کارەبا لە کوێ هەیە !
محمد قادر حسن
ئەگەر لە هەرێمی کوردستاندا بە دوای ڕووناکییەکی بەهێز، بێپچڕان و درەوشاوەدا بگەڕێیت، پێویست ناکات سەیری تۆڕی کارەبای نیشتمانی بکەیت یان چاوەڕێی بەڵێنەکانی پڕۆژەی «ڕووناکی» بایت، چونکە گەشاوەترین و پرشنگدارترین شوێنێک کە تا ئێستا نەکەوتووەتە بەر شەپۆلی کوژانەوە، تەنها بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و دەزگا میدیاییەکانی حکومەتی مەسرور بارزانییە. لە ناو هۆڵە گەرمەکانی بەرهەمهێنانی ڕاگەیاندندا، ڤیدیۆ کۆلتورە بەرزەکان، فۆتۆشۆپە بێگەردەکان و گوتارە ڕێکخراوەکان ئایندەیەکی ئەوەندە گەش و ڕووناک نیشان دەدەن کە هاوڵاتیی ئاسایی لێی تووشی سەرسوڕمان دەبێت؛
بەڵام هەرکە لەو وێنە برێقەدارانە دوور دەکەویتەوە و دەچیتە ناو ژیانی واقعی خەڵکەوە، تاریکیی کوژانەوەی کارەبا، فشاری بێکاریی گەنجان، بەستنی حساباتی بانکی فەرمانبەران و بێزاربوونی توێژە جیاوازەکان بە ڕوونی خۆیان دەنوێنن. ئەم بەراوردکارییە تیژە نیشانەی قووڵبوونەوەی درزێکی حاشاهەڵنەگرە لە نێوان دروشمی سیاسی و بێزاریی گشتیدا، چونکە کاتێک سەرجەم تواناکانی حوکمڕانی لە جیاتی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی قەیرانەکان، بەکاردەهێنرێن بۆ جوانکاریی دەرەوە و جوانکردنی وێنەی ئیدارەدان، بەرهەمەکەی تەنها دروستکردنی وەهمێکە کە هیچ لە واقیعی بەتاڵی باخەڵی خەڵک ناگۆڕێت. کاتێک بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی دەسەڵات لە خودی بەرهەمهێنانی وزە و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان گەشاوەتر بێت، مانای وایە حکومەت لە بەڕێوەبەریی دەوڵەتەوە بووەتە ئاژانسێکی ڕیکلامسازی کە تەنها کاری بەبازاڕکردنی سەرکەوتنە وەهمییەکانە.
کۆتایی ئەم نەریتە بێزەرکەرە حەقیقەتێکی ڕوون دەردەخات: لە کوردستانی ژێر سایەی ئەم کابینەیەدا، تاقە شوێنێک کە کارەبای ٢٤ کاتژمێریی تێدا ناکوژێتەوە و هەردەم گەشاوەیە، بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی حکومەتە—چونکە کارگەی بەرهەمهێنانی فۆتۆشۆپ و ڕیکلام تەنها پێویستی بە کامێرا هەیە، نەک چاککردنی تۆڕی کارەبای وڵات
