ئەگەر قەیران وەرزشێکی ئۆڵۆمپی بوایە، پارتی و یەکێتی مەدالیای ئاڵتوونیان دەبردەوە!

سامان ئیسماعیل

ئەگەر لە جیاتی ڕاکردن و مەلەوانیکردن، کێبڕکێی ئۆڵۆمپیاد بۆ “دواخستنی پێکهێنانی حکومەت و کوشتنی کاتی میللەت” ڕێکبخرایە، بێگومان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبێ ڕکابەر لە هەموو خولێکی هەڵبژاردنێکدا مەدالیای ئاڵتوونیان دەخستە ملیان و ڕیکۆردی گینسیشیان دەشکاند . لەم وڵاتە پڕ لە تراجیکۆمیدیایەدا، هەر کە پرۆسەی هەڵبژاردن تەواو دەبێت و هاوڵاتییانی ماندوو بە ئومێدی گۆڕانکاری و کۆتاییهاتنی قەیرانەکان پەنجەکانیان مۆر دەکەن، یەکسەر وەرزشە دڵخوازەکەی ئەم دوو حزبە دەست پێدەکات کە بریتییە لە ماڕاسۆنێکی بێكۆتایی لە کۆبوونەوەی بێئەنجام، شەڕە بەیاننامەی میدیایی، و دروستکردنی ئاستەنگی سیاسی بۆ یەکتری .

ئەم وەرزشە سیاسییە کە پێویستی بە هیچ ماندووبوونێکی جەستەیی نییە و تەنیا لەناو کۆشکە سارد و فێنکەکاندا ئەنجام دەدرێت، بووەتە هۆی ئەوەی ژیانی ملیۆنان مرۆڤ بە تەواوی ئیفلیج ببێت؛ فەرمانبەر چاوەڕێی مووچەیە، گەنج چاوەڕێی هەلی کارە، نەخۆش چاوەڕێی دەرمانە، کەچی پاڵەوانەکانی ئەم ئۆڵۆمپیادە سیاسییە بەوپەڕی هێمنی و خوێنساردییەوە خەریکی دیاریکردنی پشکی خۆیانن لە داهات و پۆستە وەزارییەکان و وەها مامەڵە لەگەڵ کات دەکەن کە وەک بڵێیت ژیانی خەڵک هیچ بەهایەکی نییە . بۆ ئەم نوخبە سیاسییە، دواخستنی بڕیارەکان تەنیا کات کوشتن نییە، بەڵکو هونەرێکە بۆ بێزارکردن و شکاندنی ئیرادەی جەماوەر، تاوەکو دەگەنە ئاستێک کە تەنیا بۆ وەرگرتنی مووچەیەک یان چاککردنی کارەبای ماڵەکانیان، ئامادە بن چەپڵە بۆ ڕێککەوتنێکی ژێربەژێری و نادادپەروەرانە لێبدەن و سوپاسگوزاریش بن . ئەوانەی کە بەردەوام باس لە بەرژەوەندیی نیشتمانی و خزمەتکردنی گەل دەکەن، لە ڕاستیدا تەنیا ڕاهێنەری یارییەکی قێزەونن کە تێیدا هەتا خەڵک زیاتر ئازار بکێشێت و پڕۆژەکان زیاتر بوەستن، ئەوان زیاتر هەست بە سەرکەوتن دەکەن و کارتی فشاری زیاتر لە دژی یەکتر بەکاردەهێنن

. جێگەی پێكەنینێکی تاڵە کە لە وڵاتانی تر دوای هەڵبژاردن حکومەت دەستبەکار دەبێت بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی، کەچی لێرە دەستپێکی هەڵبژاردن واتە دەستپێکی وەرزی سڕکردنی وڵات و وەستاندنی کاتژمێری ژیان، کە تێیدا ئەم دوو هێزە ئەوەندە کات دەکوژن تا هاوڵاتی بە تەواوی لەبیر دەکات کە بۆچی دەنگی داوە و چی ویستووە، و لە کۆتاییدا هەر ئەوانیش دەبنەوە بە پاڵەوانی سەر شاشەکان و مەدالیای ئاڵتوونیی بێباکی و بێتوانایی بە شانازییەوە بەسەر سنگیاندا هەڵدەواسن . کاتێک سەیری ئەم پاڵەوانێتییە دەکەین، دەبینین چۆن باوکێکی هەژار ناچار دەکرێت لەبری بینینی خزمەتگوزاری، ببێتە تەماشاکەری یارییەک کە تێیدا چارەنووسی منداڵەکانی کراوەتە تۆپێک و لە نێوان بەرژەوەندییەکانی ئەم دوو حزبەدا هەڵدەدرێت . ئەگەر خەڵاتێک هەبێت بۆ دروستکردنی قەیران، بێهیواکردنی گەنجان، و بەتاڵکردنەوەی پەرلەمان لە بەها یاساییەکەی، ئەوا بێگومان هیچ هێزێکی تر لە جیهاندا ناتوانێت ڕکابەرییان بکات، چونکە ئەوان فێربوون چۆن یارییەکە بە جۆرێک دابڕێژن کە هەمیشە تەنیا خۆیان براوە بن و میللەتیش هەمیشە دۆڕاوی ناو یاریگاکە بێت .