هەولێر و سلێمانی کرانە قوربانیی دوو ئیدارەیی حیزبەکان

جێگر بۆرهان معمد

وەک جەستەیەک کە دوای نەشتەرگەرییەکی شکستخواردوو بە زۆر پێکەوە دووراوەتەوە، بەڵام هەر نیوەیەی خوێن لە دڵێکی جیاوازەوە وەردەگرێت و بە مەنتیقێکی دژبەیەک دەجوڵێتەوە؛ هەرێمی کوردستانیش ڕێک بەمجۆرە بەسەر دوو ئیدارە و دوو سیستەمی هاوتەریبدا دابەش بووە. کاتێک هاوڵاتییەک لە دێگەڵە یان سیتەک تێدەپەڕێت، تەنها سنوورێکی ئەمنی نابڕێت، بەڵکو دەچێتە ناو زۆنێکی تری سیاسی، دادوەری و ئابوورییەوە. لە لایەکەوە هەولێر و دهۆک لەژێر هەژموونی پارتیدان و ڕوویان لە ئەنقەرەیە، و لە لایەکی تریشەوە سلێمانی و دەوروبەری لەژێر کۆنترۆڵی یەکێتیدان و ئاراستەیان بەرەو تارانە. ئەمە فیدراڵیزم نییە، ئەمە هەڵوەشاندنەوەی بێدەنگی نیشتمانێکە کە تێیدا حیزبەکان نەیانتوانی دەوڵەت دروست بکەن، بۆیە بڕیاریاندا نیشتمانەکە لە نێوان خۆیاندا پارچە پارچە بکەن.

ئەم دوو ئیدارەییە شاراوەیە، تەنها کێشەیەکی جوگرافی نییە، بەڵکو کوشندەترین زەلکاوی سیاسییە کە تەواوی دامەزراوەکانی ئیفلیج کردووە. تەنانەت وەزیرەکانی کابینەی حکومەتیش زۆرجار وەک نوێنەری زۆنەکانیان مامەڵە دەکەن نەک وەک وەزیری هەرێمێک، و کاتێک ناکۆکییەکان توند دەبنەوە، وەزیرەکانی یەکێتی دەگەڕێنەوە سلێمانی و بایکۆتی کۆبوونەوەکانی هەولێر دەکەن. ئەمەش وایکردووە کە داهاتی ناوخۆ، جوڵەی بازرگانی و تەنانەت مووچەی فەرمانبەرانیش ببێتە قوربانیی ئەو پرسیارەی کە “کێ پارەی کام پارێزگا دەدات؟”.

(وەک چۆن ئەنتۆنیۆ گرامشی دەڵێت: “کۆنەکان خەریکە دەمرن، بەڵام نوێیەکە ناتوانێت لەدایک بێت؛ لەم بۆشاییەشدایە کە دڕندەکان دەردەکەون”) — ئەمەش هەمان ئەو مۆدێلەیە کە لە لیبیای پاش قەزافیدا دروست بوو، کاتێک وڵات دابەش بوو بەسەر حکومەتێکی ڕۆژئاوا لە تەرابلوس و حکومەتێکی ڕۆژهەڵات لە بەنگازی، کە هەریەکەیان سوپا، بانک، و پەیوەندیی دەرەکیی تایبەت بە خۆیان هەبوو، و هاوڵاتیی ئاساییش لە نێوانیاندا بووە قوربانی. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لەو میلیشیایانەش دووڕووترن؛ ئەوان لەبەردەم باڵیۆزەکاندا باسی یەکڕیزی و حکومەتی یەکگرتوو دەکەن، بەڵام لە واقیعدا دوو هێزی پێشمەرگە، دوو دەزگای ئاسایش، و دوو سیستەمی باجگرتنیان هەیە. تەنانەت گەیشتووەتە ئەو ئاستەی بەرپرسە باڵاکانی خۆشیان دان بەوەدا دەنێن کە “دوو ئیدارەیی لە پشت پەردەوە بوونی هەیە”.

لەم دۆخەدا، نیشتمان بووەتە گۆڕەپانی بازاڕ بکردنی دەسەڵات کە تێیدا پارتی و یەکێتی وەک دوو کۆمپانیای ڕکابەر مامەڵە دەکەن نەک وەک دوو پارتی نیشتمانی. ئەم تەماشاگەرییە مەدەنییەی کە پێی دەڵێن “کابینەی هاوبەش”، تەنها بۆ شاردنەوەی ئەو چەتەگەرییە ڕێکخراوەیە کە هەریەکەیان لە زۆنەکەی خۆیدا دەیکات. ئەوان دەیانەوێت خەڵکی هەولێر وا تێبگەن کە سلێمانی هۆکاری قەیرانەکانە، و خەڵکی سلێمانیش وا تێبگەن کە هەولێر مافیان دەخوات ، تاوەکو سەرنجی کۆمەڵگا لەسەر ئەو ڕاستییە لابدەن کە هەردووکیان پێکەوە خەریکی تاڵانکردنی هەردوو شارەکەن.