دەوڵەتی “دەستەکان” ، گۆڕستانی دەستوور!

ئەیوب جەبار نەسرەدین

ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق دەگوزەرێت، یاسادانان نییە، بەڵکو کودەتایەکی سپییە بەسەر کۆتاییەکانی دەوڵەتداری و مافی مرۆڤدا .

حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی دەرەوەی یاسا، دوای ئەوەی بە زەبری چەک شەقام ئابووریی وڵاتیان قۆرخ کرد، ئێستا خەریکی قۆرخکردنی دوایین دامەزراوەن کە پەرلەمانە . ئەوان دەیانەوێت عێراق لە دەوڵەتێکی دەستوورییەوە، بگۆڕن بۆ “دەوڵەتی دەستەکان”، کە تێیدا گرووپە چەکدارەکان لە سەرووی سوپا، پۆلیس، دادگا، و تەنانەت خودی حکومەتیشەوە بن!

لە ڕێگەی لۆبییەکی چڕ و بەکارهێنانی سامانی گشتییەوە، ئەم گرووپانە بوونەتە خاوەنی زۆرینەیەک لە پەرلەمان کە لەسەر بنەمای ترس، بەرتیل، و کڕینی حیزبە سێبەرەکان دروست بووە. ئامانجی ئەم زۆرینەیە تەنها یەک شتە دەرکردنی یاسایەک کە دەسەڵاتی موتڵەق (ڕەها) بە میلیشیاکان بدات و بیانپارێزێت لە هەر لێپرسینەوەیەکی قانوونی یان نێودەوڵەتی. ئەگەر ئەم یاسایانە تێپەڕن ئەوە کردەوە تیرۆریستییەکان، ڕفاندنەکان لە کەرکوک، ئەشکەنجەدانەکان لە زیندانە نهێنییەکان، و هەڵکوتانە سەر ماڵ و موڵکی خەڵک، لە جیاتی ئەوەی تاوان بن دەبنە “ڕێوشوێنی یاسایی بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی” ئەمە واتە ڕادەستکردنی چارەنووسی سی و پێنج ملیۆن مرۆڤ بە دەست چەند جەنەڕاڵێکی میلیشیایی.

باشە ئەگەر پەرلەمان کە نوێنەری گەلە و دەسەڵاتی لێکۆڵینەوە و گرتن بداتە دەست هێزێکی دەرەوەی دادگاکان، ئیتر وەزارەتی ناوخۆ و سیستەمی دادوەری ئیشیان چییە؟ ئاخر کام لۆژیک قبوڵی دەکات هێزێک ببێتە حاکمی ڕەها بەسەر وڵاتێکەوە، کە خۆی تۆمەتباری یەکەمە بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و کوشتنی دەنگی ئازاد لەسەر شەقامەکان؟ لەولاشەوە ئەی ئەو نوێنەرانەی کورد (نوێنەرانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار)، کە گوایە بۆ پاراستنی مافی نەتەوەیەک چوونەتە بەغدا، بۆچی لە بەرامبەر ئەم کودەتا قانوونییەدا بێدەنگن؟ وەڵامەکە سادەیە بۆ ئەوان پەرلەمان تەنها بۆرسەیەکی بازرگانییە؛ ئەوان ئامادەن دەنگ بە هەر یاسایەکی دیکتاتۆریانەی حەشد بدەن، بەو مەرجەی نەوتەکەیان، دەروازە سنوورییەکانیان، و گرێبەستی کۆمپانیاکانیان لە هەرێم لێ تێک نەدرێت!

“سامناکترین شێوازی دەسەڵات ئەوەیە کە تێیدا تاوانباران دەبنە نوێنەری قانوون، و قوربانییەکانیش دەبنە یاساشکێن.” ئەمڕۆ لە عێراقدا، پەرلەمان خەریکە بکوژ و ڕفێنەرەکان دەکاتە پارێزەری قانوون، و هەر هاوڵاتییەکیش کە مافی خۆی بوێت، دەکرێتە تاوانبار و تیرۆریست …!

بەغدا پارە دەداتە میلیشیاکان و مووچەی کورد دەبڕێت!

هێمن غەریب ڕەحمان

ئەگەر سەیری سیستەمی دارایی و حوکمڕانیی عێراق بکەیت، دەبینیت کە وشەی “فیدراڵیزم” تەنها گاڵتەجاڕییەکە بۆ شاردنەوەی سیاسەتێکی شۆڤێنیانە و تائیفی. حکومەتی عێراق، کە خۆی بە نوێنەری تەواوی عێراقییەکان دەزانێت، بودجەی دەوڵەت وەک چەکێک بەکاردەهێنێت: بە لایەکدا ملیاران دۆلار دەڕێژێتە سەر حەشدی شەعبی و میلیشیا چەکدارەکان بۆ بەهێزکردنی هەژموونی تایەفەگەری، و لە لایەکی تریشەوە بەردەوامە لە بڕین و ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی سادەی هەرێمی کوردستان بە بیانووی جۆراوجۆر. ئەمە کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو سزایەکی بەکۆمەڵ و برسییکردنێکی ڕێکخراوە بۆ ملکەچپێکردنی قەوارەی هەرێم. تەنها لە ساڵی ٢٠٢٥دا، فەرمانبەرانی کورد تەنها ١٠ مووچەیان وەرگرت، و مووچەکانی مانگی ١١ و ١٢ تا ئێستاش (لە ساڵی ٢٠٢٦دا) چارەنووسیان نادیارە.

حکومەتی بەغدا هەمیشە دادگای فیدراڵی و یاسای بودجە دەکاتە قەڵغان بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم تاوانە مرۆییە. وەزارەتی دارایی عێراق بانگەشەی ئەوە دەکات کە ناردنی پارە بۆ هەرێم ڕادەگرێت چونکە حکومەتی هەرێم (KRG) “داهاتی نەوتی و نانەوتی ڕادەستی خەزێنەی فیدراڵی نەکردووە” یان “پشکی خۆی لە بودجەی ٢٠٢٥ تێپەڕاندووە”. بەڵام با بپرسین: ئایا مامۆستایەک لە سلێمانی یان پەرستارێک لە هەولێر بەرپرسیارە لە گرێبەستە نەوتییە ژێربەژێرەکانی پارتی و یەکێتی یان قاچاخچێتیی مەرزەکان؟ خودی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیش دەڵێت دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی کورد جیابکرێتەوە لە کێشە سیاسییەکان و نابێت وەک کارتی فشار بەکاربهێنرێت، بەڵام بەغدا هەرگیز پابەندی ئەم بڕیارە نەبووە و بەردەوام قووتی خەڵک دەکاتە ئامرازی تۆڵەسەندنەوە.

هەرچەندە سیاسەتەکانی بەغدا دڕندانەن، بەڵام ناکرێت دەسەڵاتدارانی کورد (پارتی و یەکێتی) لەم کارەساتە بێبەری بکرێن. بەرپرسانی هەرێم بەردەوام گلەیی لە عێراق دەکەن و بڕینی مووچە بە “پێشێلکاریی دەستووری” ناودەبن ، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادە نین داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکانی خۆیان بە شەفافی ڕادەست بکەن تا بیانوو لە دەست بەغدا دەربهێنن. کاتێک بەغدا نیوەی پشکی بودجەی هەرێم (نزیکەی ١٨ تریلیۆن دینار) دەبڕێت لە بری ئەو داهاتەی کە دەبوو هەرێم ڕادەستی بکات، ئەوەی باجەکەی دەدات تەنها هاوڵاتیی هەژارە، نەک ئەو ئۆلیگارشییانەی کە خاوەنی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و بانکەکانن (وەک پڕۆژەی “هەژماری من” کە خەڵک ناچار دەکرێت پارەکانی تێدا دابنێت).

ئەمە ئەو وێرانەیەیە کە کورد تێیکەوتووە؛ لەلایەک شۆڤێنیزمی بەغدا بە پارەی دەوڵەت میلیشیاکان قەڵەو دەکات بۆ لێدان لە هەرێم، و لەلایەکی تریشەوە مافیاکانی ناوخۆ داهاتی نیشتمان دەدزن و خەڵکەکەیان لە ژێر ڕەحمەتی بەغدادا جێدەهێڵن.

👤
Live: 53 Today: 716 📊 Click Here