پرسەنامەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

بۆ بەڕێز (مامەند ئاغای گربداغ)

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوای کوڕی بەڕێزتان خوالێخۆشبوو(ساڵح مامەند ئاغا) مان پێگەیشت، بە خەمناکییەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی ئێوەی هێژا و کەسوکار و بنەماڵە بەڕێزەکەتان دەکەین، خۆمان بە هاوبەشی خەمتان دەزانین. ئومێدەوارین دڵنەوایی و هاوخەمی هەڤاڵ و دۆست و ئازیز و خزمانی خوالێخۆشبوو ببێتە مایەی سەبووری و ئارامگرتنتان و لە خەم و خەفەتتان کەم بکاتەوە و لە کۆستی دیکە بە دوور بن.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ٤ ئاداری ۲۰۲٦

ڕێنمایی بەرگریی شارستانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکان

هاووڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان.. بەهۆی ئەو بارودۆخە جەنگییەی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە داوا دەکەین بۆ پاراستنی خۆتان و کەسوکارتان ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە جێ بەجێ بکەن لەکاتی هێرشە ئاسمانییەکانی وەک (مووشەک و درۆن) یان هەر تەقەمەنیەکی تر.

🚨 ڕێنمایی بەرگریی شارستانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکان

1. دیاریکردنی شوێنی پارێزراو: لە ماڵەوە یان شوێنی کار، باشترین شوێنی پارێزراو دیاری بکەن (ژێرزەمین بەتایبەت لە باڵەخانەکان، ژووری ناوەوەی بێ پەنجەرە، یان ناوەڕاستی بینا).

2. جانتاى فریاگوزاریت هەبێت لە ماڵەوە یان لە شوێنى کاردا گرنگە و لە شوێنێکی ئاسان و بەردەست دایبنێ.

3. لە ماڵەوە خێزان و منداڵان فێری ئەوە بکەن کە لە کاتی مەترسی، خێرا بچنە شوێنی پارێزراو

* کاتی هاتنی موشەک یان درۆن (کاتێک سیستەمی بەرگری کاردەکات دەبێ چی بکەیت؟

1. ئەگەر گوێبیستى زەنگى ئاگادارکردنەوە بوویت ئەمە بۆ پاراستنى تۆیە بۆیە دەبێت خۆت بپارێزیت و لە شوێنە مەترسیدارەکان دووربکەوە.

2. بەخێرایى یەکسەر بچنە ناو نزیکترین بینای بەهێزەوە. ئەگەر لە ئۆتۆمبێلدا بوون، بە ئاسایی شۆفێری بکەن بۆ گەیشتن به شوێنێکی پارێزراو و دووربکەونەوە لە شوێنە (سەربازییەکان، فڕۆکەخانەکان ، کۆنسوڵخانەکان یان ئەو شوێنانەى مەترسى هەیە بۆردوومان بکرێن).

3. لە دەرگا و پەنجەرە و شوێنە شووشەییەکان دوور بکەونەوە. باشترین شوێن، ناوەڕاستی بینا و شوێنی سەلامەتە.

4. منداڵان لە باوەش بگرن و دڵنیاییان بدەنێ و ئارامیان بکەنەوە

5. ئەگەر لە دەرەوە و شوێنی کراوەدا بوون پەنا ببەن بۆ شوێنی نزم باشترین بژاردەیە وەک خەندەق بەتایبەت برا پێشمەرگەکان و ئەوانەی لە ئەرکە سەربازیەکانن لە ناوچەکانی دەرەوەی شار.

6. دووربکەونەوە لە شوێنی بەرز: لەژێر داری بەرز یان ستوونی کارەبا مەوەستن.

* دوای کۆتایی هاتنی هێرش و تەقینەوەکان چی بکەین؟

1. مەترسی تەواو نەبووە. لانیکەم ١٠-١٥ خولەک چاوەڕوان بکەن و گوێ لە لایەنە فەرمییەکان بگرن بەتایبەتی بەرگری شارستانی ، پۆلیس، ئاسایش یان تەلەڤیزیۆن بۆ دڵنیابوون لە تەواو بوونى هێرشەکان.

2. پارچە موشەکەکان زۆر مەترسیدارن! ئەگەر پارچەیەکی موشەک یان درۆنت بینی، هەرگیز دەستی لێ مەدە . لە دوورەوە چاودێری بکەن و یەکسەر پەیوەندی بکەن بە بەرگری شارستانی یان پۆلیسەوە چونکە زۆر مەترسیدارە.. 3. ئەگەر کەسێک بریندار بوو، یارمەتی بدەن بەڵام باشترین رێگا پەیوەندی کردنە بە تیمەکانی کردە پزیشکیەکان بە ژمارە ١٢٢.

4. لە شەقام و ڕێگاکان دوور بکەونەوە کە ڕەنگە ڕووخان ڕوویاندابێت بەتایبەت ئەو شوێنانەی موشەکی بەرکەوتووە.

📞 ڕێگاکانی پەیوەندی و ئاگاداربوون

1. ژمارەی فریاگوزاری: ژمارەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیس لە نزیک خۆتان و لە مۆبایلەکاندا تۆمار بکەن ( بەرگری شارستانی ١١٥ ، پۆلیس ١٠٤ ، ئاسایش ١٠٦ )

هاووڵاتیانی خۆشەویست تەنها پشت بە سەرچاوە فەرمییەکانی حکومەت ( وەزارەتى ناوخۆ و بەرگری شارستانی ببەستن. ئەم پەیج و کەناڵانە فەرمییانە ڕێنمایی نوێ بڵاودەکەنەوە بۆ پاراستنی تۆی بەريز.

داوا لە سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکەین (بینراو، بیستراو و سۆشیاڵ میدیا) پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە بکەن و لە چواچێوەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، هەموو هەواڵێک گونجاو نییە بۆ بڵاوکردنەوە چونکە ترس و دڵەڕاوکێ دروست دەکات لە ناو کۆمەڵگە بەتایبەت ئەو هەواڵانەی لە لایەنە فەرمییەوە نەبێت.

بەهیوای سەلامەتی بۆ هەموو لایەک خوای گەورە کوردستان بپارێزێت

ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی هەرێمی کوردستان

پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی ڕاپەڕین

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی سی و پێنجەمین ساڵیادی دەستپێكی ڕاپەڕینی گەلی كوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و خەڵكی خۆشەویستی كوردستان و هەموو ئەو نیشتیمانپەروەر و تێكۆشەر و ئازادیخوازانە دەكەم كە ڕۆڵیان لە بەدیهاتنی ئەو دەستكەوتە بەهادارەی گەلەكەماندا هەبووە.

ڕاپەڕین بەرهەم و درێژكراوەی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی جەماوەر و هێزە خەباتگێڕەكانی كوردستان بوو. ئەو ڕووداوە پڕ لە شانازییە بۆ تاك تاكی كوردستانیان لە ئێستا و داهاتوودا هەڵگری پەیامی خۆبەدەستەوەنەدان و ئازادیخوازی و ئیرادەی ژیانی سەربەرزانەیە.

ئێستا ناوچەكەمان بە بارودۆخێكی زۆر ئاڵۆز و هەستیاردا تێدەپەڕێت و هیوادارین كە هەرچی كێشە و ناكۆكی لە ناوچەكەدا هەیە بە ڕێگەی ئاشتیانە بگاتە ئەنجام و چارەسەری. ئێمەش ئەوەی لە دەستمان بێت دەیكەین بۆ ئەوەی كوردستان لە شەڕ و نەهامەتی و ناخۆشی دوور بێت و پارێزراو بێت.

لەو یادە پیرۆزەدا سڵاو بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كورد و كوردستان دەنێرین.

مسعود بارزانی

5ـی ئاداری 2026

……………………………..

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی کوردستان

لە (35)ــەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی مەزن و شکۆداری 1991ی خەڵکی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربڵندی شەهیدان دەکەم.

ڕاپەڕین یەکێکە لە شکۆدارترین دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان، کە بەرهەمی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بوو. لە سایەی ڕاپەڕین و خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان، ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان خاوەنی قەوارە و دامەزراوە فەرمی و شەرعییەکانە، كە پێویستە بە هەموو شێوەیەک، پارێزگارییان لێ بکەین و زیاتر پەرەیان پێ بدەین.

لەم یادە شکۆدارەدا، جەخت لەوە دەکەینەوە، کە یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان، گەورەترین و بەهێزترین سەرمایەمانە و وەک چۆن لە سایەی یەکگرتووییی گەلی کوردستان، ڕاپەڕینی ئاداری 1991 سەرکەوت و بە ئەنجام گەیشت و دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی لێ بەرهەم هات، لەم ساتەوەختەی ئەمڕۆشدا، پێویستە خەڵکی کوردستان، زیاتر لە هەر کاتێک، پارێزگاری و داکۆکی لە دەستکەوتە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی بکات، لەپێناو داهاتوویەکی باشتر و پێشکەوتووتردا.

بەرز و شکۆدار بێت یادی ڕاپەڕینی مێژووییی 1991. سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان. خودای مەزن کوردستان بپارێزێت.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2026/3/5

راگەیاندراوێک لە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ئەو ڕاپۆرتانەی باسی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان دەکەن کە گوایە ئێمە بەشێکین لە پیلانێک بۆ پڕچەککردن و ناردنی پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ ناو خاکی ئێران بەتەواوی ناڕاستن و ڕەتیان دەکەینەوەو بە مەبەست بڵاو دەکرێنەوە.

لە هەمان کاتدا حکومەتی هەرێم و پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەشێک نین لە هیچ هەڵمەتێک بۆ فراوانکردنی شەڕو ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا.

بەپێچەوانەوە ئێمە داوای ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە دەکەین و هێرشە ترسنۆکانەکانی سەر هەرێمی کوردستان بە تەواوی شەرمەزار دەکەین و داوا لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین پەلامارەکانی سەر هەرێمی کوردستان ڕابگرن و خاک و خەڵکەکەمان و ناوچەکە بپارێزن.

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ئەنجامدا

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.3.5، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی د.عەلی ڕەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژی پارێزگای هەولێر بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی گشتی و دابینکردنی سەقامگیریی بۆ دانیشتووانی سنووری پارێزگاكە و بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕەوشی هەنووکەیی و ئامادەکاری بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێکی ناوچەکە و چەند پرسێكی دیكەی تایبەت بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و یەكە كارگێڕیەكانی سنووری پارێزگاکە ئەنجامدا.

لەكۆبوونەكەدا، كە لە دیوانی پارێزگا بەڕێوەچوو، هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بەگشتیی كرا و تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییان لەسەر هەرێمی كوردستان بەگشتیی و هەولێری پایتەخت بە تایبەتی كرا و جەخت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشی و هەماهەنگی سەرجەم سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان لەگەڵ لایەنە ئەمنی و فریاگوزارییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دۆخێکی نائاسایی و نەخوازراو كرایەوە.

لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، پارێزگاری هەولێر، تەئكیدی لەوەكردەوە، کە پێویستە پرۆسەی خزمەتگوزاریی بەردەوام بێت و هیچ ئاستەنگێک نەیەتە ڕێی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان، پاشان چەندین ڕێنمایی و ڕاسپاردەی نوێی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ ئەوەی لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن بۆ پاراستنی سەقامگیری و خزمەتکردنی زیاتری دانیشتووانی سنووری پارێزگای هەولێر.

لەكۆتایشدا، سوپاسی هەوڵ و ماندووبوون و شەونخونی هێزەكانی ئەنجومەنی ئاسایش، پێكهاتەكانی وەزارەتی ناوخۆ ( ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پێشمەرگە ) كرا لە دابینكردنی ئارامی و ئاسایشی پارێزگای هەولێر

بۆ سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و هاوڵاتیانی خۆشەویست:

١- لە پێناو پاراستنی ئاسایش و ڕێکخستنی کارەکانی تیمە تایبەتمەندەکان لە شوێنی ڕووداوەکان، پێویستە سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکە بکەن و لە ڕووماڵکردنی شوێنی ڕووداوەکان خۆیان بپارێزن، هەتاوەکو بە شێوەیەکی فەرمی ڕێگەپێدان و ڕەزامەندی بە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان دەدرێت.

٢- هەروەها لە پێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین گرتەڤیدیۆ یان وێنەی شوێنی ڕووداوەکان تۆمار نەکەن و بڵاویان نەکەنەوە.

سوپاسی هاوڵاتیان دەکەین کە هەمیشە هاوکارمانن لە پێدانی زانیاری.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ٥ی ئازاری٢٠٢٦

راگه‌یه‌نراوێك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریه‌وه‌

ئه‌مه‌ش ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یه‌:

نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٥ ی ئازاری ٢٠٢٦) بڕی (٢٧٤) ملیار و ( ٩٦٢ ) ملیۆن دینار بە چوار گوژمە وەک بەشێک لە تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێم کە بریتیە لە تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی خانەنشینان و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی و فەرمانبەرانی گرێبەست و مینحەی زیندانیانی سیاسی، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو تەواوی تەمویلی مووچە بخرێتە سەر هەژماری بانکیمان و لەگەڵ گەیشتنی تەواوی پارەکە و وەرگرتنی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، ڕاستەوخۆ خشتەی مووچەی مانگی شوبات ڕادەگەیەنرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری

٥ ی ئازاری ٢٠٢٦

👤
Live: 5 Today: 6 📊 Click Here