خوێندراوەتەوە: (5.1K)

“دادپەروەری و سەروەریی یاسا” لە هەرێمی کوردستان ئەو درۆ گەورەیەیە کە پارتی و یەکێتی ڕۆژانە بەسەر شاشەکانەوە دەیفرۆشنەوە بە خەڵک، بەڵام لە واقیعدا دادگاکان تەنها لقی ناوچە و مەڵبەندەکانی حیزبن بۆ سزادانی نەیارەکانیان و پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی خۆیان. نموونەی هەرە زەق و شەرمەزارکەری ئەم قۆرخکارییە، دۆسیەی تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جافە، کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە ناوەڕاستی هەولێر بە بۆمبی چێنراو لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا کوژرا. کاتێک دادگای هەولێر، کە بەتەواوی لەژێر هەژموونی پارتیدایە، سزای لەسێدارەدانی غیابی بۆ وەهاب هەڵەبجەیی، بەرپرسی دژەتیرۆری یەکێتی و پێنج ئەفسەری تری باڵای ئەو دەزگایە دەرکرد، لە جیاتی جێبەجێکردنی یاسا، خەڵکی کوردستان بینییان چۆن ئەم دەسەڵاتە بووەتە دوو ئیدارەییەکی مافیایی کە هیچ یاسایەک تێیدا سەروەر نییە.

ئەوەی دۆخەکە دەکاتە گاڵتەجاڕییەکی مێژوویی و تفکردنە ناو چاوی یاسا، کاردانەوەی سەرۆکی یەکێتی بوو! لەبری ئەوەی تۆمەتباران ڕادەستی دادگا بکرێن بۆ سەلماندنی بێتاوانییان یان وەرگرتنی سزاکەیان، بافڵ تاڵەبانی ڕێک ڕۆژێک دوای دەرچوونی سزای لەسێدارەدانەکە، لە سلێمانی پێشوازی لە وەهاب هەڵەبجەیی کرد و خەڵاتی “ئازایەتی و دڵسۆزی” پێ بەخشی! ئەمە پەیامێکی ڕوون و بێشەرمانە بوو بۆ پەرلەمان، دادگا و تەواوی هاوڵاتییان کە یاسا تەنها بۆ سزادانی هاوڵاتیی هەژار و بێدەسەڵاتە، بەڵام بۆ بەرپرسانی حیزب، تاوانەکان دەبنە جێگەی شانازی و وەرگرتنی مەدالیا. یەکێتی پاساوی ئەوە دەهێنێتەوە کە دادگاکانی هەولێر سیاسین و پارتی دۆسیەکە بۆ لێدانی یەکێتی بەکاردەهێنێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا داڵدەدانی داواکراوان لەلایەن حیزبەوە و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ، خۆی لەخۆیدا سەلماندنی شکستی دەوڵەتداری نییە؟

ئەمە ئەو وێرانەیەیە کە پێی دەڵێن “حکومەتی هەرێمی کوردستان”؛ شوێنێک کە بەرپرسە ئەمنییەکان خۆیان تۆمەتبارن بە خەڵتانی خوێنکردنی یەکتر، و دادگاکانیش تەنها مۆری حیزبیان بەدەستەوەیە بۆ شەرعیەتدان بەم جەنگە قێزەونە. ئەگەر یاسا و دەزگا ئەمنییەکان نەتوانن بکوژی ئەفسەرێکی باڵا سزابدەن و بیانکەنە قوربانیی ململانێی نەوت و دەسەڵات، هاوڵاتییەکی ئاسایی چۆن دەتوانێت لەم دارستانەدا هەست بە ئاسایش بکات؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 10 Today: 40 📊 Click Here