موچە وەک چەک، هاووڵاتی وەک بارمتە

بەختیار جەزا جەلال

ئەنجومەنێک کە تێیدا ئاغاکان لەسەر مێزێکی پڕ لە خواردن دادەنیشن و شەڕ لەسەر دابەشکردنی پارچە زەوییەکان دەکەن، لە کاتێکدا خزمەتکارەکانیان لە دەرەوە لە سەرمادا دەڕەقنەوە و هەموو مانگێک پێیان دەوترێت: “ئارام بگرن تا گفتوگۆکانمان تەواو دەبێت، ئینجا پاشماوەی خواردنەکانتان پێ دەدەین”. ئەمە ڕێک وەسفی مامەڵەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و بەغدایە لەگەڵ سەدان هەزار موچەخۆری کورد. کێشە گەورەکە ئەوە نییە کە ئایا ئەم مانگە یان مانگی داهاتوو موچە دابەش دەکرێت یان نا؛ چونکە لە کۆتاییدا هەر دەدرێت. مشتومڕە ڕاستەقینەکە ئەوەیە کە بۆچی دوای دەیان ساڵ لە حوکمڕانی، هێشتا ژیان و کەرامەتی سەدان هەزار فەرمانبەر دەبێت وەک کارتی فشار لە یارییەکی پیسی سیاسیدا بەکاربهێنرێت؟

ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات، تەنها دواکەوتنی چەند ڕۆژێکی موچە نییە؛ ئەوە دەرەنجامی داڕمانی تەواوەتیی سیستەمێکی حوکمڕانییە کە ناتوانێت هیچ دڵنیاییەکی دارایی بۆ هاووڵاتییەکانی دابین بکات. کاتێک دەسەڵاتداران بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە نەوتی دزراو و قاچاخچێتی سنووردا ناکۆکییان لەگەڵ بەغدا بۆ دروست دەبێت، ڕاستەوخۆ دەرگای بانقەکان بەڕووی مامۆستایان و فەرمانبەراندا دادەخەن. ئەوان موچەخۆر دەکەنە قەڵغانێکی مرۆیی بۆ پاراستنی سەرمایەداری دڕندەی خۆیان. بەم شێوەیە، موچە چیتر مافێکی سەرەتایی بەرامبەر بە کار و ماندووبوون نییە، بەڵکو بووەتە ئامرازێکی ملکەچپێکردن؛ هەر کاتێک دەسەڵات بیەوێت هاووڵاتی بترسێنێت و بێدەنگی بکات، تەنیا بەلوعەی موچەکەی لێ دەگرێتەوە.

“نەفامی ئەگەر لەگەڵ دەسەڵاتدا یەکبگرێت، دەبێتە دڕندەترین دوژمنی دادپەروەری” ئەمەش ڕێک هەمان ئەو سیاسەتە بوو کە لە زەئیر لە سەردەمی مۆبۆتۆ سیسی سیکۆدا پەیڕەو دەکرا، کاتێک کە موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆ چەندین مانگ ڕادەگیرا نەک لەبەر نەبوونی پارە، بەڵکو بۆ ئەوەی خەڵک هەمیشە سەرقاڵی پەیداکردنی نانی ڕۆژانەیان بن و بیر لە شۆڕش نەکەنەوە. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لەوانەش فێڵبازترن؛ ئەوان قەیرانەکە دەخەنە ئەستۆی بەغدا و خۆیان وەک فریادڕەس نیشان دەدەن، لە کاتێکدا داهاتی ناوخۆ و ئابووری سێبەر و باجی ناڕەوا کە لە خەڵکی وەردەگرن، بەسە بۆ دابینکردنی موچە، بەڵام هەمووی دەچێتە گیرفانی حیزبەوە.