کوکوریا باس لەهۆکاری پەیوەندی کردنی بە ڕیاڵ مەدریدەوە دەکات

لە دوای ڕاگەیاندنی بۆندی مارک کوکوریای ئیسپانی لەلایەن یانەی ڕیاڵ مەدرید چەند مشتومڕێک میدیاکانی تەنی،ئەمەش بەهۆی ئەوەی یاریزانەکە دەرچووی قوتابخانەی لاماسیای بارسێلۆنا بووە و وەک شۆکێکە پەیوەندی بە قەڵای سپی بکات،بەڵام یاریزانەکەی باڵی بەرگری ئەمڕۆ بەچەند لێدوانێک وەڵامی هەمووانی دایەوە.

کوکوریا دەربارەی هۆکاری پەیوەندی کردن بە ڕیاڵ مەدرید وتی؛مۆرینیۆی ڕاهێنەر پەیوەندی پێوە کردم و بەتایبەت قسەی بۆ کردم،کە نەیشاردەوە پەرۆشیەکی زۆری هەیە بۆ ئەوەی من بەدرێسی ڕیاڵ مەدرید ببینێت،ئەمەش بۆمن شەرەفێکی گەورەیە و هەموو کەسێک ئەو شەرەفەی نادرێتێ تاکو ئەم درێسە بپۆشێت.

کوکوریا لەوەسفی ڕیاڵ مەدرید وتی؛ڕیاڵ مەدرید یانەیەکی گەورەیە،نازانم چۆن وەسفی بکەم،یانەیەکە ڕێگە نادات هەست بە شکیت بکەیت،بەتایبەت ڕیمۆنتادا کردن،کە تاکو کۆتا خولەک دەجەنگ لەپێناو بردنەوە و ئەمەش هێزی یانەکەیە.

“سەرکار ڕێبوار”

پێکهاتە سەیرەکەی ئۆزبەکستان سەرنجی جیهانی ڕاکێشا، ناوی سەرجەم یاریزانەکان بە پیتی “ڤ” کۆتایی هات

کاتژمێر 5ی بەیانی ئەمڕۆ بە کاتی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردەی ئۆزبەکستان لە یارییەکی مێژوویدا لە جامی جیهانی ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا بووەوە، یارییەکەش بە سەرکەوتنی کۆڵۆمبیا بە ئەنجامی (3-1) گۆڵ کۆتایی هات.

ئەم یارییە پێش دەستپێکردنیشی بەهۆی بڵاوبوونەوەی پێکهاتەی فەرمی ئۆزبەکستانەوە سەرنجی میدیاکانی جیهانی ڕاکێشا و ببووە تاقیکردنەوەیەکی سەختی زمانەوانی؛ چونکە لە پێکهاتەکەدا ناوی سەرجەم 11 یاریزانە سەرەکییەکە بە پیتی “ڤ” کۆتایی دێت، کە پێکهاتبوون لە: (یوسوپۆڤ، عەبدوڵڵایەڤ، ئاشوورماتۆڤ، خوسانۆڤ، نەسروڵڵایەڤ، شوکوورۆڤ، مۆزگۆڤ، کەریمۆڤ، فەیزوڵڵایەڤ، ئۆرۆنۆڤ، شۆمۆرۆدۆڤ).

لەم یارییەدا، ئەستێرەی لاو “خوسانۆڤ” بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا بەشداری مۆندیالی کرد و سەرکردایەتی تیپەکەی کرد.

چاودێرانی وەرزشی ئاماژەیان بۆ ئەوە دەکرد کە بەهۆی ئەم لێکچوونە سەرنجڕاکێشەی لە کۆتایی ناوی یاریزانەکاندا هەیە، خوێندنەوەی خێرای پێکهاتەکە لەلایەن بێژەری یارییەکەوە لە کاتی هێرشەکاندا، بینەران و خوێنەرانی تووشی جۆرێک لە تێکەڵکردنی ناوەکان دەکرد.

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا پاشەکشەی زیاتری بەخۆوە بینی

​ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی حوزەیرانی 2026، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوت درێژەی بە هێڵکارییە دابەزیوەکەی دا و بەراورد بە نرخەکانی دوێنێ، نیشتنەوەی نوێی تۆمارکرد، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی دۆخی دڵنیایی لە بازاڕەکاندا.

​لە گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی ئەمڕۆی بازاڕدا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت ڕووی لە پاشەکشەی زیاتر کرد و گەیشتە 82.75 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی دوێنێ (83.61 دۆلار) بە بڕی 0.86 دۆلار نزمبووەتەوە.

هاوكات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش نزمبوونەوەی بەخۆوە بینی و گەیشتە 80.46 دۆلار, کە ئەمەش بەراورد بە کاتی پێشوو (80.74 دۆلار) دابەزینێکی 0.28 دۆلاری نیشان دەدات.

​ئەم پاشەکشە بەردەوامەی نرخەکانی نەوت ڕەنگدانەوەی متمانەی وەبەرهێنەرانە بەو کەشە ئارامەی کە بەهۆی ڕێککەوتنە سەرەتاییەکەی نێوان واشنتن و تاران بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان دروستبووە. بازرگانان ئێستا بە ئاسوودەییەوە چاودێری جێبەجێکردنی قۆناغەکانی ڕێککەوتنەکە و ئاساییبوونەوەی تەواوەتی هاتوچۆی کەشتییەکان دەکەن لە تەنگەی هورموزدا، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی زیاتری مەترسییەکان لەسەر سێکتەری وزە.

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و پاشەکشەی زیو لە بۆرسەی جیهانیدا

ئەمڕۆ سێشەممە، ١٦ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بازاڕەکانی کانزا گرانبەهاکان جووڵەیەکی جیاوازیان بەخۆوە بینی؛ نرخی زێڕ لەسەر ئاستی جیهانی و بازاڕەکانی ناوخۆدا بەردەوامیی بە ئاڕاستە بەرزەکەی دوێنێدا و بەهایەکی زیاتری تۆمارکرد، لە کاتێکدا بازاڕی زیو کەمێک ڕووی لە دابەزینی ڕێژەیی کردووەتەوە.

​لە بازاڕە جیهانییەکاندا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ زیاتر سەرکەوت بۆ 4,314.6 دۆلار، یەک کیلۆگرام بە 138,717.61 دۆلار و یەک گرامیش بە 138.72 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

​هاوکات لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نوێترین نرخی فەرمی سەندیکای زێڕنگران، عەیارەکان ئەو پێگە بەرزەی دوێنێیان پاراستووە و بە جێگیری ماونەتەوە؛ عەیارەی ٢٢ بە 995,786 دینار، عەیارەی ٢١ بە 950,523 دینار و عەیارەی ١٨ بە 814,734 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

​لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی زیو کەمێک هێوربوونەوەی بەخۆوە بینی و نرخەکەی دابەزی، بە جۆرێک لە ئێستادا نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو هاتووەتە خوارەوە بۆ 69.47 دۆلار، هەر کیلۆگرامێک بە 2,233.54 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخی هەر گرامێکیش لەسەر 2.23 دۆلار جێگیر بووە.

​شارەزایانی دارایی ئاماژە بەوە دەکەن کە بازاڕەکان هێشتا لەژێر کاریگەریی ئەرێنی ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکەی نێوان ئەمریکا و ئێراندان، بەڵام هاوکات جۆرێک لە وریایی و چاوەڕوانی لە نێوان وەبەرهێنەراندا هەیە بۆ ئەو بڕیار و لێدوانانەی کە بڕیارە سبەینێ چوارشەممە لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکا (Federal Reserve) بڵاوبکرێنەوە.

ڕاوێژکارێکی حکومەتی عێراق: مووچە پارێزراوه تەنانەت ئەگەر پەسەندکردنی بودجەش دواکەوێت

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، مەزهەر محەمەد ساڵح ڕایگەیاند کە دواکەوتنی پەسەندکردنی یاسای بودجە چاک نابێتە سەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، و پێشبینیشی کرد کە بودجەی داهاتوو تیشک بخاتە سەر ١٠ هۆکاری سەرەکی و گرنگ.

مەزهەر محەمەد گوتی: دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و سودمەندبووانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بە هیچ شێوەیەک ناوەستێت، چونکە ئەمانە خەرجیی بنەڕەتین و دەوڵەت لە ڕووی یاسایی و داراییەوە پابەندە بە دابینکردنیان.

ئاشکراشی کرد: لە ئێستادا سیاسەتی دارایی بەپێی ماددەی (١٣)ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠١٩ (هەموارکراو) بەڕێوەدەچێت. ئەم ماددەیە ڕێگە بە وەزیری دارایی دەدات کە مانگانە بە ڕێژەی ( 1/12 ) لەسەر بنەمای خەرجییەکانی ساڵی ڕابردوو، پارە بۆ وەزارەتەکان دابین بکات تا ئەو کاتەی بودجەی نوێ پەسەند دەکرێت.

مەزهەر محەمەد ئاماژەی بەوەدا: پڕۆژە بەردەوامەکان (المشاريع المستمرة) بەپێی ڕێژەی جێبەجێکردنیان و بەپێی هەبوونی نەختینە پارەیان بۆ دابین دەکرێت، بەڵام دواکەوتنی بودجە ڕەنگە کار بکاتە سەر پڕۆژە نوێیەکان یان ئەو پڕۆژانەی کە پێویستیان بە تەرخانکردنی دارایی زیاترە.

ئاشکراشی کرد: دارایی عێراق لەم ساڵەدا (٢٠٢٦) ڕووبەڕووی تەحەددییەکی نائاسایی بووەتەوە بەهۆی ئاڵۆزییە جیۆپۆلەتیکی و هەرێمییەکان، کە بووەتە هۆی شڵەژان لە بازاڕی وزەی جیهانی و زنجیرەی دابینکردن، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری کردووەتە سەر داهاتی نەوت کە سەرچاوەی سەرەکیی وڵاتە.

محەمەد دەڵێت: حکومەت و وەزارەتی دارایی خەریکی ئامادەکردنی ڕەشنووسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ن بە دیدگایەکی چاکسازییەوە بۆ چارەسەرکردنی شوێنەوارە داراییەکانی دۆخی ئێستای ناوچەکە. بودجەی داهاتوو تیشک دەخاتە سەر هەمەجۆرکردنی داهاتەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت، پاڵپشتیکردنی فئاتە کەم دەرامەتەکان، چاکسازیی دارایی و ئیداری، و بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوە حکومییەکان (الرقمنة الحكومية) بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شۆکە دەرەکییەکان.

ره‌شید هه‌ركی:لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی کەمبوونەوەی جموجۆلی بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئومەران

ئه‌ندامێكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌هۆی جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا و ئێرانه‌وه‌ كاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر جوڵه‌ی بازرگانی له‌ده‌وازه‌كان دروست بووه‌ به‌تایبه‌ت سنووری حاجی ئۆمه‌ران و لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی کەمبوونەوەی جموجولی بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئومەران.

ره‌شید هه‌ركی، بۆ زاگرۆس گوتی: “دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران – تەمەرچین، تاکە دەروازەی سنووریی فەرمییە لە سنووری پارێزگای هەولێر لەگەڵ ئێران.به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا و ئێرانه‌وه‌ زیانێكی زۆر بازرگانی به‌ركه‌وتووه‌ قەبارەی بازرگانی نێوانیان ساڵانە ملیاران دۆلارە. هاوکات بەشێک لەو کاڵایانەی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن رەوانەی شارەکانی عێراق دەکرێن. ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران شاده‌ماری بازرگانی نێوان كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌، به‌داخه‌وه‌ بازرگانی و ئاڵۆگۆ له‌و ده‌روازه‌یه‌ كه‌م بوه‌ته‌وه‌ بەشێوەیەک پێش هەڵگیرسانی جەنگ رۆژانە 300 بارهەڵگر لەو دەروازەیەوە کاڵا و کەلوپەلی بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراق دەگواستەوە، بەڵام ئێستا رۆژانە 150 بارهەڵگر کاڵا و کەلوپەل بار دەکەن و بۆ شارەکانی دەگوازنەوە.

ئه‌وه‌شی خسته‌رووو: به‌شێك له‌ هۆكاری كه‌م بوونه‌وه‌ بازرگانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێران پێداویستی ناوخۆی ئێستا زیاتر له‌ هه‌نارده‌ به‌هۆی جه‌نگه‌وه‌ هاوکات یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەوەیە بەشێک لە کارگەکان بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەهۆی جەنگەوە زیانیان بەرکەوتووە. و ئه‌م زیانه‌ به‌ر هه‌موو ده‌روازه‌كان كه‌وتووه‌ نه‌ك ته‌نیا حاجی ئۆمه‌ران به‌لام ئێمه‌ به‌دواداچون ده‌كه‌ین و له‌هۆكاره‌كان ده‌كۆڵینه‌وه‌ وه‌ك ژووری بازرگانی و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێوسته‌ له‌گه‌ڵ لایه‌ننی ئێرانیش قسه‌ بكه‌ین.

نرخی زێڕ و زیو بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە

​ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بازاڕەکانی کانزا گرانبەهاکان گۆڕانکاریی نوێیان بەخۆوە بینی و نرخەکان لەسەر ئاستی جیهانی و بازاڕەکانی ناوخۆدا چوونە قۆناغێکی بەرزترەوە؛ دوای هێوربوونەوەی کاتیی دوێنێ، ئەمڕۆ زیو هاوشێوەی زێڕ گەڕایەوە سەر هێڵی بەرزبوونەوە.

​لە بازاڕە جیهانییەکاندا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ زیاتر هەڵکشا و گەیشتە 4,329.91 دۆلار، یەک کیلۆگرام بە 139,210 دۆلار و یەک گرامیش لەسەر 139.21 دۆلار جێگیر بوو.

​هاوکات لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نوێترین نرخی فەرمی سەندیکای زێڕنگران، عەیارەکان ڕوویان لە بەرزبوونەوەی زیاتر کرد؛ عەیارەی ٢٢ گەیشتە لێواری ملیۆنێک دینار و بە 999,014 دینار جێگیر بوو، عەیارەی ٢١ بە 953,604 دینار و عەیارەی ١٨ بە 817,375 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

​لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی زیو پێچەوانەی دوێنێ پاشەکشەکەی خۆی قەرەبوو کردەوە و نرخەکەی بەرزبووەوە، بە جۆرێک لە ئێستادا نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو گەیشتووەتە 70.19 دۆلار، هەر کیلۆگرامێک بە 2,256.53 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخی هەر گرامێکیش لەسەر 2.26 دۆلار جێگیر بووە.

​چاودێرانی دارایی ئاماژە بەوە دەکەن کە بازاڕەکان لەم ساتەدا لە لوتکەی چاوەڕوانیدان، چونکە بڕیارە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە لێدوان و بڕیارە چارەنووسسازەکانی بانکی ناوەندی ئەمریکا (Federal Reserve) بڵاوبکرێنەوە، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئاڕاستەی داهاتووی نرخەکان لە بۆرسەی جیهانیدا دەبێت.

‎یەکەمین ناوەندی هەناردەکردنی نەوتی ئێران دوای دوو مانگ دەستپێکردەوە

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی چاودێریکردنی هاتووچۆی کەشتییەکان «تانکر تراکرز»، لە ڕۆژی چوارشەممەدا چەند کەشتیێکی نەوتی گەورەی ئێران توانییان ناوچەی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لە دەوروبەری بەندەرەکانی ئێران ببڕن و بارە نەوتییەکانیان بگوازنەوە.

ماڵپەڕەکە لەسەر تۆڕی «ئێکس» ڕایگەیاند کە دوو کەشتیی گەورەی گواستنەوەی نەوت بە ناوەکانی «دیۆنا» و «هێرۆ 2» سەر بە کۆمپانیای نیشتمانی گواستنەوەی نەوتی ئێران، لە گەمارۆکە تێپەڕیوون و بە یەکەوە نزیکەی 3.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی خامی ئێرانیان هەڵگرتووە. دواتریش ئاماژەی بە تێپەڕینی کەشتییەکی سێهەم کرد.

بەپێی «تانکر تراکرز»، ئەمانە یەکەمین هەناردەکردنی نەوتی خامی ئێرانن لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا.

ماڵپەڕەکە وتی، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم زانیارییانە، ئاماژەکانی سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی کەشتییەکانی شیکردۆتەوە و لەگەڵ وێنەکانی وەرگیراو لە مانگی دەستکردی زەوی (ساتەلایت) بەراوردی کردووە.

لە هەمان کاتدا، حکومەتی ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە گەمارۆی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران، کە نزیکەی دوو مانگ بەردەوام بوو، هەڵگیراوە.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی هەینی، لە سوویسرا، ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یادداشتێکی تێگەیشتن واژۆ بکەن کە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕ و کردنەوەی تەواوی کەنداوی هۆرمزە. ئەو ڕێککەوتنەش وەک دەستپێکی ماوەیەکی دوو مانگەی گفتوگۆ و دانوستان پێناسە دەکرێت.

کەنداوی هۆرمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێگا دەریاییەکانی جیهان، چونکە نزیکەی پێنجەک یەک لە بەرهەمی نەوتی جیهان بە شێوەی ئاسایی لە ڕێگەی ئەم مەرەوەیە دەگوازرێتەوە. ئێران ئەم ڕێگایەی داخستبوو دوای ئەوەی یەکەم هێرشی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دەستی پێکرد.

یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا کەم بۆتەوه

داتا فەرمییە نوێیەکانی بانکی ناوەندی نیشانی دەدەن کە ئاستی یەدەگی دراوی بیانی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا کەم بۆەتەوه. دابەزینی هەفتانە لە مانگی ئایاردا: لە ٢٨ی ئایاردا قەبارەی یەدەگ گەیشتووەتە نزیکەی ١١٨.٩٤٧ تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا لە ٢١ی ئایاردا ١٢٠.٦٧٥ تریلیۆن دینار بووە. واته بە بڕی ١.٧٢٨ تریلیۆن دینار (بە ڕێژەی 1.43%) کەمی کردووه. بەراوردکاریی مانگانە: پاشەکشەی یەدەگەکە لەسەر بنەمای مانگانەش بەردەوام بووە؛ لە مانگی نیساندا یەدەگەکە ١٢٧.١٥٢ تریلیۆن دینار بووە، دوای ئەوەی لە مانگی ئازاردا ١٣٠.٤٤٣ تریلیۆن دینار بوو. ئەمەش نیشانەی دابەزینێکی قۆناغ بە قۆناغە لە نێوان ئازار تا کۆتایی ئایار. یەدەگی زێڕ: بەپێی داتاکان، بەهای ئەو زێڕەی کە لەناو یەدەگە فەرمییەکاندایە گەیشتووەتە نزیکەی ٣٢.٩٧٣ تریلیۆن دینار، کە یەکێکە لە توخمە هەرە گرنگەکانی پاراستنی هاوسەنگیی دارایی. هۆکارەکان: ئەم گۆڕانکاری و داڕمانە لە ئاستی یەدەگە فەرمییەکاندا بەستراوەتەوە بە چەندین هۆکارەوە، لەوانە: جوڵەی داهاتە دەرەکییەکان، چۆنیەتی بەڕێوەبردنی نەختینە و ناجێگیریی بازاڕە جیهانییەکان لەم ماوەیەدا.

کشتوکاڵی عێراق ٣ ئاست بۆ قەدەغەکردنی هاوردەی بەرروبوومی کشتوکاڵی دیار دەکات

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، سیاسەتێکی فرەئاستی بۆ ڕێکخستنی هاوردەکردن و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە ئەم ڕێکارانە بە ئامانجی دروستکردنی هاوسەنگی لە بازاڕ و پاڵپشتیکردنی ئاسایشی خۆراکدا جێبەجێ دەکرێن لە سایەی ئالنگارییەکانی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوادا. گرنگترین خاڵەکانی ناو لێدوانی ڕاوێژکاری وەزارەتەکە، مەهدی زەمەد ئەلقەیسی: ڕۆژژمێری کشتوکاڵی (الرزنامة الزراعية): سیاسەتی قەدەغەکردنی هاوردەکردن تەنیا لە کاتی هەبوونی بەرهەمی پێویستی ناوخۆییدا جێبەجێ دەکرێت. بڕیارەکە چەندین بەرهەمی وەرزی دەگرێتەوە لەوانە: شوتی، کاڵەک، خەیار، باینجان، پیاز، پەتاتە، تەماتە، گەنم، خورما، لەگەڵ مریشکی زیندوو (گۆشت و هێلکە)، بە ئامانجی پاراستنی جوتیاران و ڕێگریکردن لە داڕمانی نرخەکان. سێ ئاستی سەرەکیی قەدەغەکردنی هاوردەکردن: 1. قەدەغەکردنی وەرزی (الحظر الموسمي): قەدەغەکردنێکی کاتییە و بەستراوەتەوە بە زۆریی بەرهەمی ناوخۆیی لە بازاڕدا بۆ ئەوەی جوتیاران بتوانن بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە. 2. قەدەغەکردنی پەیوەست بە تۆو و شەتڵ (البذور والتقاوي): ڕێگری دەکرێت لە هاوردەکردنی هەر جۆرە تۆوێکی بەرهەمە سەرەکییەکان (وەک گەنم، جۆ، گەنمەشامی، برنج و عەلەف) ئەگەر لە لایەن “لیژنەی نیشتمانی بۆ تۆمارکردن و پاراستنی جۆرە کشتوکاڵییەکان”ەوە پەسەند و تۆمار نەکرابێت. ئەم سیستەمە مافی ١٠ ساڵ پاراستنی یاسایی دەداتە لایەنی تۆمارکار بۆ گرەنتیی جۆریی و ڕێگریکردن لە هاوردەکردنی تۆوی بێهێز یان دەستکاریکراوی بۆماوەیی (معدلة وراثياً). 3. قەدەغەکردنی تەندروستی (کەرەنتینەی کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری): ئامانجی پاراستنی سامانی ڕووەکی و ئاژەڵییە لەو نەخۆشییە ڤایرۆسی، بەکتریایی و کەڕووییانەی کە لە سنوورەکانەوە دێن، ئەمەش لە ڕێگەی قەدەغەکردنی هاتنەناوەوەی هەر بەرهەم یان ئاژەڵێکی تووشبوو یان گوماناوی.

👤
Live: 76 Today: 413 📊 Click Here