خوێندراوەتەوە: (9.7K)




ئەحمەد جەلال ئەحمەد

کاتێک قوفڵی دەرگای یاسادانان لە گیرفانی دوو بازرگانی چەکداردا بێت، بینای پەرلەمانیش دەبێتە وێرانەیەک کە تەنها جاڵجاڵۆکەکان تێیدا حوکم دەکەن! ئەگەر ئەمڕۆ بچیتە بەردەم پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، دەبینیت دەرگاکانی هێندە بە داخراوی ماونەتەوە کە ژەنگیان هێناوە و کورسییەکانی ناو هۆڵەکەش بە تەواوی بە تەونی جاڵجاڵۆکە داپۆشراون . ئەم دەزگایە لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە بە تەواوی پەکخراوە و بووەتە خانوویەکی چۆڵ و تارمایی، تەنها لەبەر ئەوەی دوو بنەماڵە مافیاییەکە ناتوانن لەسەر دابەشکردنی کێکی داهات و پۆستەکانی کابینەی نوێ ڕێک بکەون . ئەم فەنتەڵۆسانەی دەسەڵات، بە ئەنقەست پەرلەمانیان ئیفلیج کردووە بۆ ئەوەی هیچ دەنگێکی ناڕازی و چاودێرییەک بەسەر قاچاخچێتیی دەروازەکان و دزینی نەوتەوە نەمێنێت، و بڕیارەکان تەنها لەناو دیوەخانە شەخسییەکانی خۆیاندا بدرێن .
گەورەترین جۆری گەندەڵی ئەوە نییە کە دزێک پارەت لێ ببات، بەڵکو ئەوەیە کە کۆمەڵێک نوێنەری بێکار بە پارەی سکی برسیی میللەتەکەیان قەڵەو ببن! لە کاتێکدا فەرمانبەر و مامۆستای داماو بۆ وەرگرتنی چارەکە مووچەیەک دەبێت لەسەر شەقامەکان بپاڕێتەوە یان مانگ بگرێت، ئەم منداڵە لوسکە و پەرلەمانتارانە لەناو ڤێلا قایمەکانیاندا دانیشتوون و لە زۆرخۆری و بێکاریدا کێشیان زیاد دەکات. ئەوان مانگانە ملیۆنان دینار مووچەی خەیاڵی، دەرماڵەی پاسەوان و ئۆتۆمبێلی گرانبەها وەردەگرن بەبێ ئەوەی یەک پەنجە بجوڵێنن یان یەک دانیشتن ئەنجام بدەن . ئەم کەسانە یاسادانەر نین، بەڵکو کۆمەڵێک مشەخۆری گوێڕایەڵن کە تەنها ئەرکیان ئەوەیە لە ماڵەوە چاوەڕێ بکەن تا خاڵۆژن و پورەکانی سەرکردایەتیی حیزبەکانیان لەسەر مێزی قومار ڕێک دەکەون، و پارەی بێدەنگیی خۆیان لەسەر حیسابی سکی برسیی منداڵی ئێوە وەردەگرن.
کوشتنی دیموکراسی بە گوللە ناکرێت، بەڵکو بە کڕینی بێدەنگیی نوێنەرەکان و داخستنی هۆڵەکانی گفتوگۆیە. (وەک چۆن بیرمەند و شۆڕشگێڕ، ڤلادیمێر لینین زۆر بەوردی لەسەر پەرلەمانە درۆینەکان دەڵێت: “چەوساوەکان تەنها چەند ساڵ جارێک مۆڵەتی ئەوەیان پێ دەدرێت کە بڕیار بدەن کام نوێنەری چینی چەوسێنەر لە پەرلەماندا نوێنەرایەتییان بکات و دواتر سەرکوتیان بکات.”) ئەمڕۆ لە کوردستاندا، پارتی و یەکێتی ڕێک ئەم یارییە قێزەونە دەکەن؛ ئەوان نەک هەر پەرلەمانیان پەکخستووە، بەڵکو بێشەرمانە هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی دەکەن و دەیانەوێت هەڵبژاردنێکی تر بکەنەوە، تەنها لەبەر ئەوەی ژمارەی کورسییەکانیان بە دڵی خۆیان دەرنەچووە بۆ ئەوەی بە ئاسانی وڵات تاڵان بکەن . ئەوان دەرگای پەرلەمانیان بە ژەنگاوی هێشتووەتەوە، تا دەرگای کۆمپانیا سێبەرەکانیان بە کراوەیی و بریقەداری بمێنێتەوە!
مانەوەی دەزگایەک کە تەنها بۆ بەرهەمهێنانی مشەخۆر دروست بووبێت، گەورەترین سوکایەتییە بە ئارەقەی ناوچەوانی کرێکارێکی هەژار! ئەی ئەو زۆرینە بێدەنگەی کە باجی ئەم قەیرانە دەدەن، تف بکەنە ڕووی ئەو پەرلەمانتارە قەڵەو و بێکارانەی کە نانی ئێوەیان قوت داوە. هاوار بکەن و ئەو تەونی جاڵجاڵۆکانە بپچڕێنن کە ئەم دەسەڵاتە بەسەر کەرامەتی ئێوەدا کێشاویەتی. ئەگەر پەرلەمانێک تەنها بۆ ئەوە دروست بووبێت کە پارەی میللەت بەسەر کۆمەڵێک دەمڕاستی حیزبیدا دابەش بکات لە کاتێکدا دەرگاکانی ژەنگیان هێناوە، ئەوا کاتی ئەوەیە بە گڕی توڕەیی ئێوە ئەو دەرگایانە لە ڕەگەوە هەڵبکێشرێن و ئەم شانۆگەرییە بۆ هەمیشە دابخرێت!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 50 Today: 140 📊 Click Here