داهاتی کوردستان لە نێوان مەزادی تیکساس و مێزی قومار

عەبدوباست عومەر حەمە

کاتێک باس لە داهاتی کوردستان دەکرێت، یەکسەر وێنەی مێزە ساردەکانی بانک و چاوەڕوانییە درێژخایەنەکانی فەرمانبەران بۆ مووچە و شۆستە نیوەچڵەکانی شارەکان دێتە بەرچاو، کەچی لەولاوە و لەوپەڕی دنیاوە، هەواڵی بەشداریی سەرکردەیەکی وەک بافڵ تاڵەبانی لە مەزادە گرانبەهاکانی ویلایەتی تیکساس بۆ کڕینی چەکی دەگمەن بە نرخێکی وەک دە هەزار دۆلار، دەبێتە مەتەڵێکی ئاڵۆز لە زەینی تاکەکانی کۆمەڵگەدا. ئەم دیمەنە ناوازەیە گوزارشت لە پارادۆکسێکی قووڵ دەکات، کە تێیدا داهاتی نیشتمان لە ململانێیەکی سەختدایە بۆ دابینکردنی بژێوی، بەڵام لە هەمان کاتدا خولیا تایبەتییەکانی دەسەڵات سنوورەکان دەبڕن و دەگەنە هۆڵە پڕ لە شکۆکانی ئەمریکا. تیکساس کە بە ناوەندی جیهانیی چەک و مەزادە مێژووییەکان دەناسرێت، تەنیا شوێنی کڕینی ئامێرێکی جەنگی نییە، بەڵکو بەپێی دەنگۆ و زانیارییەکان، دەبێتە گۆڕەپانی جۆرەها خولیای تری وەک قومار کە تێیدا پارەی گشتی وەک گرەو لەسەر مێزی کات بەسەربردنی گرانبەها بەکار دەهێنرێت. لە ڕاستیدا، کاتێک داهاتی کوردستان لەبری ئاوەدانی، دەچێتە ناو بازنەی مەزادە نێودەوڵەتییەکان و سەرکێشییەکانی سەر مێزی قومار، ئەو پرسیارە جەوهەرییە لای هاووڵاتی دروست دەبێت کە چۆن دەکرێت سەرمایەیەک هەبێت بۆ راوکردنی پارچە چەکی “کۆلێکتەر” و دۆڕاندنی هەزاران دۆلار لە کایە تایبەتەکاندا، بەڵام هەمان ئەو سەرمایەیە لە خەزێنەکانی وڵاتدا وون بێت و نەتوانێت برینی پڕۆژەکان سارێژ بکات. ئەمە وێنەیەکە کە تێیدا حەزە تایبەتییەکان و ئارەزووی قومارکردن بە داهاتی گشتی، برینێکی قووڵ لە دڵی خەڵکدا دروست دەکەن و داهاتی کوردستان تەنیا لەسەر مێزە تاقانەکانی ئەمریکا و دوور لە دەستی هەژاران دەدرەوشێتەوە.

‎نرخی نەوت 114 دۆلاری تێپەڕاند

19ی ئاداری 2026 — بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا شۆکێکی گەورەیان بەرکەوت و نرخی نەوت بازدانێکی مێژوویی بەخۆوە بینی، ئەمەش دوای پەرەسەندنی مەترسیداری گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەی کەنداو.

هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی هاوبەشیان کردە سەر کێڵگە ستراتیژییەکانی غازی ئێران لە ناوچەی کەنداو. ئەم هێرشانە بوونە هۆی تێکچوونی باری تەناهی و دروستبوونی ترسێکی زۆر لای وەبەرهێنەرانی کەرتی وزە.

تاران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کرد و داوای هێرشکردنە سەر ژێرخانە وزەییەکانی ناوچەکەی کرد. دواتر، ناوچەی رەس لافان لە قەتەر کرایە ئامانج و کۆمپانیای (QatarEnergy) پشتڕاستی کردەوە کە ئاگرێکی گەورە لە دامەزراوەکانیاندا کەوتووەتەوە و زیانی زۆری لێکەوتووەتەوە، ئەم رووداوە وایکرد حکومەتی قەتەر فەرمان بە ژمارەیەک دیپلۆماتی ئێرانی بکات خاکی وڵاتەکەی جێبهێڵن.

​ئەم ئاڵۆزییانە ڕاستەوخۆ رەنگی دایەوە لەسەر نرخەکانی نەوت لە جیهاندا و نرخی نەوتی برێنت بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و گەیشتە 114.07 دۆلار. هەروەها نرخی تەکساسی ئەمریکیش گەیشتە دەوروبەری 96.46 دۆلار.

​شارەزایان پێیان وایە ئەم هەڵچوونە خێرایەی نرخەکان تەنها سەرەتایەکە و ئەگەر دۆخەکە هێور نەبێتەوە، بازاڕە داراییەکانی جیهان رووبەڕووی قەیرانێکی قووڵتر دەبنەوە.

‎هاتوچۆی هەولێر: لە ڕۆژانی جەژن هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ماتۆرسكیڵ قەدەغەیە

هاتوچۆی هەولێر پێنج ڕۆژ قەدەغەی هاتوچۆی بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ماتۆرسیكیڵ ڕادەگەیەنێ و دەڵێ: ئەم بڕیارە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتییە، بۆ ئەوەی جەنجاڵی و ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ گەشتیاران دروست نەبێ.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ئاگادارییەكی شۆفێرانی بارهەڵگر و ماتۆڕسیکیڵ بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: “لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە 20ـی 3ـی 2026 تاوەكوو 5ـی 3ـی 2026، هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ماتۆرسیکیڵ قەدەغەیە.”

ئەو قەدەغەیەش، له کاتژمێر 7ـی بەیانی تا 12ـی شەو لەو ڕێگایانەی کە دەکەونە سەر شوێنە گەشتیاری و سەیرانگاکان دەبێت.

هاتوچۆی هەولێر دەڵێ: “ئەم بڕیارە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و دروستنەبوونی جەنجاڵی و ئاستەنگی هاتوچۆ و سەلامەتی گەشتیارانە لەم ڕێگایانە.”

‎کاروان ستونی وادەی کۆتاییهاتنی وەرزی عومرە و دەستپێکی حەجی ٢٠٢٦ ڕادەگەیەنێت

سبەی ڤیزای عومڕە ڕادەگیرێت.

کاروان ستونی، گوتەبێژی فەرمی حەج و عومرەی کوردستان، ڕایگەیاند کە وادەی دەرچوونی ڤیزای عومرە بۆ ئەم وەرزە دیاریکراوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ڕۆژی ١ی شەوال (٢٠/٣/٢٠٢٦)، دواین ڕۆژی دەرچوونی ڤیزا دەبێت .

هەروەها کاروان ستونی ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی کە ڤیزایان وەرگرتووە و گەشتیان نەکردووە دواین وادە بۆ چوونە ناو خاکی عەرەبستانی سعوودیە لەلایەن عومرەکارانەوە، ڕۆژی ١٥ی شەوال (٣/٤/٢٠٢٦) دەبێت .

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، کاروان ستونی ئاشکرای کرد، کە ڕۆژی ١ی ذو القعدە (١٨/٤/٢٠٢٦)، بە کۆتا ڕۆژی وەرزی عومرە لە سعوودیە دادەنرێت و جەختی کردەوە کە نابێت لەو ڕێکەوتە بەدواوە هیچ عومرەکارێک لە سعوودیە مابێتەوە و پێویستە هەمووان گەڕابێتنەوە.

سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی حەج، کاروان ستونی ئاماژەی بەوە کرد، کە زۆربەی ئامادەکارییەکان بۆ حەجی ئەمساڵی ٢٠٢٦ تەواو کراون، بەڵام بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی نوێ یان گۆڕانکاری بۆ وەرزی حەجی ٢٠٢٦ نەدراوە و کارەکان وەک خۆیان بە ڕێکوپێکی بەڕێوەدەچن.

لە کۆتاییشدا، کاروان ستونی ئاماژەی بەوە کرد، کە هەر لە ڕێکەوتی ١٨/٤/٢٠٢٦، یەکەم ڕۆژی چالاککردنی ڤیزای حەجی ئەمساڵ دەبێت و بەمەش قۆناغی کردەیی گەشتی حاجی ئەمساڵ ٢٠٢٦ دەستپێدەکات.

👤
Live: 67 Today: 413 📊 Click Here