دەبێ دادگاکان دادگایی بکرێن
ئەحمەد خالید
قسە ئاڵتونیەکەی د.فەرهاد پیر باڵ کە دەیگوت(دەبێ دادگاکان دادگایی بکرێن)
لەو مەملەکەتەی من تیایدا هاتمە دونیاوە کە عێراق و کوردستانە ، چەندان مرۆڤی بێ تاوان لەدادگاکاندا بڕیاری کوشتن و زیندانی هەمیشەیی و سزای جۆراو جۆریان بۆ دەرچوە، چەندان دایک جەرگی سوتێنراوە و تائێستاش بۆسۆی جەرگیان دێت، چەندان باوک کۆستیان کەوتوە و بۆ هەمیشە ڕۆڵەکانیان نابیننەوە، چەندان منداڵ هەتیو کەوتون ، چەندان ژن بێ سێبەری پیاوەکانیان شەو ئەخەنە سەر ڕۆژ و ڕۆژ ئەخەنە سەر شەو.
بپرسن بۆ.؟
چونکە لەو مەملەکەتەی من دادگاکان نەک سەربەخۆ نین بەڵکو یەکێکن لە دەزگا حیزبیە داپڵۆسێنەرەکان، ڕۆح و ژیانی مرۆڤە ماف خوراوەکانی تێدا دادەپسۆڵێنرێت و بۆ هەمیشە تاریکی دەبێتە جێ و ماوایان.
چی کارەساتێکە دادوەر حیزبی بێت و بڕیار و فەرمانی سەرکردە سیاسی و حیزبیەکان لە هۆڵەکانی دادگادا جێبەجێ بکات بەسەر هاوڵاتیاندا، چی کارەساتێکە دادوەرەکانمان لەکوردستان بڕیاری زیندانی بۆ کەسێکی ئازادیخواز دەر دەکەن چونکە ڕەخنەی لە حیزبەکانیان گرتوە، ئەوە چی دادگایەکە گەنجێکی گیرفان بەتاڵ کە داوای مافی خۆی کردوە دەگیرێت و دادگایی دەکرێت و بڕیاری حیزبی بەسەردا دەسەپێنرێت و حوکم دەدرێت.
حیزب و ئەجێندای حیزبی بەنێو جومگەبەجومگە و دەماربەدەماری دادگاکاندا شۆڕ بوەتەوە.
حیزبیش چەک ڕای گرتوە.
دە وەرە لەم مۆتەکە و کەندەڵانە پڕ مەترسیەی کوردستان ڕزگارت ببێت دادگا هی حیزبە چەکیش لای حیزبە حکومەتیش فەرمانبەری حیزبە.
باشە من پرسیارێک ئاڕاستەی بەڕێز دکتۆر فەرهاد دەکەم ، ئەڵێم بەڵێ بەڕاستی قسەکەت ڕاست و جوان و حەقە کە دەڵێیت (دەبێ دادگاکان دادگایی بکرێن)..!
ئەی باشە کێ دادگایی دادگاکان بکات و لەکوێ.؟
من دەڵێم ئەوە ئێمەین پێویستە وەک چالاکوانی سیاسی و مەدەنی هەموان لە تێکۆشاندا بین تا حیزب و دادگا و حکومەت هەمویان ڕاپێچی لێپرسینەوەی قورس بکرێن لە لایەن دەزگا نێودەوڵەتی و حکومەتە دیموکراتخوازەکانی دونیا، ئێمە لە شانشینی یەکگرتو uk کە دەنگمان لەڕێگەی خۆپیشاندان و ڕێپێوان و ناردنی ئیمەیڵەوە بەرز دەکەینەوە و دەینێرین بۆ حکومەت و دەزگاکانی مافی مرۆڤ لە بەریتانیا و تەواوی ئەوروپا تەنها بۆ ئەوەیە سەیرێکی حاڵی میلەتەکەمان بکەن بەدەست حیزب و دادگا و حکومەتەوە لە عێراق و کوردستان.
ئەم بەردەوامیەمان وزەمان پێ دەبەخشێت تا زیاتر چالاکی بکەین و دەنگی ئازادیمان بگەیەنین بە شوێنی مەبەست.
