ئەیوب جەبار نەسرەدین
ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق دەگوزەرێت، یاسادانان نییە، بەڵکو کودەتایەکی سپییە بەسەر کۆتاییەکانی دەوڵەتداری و مافی مرۆڤدا .
حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی دەرەوەی یاسا، دوای ئەوەی بە زەبری چەک شەقام ئابووریی وڵاتیان قۆرخ کرد، ئێستا خەریکی قۆرخکردنی دوایین دامەزراوەن کە پەرلەمانە . ئەوان دەیانەوێت عێراق لە دەوڵەتێکی دەستوورییەوە، بگۆڕن بۆ “دەوڵەتی دەستەکان”، کە تێیدا گرووپە چەکدارەکان لە سەرووی سوپا، پۆلیس، دادگا، و تەنانەت خودی حکومەتیشەوە بن!
لە ڕێگەی لۆبییەکی چڕ و بەکارهێنانی سامانی گشتییەوە، ئەم گرووپانە بوونەتە خاوەنی زۆرینەیەک لە پەرلەمان کە لەسەر بنەمای ترس، بەرتیل، و کڕینی حیزبە سێبەرەکان دروست بووە. ئامانجی ئەم زۆرینەیە تەنها یەک شتە دەرکردنی یاسایەک کە دەسەڵاتی موتڵەق (ڕەها) بە میلیشیاکان بدات و بیانپارێزێت لە هەر لێپرسینەوەیەکی قانوونی یان نێودەوڵەتی. ئەگەر ئەم یاسایانە تێپەڕن ئەوە کردەوە تیرۆریستییەکان، ڕفاندنەکان لە کەرکوک، ئەشکەنجەدانەکان لە زیندانە نهێنییەکان، و هەڵکوتانە سەر ماڵ و موڵکی خەڵک، لە جیاتی ئەوەی تاوان بن دەبنە “ڕێوشوێنی یاسایی بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی” ئەمە واتە ڕادەستکردنی چارەنووسی سی و پێنج ملیۆن مرۆڤ بە دەست چەند جەنەڕاڵێکی میلیشیایی.
باشە ئەگەر پەرلەمان کە نوێنەری گەلە و دەسەڵاتی لێکۆڵینەوە و گرتن بداتە دەست هێزێکی دەرەوەی دادگاکان، ئیتر وەزارەتی ناوخۆ و سیستەمی دادوەری ئیشیان چییە؟ ئاخر کام لۆژیک قبوڵی دەکات هێزێک ببێتە حاکمی ڕەها بەسەر وڵاتێکەوە، کە خۆی تۆمەتباری یەکەمە بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و کوشتنی دەنگی ئازاد لەسەر شەقامەکان؟ لەولاشەوە ئەی ئەو نوێنەرانەی کورد (نوێنەرانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار)، کە گوایە بۆ پاراستنی مافی نەتەوەیەک چوونەتە بەغدا، بۆچی لە بەرامبەر ئەم کودەتا قانوونییەدا بێدەنگن؟ وەڵامەکە سادەیە بۆ ئەوان پەرلەمان تەنها بۆرسەیەکی بازرگانییە؛ ئەوان ئامادەن دەنگ بە هەر یاسایەکی دیکتاتۆریانەی حەشد بدەن، بەو مەرجەی نەوتەکەیان، دەروازە سنوورییەکانیان، و گرێبەستی کۆمپانیاکانیان لە هەرێم لێ تێک نەدرێت!
“سامناکترین شێوازی دەسەڵات ئەوەیە کە تێیدا تاوانباران دەبنە نوێنەری قانوون، و قوربانییەکانیش دەبنە یاساشکێن.” ئەمڕۆ لە عێراقدا، پەرلەمان خەریکە بکوژ و ڕفێنەرەکان دەکاتە پارێزەری قانوون، و هەر هاوڵاتییەکیش کە مافی خۆی بوێت، دەکرێتە تاوانبار و تیرۆریست …!
