتێک ئۆپەراسیۆنە پاڵەوانانەکەی “فەجر”ـیان بە گرتنی ٤٧ بەرپرس ڕاگەیاند، وەها خۆیان نیشان دا کە ئیتر سەروەریی یاسا باڵی بەسەر وڵاتدا کێشاوە و هیچ کەسێک ناتوانێت لە سزای حکومەت دەرباز بێت. بەڵام هەر ئەوەندەی کە سەرنجی کامێراکان لەسەر ئەم دراما میدیاییە لاچوو و هەواڵەکان بێدەنگ بوون، ئیتر وڵات بە تەواوی گەڕایەوە سەر هەمان سیستەمی دابەشکردنی پشکی دزییەکان؛ چونکە لە واقیعدا گەندەڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا قەیرانێکی تاکەکەسی نییە تا بە گرتنی چەند دەڵاڵێک چارەسەر ببێت، بەڵکو خودی سیستەمەکەیە. ئەوەی بینیمان تەنها قوربانیکردنی چەند کەسێک بوو بۆ هێورکردنەوەی تووڕەیی جەماوەر و پاراستنی سەرۆکە گەورەکان، کە ئەمەش دروست وەکو ئەوە وایە بڵێیت دارێکی گەنیومان بڕیوەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا تەنها گەڵاکانیمان هەڵوەراندووە و ڕەگەکەی لەژێر زەویدا قوڵتر ڕۆچووە.
کاتێک حکومەت خۆی دەڵێت گەندەڵی هەموو جومگەکانی تەنیوە، ئیتر بە چ لۆژیکێک داوا لە هاوڵاتییەک دەکات باوەڕ بەو شانۆگەرییە بکات کە تەنها بە گۆڕینی چەند دەموچاوێک لەسەر کورسییەکان، وڵات بووەتە بەهەشتی دەستپاکیی و ئیتر کەس پارە ناخوات؟. تا ئەو کاتەی دەسەڵاتدارانی نوێ هەمان ئەو دەسەڵاتە ڕەهایانە بە میرات وەردەگرن کە هیچ چاودێرییەکی سەربەخۆیان لەسەر نییە، ئەوا بە بێدەنگبوونی میدیاکان گەندەڵی کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو تەنها شێوازی دزینەکە بۆ سەردەمێکی نوێ مۆدێرنتر کراوە و دزەکان فێربوون چۆن بەبێ دروستکردنی ژاوەژاو و لەژێر پەردەی “چاکسازی”ـدا سامانەکە هەڵلووشن.
