لەگەڵ توندبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک و کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەکی تر، بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا شڵەژانێکی گەورەیان بەخۆوە بینیوە، و بەهۆی پەرەسەندنی جەنگ و داخستنی گەرووی هورمز، کە گرنگترین ڕێڕەوی دەریایی وزەیە لە جیهاندا، نرخەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی نوێ.
نرخی نەوت ئەمڕۆ سێشەممە بەرزبووەوە، دوای ئەوەی ئێران رەتیکردەوە لەگەڵ ئەمریکا دانوستاندنی کردبێت، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 1 دۆلار و 6 سەنت بەرزبووەوە و بە 101 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1 دۆلار و 58 سەنت بەرزبووەوە و بە 89 دۆلار و 71 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوت رۆژی دووشەممە بە رێژەی 10٪ دابەزی دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند بۆ ماوەی 5 رۆژ هێرشی سەر وێستگەکانی کارەبای ئێران رادەگرێت بەهۆی دانوستاندنی ئەرێنی لەگەڵ بەرپرسێکی ئێرانی بۆ راگرتنی شەڕ.
چاودێرانی سیاسی و ئابووری هۆشداری دەدەن کە بەردەوامی داخستنی گەرووەکە و قووڵبوونەوەی ململانێ سەربازییەکان، ڕەنگە ببێتە هۆی بازدانی زیاتری نرخەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا.
