حکومەتی کاربەڕێکەر بووەتە باشترین پەردەپۆشکەری شکستەکان!
سەربەست حوسێن مەحموود
لە زانستی کارگێڕی و سیاسەتدا، “حکومەتی کاربەڕێکەر” قۆناغێکی کاتی و سنووردارە کە تێیدا دەسەڵات تەنیا ئەرکە ڕۆژانە و بەپەلەکان ڕادەپەڕێنێت تا کابینەیەکی نوێ لەسەر بنەمای هەڵبژاردن دروست دەبێت. بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا، ئەم چەمکە لە وادەی کاتیی خۆی دەرچووە و بووەتە “فەلسەفەیەکی حوکمڕانی” و باشترین بەهانەی سیاسی بۆ دەربازبوون لە لێپرسینەوە. لەم بۆشاییە یاسایی و دامەزراوەییەدا، کەس خاوەنی دەسەڵاتی تەواو نییە، کەس بڕیاری بوێرانە نادات، و گرنگتر لە هەمووشیان: هیچ لایەنێک ئامادە نییە بەرپرسیارێتیی هیچ شکستێک هەڵبگرێت!
ئەم بۆشاییە بووەتە گۆڕەپانێکی بێوێنە بۆ دروستکردنی زنجیرەیەکی بێکۆتایی لە تاوانبارکردنی یەکتر؛ پارتی شکستی ئیدارەدان و بێمووچەیی دەخاتە ئەستۆی یەکێتی، یەکێتیش هەموو قەیرانەکان بە تاکڕەویی پارتییەوە دەبەستێتەوە. لە ئاستی دەرەوەشدا، هەولێر دەڵێت بەغدا پیلانگێڕە و پارە نانێرێت، بەغداش دەڵێت هەولێر شەفاف نییە و داهاتەکان ناگەڕێنێتەوە. لەناو ئەم بازنە داخراوەی تۆمەت بەخشینەوەدا، تاکە شتێک کە بە ڕوونی و بێ هیچ کەمتەرخەمییەک دەگاتە شوێنی خۆی، پسوولەی گرانیی ژیان و قەیرانەکانە کە ڕاستەوخۆ دەخرێتە سەر شانی هاوڵاتیی بێدەسەڵات.
گاڵتەجاڕییەکە لێرەدایە: هەموو بەرپرس و حزبێک تەواوی شیکاری و ڕوونکردنەوەی پێویستی لەسەر ئەوە پێیە کە “بۆچی ئەم قەیرانە دروست بووە و خەتای کێیە”؛ تاکە شتێک کە لەم وڵاتەدا ونە و بوونی نییە، تەنیا یەک کەس یان لایەنە کە ئامادە بێت بڵێت: “من بەرپرسیارم و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەم!”
