محمد عەبدوڵا عومەر
٢٢ی نیسان ئەو ڕۆژەی ١٢٨ ساڵ بەر لە ئێستا، میقداد مەدحەت بەدرخان لە غەریبیدا مۆمی ڕۆژنامەگەریی کوردی داگیرساند. بڕیار بوو ئەم یادە ببێتە جەژنی ئازادی و دەنگە جیاوازەکان، بەڵام مەخابن ئەمساڵ لە کاتێکدا بەرەو ئەو یادە دەچین، کە کایەی ئازادی لە هەرێمی کوردستان لە هەموو کات زیاتر بەرتەسک بووەتەوە.ئەو ڕاستییەی ناتوانرێت پەردەپۆش بکرێت ئێمە لە کاتێکدا یادی دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی “کوردستان” دەکەینەوە، کە ژینگەی کارکردنی ڕۆژنامەوانی لە هەرێمەکەماندا دوچاری پاشەکشەیەکی مەترسیدار بووەتەوە: بەرتەسکبوونەوەی فەزا گشتییەکە: ئەو شوێنەی بڕیار بوو ببێتە پەناگەی قەڵەمە ئازادەکان، ئێستا بووەتە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی و ترساندنی ئەو دەنگانەی کە نایانەوێت تەنها “چەپڵەوێن” بن.
یاسا و واقیع:سەرەڕای بوونی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری، بەڵام پەنابردن بۆ یاساکانی تری وەک “خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن” بۆ سزادانی ڕۆژنامەنووسان، نیشانەیەکی ڕوونی ئەو بەرتەسکبوونەوەیەیە.
*زیندان و قەڵەم :یادی ئەمساڵ غەمگینە، چونکە هێشتا قەڵەم هەن لە پشت شیشەکانی زینداندان و خێزانەکانیان چاوەڕێی گەڕانەوەیانن، تەنها لەبەر ئەوەی ویستوویانە وەک چاوی سێیەمی کۆمەڵگە ڕاستییەکان بگوازنەوە.
ڕۆژنامەگەری تەنها پیشەیەک نییە، بەڵکو پێوەری دیموکراسی و زیندوێتی نەتەوەیە. بەرتەسککردنەوەی مەودای ئازادییەکان و دروستکردنی ترس لە دڵی نووسەراندا، تەنها بێدەنگکردنی کەسێک نییە، بەڵکو کوشتنی هیوایە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی تەندروست.
با یادی ٢٢ی نیسان تەنها نانی شیرینی و پیرۆزبایی فەرمی نەبێت، با ببێتە وێستگەیەک بۆ پێداچوونەوە؛ چونکە هیچ دەسەڵاتێک بە بێدەنگکردنی ڕەخنەگران بەهێز نەبووە، بەڵکو هێز لەوەدایە گوێ بۆ دەنگە ناڕازییەکان بگیرێت و فەزایەک بخوڵقێنرێت کە تێیدا هیچ قەڵەمێک لە نووسین نەترسێت.
ئازادیی ڕادەربڕین، ئەو هەوایەیە کە دیموکراسی تێیدا هەناسە دەدات؛ کاتێک فەزاکە بەرتەسک دەبێتەوە، نەک تەنها ڕۆژنامەگەری، بەڵکو هەموو کۆمەڵگە تووشی خنکان دەبێت
