سندووقی گێڕانەوەی داراییەکانی عێراق: نزیکەی ٣٨٠ ملیۆن دۆلار بۆ گەنجینەی دەوڵەت گێڕدراوەتەوە و ٢.٣ ملیار دۆلار بلۆک کراوه

سندووقی گێڕانەوەی دارایی عێراق نوێترین ئاماری کار چالاکییەکانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: • بڕی پارەی گێڕدراوە: تا ئێستا نزیکەی ٣٧٩ ملیۆن دۆلار لە دراوە جیاوازەکان گێڕدراوەتەوە بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی. • پارە بلۆککراوەکان لە دەرەوە: زیاتر لە ٢.٣ ملیار دۆلاری عێراق لە سێ وڵات بلۆک کراوە (١.٤ ملیار لە سوریا، ٧٠٠ ملیۆن لە ئوردن و ١٩٣ ملیۆن لە تورکیا). • ڕێکارە یاساییەکان: ٣٩ داواکاریی هاوکاریی دادوەری بۆ ملاحقەکردنی ئەو کەسانە بەرزکراوەتەوە کە پارەی عێراقیان لایە و هاوکار نین. • شێوازی کارکردن: سندوقەکە لە ڕێگەی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و هەماهەنگی دیپلۆماسی، کار بۆ دۆزینەوە و گێڕانەوەی ئەو سامنانە دەکات کە بۆ دەرەوە قاچاخ کراون.

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بە زیاتر لە 105 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا پارێزگاری لە ئاستە بەرزەکانی خۆی کردووە و لە ئێستادا بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە زیاتر لە 105 دۆلار 8 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، هاوکات نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکیش گەیشتووەتە 100 دۆلار .

​ئەم هەڵکشانە بەرچاوەی نرخەکان لە کاتێکدایە کە بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران لە سەرەتای ئەم مانگەوە، هەردوو جۆری نەوتی برێنت و تەکساس بە ڕێژەی 40% بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە. لە لایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە وڵاتانی جیهان کردووە هاوکار بن بۆ پاراستنی ئاسایشی تەنگەی هورمز.

​گرژییەکان دوای ئەوە زیاتر بوون کە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران بوونە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتە هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورمز بکات، کە ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ناجێگیریی بازاڕی وزە لەسەر ئاستی جیهان دروست کردووە.

کۆمپانیای “BP”ی بەریتانی کارمەندەکانی لە پڕۆژە نەوتییەکانی کەرکوک دەکشێنێتەوە

سەرچاوەکان لە کۆمپانیای نەوتی باکووری عێراق ئەمڕۆ ڕایانگەیاند کە کۆمپانیای “BP”ی بەریتانی ژمارەیەک لە کارمەندە بیانییەکانی خۆی کە لە پڕۆژەکانی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک کار دەکەن، کشاندووەتەوە؛ ئەمەش بەهۆی گرژییە ئەمنییەکان و لێکەوتەکانی جەنگ لە ناوچەکەدا.

سەرچاوەکان بە “شەفەق نیوز”یان ڕاگەیاندووە: کۆمپانیاکە وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نەوتی باکووری ئاگادار کردووەتەوە لە بڕیاری کشانەوەی کارمەندە بیانییەکانی کە لە تیمەکانی پاڵپشتی تەکنیکی و ڕاوێژکاری کار دەکەن. ڕوونیشیان کردەوە کە ئەم هەنگاوە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزییە بۆ پاراستنی ستافەکانیان لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ئەم دواییەدا.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەش کردووە کە بڕیارەکە بە واتای هەڵوەشاندنەوە یان کۆتاییهێنان بە گرێبەستی نێوان هەردوولا نایەت، بەڵکو تەنها ڕێکارێکی کاتییە تا ئەو کاتەی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەمنی دەکرێت. باسیان لەوەش کرد کە ڕەنگە هەندێک لە کارە مەیدانییەکان بەشێوەیەکی کاتی کاریگەر بن بەهۆی نەبوونی تیمە تەکنیکییە بیانییەکان کە سەرپەرشتی لایەنە پسپۆڕییەکانی پڕۆسەی پەرەپێدان دەکەن.

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە هاوکاری نێوان کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای (BP) مەبەست لێی جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی گشتگیرە بۆ پەرەپێدانی ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی لە پارێزگای کەرکوک، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و باشترکردنی ژێرخانی سیستەمی گواستنەوە و بەرهەمهێنان.

لە ئێستادا بەرهەمهێنانی کۆمپانیای نەوتی باکوور نزیکەی ٣٢٥ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، پلانەکانی پەرەپێدانیش ئامانجیان ئەوەیە ئەو بڕە لە ساڵانی داهاتوودا بە شێوەیەکی پلەبەندی زیاد بکەن.

یەکێتی ئەوروپا بۆ ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە کۆدەبێتەوە

بەهۆی بەردەوامیی جەنگی ئێران و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی، ئەمڕۆ دووشەممە وەزیرانی وزەی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی تێچووی وزە و ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت و گاز. بەپێی زانیارییەکان، کۆمیسیۆنی ئەوروپا سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانی فریاگوزارییە بۆ پاراستنی بەکاربەران لە قورسیی پسوڵەکانی وزە. هاوکات بژاردەکانی وەک پێشکەشکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ پیشەسازییەکان، کەمکردنەوەی باج و پێشنیاری دیاریکردنی “سقف” بۆ نرخی گاز لە گفتوگۆدان.

ئەم دانیشتنە کە بەشێوەی داخراو بەڕێوەدەچێت، تایبەتە بە تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی داخستنی گەرووی هورمز، کە بووەتە هۆی پەککەوتنی هەناردەی نەوت و شڵەژانی بازاڕی گازی سروشتی لە ئەوروپا. لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئێرانەوە، نرخی گاز لە ئەوروپا بە ڕێژەی زیاتر لە پەنجا لەسەد بەرزبووەتەوە و ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیستی بژاردەکانی فریاگوزاری پێشکەشی سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا بکات.

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی 3% بەرزبووەوە

​ئەمڕۆ سێشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی و نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە بڕی 3 دۆلار و 79 سەنت زیادی کرد، بەوەش گەیشتە 104 دۆلار و 2 سەنت.

هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکیش بە هەمان شێوە رووی لە بەرزبوونەوە کرد و دوای زیادبوونی 3 دۆلار و 68 سەنت، بە 97 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

​ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە لە کۆبوونەوەی پێشووی بازاڕدا نرخەکان دابەزینیان بەخۆوە بینیبوو، بە جۆرێک نەوتی برێنت 2.8٪ و نەوتی تەکساس زیاتر لە 5٪ دابەزی بوون، ئەوەش دوای ئەوەی ئێران رێگەی بە تێپەڕبوونی چەند کەشتییەکی نەوت دا بە تەنگەی هورمزدا.

​لە ئێستادا بارودۆخی تەنگەی هورمز کە ناوەندێکی سەرەکییە و 20٪ی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بازاڕ دروست کردووە.

دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەو تەنگەیە داخراوە و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکاش رایانگەیاندووە کە ئامادە نین کەشتی جەنگی بۆ پاسەوانیکردنی کەشتییە نەوتییەکان بنێرنە ناوچەکە، ئەمەش نیگەرانییەکانی لەبارەی دابینکردنی وزە لەسەر ئاستی جیهان زیاتر کردووە.

پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەرکرد

لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا کە تایبەت بوو بە پرسی نەوت و ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردن، پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکیی گفتوگۆکان بوو و بڕیاریشی لەبارەوە درا.

هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنەکەدا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند، پەرلەمان بە تەواوی سوورە لەسەر پاراستنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات کێشە و ململانێکان ببنە هۆی دەستکاریکردن یان بڕینی مووچەکانیان.

بۆ دابینکردنی سەقامگیریی دارایی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم، سەرۆکی پەرلەمان جەختی کردەوە، پێویستە لە ئێستاوە کار بکرێت بۆ ئەوەی پرسی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەناو بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2026دا جێگیر بکرێت و ببێتە بڕیارێکی کۆتایی.

لە بڕیارەکانی کۆتایی دانیشتنەکەدا و لە خاڵی هەشتەمدا، پەرلەمانی عێراق بە فەرمی حکوومەتی فیدراڵی پابەند کرد بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بە تەواوی و هاوشێوەی فەرمانبەرانی سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

ئەم هەنگاوانەی پەرلەمانی عێراق وەک هەوڵێک دەبینرێن بۆ دوورخستنەوەی قووتی فەرمانبەرانی هەرێم لە کێشە سیاسی و نەوتییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، و مامەڵەکردن لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێم وەک هەر فەرمانبەرێکی دیکەی عێراق.

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بە زیاتر لە 103 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

ئەمڕۆ چوارشەممە ،نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا پارێزگاری لە ئاستە بەرزەکانی خۆی کردووە و لە ئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە 103 دۆلار 5سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکیش گەیشتووەتە 94 دۆلار و 57سەنت.

​ئەم هەڵکشانە بەرچاوەی نرخەکان لە کاتێکدایە کە بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران لە سەرەتای ئەم مانگەوە، هەردوو جۆری نەوتی برێنت و تەکساس بە ڕێژەی 40% بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە.

​گرژییەکان دوای ئەوە زیاتر بوون کە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران بوونە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتە هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورمز بکات، کە ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ناجێگیریی بازاڕی وزە لەسەر ئاستی جیهان دروست کردووە.

‎ڕوانگەی ئیکۆ عێراق: ڕۆژانە داهاتی هەناردەی نەوت لە بۆرییەکانی هەرێمی کوردستان 24 ملیۆن دۆلارە

ڕوانگەی ئیکۆ عێراق رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بەپێی نرخی ئێستای بازاڕەکانی نەوت، ڕۆژانە 24 ملیۆن دۆلار داهات بۆ بودجەی عێراق دەستەبەر دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 18/3/2026، ڕوانگەی ئیکۆ عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە: “داهاتی ڕۆژانەی عێراق لە هەناردەکردنی 200 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، دوای لێدەرکردنی کرێی گواستنەوە کە 3.15 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، دەگاتە 24 ملیۆن و 210 هەزار دۆلاری ڕۆژانە.”

سۆمۆ: پلانێک هەیە بۆ هەناردەکردنی ٩٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بە هاوکاری کۆمپانیا جیهانییەکان

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند کە داهاتی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕە جیهانییەکاندا دوو هێندە دەبێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پلانێکیان داناوە بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ سێ وڵات و گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان هەیە بۆ هەناردەکردنی ٩٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “بەهۆی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکان کە بوونەتە هۆی داخستنی گەرووی هورمز یان پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی تێیدا، کە شاڕەگی هەناردەی عێراقە، وەزارەتی نەوت بڕیاریدا بە دەستپێکردنی ناردنی نەوتی خاوی کەرکوک ڕاستەوخۆ بۆ بەندەری جیهانی تورکی.” له ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: • دەستپێکردنی هەناردەی کەرکوک: پڕۆسەی ناردنی نەوت کاتژمێر ٦:٣٠ی بەیانی ئەمڕۆ دەستی پێکردووە، بڕیارە بڕەکەی وردە وردە زیاد بکات تا بگاتە ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. • نرخی نەوت: ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی ئەوروپا گەیشتووەتە نزیکەی ١٠٣ بۆ ١٠٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش وای کردووە داهاتی ئەم هەناردەیە دوو هێندەی پێشوو بێت. • ڕێڕەوە جێگرەوەکان: بەهۆی کێشەکانی باشوور و گەرووی هورمز، عێراق پەنای بردووەتە بەر گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بە تانکەر (حەوزیات) بۆ مەرزە سنوورییەکانی سوریا و ئوردن. • هەناردەی نەوتی بەسرە لە ڕێگەی سوریاوە: بۆ یەکەمجار بارودۆخەکە قۆستراوەتەوە بۆ کردنەوەی دەروازەی نوێ، لەوانە هەناردەکردنی نەوتی بەسرە لە ڕێگەی خاکی سوریاوە بۆ بەندەری بانیاس لەسەر دەریای ناوەڕاست. • گرێبەستە جیهانییەکان: عێراق گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا ئەوروپی و ئەمریکییەکان هەیە بۆ هەناردەکردنی بڕی ٨٥٠ بۆ ٩٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە کرا کە هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن (وەک جیهان بۆ نەوتی کەرکوک و بانیاس بۆ نەوتی بەسرە) وای کردووە عێراق ئاسانتر بگاتە بازاڕە جیهانییەکان و فشاری سەر بەندەرەکانی باشووریش کەم بکاتەوە.

شه‌پۆلێكی به‌هێزی بارانی به‌خوڕ و هه‌وره‌برووسكه‌ ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌

شه‌پۆلێكی به‌هێزی بارانی به‌خوڕ و هه‌وره‌برووسكه‌ ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌ و پلەی گەرماش 5 تا 6 پلە نزم دەبنەوە.

ئاراس جه‌بار، شاره‌زای كه‌شناسی ڕایگه‌یاند، سبەی پێنجشەممە 19/3/2026 لە ئەنجامی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەکی قووڵ لە هەردوو دەریای سوور و ناوەڕاستەوە، شەپۆلێکی بەخوڕی بارانبارین سەرجەم ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و سەرەتاش لە کاتەکانی بەیانییەوە کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە ناوچەکانی پارێزگای ئەنبار و بە گشتی رۆژئاوای عێراق دەست پێدەکات، پاشان لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق دەگرێتەوە بە تێپەرینی کات لە ئێوارەوە بۆ شەو سەرتاسەری ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە کە بۆ سەرجەم ناوچەکانمان کاریگەریی بەهێز ده‌بێت و لێزمەبارانی بەخوڕ دەبێت، لەگەڵ چالاکبوونی هەورەبرووسکەش، لە هەندێک کاتدا و چالاکبوونی بای باشووری رۆژهەڵات بەخێرایی 15-30کم/ک ده‌بێت.

ئه‌و كه‌شناسه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ روو، بۆ رۆژی هەینی 20/3/2026 یەکەم رۆژی جەژنی ڕەمەزان، کاریگەریی ئەم شەپۆلە بە بەهێزی لەسەر ناوچەکانمان بەردەوامیی دەبێت بە تاوەبارانی بەخوڕی پچڕ پچڕ، لەگەڵ زیادبوونی رێژەی هەورەبرووسکە و بارینی تەرزەش لە هەندێ کات و شوێندا و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و هه‌روه‌ها پلەی گەرماش 5 تا 6 پلە نزم دەبنەوە و لە لووتکەی چیا بەرزەکانیش بەفر دەبارێت.

👤
Live: 25 Today: 849 📊 Click Here