سەرۆک بارزانی بەشداری لە چوارەمین فێستیڤاڵی شەل و شەپک لە زاخۆ دەکات

ڕۆژی چوارشەممە 10ی حوزەیرانی 2026، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سەرۆک مەسعود بارزانی بەشداری لە چوارەمین فێستیڤاڵی شەڵ و شەپک کرد.

لە فێستیڤاڵەکەدا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی هەموو ناوچەکانی کوردستان ئامادەی بوون تیایدا کلتوری چل و بەرگی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان نمایش کران و سەرۆک بارزانی هەموو بەشەکانی فێستیڤاڵەکەی بەسەرکردەوە، دواتر لەلایەن هونەرمەندانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان چەندین چاڵاکی و نمایشی هونەری ئەنجامدران.

وەزیری بازرگانیی عێراق گەیشتە هەولێر؛ وەرزی وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری بازرگانیی حکومەتی فیدراڵ بە مەبەستی بەشداریکردن لە دەستپێکی پرۆسەی وەرزی بەبازاڕکردنی گەنم، گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا.

سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی، بە یاوەری بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، پێشوازییان لە دکتۆر مستەفا نزار ئەلعانی، وەزیری بازرگانیی عێراق و دکتۆر حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە کرد.

ئامانجی سەردانی وەزیری بازرگانیی عێراق و شاندی یاوەری، بەشداریکردنە لە دەستپێکردنی پڕۆسەی وەرزی بەبازاڕکردن و وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا بۆ ساڵی ٢٠٢٦.

بڕیارە لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا، هەماهەنگییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ سەرخستنی وەرزی دروێنە و وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ تاوتوێ بکرێن، کە تێیدا پشکی جوتیارانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتی بازرگانیی عێراقدا دیاریکراوە.

“فارس عیسا” و سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان تاوتوێی چۆنیەتی پەرەپێدانی پێکەوەژیان لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا دەکەن

ئەمڕۆ چوارشەممە 10 ی حوزەیرانی 2026 بەڕێز “فارس عیسا” سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا سەردانی بارەگای کڵێسای کلدانی کرد و لەلایەن پاتریارک “ئیمیل نونا” سەرۆکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان پێشوازیی لێکرا.

له سەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان له بەغدا، پیرۆزبایی له پاتریارک “ئیمانوێل نونا” کرد به بۆنەی هەڵبژاردنی وەک پاتریارکی کاسۆلیکی کلدانی له عێراق و جیهان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست له ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیدا.

هەروەها هەردوولا ڕۆڵی پیاوانی ئاینی لە برەودان بە کەلتووری پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراق و گرنگی ئاراستەکردنی هێزە سیاسییەکان بۆ پاراستنی یەکبوونی نیشتمانی و پێویستی پاراستنی بێلایەنی تاوتوێکران،کە یارمەتیدەرە بۆ بتەوکردنی سەقامگیری و ئاشتی کۆمەڵایەتی.

له تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، پاتریارک “ئیمیل نونا” سوپاسگوزاری و پێزانینی خۆی بۆ ئەم سەردانە دەربڕی، و ستایشی سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ برەودان بە بەهاکانی پێکەوەژیان، و ئاشتی و بتەوکردنی پەیوەندییەکانی برایەتی لەنێوان پێکهاتە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی.

کەشناسی: پلەکانی گەرما زیاتر بەرز دەبنەوە

​بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم ڕایگەیاند؛ ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-06-2026، ئاسمان بە گشتی ساماڵ دەبێت. پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بە (1 بۆ 2) پلەی سیلیزی بەرزتر دەبنەوە، خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت (10-25) کم/ک بە ئاراستەی باکووری ڕۆژئاوا، هەروەها مەودای بینین لە نێوان (8-10) کم دەبێت. ​پەیوەست بەمەشەوە کەشی سبەی هەینی 12-06-2026، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت؛ پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما بە نزیکەی (2 بۆ 3) پلەی سیلیزی بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ نزم ببنەوە. خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت (10-20) کم/ک بە ئاراستەی باکووری ڕۆژئاوا و مەودای بینین لە نێوان (8-10) کم دەبێت. ​بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ و سبەی: ​هەولێر ئەمڕۆ 42 سبەی 39 سلێمانی ئەمڕۆ 39 سبەی 38 دهۆک ئەمڕۆ 40 سبەی 39 زاخۆ ئەمڕۆ 42 سبەی 40 چەمچەماڵ ئەمڕۆ 42 سبەی 40 پیرمام ئەمڕۆ 37 سبەی 34 حاجی ئۆمەران ئەمڕۆ 30 سبەی 27

خانوو و شوقە دەدرێتە کەم درامەتان

بڕیارە لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان دروست بکرێت، کە بە شێوەی قستی درێژخایەنی 15 ساڵ بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێن.

پێنجشەممە 11ـی حوزەیرانی 2026، سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر رایگەیاند، لە کۆی گشتی ئەو 20 هەزار یەکەیەی دروست دەکرێت، شەش هەزار یەکەیان لە شاری هەولێر دەبن، ئاماژەی بەوەش کرد هەرچەندە لە ئێستادا کارکردن لە پڕۆژەکەدا وەستاوە، بەڵام لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستپێدەکاتەوە.

پڕۆژەکە بە هاوبەشی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەت جێبەجێ دەکرێت، حکوومەت بەرپرسیار دەبێت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک شەقام، قوتابخانە و مزگەوت، لە کاتێکدا کەرتی تایبەت ئەرکی دروستکردنی یەکەکان دەگرێتە ئەستۆ.

سەبارەت بە جۆری یەکەکان، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر روونی کردەوە، ئەو کەسانەی تازە هاوسەرگیرییان کردووە زیاتر خواستیان لەسەر شوقەیە، بەڵام خێزانە قەرەباڵغەکان خانوویان پێ باشترە.

بەپێی بەدواداچوونەکان، 80%ـی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی شوقە دروست دەکرێن، چونکە لە رووی رووبەرەوە سوودبەخشترن؛ بۆ نموونە لەسەر رووبەری یەک دۆنم زەوی دەکرێت نزیکەی 200 شوقە دروست بکرێت، لە کاتێکدا هەمان رووبەر تەنها جێگەی 20 خانووی تێدا دەبێتەوە.

بەپێی دوایین ئامارەکانی سەرژمێری، لە هەرێمی کوردستان 2 ملیۆن و 28 هەزار و 937 یەکەی نیشتەجێبوون هەن، کە بەشێکی زۆریان بەتاڵن و رێژەیەکی زۆری هاووڵاتییانیش هێشتا کرێنشینن، لە ئێستاشدا زیاتر لە 100 هەزار یەکەی دیکەی نیشتەجێبوون لە قۆناغی جێبەجێکردندان.

گەنمی سەرجەم جووتیاران وەردەگیرێت و بازاڕکردنی بۆ دەکرێت ​

دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەنمی سەرجەم جووتیاران وەردەگیرێت و کاری پێویست بۆ ساغکردنەوەی دەکرێت.

​بەرگەشت ئاکرەیی، وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم گەنمە لە بازاڕی ناوخۆیی هەرێمی کوردستاندا ساغ دەکرێتەوە، یاخود هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت.

​وتەبێژی دەستەکە ڕوونیشیکردەوە کە جووتیاران دەتوانن لە ئێستاوە داواکاری فەرمی خۆیان پێشکەشی دەستەی وەبەرهێنان بکەن. هاوکات ئەو کۆمپانیایانەی ئارەزووی کڕین و هەناردەکردنی گەنمی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەکەن، دەتوانن بە هەمان شێوە داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن.

«نیوەی بۆ پارتی، نیوەی بۆ یەکێتی—بەڵام چی بۆ خەڵک مایەوە؟»

سەربەست حوسێن مەحموود

لە ئەدەبیاتی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا، زاراوەی «ڕێککەوتنی سیاسی» و «پێکهێنانی حکومەت» هەمیشە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە وەک دەستکەوتێکی نیشتمانیی گەورە و زامنی سەقامگیری دەفرۆشرێتەوە. بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە دابەشکردنی دەسەڵات بەپێی هاوکێشەی «فیفتی-فیفتی» یان دابەشکاریی حزبی، هەرگیز بە مانای حوکمڕانیی سەرکەوتوو ناهێت. ڕێککەوتنێکی سیاسی دەتوانێت وەزارەتەکان، جومگە ئەمنییەکان، و ئیمپراتۆرییەتی نفووز لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکات، بەڵام هەرگیز ناتوانێت بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نەخۆشخانەی باشتر، ڕێگەوبانی بێچڵپاو، کارەبای بەردەوام، یان هەلی کار بۆ گەنجان بەرهەم بهێنێت.

ئەم حوکمڕانییە، درزێکی قووڵی لە نێوان دوو جیهانی بە تەواوەتی جیاوازدا دروست کردووە:

  • چین و نوخبەی سیاسی: خەریکی زامندنی پۆستی وەزیری، بریکار، بەڕێوەبەری گشتی، سەنگ و هەژموون لە ناو پەرلەمان، و کۆنترۆڵکردنی خاڵە سنووری و داهاتە نەوتی و ناوخۆییەکانن.
  • هاوڵاتیی ئاسایی: لە ناو بازنەی خنکێنەری مووچەی دواکەوتوو، بێکاریی بەرفراوان، فاتورەی قورسی کارەبای ئەهلی، خزمەتگوزاریی داڕزاو لە نەخۆشخانە گشتییەکان، و گرانبوونی ڕۆژانەی تێچووی ژیاندا خەریکی خنکانن.

کاتێک حیزبە دەسەڵاتدارەکان کۆبوونەوە لە دوای کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن، گفتوگۆکانیان لەسەر چۆنێتیی ڕزگارکردنی ئابووری یان بەرەوپێشبردنی ژێرخانی کوردستان نییە؛ بەڵکو تەواوی وزەیان تەرخان کراوە بۆ پشکی حزبی و قۆرخکاریی زۆنەکان. ئەوان حوکمڕانییان لە پرۆسەیەکی خزمەتگوزاریی گشتییەوە گۆڕیوە بۆ کۆمپانیایەکی پشکدار لە نێوان دوو بنەماڵە و دەستەی دەسەڵاتداردا.

کۆتایی ئەم دابەشکارییە بێشەرمانەیە، بە تەنزێکی جەرگبڕمان بەڕوودا دەپەکێنێتەوە کە چیتر بە هیچ دروشمێکی «هاوپەیمانی و یەکڕیزی» داپۆش ناکرێت: سیاسەتمەدارەکان بە سەرکەوتوویی کێکەکەیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کرد؛ تەنها کێشەیەک کە مابێتەوە ئەوەیە کە خەڵک تا ئێستاش چاوەڕێن تەنانەت شێوەی کێکەکەش ببینن!

ئەنچیلۆتی- نێیمار بۆ گەڕانەوەی بۆ یاریگا کێبڕکێی ڤینیسیۆس و ڕافینها دەکات

راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕایگەیاندووە کە نێیمار داسێلڤای هێرشبەری بەئەزموون لە ئەگەری ئامادەبوونی جەستەیی بۆ مۆندیال، ڕووبەڕووی کێبڕکێیەکی توند دەبێتەوە لەگەڵ هەریەکە لە ڤینیسیۆس جۆنیۆر و ڕافینها بۆ بەدەستهێنانی کاتی یاریکردن.

نێیماری تەمەن ٣٤ ساڵ کە بە ٧٩ گۆڵ گۆڵکاری مێژوویی بەڕازیلە، بەهۆی پێکان لە ماسولکەی قاچی ڕاستیدا نەیتوانی بەشداری یاری دۆستانەی بەرامبەر پەنەما بکات و بەشدارییکردنی لە یاری یەکەمی مۆندیال بەرامبەر مەغریب لە ١٣ی حوزەیران گومانی لەسەرە.

ئەنچیلۆتی ئاماژەی بەوەدا کە نێیمار وەک یاریزانی باڵ یاری ناکات، بەڵکو پێویستە وەک هێرشبەر یان یاریزانی پشتیوان لە قووڵایی یاریگادا ڕۆڵ ببینێت، کە ئەوەش هەمان ئەو شوێنەیە ڤینیسیۆس و ڕافینها تێیدا ئاستێکی بەرزیان لە یاری پەنەمادا پێشکەش کرد.

سەرەڕای ئەوەی لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە بەدەست پێکانەوە دەناڵێنێت، ئەستێرەکەی پێشووی سانتۆس لە لیستی ٢٦ یاریزانەکەی بەڕازیلدایە بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک، کە دەبێتە چوارەم بەشداریکردنی لە مۆندیالدا.

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە ڕۆڵی لۆکاس باکێتا، ئەنچیلۆتی بە شێوازێکی گاڵتەجاڕانە وتی کە دەیەوێت هەندێک نهێنی بۆ مۆندیال بپارێزێت. بڕیارە شاندی بەڕازیل بەرەو ئەمریکا گەشت بکات و ڕۆژی شەممە لە شاری کلیڤلاند کۆتا یاری دۆستانەی خۆیان بەرامبەر میسر ئەنجام بدەن.

لوکا مۆدریچ لە بەردەم بژاردەی مانەوە یان وازهێنان لە میلان

یانەی ئەی سی میلان بەردەوامە لە هەوڵە چڕەکانی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەستێرە کرواتی لوکا مۆدریچ کە لە کۆتایی ئەم مانگەدا بەسەردەچێت. سەرەڕای هەوڵەکانی ئیدارەی یانە ئیتاڵییەکە، هێشتا چارەنووسی ئەم یاریزانە بە نادیاری ماوەتەوە.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی کۆرێری دیللۆ سپۆرت، ئاستە بەرز و چاوەڕواننەکراوەکەی مۆدریچ لەم وەرزەدا بووەتە هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی میلان سوور بێت لەسەر هێشتنەوەی. لە بەرامبەردا مۆدریچ دوو هۆکاری گرنگی هەیە بۆ بیرکردنەوە لە مانەوە، کە بریتین لە هەستکردن بە دڵخۆشی لە یانەکە و ئارەزووی خێزانەکەی بۆ مانەوەی زیاتر لە شاری میلانۆ.

لە کۆتاییدا ئەستێرە کرواتییەکە بڕیاری کۆتایی خۆی بۆ داهاتووی بەستووەتەوە بە دوای مۆندیالی ٢٠٢٦، بەجۆرێک دوای ئەو پاڵەوانێتییە یەکلا دەبێتەوە کە ئایا لە یارییکردن لەگەڵ میلان بەردەوام دەبێت یان بە یەکجاری ماڵئاوایی لە تۆپی پێ دەکات.

سیبایۆس نزیکە لەیانەیەکی گەورەی ئەوروپا

ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە ڕاپۆرتێکیدا لەسەر مێرکاتۆی هاوینە بڵاویکردەوە یانەی ئەیاکس ئەمستەردامی هۆڵەندی دەستی کردوە بە گفتوگۆ کردن لەگەڵ یانەی ڕیاڵ مەدرید بەمەبەستی گواستنەوەی دانی سیبایۆسی ئیسپانی ئەستێرەی ناوەندی مێرێنگی تاکو بتوانێت لەم هاوینەدا گرێبەستی لەگەڵ ئیمزا بکەن.

بەگوێرەی زانیاریەکانی مارکا بێت تاکو ئێستا ئەیاکس بڕی گرێبەستەکەی ئاشکرا نییە،بەڵام یانە هۆڵەندیەکە خواستێکی زۆری هەیە سیبایۆس بگوازێتەوە و ئامادەیە بڕە پارەیەکی زیاتر بدات لەوەی یانەی ڕیاڵ بێتیس داویەتیە ڕیاڵ مەدرید،کە بێتیس ئامادەی هەموو شتێکە لەپێناو سیبایۆس.

هاوینی ڕابردوو دەنگۆ هەبوو سیبایۆس دەچێتە مارسێلیای فەڕەنسی،بەڵام دواجار لە ڕیاڵ مەدرید مایەوە،ئەم وەرزەش یاریزانەکە نەیتوانی خۆی لە پێکهاتەی یانەکەی بکاتەوە و بۆ وەرزی داهاتووش بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەدەرەوەی پلانەکان دەبێت بۆیە دەیەوێت زووبەزوو یانەیەکی نوێ بۆخۆی بدۆزێتەوە تاکو دەرفەتی یاری کردنی زیاتری هەبێت.

“سەرکار ڕێبوار”

👤
Live: 60 Today: 375 📊 Click Here